خالید مەجید فەرەج: رەهەندی فیکری پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێشەکی
جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان چەکێک بوو لەو چەکانەی کە بۆ خەبات لەدژی ئیستیبدادی پادشاکان و دەسەڵاتە رەهاکانیان دەرکەوت. ئەم دەستەواژەیە بیرمەندی فەرەنسی مۆنتسکیو دایڕشتووە. وەک بنەمایەکی سەرەکی، لەبنەماکانی مۆدێلی حوکمرانی مەدەنی و دیموکراسی لەو ووڵاتانەی، کەبیری سیاسیان گەیشتووە بە قۆناغی کامڵ بوون. ئەم پرنسپە وا بۆتە کلتوری حوکمڕانیان کە بە هیچ جۆرێک ناتوانی وێنای ژیانی سیاسی و حوکمرانی تیایاندا بێ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بکەیت.
بەدڵنییاییەوە دەتوانین بڵێین: ئەم پرنسیپە لە شۆڕشی فەرەنسا بەدواوە، بووە بەیەکێک لە پرنسیپە دەستوریە سەرەکیەکانی دیموکراسیەتی رۆژئاوا، کە مەرجە سەرەتا سیستمێکی پارلەمانی باڵا دەست بێت. چونکە بێ ئەو سیستمە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، مەحاڵە سەربگرێت. مەبەست لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە رووی سیاسیەوە، رێگاگرتنە لە کۆکردنەوە، یان چڕکردنەوەی لە دەستەیەکدا، بەواتایەکی کە بۆ هیچ کەسێک، یان دەستەیەکی حوکمران نییە، لەیەکێک زیاتر لەسێ دەسەڵاتەکەی لەدەستدا بێت. بۆیە ئەو دەوڵەتەی، کە ناو دەبرێت بەدەوڵەتی یاسا بێ بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەرگیز نایەتە دی. هەر لەم روانگەیەوە بیرمەندە یاساییەکان و ئەوانەش کە لەبواری سیاسیدا وەک تیۆری شارەزان پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیان وەک لەمپەرێک لەبەردەم خراپ بەکار هێنانی دەسەڵات و پاوانکردنی و دواجار دروستبوونی حوکمێکی دیکتاتۆری دانا. بەگرتنە بەری ئەو رێگەیەش بۆ دوایین جار ماڵئاواییان لە فیکری تۆتالیتاری و حیزبی فەرماندە و سەرکردەی مێژوویی کرد.

دەرکەوتنی پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان
قۆناغی یۆنانی کۆن
ئەم پرنسپە رەگی خۆی لەفەلسەفەی گریکی کۆندا داکوتیوە. لەسەرەتاوە لە رووکارێکی سیاسیدا خۆی نواندووە، بەڵام دەتوانین بڵێین: لەسەردەمی شکۆمەندیی بیری فەلسەفی سیاسی و یاسایی یۆنانیدا، کە دەکاتە سەردەمی ئەفلاتۆن 427 پ.ز مردووە هەروەها قوتابیەکەی ئەرستۆ کە لە 384 پ.ز مردووە سەری هەڵداوە، دەتوانین بڵێین لەسەر زاری ئەفلاتۆن و ئەرستۆوە کەوتۆتە نێو فیکری یاسایی و سیاسی کۆن ونوێوە.
ئەفلاتۆن لەسەرەتاکانی پێگەیشتنی فیکریدا باوەڕی وابووە، کە دەتوانرێت دەوڵەتێکی نموونەیی بەسەرپەرشتی فەیلەسوفەکان دروست بکرێت. ئەو لەکتێبەکەیدا کە ناوی ناوە ( جەمهوریەت) ئەوەی بە راشکاوی ووتوە، بەڵام دواتر بەهۆی زیاتر قوڵبوونەوەی لە تاقیکردنەوەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی یۆنان، کە بە هۆیانەوە فیکری سیاسی زیاتر گەشەی سەند، ئاسۆی بیرکردنەوەی وەکو فەیلەسوفێک و بیرمەندێکی سیاسی و یاسایی بەرفراوانتر بووە. ئەو بیرە ناواقیعیەی بەجێهێشت و نزیکتر لەدنیای واقیعی ئەو کاتە بیریکردۆتەوە. لەئاکامدا بیروباوەڕە نوێکانی لەوبارەیەوە لەدووتوێی دانراوێکی تردا کە ناوی لێناوە (یاساکان) بناغەی بۆ دەستورێک داڕشتووە، ئەو کتێبە بیرۆکەی سیستمێکی تێکەڵاوی لەخۆ گرتووە. کەتیادا دەسەڵاتی بەسەر سێ تەوەردا دابەشکردووە.
یەکەم: جەمعیەتی عمومی
دووەم: ئەنجومەی گەل
سێهەم: دادگاکان
ئەو ئەنجومەنی دابەشکردبوو بەسەر مانگەکانی ساڵدا، واتا دوانزە گروپ هەر گروپەی یەک مانگ حوکم دەکات. هەرەوەها وەزیفەکانی دەوڵەتی بەسەر پێنج دەستەدا دابەشکرد بوو هەر بەشەی ئەرکێکی دیاریکراوی پێسپاردوە.
1- ئەنجومەنی سیادە (سەروەری) ژمارەیان دەکەس بووە. هەمووکاروبارەکانی دەوڵەتی لەبن دەستدا بووە.
2- جەمعیەت (کۆمەڵە): گەورە دانشمەند و یاسادانەرەکانی لەخۆگرتبوو ئەرکی سەرشانیان پاراستنی دەستور بووە لە هەر پێشێلکاریەک، لەلایەن فەرمانرەوا کانەوە کراوە بەواتا چاودێر بوون لەسەر باش جێ بەجێ کردنی ئەحکامەکانی دەستور.
3- دەستەی قەزائی: لەچەند دادگایەک بە پێی پلەکانی سەروو خواروو پێکهاتووە، ئەرکیان یەکلاییکردنەوەی کێشە یاساییەکان بووە.
4- دەسەڵاتی پۆلیس: بۆ پاراستنی هێمنی و ئاسایشی کۆمەڵگە بووە.
5- دەستەکانی فێرکردن و جێبەجێکردن: بۆ بەڕێوەبردنی کەرتە گشتیەکان.
بەپێی ئەم سیستمەی ئەفلاتۆن، دەبوایە ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەست بووە ئامانجیان بەدیهێنانی یەکسانی بووبێت، لە مەرامە سیاسی و کارگێڕیەکاندا. دەبوایە پەنابردن بۆ هێز تەنها لەو کاتانا بوبێت کە پێویست بووە. بەکورتی ئەفلاتۆن رای وابووە دەبێت هاوسەنگیەک لەنیوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دروستببێت. ئەو هاوسەنگیەش نایەتە کایەوە هەتا وەزیفەکانی دەوڵەت بەسەر ئەو دەستە جوارو جۆرانەدا دابەش نەکرێت، ئەگەر نا وڵات جێگیریی سیاسی بەخۆیەوە نابینێت. ئەو نایەکسانی و ناعەدالاتیە دەبێتە هۆی هەڵایسانی پشێوی و شۆڕش بۆ بەرنگاربوونەوەی ئیستیبداد و حوکمی دیکتاتۆری تاکرەوی.
کاتێک باس لە ئەفلاتۆن دەکرێت ناکرێ ڕۆڵی ئەرستۆ فەرامۆش بکرێت، چونکە ئەرستۆ خاوەنی ئەو کۆڵەکەیەیە کە پرسنپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لەسەر هەڵساوە. لە کتێبەکەیدا، کەناوی (سیاسەت) ە دەڵێ: دەسەڵات لەکۆمەڵەوە هەڵدەقوڵێت. بەواتایەکی تر کۆمەڵ سەرچاوەی دەسەڵاتە. بۆیە نابێت بدرێت بەتاکە کەسێک یان کەمایەتیەک لەنێو گەلێکدا. ئەو دەڵێ: یاسا گوزارشتە لەئیرادەی کۆمەڵ و رووی کۆمەڵگەیە. کەواتە دەبێت رێکخەری هەڵسوکەوتی ئەو کۆمەڵگەیە بێت. کۆمەڵێکیش، کە بەو شیوەیە بێت سەروەری تەنها بۆ خۆی دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی مەحاڵە کۆمەڵ هەمووی پێکەوە مومارەسەی بکات و ئەگەر لەدەستی تاکە کەسێکیشدا بێت سیستمی حوکم گەندەڵ دەبێت. ئەو کەسەش دەبێت بە موستەبید (فەرمانرەوای زۆردار). بۆ ئەوەی ئەوە روونەدا وەزیفەکانی دەوڵەتی بەسەر سێ کەرتدا دابەش کردووە. دەبێ ئەوەش بوترێت هەرچەندە ئەرستۆ بەراشکاویی داوای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی نەکردووە، بەڵام ئەوەی ئەو کردوویەتی دەسپێکێکی باش بووە لەو رووەوە.
1- وەزیفەی (مداوەلە) گفتوگۆ لەسەر بابەتێک بۆ بڕیاردان لەسەری ( پارلەمانی ئێستا)، کە ئەرکیان دانانی یاساکانە، هەروەها بڕیاردان لەسەر مەسەلە جەوهەریەکان، کە پەیوەندیان بەسەلامەتی وڵاتەوە هەیە وەک بڕیاری جەنگ و قبوڵکردنی پەیمانی ئاشتی. بەم پێیە دەسەڵاتەکانی ئەم وەزیفەیە لەگرنگیدا لەسەروو وەزیفەکانی ترەوە ئەژمار دەکران.
2- وەزیفەی ئەمر(دەسەڵاتی تەنفیزی) حکومەت کاری جێبەجێکردنی یاساکان و پاراستنی ئاسایشی ووڵات بووە.
3- وەزیفەی عەدالەت ( دەسەڵاتی دادوەری) ئەرکی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و چاو دێری باش پەیرەو کردنی دەستور و یاساکانە.
بەمەرجێک هەریەکە لەم وەزیفانە بەسەربەخۆیی لەوانی تر کارەکانی خۆیان هەڵبسوڕێنن. بەوەی لای سەرەوەدا بۆمان دەر دەکەوێت، لەیۆنانستان کلتورێکی دیموکراسی و فیکرێکی پیشکەوتوو هەبووە. کە لەئایندەدا هەموو جیهانی نوێ دەگرێتەوەو دەبێت بەنموونەی هەرە بەرزی حوکمرانیی مەدەنی، و دەوڵەتی یاسایی لەسەر بنیاد دەنرێت. ئەو فکرە ناوازەیەی ئەوکاتە بەم شێوەیەی لای خۆراوە لەو ووڵاتە لەسەر ئاستی حوکمرانی لەیۆنانی ئەو کاتە دەنگی دابۆوە:
دەسەڵاتەکانی یۆنانی کۆن بەم جۆرە دابەش کرابون:

1- دەسەڵاتی یاسادانان ( ئەنجومەنی هاوڵاتیان):
کرۆکی دیموکراسیەت ئەوەیە، کە گەل بتوانێت بەشێوەیەکی رێکخراو بەشدار بێت لەحوکمرانیدا. بەتایبەتی لەدامەزراوەی یاساداناندا ( پارلەمان). گەلی یۆنان ئەم دەسەلاتە باڵایەی هەبووەو لەرێگەی ئەنجومەنی هاو وڵاتیانەوە پیادەی کردووە. بەو پێیە هەر هاوڵاتیەکی یۆنانی ئازاد ئەندام بووە لەم ئەنجومەنەداو بۆی هەبووە بەشداری کۆبوونەوەکانی بکات. هاووڵاتیان توانیویانە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بکەن کەخراونەتە ئەجندای کارەکانەوە و دواتر دەنگیان لەسەر داوە.

2- دەسەڵاتی جێبەجێ کردن:
تۆ دەتوانی وابکەیت، کە هەموو خەڵک بۆ ماوەیەک حوکم بکات. دەتوانیت هەندێک خەڵک والێبکەیت، کە هەموو کاتێک حوکم بکەن، بەڵام ناتوانیت وابکەیت، کە هەموو خەڵک هەموو کاتێک حوکم بکەن. لەروانگەی ئەم حیکمەتە یان پرسنیپەوە ئەسینا فەلسەفەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی خۆی دۆزیەوە. ئەگەر هەموو خەڵک بەشدار بکەیت لەدەسەڵاتی یاساداناندا، ئەویش لەدۆخی ئەو کاتەی یۆنادا، کە دەوڵەتۆکەی شارەکان هەبوو (واتا هەر شارێک دەوڵەتێک بوو) دەگونجا. لەبەرانبەر ئەوە ناتوانیت هەموو خەڵک بەشدار بکەیت لەدەسەڵاتی جێبەجێکردندا، کە پێویستیەکی بەردەوامەو لەسیاسەتیشدا بەباش نازانرێت کە ئەو لایەنەی یاسا دروست دەکات، هەرخۆیشی جێبەجیی بکات. بۆیە ئەسینا لەوبوارەدا داهێنانێکی گەورەی کردووە. ئەویش دروستکردنی دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنی بەکۆمەڵە. واتا لە چەند کەسێک پێکهاتووە، کە ئێستا پێی دەڵێن حکومەت، یان دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

3- دەسەلاتی قەزائی:
لەئەسینای کۆن جگە لە دەسەڵاتی یاسادانان وجێبەجێکردن دەسەڵاتی سێهەمیشیان هەبووە کەناویان ناوە دەسەڵاتی قەزائی ( قەزای میللی) کە لەژێر رکێڤی گەلدابووە. واتا پێک نەهاتبوو لە دادوەری موحتەریف. بەڵکو میللی بووە. یان بەوناوەی کە ئێستا هەیە هەیئەتێک لە (محلفین) سوێند داروەکان بوون بەئینگلیزی وەکو لەسیستمی قەزائی ئەمریکیدا هەیە ناویان( جەری) یە. ژمارەکانیان هەموو کاتێک وەکو یەک نەبووە، لەدۆزە گەرەکاندا، کە پەیوەندی بەرای گشتیەوە هەبووە، یان ئەو ئیشکالاتانەی، کە پەیوست بووە بەرای گشتی، یان سیاسی بوون، ژمارەیەکی زۆر لەو سوێنددراوانەیان بەشدار کردووە. بۆ نموونە لەدادگاییکردنەکەی سوکرات دا پێنج سەدو یەک سوێند دراو (محلف) بەشدار بوون. لەبەر ئەوەی یاسا لای سوکرات ئەوەیە کە نوێنەرانی گەل دایدەنێن نەک ئەوەی کەلەلایەن دانشمەندێکەوە (حکیم) دادەنرێت، هەر کاتێکیش وابوو دەبێت رێزی لێبگیرێت. بۆیە کاتێک کە بەتۆمەتی تێکدان و لەرێدەرکردنی لاوان (بەهۆی بیروباوەڕەکانیەوە) موحاکەمەی دەکەن. بەزۆرینەی دەنگ ئیدانەی دەکەن و سزای کوشتنی بە خواردنەوەی ژەهر بەسەردادەن. سوکرات لەبەر ئەوەی باوەڕی وابوو ئەو یاسایە لەلایەن گەلەوە پەسەندکراوە و باوەڕیشی بەو سیستمە قەزائیەو میکانیزمی حوکم دەرکردنە هەبووە و پێشتر وەکو بیرمەندێک هەوڵی بۆداوە بۆیە رێز لەبڕیارەکە دەگرێ وژەهرەکە دەخواتەوە.

قۆناغی رۆمانەکان
هەرچەندە هەندێک لە رۆشنبیر رۆمانەکان دژی فیکری یۆنانی بوون، بەڵام رۆشنبیریی یۆنانی رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی فکری رۆمانیدا. ئەویش بەهۆی هاتنی فەیلەسوفەکانی یۆنان بۆ رۆماو گوتنەوەی موحازەرەو وبەستنی سیمینار بۆ بڵاوکردنەوەی بۆ چوونکەکانیان، سەبارەت بە فەلسەفە و سیاسەت و دۆزەکانی دیموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵات. چونکە یۆنانستان تاقیکردنەوەیەکی دەوڵەمەندی لەو بارەیەوە پێشتر هەبووە. هەروەها چوونی خوێندکارە رۆمانەکانیش بۆ ئەسینا بۆ خوێندن کاریگەری بەرچاوی هەبووە بۆ بڵاو کردنەوەی ئەو بیرو باوەڕانە لەرۆما دوای گەرانەوەیان.
دەتوانین سەدەمی رۆمانەکان بەسەر ئەم قۆناغانەی لایخوارەوەدا دابەش بکەین:
1- قۆناغی مەلەکیەت: لەم قۆناغەدا هێزی سیاسی و عەسکەری هەمووی لەدەستی مەلیکدا لەگەڵ کۆمەڵێکی کەم لە خێزانە ئۆرۆستۆکراتیەکاندا کۆببۆوە. پادشا هەموو دەسەڵاتەکانی سیاسی و عەسکەری و تەنانەت ئاینیشی لەچنگدا بووە. بەرادەیەک کە بەموتلەق واتا بێ رکابەر حوکمی کردووە. ئەودەمانە ئەنجومەنی پیرانیش هەبووە. بەڵام وەزیفەیان لەپیشکەشکردنی ئامۆژگاری زیاتر نەبووە. هەروەها ئەنجومەنە میللیەکانیش هەبوون. ئەوانیش تەنها بەپیشنیازی پاشا بۆیان هەبووە لە مەسەلەیەک بکۆڵنەوە.
2- قۆناغی جەمهوریەت: ئەم قۆناغە لە 509 پ.ز وە دەستی پێکردووە. لەم قۆناغەدا قەدەرێک لە رێکخستن و پیادەکانی حوکمی دیموکراسی هەبوە، هەریەک لە ئەنجومەنی گەل و پیران و ئیمپراتۆر دەسەڵاتی جیاوازی خۆیان هەبووە. ئیمپراتۆر تەنها وەکیلی گەڵ بووە. دەسەڵاتی بێ سنوور وهەقیقی بۆ گەل بووە. هەرلەم قۆناغەدا سیستمی دوو ( جوت) کونسڵ داهێنراوە، کە بەو پێیە ئەرکەکانی حوکمرانی بەدەست دوو کەسەوە بووە. هەردووکیان هاوتا بوون لەهێزدا. هەریەکەیان توانیویەتی تانە لە بڕیارێکی ئەوەی تریان بدات و نەهێڵێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەویش بۆ ئەوە بووە کە دیکتاتۆریەت دروست نەبێت.
لەم قۆناغەدا ئەنجومەنی پیران دەسەڵاتی تەواوی خۆی هەبووە. ئەوانیش کۆنسوڵەکانیان بۆ ماوەی ساڵێک هەڵبژاردووە. بەڵام ئەنجومەنی میللەت هەروەک خۆی ماوەتەوە. واتا گۆرانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
3- قۆناغی ئیمپراتۆریەت: سەردەمی ئەم قۆناغە لە 27 پ ز دەستیپێکردووە تا کەوتنی 476 زاینی واتا تا ئەو ساتەی گەل بەشدار دەبێ لەحوکمدا، ئوگستۆس توانیویەتی حوکم لە جەمهوریەتەوە هەڵبگێڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریەت و هەموو دەسەڵاتەکان بخاتە دەستی خۆیەوە. واتا لە دیموکراسیەوە گۆراوە بۆ حوکمی تاکە کەسی، (دیکتاتۆر). دەسەڵاتەکانی قەزائی و جینائیەکان و هەقی وەرگرتنی شکایەت لە ئەنجومەنی گەل وەربگرێتەوە و بیخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. هەر ئەو مافی هەڵبژاردنی حاکمەکانی لەئەنجومەنی گەل سەندەوەو دای بە ئەنجومەنی پیران. لەسەدەی یەکەمی زایندا ئەنجومەکانی گەل دەسەڵاتەکانی یاسادانیان لەبەرژەوەندی ئەنجومەنی پیران لەدەستدا، دەسەڵاتە قەزائیەکانی ئەنجومەنی پیران لەپێناوی سەرکوتکردنی تاوانباران و بەرگرتن لەتاوانە سنوور بەزێنەکان، کەدەرهەق بەوکەسانە دەکرا کە ئەرکی کۆکردنەوەی باجەکانیان پێسپێردرابوو فراوان بوون. حاکمەکان بوون بەئامێری جێبەجێکردن بە دەست ئەنجومەنی پیرانەوە، کەبۆی هەبوو هەڵیان بژێرێت و ئاراستەیان بکات و لەسەر کارلایان بەرێت. لە قۆناغی ئیمپراتۆریەتی دواییدا ئیمپراتۆر بەرگی ئیلاهی، واتا موقەدەسیشی پۆشیوەو دامەزراوەکانی حوکم وەک ئەنجومەنی شارەوانی و لەگەڵ ئەنجومەنی گەل بەجۆرێک تەریک کران، کە تەنانەت بۆیان نەبووە کۆبونەوەش بکەن، یان لەسە هەڵەیەک لادانێک لە ئیمپراتۆر بپێچنەوە. ئەو هەرخۆی یاساکانی داناوە و گۆڕیونی، یان هەمواری کردوون هەرخۆی حاکمەکانی داناوە و تەنها ملکچەی خۆی بوون. دادگاکان لە قەزائیەوە بوون بە ئیداری لەبری قازیەکان فەرمانبەرەکان دادگاییان کردووە وحوکمایان دەرکردووە.

سەدەکانی ناوەراست
بەدرێژایی سەدەکانی ناوەڕاست لەئەوروپا، کەلەکەوتنی ئیمپراتۆریەتی رۆمانیەوە لەساڵی 477 ز دەست پێدەکا تانزیکەی 1400 ز . وێنای سیاسی بۆ دەوڵەت ئەوە بووە، کە دامەزراوەیەکە ملکەچی یاسای ئیلاهیە و رۆڵی حاکم تەنها پاراستنی کەنیسەیە. لەسەدەکانی ناوەڕاستا دەسەڵاتی مەرکەزیی ئیمپراتۆر، لەسەر هەرێمە بەر بڵاوەکانی مەملەکەتەکەی لاواز بووە، بۆیە ناچار بووە، کە حاکم یان فەرمانرەوای محەلی بۆ ئەو ناوچانە دابنێن. بۆ ئەوەی خۆیان حوکمی خۆیان بکەن. بەواتایەکی تر حوکمی خۆجێیەتی. بەم شێوەیە خەڵکانی ناوچەکان لەیەک کاتدا دەبو ملکەچی سێ دەسەڵات بن.
1- ئیپمراتۆر.
2- فەرمانرەوای ناوچەکە.
3- دەرەبەگە بچوکەکان، کەراستو خۆ لەگەڵیان بوون.
دەرەبەگ خاوەنی زەوی و زارو تەنانەت خاوەنی ئەو خەڵکەش بووە، کە ئیشیان بۆ کردووە ودەبوو ملکەچی فەرمانەکانی بن. هەر خۆیشی سەرکردەی سیاسی و عەسکەرییان بووە. دادوەریان بوەو باج و داهاتی کۆکردۆتەوە . کاتێک ئاینی کریستیان بەشیوەیەکی بەربڵاو لەئەوروپا بڵاو بۆوە، تا ئەو رادەیەی هەتا ئیمپراتۆر خۆشی بوو بەمەسیحی. ئیتر کەنیسە هەست دەکات کە پیگەی خۆی لەنیو دڵ وهۆشی کۆمەڵگاکە بەقوڵی داکوتاوە. بۆیە کەوتە بەربەرەکانێی مەفهومی: هەقی ئیلاهی پادشاکان کەنیسە دەیویست دەسەڵاتی زەمەنیش ( سیاسی) بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. دوای ئەوەی کە پایەی ئیمپراتۆر لەپایەی کەنیسە بەرزتر بۆوە. داواکرا پایەی کەنیسە لەسەروو هەموانەوە بێت. بەربەرەکانیەکی بەهێز لەنیوان کەنیسەو ئیمپراتۆردا دروستبوو.بەجۆرێک رۆڵی گەل لەو بەربەرەکانێیەدا لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات وون بوو و گۆرا بۆ بەر بەرەکانێی دوکەس(ئیمپراتۆرو پاپا). چیتر ئەوەی ناوی لێبنرێت دامەزراوەکانی دەوڵەتی دیموکراسی وەک ئەوەی لا یۆنانیەکان و هەتا بەجۆرێک لەجۆرەکان لای رۆمانەکانیش لەسەرتادا هەبووە نەما. ئەم بەر بەرەکانێیە لەلایەکەوە خراپی ئەوەبووە، کە هەوەک ووتمان گەل تیادا غایب بووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە لەئاکامدا بەبەرەو پێشچوونی فیکری سیاسی و یاسایی شکاوەتەوە و دەنگی نارەزایی لەو بارو دۆخە بەرز بۆتەوە، بیرمەندەکان داوای جیاکردنەوەی ئاینیان لەدەوڵەت بەرزکردەوە. یەکێک لەو دەنگە کاریگەرو دیارانە بیرمەندی سیاسی(ماسیلو بادوا) بووە، کە داوای کردووە حکومەتێکی مەدەنی پێکبهێنرێت جیاوازی یان جیاکردنەوە لەنێوان دەسەڵاتەکانیشدا بێتە کایەوە. لەوەش زیاتر دەسەڵاتێکی یاسا دانان لەلایەن گەلەوە هەڵبژێرێت و هەروەها ئەنجومەنێکی جێبەجێکردنیش بۆ سەرپەریشتیکردنی کارەکانی دەوڵەت هەبێت.

جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەفیکری سیاسی نوێدا
پێشکەوتنی نوێ لەپرنسپی جیاکردنەوەی دەسەلاتەکاندا، لەراستیدا دەگەرێتەوە بۆ قوتابخانەی ئینگلیزی و تاقیکردنەوەی دەوڵەمەندی دیموکراسیی ئینگلیزی. سیستمی حوکمرانی لە وڵاتە مەلەکیەتی رەها بوو لەئاکامی شۆڕشی قەشەکانەوە ( پرۆتستانتەکان) بەرەو مەلەکیەتی سنووردار وەردەچەرخێ.
لەو بیرمەندو سیاسیانەی کە بەشدار بوون لە دەوڵەمەند کردنی ئەو فکرە سیاسیەدا:
1- کرۆمیل: کەسایەتیەکی عەسکەری وسیاسی بوو بەرەنگاری سیتمی پاشایەتی موتلەق بۆوەوەو بەسەریدا سەرکەوت دەستورێکی دانا کەبەناوی دەستوری (کرۆمیل)ەوە بەناو بانگە. ئەو دەستورە لەسەر بناغەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ئیستیبداد کە پارلەمانی ئەوکاتە هۆکاری سەرەکی بووم دارێژرابوو. کرۆمیل دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن (حکومەت)ی لەیەک دابڕی و پێداگر بوو لەسەر سەربەخۆیی دامودەزگای قەزائی. مخابن لەدوای نەمانی کرۆمیل و گەرانەوەی مەلەکیەت دەستوری جەمهوری بەتاڵ کرایەوەو سیستمی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان نەک هەر لەبەریتانیا لەهیچ ووڵاتێکی دیکەش ئاسەواری نەما.
2- جۆن لۆک: بەیەکەمین کەس دادەنرێت، کەباسی لە تیۆری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کردبێ، کە لەسایەی ئەو سیتمە پارلەمانیەی ئینگلتەرا کەدوای شۆڕشی 1644 هاتە کایەوە. لۆک لە تیۆریەکەیدا کەوتبووە ژێر کاریگەری ئەو کێشەیەی کەلە نێوان پادساکان پارلەمان هەبووە. ئەو بەم شێوەیە تیۆریەکی دارشتووە: هەر سیستمێکی تەندروست دەبێت پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان حوکمی بکات. ئەو بیرو راکانی خۆی لە کتێبەکەیدا کەبەناوی (دوو نامە) سەبارەت بە حوکم خستۆتە روو ، هەروەها لەکتێبێکی تریدا بەناوی حکومەتی مەدەنی کەلەساڵی 1690دا چاپی کردووە.
لە حکومەدتی مەدنیدا دەڵێ: مرۆڤ لەقۆناغی ژیانی سروشتی دا( خۆرسکی)، کە پێش گرێبەستی کۆمەڵایەتی بووە( العقد الأجتماعی)، دوو دەسەڵاتی هەبووە:
یەکەم: دەسەڵاتی دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کە زامنی پارێزگاری لەخۆی و ئەوانیتر کردووە. ئەمەیش یاسای سروشت ( القانون الطبيعی) بۆی دەستەبەر کردووە.
دووەم: دەسەڵاتی سزادان لەسەر ئەو تاوانانەی کە دژ بەو بەیاسایە دەکرێت، بەڵام دوای ئەوەی کە لەژیانی سروشتیەوە گوێزراوەتەوە بۆ ژیانی کۆمەڵ، بە دروستبوونی کۆمەڵگە وازی لەو دوو دەسەڵاتە هێناوە. بۆیە دەبینین کۆمەڵگەی سیاسی، کە میراتگری تاکە سروشتیەکان بوو ، هەردوو دەسەڵاتەکەی پێکەوە مومارەسە کردووە.
1- دەسەلاتی یاسادانان: بەهۆیەوە ئەو بنەمایانە دادەنێت، کە پارێزگاری لە کۆمەڵ و تاکەکانی ناوی دەکات.
٢- دەسەڵاتی جێبەجێ کردن، بەهۆیەوە یاساکان جێ بەجێ دەکات.
بۆئەوەی کۆمەڵ وەکو یەک تەن یەک لایەن خۆی بەرانبەر بەئەوانەی، کە هێشتا لەژیانی سروشتیدا دەژین بنوێنێت. پێویست بووە دەسەڵاتێکی تایبەت هەبێت، کە نوێنەرایەتی دەوڵەت لە پەیوەندیەکانیدا بەدەرەوە بکات. بۆیە لۆک داوایکردووە کە دەسەڵاتی سێهەم هەبێت و ناوی لێناوە دەسەڵاتی ئیتیحادی ( فیدرالی) ئەرکەکانی راگەیاندنی جەنگ وئاشتی و بەستنی پەیمان نامەکان وپەیوەندیە دەرەکیەکان بووە.
