کامەران چروستانی: کێ شەرەفمەندە؟ نامەیەک بۆ کاک عەلی تەتەر و کاک عەلییەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەزانم کە تۆیش وەکوو گەلێکی دیکە لە هەرێمی کوردستاندا بەو شێوەیە بیردەکەنەوە و دەئاخفیت، کە حیزب و دەسەڵات داوات لێ دەکەن و دەشزانم کە ئەوەی گرنگ بێت ئەو کورسییەیە کە بووە بە سەرچاوەی سامان و داهات بۆ بەڕێزت و سەدانی وەک بەڕێزت. هاوکات ڕوون و ئاشکرایە کە هەموو هەوڵێکی خۆت بخەییتە گەڕ بۆ ئەوەی لەلایەک یاسا و لەلایەکی تر ئارامیی شار و شارۆچکەکانی ژێر دەسەڵاتت بپارێزیت کە ئەمانەش بەشێکن لە ئەرکەکانی سەر شانت. بەڵام هەموو ئەمانە مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە تەنیا ئەوەی لە بەرەی کورسییەکەی دەسەڵات بێت تەنیا ئەوانە شەرەفمەند و کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر بن و هەرچی دی هەیە ڕاپێچی بەرەی دووژمن و ئاژاوەگێر و تێکدەران بکرێن. جیهان تەنیا ڕەش و سپی نییە و با نەچینە ناو ئەو چوارچێوە کلاسیکییەی کە دووپات لە (یان لەگەڵ ئێمەی یان دوژمن بە ئێمەیت) دەکاتەوە، خۆ ئەگەر دەسەڵات هێشتا چاوی بە گەلێک خەسڵەتی ئەم جیهانە نوێیە نەتروکاتبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە زۆر ڕوونە لە لایان چی لە جیهانەدا دەگوزەرێت و بەڕێوەبردن دەبێت چۆن ئەنجام بدرێت.

لە لێدوانێکدا بەڕێزتان فەرمووتانە کە ئەم خۆپیشاندانەی زاخۆ (هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکی شەرەفمەند و کوردپەروەر و خەڵکی نیشتمانپەروەری زاخۆوە نەبووە) و لێرەدا دەمەوێت بە کورتی بۆ بەڕێزتی ڕوون بکەمەوە شەرەفمەند و نیشتمانپەروەر کێن.

شەرەفمەند تەنیا خەڵکی زاخۆ نین، کە دڵنیام لە شەرەفمەندێتییان، بەڵکوو ئەوانەش شەرەفمەندن کە لەژێر دەسەڵاتێکی شکستخواردوودا ناتوانن قوتی ڕۆژانە بۆ خێزانەکەیان پەیدا بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەنی شەرەفێکی هێندە بەرزن کە دەست بۆ ماڵ و موڵک و سامانی هیچ لایەن و کەسێک نابەن، ئەگەرچی سکیشیان بە برسێتی بمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا هەمان خۆپیشاندەر دەبینێت چۆن دەسەڵاتداران سامانی سەرزەمین و بنزەمینی ئەم میللەتە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵە و حیزبەکانیان دەبەن، چۆن دەست دەکەن بە گیرفانی ئەو ڕەش و ڕوتەی سەر شەقام کە داوای قوتێک بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان دەکەن.

شەرەفمەند ئەو کەسەیە کە سەرباری هەموو ناڕەواییەک دێتە سەر شەقام و داوای مافەکانی خۆی دەکات، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی هێزێک دەبێتەوە، کە دەیەوێت دەنگی ئەو داواکارییانە کپ بکات و ڕووی قێزەونی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکە ئاشکرا نەکەن، هێزێک کە خودی خۆشی برسیی نەبوونی مووچەی چەند مانگە، هێزێک کە قوربانی پلان و بەڕێوەبردنێکی شکستخواردووە.

نیشتمانپەروەر تەنیا خەڵکی زاخۆ نین، کە دڵنیام لە نیشتمانپەروەرییان، بەڵکوو ئەوانەن بۆ ڕێککردنەوەی باری بژێوی ژیانی کۆمەڵگا دەیانەێت پەیامێک بە دەسەڵات بگەیەنن و هاوار بکەن: ئەوەی ئێوە دەیکەن و ئێمە تیایدا دەژین ئەنجامی یان نەزانینتانە یان ناپاکیتانە، ناپاکیی لە بەهەدەردانی سامانی میللەت، ناپاکیی لە بردنی شایەستەکانی کۆمەڵگا. خۆ ئەگەر نەزانی بێت لە حوکمڕانیکردنی ئەم هەرێمە ئەوا خراپتر. پەندێکمان هەیە دەفەرموێت: بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنێتی: ئایا دەسەڵاتدارانی کوردستان دەستیان داوەتە بەردێک کە لە ئاستی ماسولکەکانی مێشک و توانا هزرییەکانی ئەواندا نییە؟ ئەگەر بەڵی، ئەوا با جارێک ڕۆحی نیشتمانپەروەریی پێشان بدەن و بیسەلمێنن، کورسییەکە بۆ کەسێک چۆڵ بکەن کە توانای هەڵگرتنی ئەو بەردەی هەبێت. خۆ ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بێت، ئەوا مانای وایە دەگەڕێینەوە بۆ ئەگەری یەکەم و بە پلان ناپاکیی بەرامبەر ئەم کۆمەڵگا و خاکە دەکەن.

بەڕێز، ئەگەر کەمێک ئاگاداری بارودۆخی ناو شەقام بن، ئەو کاتە دەزانن کە دەسەڵات و کۆمەڵگا لە هەموو کاتێک زیاتر لە دوو بەرەی جیاوازدان: بەرەیەک کە لە خەمی کورسی دەسەڵاتدایە و هەموو هەنگاوێک دەنێت بۆ ئەوەی ئەو کورسییە بپارێزێت، بەرەیەکی شەرەفمەند و نیشمانپەروەر و کوردپەروەر کە لە بارێکی ناقۆڵای ئابووری و سیاسیدا ژیان بەڕێ دەکات و شەرەفمەندانە لە سەرتاپای کوردستاندا بە هەموو زۆنەکانییەوە  دەیەوێت پەیامی باری قورسی ژیان بە دەسەڵات بگەیەنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت