خالید مەجید فەرەج: رەهەندی فیکری پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشەکی

جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان چەکێک بوو لەو چەکانەی کە بۆ خەبات لەدژی ئیستیبدادی پادشاکان و دەسەڵاتە ڕەهاکانیان دەرکەوت. ئەم دەستەواژەیە بیرمەندی فەرەنسی مۆنتسکیو دای ڕشتووە. وەک بنەمایەکی سەرەکی، لە بنەماکانی مۆدێلی حوکمڕانی مەدەنی و دیموکراسی لەو وڵاتانەی، کەبیری سیاسییان گەیشتووە بە قۆناغی کامڵ بوون. ئەم پرنسپە وا بووەتە کلتوری حوکمڕانیان کە بە هیچ جۆرێک ناتوانیت وێنای ژیانی سیاسی و حوکمڕانی تێیاندا بێ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بکەیت.
بەدڵنیایییەوە دەتوانین بڵێین: ئەم پرنسیپە لە شۆڕشی فەرەنسا بەدواوە، بووە بە یەکێک لە پرنسیپە دەستوورییە سەرەکییەکانی دیموکراسییەتی ڕۆژئاوا، کە مەرجە سەرەتا سیستەمێکی پارلەمانی باڵا دەست بێت. چونکە بێ ئەو سیستەمە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، مەحاڵە سەربگرێت. مەبەست لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ڕووی سیاسییەوە، ڕێگاگرتنە لە کۆکردنەوە، یان چڕکردنەوەی لە دەستەیەکدا، بە واتایەکی کە بۆ هیچ کەسێک، یان دەستەیەکی حوکمڕان نییە، لە یەکێک زیاتر لە سێ دەسەڵاتەکەی لەدەستدا بێت. بۆیە ئەو دەوڵەتەی، کە ناو دەبرێت بە دەوڵەتی یاسا بێ بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەرگیز نایەتە دی. هەر لەم ڕوانگەیەوە بیرمەندە یاساییەکان و ئەوانەش کە لە بواری سیاسیدا وەک تیۆری شارەزان پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیان وەک لەمپەرێک لەبەردەم خراپ بەکار هێنانی دەسەڵات و پاوانکردنی و دواجار دروستبوونی حوکمێکی دیکتاتۆری دانا. بە گرتنە بەری ئەو ڕێگەیەش بۆ دوایین جار ماڵئاوایییان لە فیکری تۆتالیتاری و حیزبی فەرماندە و سەرکردەی مێژوویی کرد.
دەرکەوتنی پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان
قۆناغی یۆنانی کۆن
ئەم پرنسپە ڕەگی خۆی لە فەلسەفەی گریکی کۆندا داکوتیوە. لە سەرەتاوە لە ڕووکارێکی سیاسیدا خۆی نواندووە، بەڵام دەتوانین بڵێین: لە سەردەمی شکۆمەندیی بیری فەلسەفی سیاسی و یاسایی یۆنانیدا، کە دەکاتە سەردەمی ئەفلاتۆن 427 پ.ز مردووە هەروەها قوتابییەکەی ئەرستۆ کە لە 384 پ.ز مردووە سەری هەڵداوە، دەتوانین بڵێین لەسەر زاری ئەفلاتۆن و ئەرستۆوە کەوتۆتە نێو فیکری یاسایی و سیاسی کۆن ونوێوە.
ئەفلاتۆن لەسەرەتاکانی پێگەیشتنی فیکریدا باوەڕی وابووە، کە دەتوانرێت دەوڵەتێکی نموونەیی بە سەرپەرشتی فەیلەسووفەکان دروست بکرێت. ئەو لەکتێبەکەیدا کە ناوی ناوە ( جەمهوریەت) ئەوەی بە ڕاشکاوی وتوە، بەڵام دواتر بەهۆی زیاتر قووڵبوونەوەی لە تاقیکردنەوەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی یۆنان، کە بە هۆیانەوە فیکری سیاسی زیاتر گەشەی سەند، ئاسۆی بیرکردنەوەی وەکوو فەیلەسووفێک و بیرمەندێکی سیاسی و یاسایی بەرفراوانتر بووە. ئەو بیرە ناواقیعیەی بەجێ هێشت و نزیکتر لە دونیای واقیعی ئەو کاتە بیری کردووەتەوە. لە ئاکامدا بیروباوەڕە نوێیەکانی لەو بارەیەوە لە دوو توێی دانراوێکی تردا کە ناوی لێناوە (یاساکان) بناغەی بۆ دەستوورێک داڕشتووە، ئەو کتێبە بیرۆکەی سیستەمێکی تێکەڵاوی لە خۆ گرتووە. کەتیادا دەسەڵاتی بەسەر سێ تەوەردا دابەشکردووە.
یەکەم: جەمعیەتی عمومی
دووەم: ئەنجوومەنی گەل
سێیەم: دادگاکان
ئەو ئەنجوومەنی دا بەش کردبوو بەسەر مانگەکانی ساڵدا، واتا دوانزە گروپ هەر گروپەی یەک مانگ حوکم دەکات. هەرەوەها وەزیفەکانی دەوڵەتی بەسەر پێنج دەستەدا دابەش کرد بوو هەر بەشەی ئەرکێکی دیاریکراوی پێسپاردوە.
1- ئەنجوومەنی سیادە (سەروەری) ژمارەیان دە کەس بووە. هەمووکاروبارەکانی دەوڵەتی لەبن دەستدا بووە.
2- جەمعیەت (کۆمەڵە): گەورە دانشمەند و یاسادانەرەکانی لە خۆ گرتبوو ئەرکی سەرشانیان پاراستنی دەستوور بووە لە هەر پێشێلکاریەک، لەلایەن فەرمانڕەوا کانەوە کراوە بە واتا چاودێر بوون لەسەر باش جێ بەجێ کردنی ئەحکامەکانی دەستوور.
3- دەستەی قەزائی: لە چەند دادگایەک بە پێی پلەکانی سەروو خواروو پێکهاتووە، ئەرکیان یەکلاییکردنەوەی کێشە یاساییەکان بووە.
4- دەسەڵاتی پۆلیس: بۆ پاراستنی هێمنی و ئاسایشی کۆمەڵگە بووە.
5- دەستەکانی فێرکردن و جێبەجێکردن: بۆ بەڕێوەبردنی کەرتە گشتیەکان.
بەپێی ئەم سیستەمەی ئەفلاتۆن، دەبووایە ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەست بووە ئامانجیان بەدیهێنانی یەکسانی بووبێت، لە مەرامە سیاسی و کارگێڕیەکاندا. دەبووایە پەنابردن بۆ هێز تەنیا لەو کاتانا بووبێت کە پێویست بووە. بەکورتی ئەفلاتۆن ڕای وابووە دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دروست ببێت. ئەو هاوسەنگییەش نایەتە کایەوە هەتا وەزیفەکانی دەوڵەت بەسەر ئەو دەستە جۆراوجۆرانەدا دابەش نەکرێت، ئەگەر نا وڵات جێگیریی سیاسی بە خۆیەوە نابینێت. ئەو نایەکسانی و ناعەدالەتییە دەبێتە هۆی هەڵایسانی پشێوی و شۆڕش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیستیبداد و حوکمی دیکتاتۆری تاکڕەوی.
کاتێک باس لە ئەفلاتوون دەکرێت ناکرێت ڕۆڵی ئەرستۆ فەرامۆش بکرێت، چونکە ئەرستۆ خاوەنی ئەو کۆڵەکەیەیە کە پرسنپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لەسەر هەڵساوە. لە کتێبەکەیدا، کەناوی (سیاسەت) ە دەڵێت: دەسەڵات لە کۆمەڵەوە هەڵدەقوڵێت. بە واتایەکی تر کۆمەڵ سەرچاوەی دەسەڵاتە. بۆیە نابێت بدرێت بە تاکە کەسێک یان کەمایەتیەک لەنێو گەلێکدا. ئەو دەڵێت: یاسا گوزارشتە لە ئیرادەی کۆمەڵ و ڕووی کۆمەڵگەیە. کەواتە دەبێت ڕێکخەری هەڵسوکەوتی ئەو کۆمەڵگەیە بێت. کۆمەڵێکیش، کە بەو شیوەیە بێت سەروەری تەنیا بۆ خۆی دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی مەحاڵە کۆمەڵ هەمووی پێکەوە مومارەسەی بکات و ئەگەر لەدەستی تاکە کەسێکیشدا بێت سیستەمی حوکم گەندەڵ دەبێت. ئەو کەسەش دەبێت بە موستەبید (فەرمانڕەوای زۆردار). بۆ ئەوەی ئەوە ڕوونەدا وەزیفەکانی دەوڵەتی بەسەر سێ کەرتدا دابەش کردووە. دەبێت ئەوەش بگوترێت هەرچەندە ئەرستۆ بە ڕاشکاوی داوای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی نەکردووە، بەڵام ئەوەی ئەو کردوویەتی دەستپێکێکی باش بووە لەو ڕووەوە.
1- وەزیفەی (مداوەلە) گفتوگۆ لەسەر بابەتێک بۆ بڕیاردان لەسەری ( پارلەمانی ئێستا)، کە ئەرکیان دانانی یاساکانە، هەروەها بڕیاردان لەسەر مەسەلە جەوهەرییەکان، کە پەیوەندیان بە سەلامەتی وڵاتەوە هەیە وەک بڕیاری جەنگ و قبووڵکردنی پەیمانی ئاشتی. بەم پێیە دەسەڵاتەکانی ئەم وەزیفەیە لە گرنگیدا لەسەروو وەزیفەکانی ترەوە هەژمار دەکران.
2- وەزیفەی ئەمر(دەسەڵاتی تەنفیزی) حکومەت کاری جێبەجێکردنی یاساکان و پاراستنی ئاسایشی وڵات بووە.
3- وەزیفەی عەدالەت ( دەسەڵاتی دادوەری) ئەرکی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و چاو دێری باش پەیرەو کردنی دەستوور و یاساکانە.
بە مەرجێک هەریەکە لەم وەزیفانە بە سەربەخۆیی لە وانی تر کارەکانی خۆیان هەڵبسوڕێنن. بەوەی لای سەرەوەدا بۆمان دەر دەکەوێت، لە یۆنانستان کلتورێکی دیموکراسی و فیکرێکی پیشکەوتوو هەبووە. کە لە ئایندەدا هەموو جیهانی نوێ دەگرێتەوە و دەبێت بە نموونەی هەرە بەرزی حوکمڕانیی مەدەنی، و دەوڵەتی یاسایی لەسەر بنیاد دەنرێت. ئەو فیکرە ناوازەیەی ئەو کاتە بەم شێوەیەی لای خوارەوە لەو وڵاتە لەسەر ئاستی حوکمڕانی لە یۆنانی ئەو کاتە دەنگی دابووەوە:
دەسەڵاتەکانی یۆنانی کۆن بەم جۆرە دابەش کرابون:
1- دەسەڵاتی یاسادانان ( ئەنجوومەنی هاووڵاتییان):
کرۆکی دیموکراسییەت ئەوەیە، کە گەل بتوانێت بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەشدار بێت لە حوکمڕانیدا. بەتایبەتی لە دامەزراوەی یاساداناندا ( پارلەمان). گەلی یۆنان ئەم دەسەڵاتە باڵایەی هەبووە و لەڕێگەی ئەنجوومەنی هاووڵاتییانەوە پیادەی کردووە. بەو پێیە هەر هاووڵاتییەکی یۆنانی ئازاد ئەندام بووە لەم ئەنجوومەنەدا و بۆی هەبووە بەشداری کۆبوونەوەکانی بکات. هاووڵاتییان توانیویانە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بکەن کەخراونەتە ئەجێندای کارەکانەوە و دواتر دەنگیان لەسەر داوە.