هەرچەندە جۆن لۆک نەیتوانیوە تیۆریەکی تەواو سەبارەت بەو دۆزە دابڕێژێت، بەڵام ئەو دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی کردووە بەسێ بەشەوە:
1- دەسەڵاتی یاسا دانان بۆدانانی یاساکان
2- دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەرکی جێبەجێ کردنی ئەو یاسایانە بووە. لەگەڵ زەمانەتی ئەوەی، کە هەر یەکەیان بەسەر بەخۆیی لەویتر کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
2- دەسەڵاتی ئیتیحادی: وەک لای سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. ئەم دەسەڵاتە بەرپرس بووە لەکاروباری دەرەکی، وەک بەستنی پەیماننامەکان وراگەیاندنی حاڵەتی جەنگ وهەتا دوایی. سەرەرای ئەم دەسەڵاتانە لۆک داوای کردووە دەسەڵاتێکی دیکەش هەبێت، کە ناوی لێناوە (دەسەڵاتی تاج، یان ئەو کۆمەڵە ماف و ئیمتیازاتانەی کەتاجی بەریتانی دەبێت هەیبێت). ئەو رەخنەیەی کە لەلۆک گیراوە ئەوەیە ئەو هیچ گرنگیەکی نەداوە بەدەسەڵاتی قەزائی و بەهیچ شێوەیەکیش باسی لە سەربەخۆ بوونی نەکردووە. رەنگە هەر لەبەر ئەوە بووبێت، کە واقیعی ئەوکاتەی بەریتانیا، کەدەکاتە پێشو پاشی ئەو دەمەی کە بەشۆڕشی نوێ دەناسرێت، ئەوەبووە کە قازیەکان لەلایەن پادشاوە دامەزراون و لابراون دوای شۆرشەکە ئەوکارە بە پارلەمان سپێردراوە. بەواتا لە هەردوو بارەکەدا سەربەخۆ نەبوون. رەخنەیەکی تریش کە لەلۆک دەگیرێت ئەوەیە، ئەو بەتەنها باسی باری ئەوکاتەی بەریتانیای کردووەو سەلاحیەتێکی فراوانیشی داوە بە پادشا. بەپێی لۆک بۆی هەبوە دەست بخاتە ناو کارو باری یاسا دانان و حکومەتەوە. پوختەی قسەکەمان لەوبارەیەوە ئەوەیە، کە لۆک لەکتێبەکەیدا سەبارەت بە حکومەتی مەدەنی توانیویەتی سودەکانی جیاکردنەوەی دەسەڵات بخاتە روو. بەڵام نەیتوانیوە بگاتە دارشتنی تیۆریەکی روون لەو بارەیەوە وەک ئەوەی مۆنتسکیۆ لەدوایدا کردویەتی.

3- جان جاک رۆسۆ
رۆسۆ تێگەیشتنی تایبەت بەخۆی هەبووە بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. ئەو جەختی لەسەر تەفسیرەکانی خۆی بۆ سەروەری (سیادة) کردۆتەوە، کەتەنها لە دەسەڵاتی یاساداناندا دەیبینێتەوەو بەهەقی گەلی داناوەو گوتویەتی: ناکرێت دەسەڵاتی یاسا دانان ئەو سەروەریە بێ رەزامەندی گەل مومارەسەبکات. بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە بەپێی ئەو لەئاکارەکانی سەروەری نییەو وەزیفەی جێبەجێ کردنی یاساکانە، بۆیە بەدەسەڵاتێکی سەربەخۆ ئەژمار ناکرێت. بەڵکو پاشکۆو نوێنەری گەلەو،گەل مافی چاودێریکردن و لەکار خستنی هەیە. دەسەڵاتی قەزائیش لای رۆسۆ بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و گەڵ پێی هەڵدەستێت. شایەنی باسە رۆسۆ لەگەڵ بیرۆکەی دروست بوونی دەسەڵاتە هاوتاو یەکسانەکان لە هێزوو سەربەخۆ بوون لەیەکتری نەبووە. ئەو دەسەڵاتی یاسادانانی بە (خانم) لەقەڵەم داوەو دەسەڵاتی جێبەجێ کردنیش بە (کارەکەرەکەی).

4- مۆنتسکیۆ
پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دوای بڵاو بوونەوەی کتێبەکەی مۆنتسکیۆ ( روح القوانین) رۆحی یاساکان، ساڵی 1748 بۆ برەنگاربوونەوەی دۆزی خراپ بەکار هێنانی دەسەڵات، وەک مەفهومێکی سیاسی و دەستوری بەتەواوی چەسپاوە. ئەو لەو بیرۆکەیەوە دەستیپێکردووە، کە وەزیفەکانی دەوڵەت بە سەر سێ جومگەدا دابەش دەکات:
– یاسادانان ( پارلەمان)
– جێبەجێ کردن ( حکومەت)
– قەزائی (دادوەری)
بەڵام کێشە سەرەکیەکەی کە لە نووسراوەکەیدا چارەسەری کردبوو، ئەوە بوو دەیگوت رەنگە دەسەڵات خراپ بەکار بهێنرێت، یان بۆ رێگە گرتن لەخراپ بەکار هێنانی، دەبێت هاوسەنگیەک لەنێوان دەسەڵاتەکاندا دروست ببێت بێ ئەوەی یەکێکیان بتوانێت دەست وەربداتە کاروبارەکانی ئەوی تریانەوە یان ئیفلیجی بکات.
مۆنتسکیۆ هەستی بە گرنگی ئەو هاو کارییە کردوەو داوای ئەوەی کردووە کە رێ و جێگەی پێویست بگیرێتە بەر بۆئەوەی ببێتە بەر بەرست لەبەردەمی ئەو بڕیارە هەڵانەی کە دەستسەڵاتەکەی تر دەریدەکات و نەهێڵرێت فەرز بکرێت بەسەر دەسەڵاتەکەی تردا.
لێرەوە دەتوانین بڵێین: تیۆریەکەی مۆنتسکیۆ ئەم تێگەیشتنانەی لای خوارەوەی لەخۆ گرتووە.
1- دەسەڵاتە گشتیەکانی کردووە بە سێ بەشەوەو.کارو ئەرکی هەر یەکێکیشان دیاری دەکات.
– یاسادانان
– جێبەجێکردن
– قەزائی
2- جەختی لەسەر جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان کردووەو بەپێویستی زانیوە، بۆئەوەی رێگە لە دیکتاتۆریەت بگرێت نابێ رێگە بدرێت، لەیەک دەستا کۆ بکرێنەوە.
3- مۆنتسکیۆ هەر لەسەر لێواری جیاکردنەوە نەوەستاوە، بەڵکو بەپێویستی زانیوە، کە هەر دەسەڵاتێک دەبێت چاودێری دەسەڵاتەکەی تر بکات ولەکاتی پێویستدا نەهێڵێت سنوورەکانی خۆی ببەزێنێت. بۆ ئەوەی دەست نەخاتە کاروبارو سەلاحیەتەکانی دەسەڵاتەکانی ترەوە. بەوەی کە رابوورد بۆمان دەردەکەوێت پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان زەمانەتێکی گرنگە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی یاساو ئامرازێکی کاریگەرە بۆ رێزگرتن لەیاساو جێبەجێکردنی بەشیوەیەکی عادیلانە. ئەگەر یاسا دانان و جێبەجێکردنی لەدەستی یەک لایەن، یان ئەنجومەنێکدا کۆبکرێتەوە یەوا سیفەتە بنەرەتیەکەی خۆی وون دەکات، کە ئەویش موجەرەد ( ئەبستراکە) و. چونکە یاسا دەبێ بۆ داهاتوو دابنرێت و گشتی بێت واتا بێگوێدانە حاڵەتی تایبەت، لەبەر ئەوەی کاردەکاتە سەر بێلایەنیەکەی، ئەم یاسایە بەو شێوە بێلایەنە نایەتەکایەوە، ئەگەر یاسا دانەر هەر خۆیشی جێ بەجێ کەر بێت. چونکە دەتوانێت لە کاتی جێبەجێکردنیا بەسەر حاڵەتێکی دیاری کراودا چۆن بیەوێت بەپێی مەیل و ئارەزوی خۆی بیگۆڕێت. بەمەیش دەوڵەت سیفەتی دەوڵەتی یاسایی خۆی وون دەکات، چونکە ئەگەر یاسادانەر هەر خۆیشی جێ بەجێکەری بێت، دەگەڕێینەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم، شێوەی حوکمرانیەک کە ئیستیبداد سیفەتی هەرە دیاریەتی.
مۆنتسکیو بەم شێوازە گوزارشتی لەو حاڵەتە کردووە: ئەگەر دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لەچنگی یەک کەسدا بێت، ئەوا ئازادی نامێنێت. ئەم قسەیە کۆکردنەوەی دەسەڵاتی یاسا دانان و قەزاوەتیش دەگرێتەوە. هەر لەوبارەیەوە دەڵێ: ئەگەر دەسەڵاتی قەزاوەت لە دوو دەسەڵاتەکەی تر جیانەکرێتەوە، قازی دەبێت بە موستەبید، لەبەر ئەوەی هەرخۆی یاسادانەرە و بەوپێیەی کەخۆی بیەوێت لەحاڵەتێکی دیاریکراودا حوکمێک بەدڵی خۆی دەربکات، یاساکە دەگۆڕێت، هەروەها ئەگەر لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێ کردندا یەک بن، ئەوکاتە قەزاوەت دەکەوێتە ژێر باڵی حکومەتەوەو ئیدی حکومەت هەر خۆی قازی و جێبەجێکاریش دەبێت. ئەوەیش خراپترین مۆدێلی حکومەتە دیکتاتۆرەکانمان وەبیر دێنێتەوە.
سەرچاوەکان
١- د. حسن محمد البحري.. الرقابة المتبادلة بین السلطتین التشریعیة والتنفیذیة کضمان لنفاذ القعدة الدستوریة دراسة مقارنة -جامعة عین الشمس.
٢ – د. نوری لطیف وغالب خصیر العاني ( القانون الدستوری) جامعة بغداد.
٣ – د. عثمان خليل ( المبادئ الدستورية العامة) القاهرة.
٤ – د. عبدالحميد المتولي الموجز في النظريات الأنظمة السياسيـة ومبادئها، دار المعارف، مصر.
٥ – د. ثروت بدوي المظم السياسية ( تطور الفکر السياسي والنظرية العامة للنظم السياسية. دار النهضة العربية.
٦- جون لوک في الحکم المدني ترجمة ماجد فخري بیروت.
٧ – النظم السياسية تأليف : د. انوار احمد رسلان.
٨ – د. محمد معتصم مختصر النظرية السياسية للقانون الدستوري والمٶوسسات السياسية
٩ – د. عبداللە اسماعیل البستاني .. مذکرات اولية في القانون الدستوري، بغداد