2- دەسەڵاتی جێبەجێ کردن:
تۆ دەتوانی وابکەیت، کە هەموو خەڵک بۆ ماوەیەک حوکم بکات. دەتوانیت هەندێک خەڵک والێبکەیت، کە هەموو کاتێک حوکم بکەن، بەڵام ناتوانیت وابکەیت، کە هەموو خەڵک هەموو کاتێک حوکم بکەن. لەروانگەی ئەم حیکمەتە یان پرسنیپەوە ئەسینا فەلسەفەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی خۆی دۆزیەوە. ئەگەر هەموو خەڵک بەشدار بکەیت لەدەسەڵاتی یاساداناندا، ئەویش لەدۆخی ئەو کاتەی یۆنادا، کە دەوڵەتۆکەی شارەکان هەبوو (واتا هەر شارێک دەوڵەتێک بوو) دەگونجا. لە بەرامبەر ئەوە ناتوانیت هەموو خەڵک بەشدار بکەیت لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، کە پێویستیەکی بەردەوامە و لە سیاسەتیشدا بە باش نازانرێت کە ئەو لایەنەی یاسا دروست دەکات، هەرخۆیشی جێبەجێی بکات. بۆیە ئەسینا لەو بوارەدا داهێنانێکی گەورەی کردووە. ئەویش دروستکردنی دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنی بەکۆمەڵە. واتا لە چەند کەسێک پێکهاتووە، کە ئێستا پێی دەڵێن حکومەت، یان دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
3- دەسەڵاتی قەزائی:
لە ئەسینای کۆن جگە لە دەسەڵاتی یاسادانان وجێبەجێکردن دەسەڵاتی سێیەمیشیان هەبووە کەناویان ناوە دەسەڵاتی قەزائی ( قەزای میللی) کە لەژێر ڕکێڤی گەلدابووە. واتا پێک نەهاتبوو لە دادوەری موحتەریف. بەڵکوو میللی بووە. یان بەو ناوەی کە ئێستا هەیە هەیئەتێک لە (محلفین) سوێند دراوەکان بوون بە ئینگلیزی وەکوو لە سیستەمی قەزائی ئەمریکیدا هەیە ناویان( جەری) یە. ژمارەکانیان هەموو کاتێک وەکوو یەک نەبووە، لە دۆ زە گەرەکاندا، کە پەیوەندی بە ڕای گشتیەوە هەبووە، یان ئەو ئیشکالاتانەی، کە پەیوست بووە بە ڕای گشتی، یان سیاسی بوون، ژمارەیەکی زۆر لەو سوێند دراوانەیان بەشدار کردووە. بۆ نموونە لە دادگاییکردنەکەی سوکرات دا پێنج سەد و یەک سوێند دراو (محلف) بەشدار بوون. لەبەر ئەوەی یاسا لای سوکرات ئەوەیە کە نوێنەرانی گەل دای دەنێن نەک ئەوەی کەلەلایەن دانشمەندێکەوە (حکیم) دادەنرێت، هەر کاتێکیش وابوو دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت. بۆیە کاتێک کە بە تۆمەتی تێکدان و لە ڕێ دەرکردنی لاوان (بەهۆی بیروباوەڕەکانییەوە) موحاکەمەی دەکەن. بە زۆرینەی دەنگ ئیدانەی دەکەن و سزای کوشتنی بە خواردنەوەی ژەهر بە سەردا دەن. سوکرات لەبەر ئەوەی باوەڕی وابوو ئەو یاسایە لەلایەن گەلەوە پەسەندکراوە و باوەڕیشی بەو سیستەمە قەزائیە و میکانیزمی حوکم دەرکردنە هەبووە و پێشتر وەکوو بیرمەندێک هەوڵی بۆ داوە بۆیە ڕێز لە بڕیارەکە دەگرێت وژەهرەکە دەخواتەوە.
قۆناغی ڕۆمانەکان
هەرچەندە هەندێک لە ڕۆشنبیر ڕۆمانەکان دژی فیکری یۆنانی بوون، بەڵام ڕۆشنبیریی یۆنانی ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی فکری ڕۆمانیدا. ئەویش بەهۆی هاتنی فەیلەسووفەکانی یۆنان بۆ ڕۆماو گوتنەوەی موحازەرە و وبەستنی سیمینار بۆ بڵاوکردنەوەی بۆ چوونکەکانیان، سەبارەت بە فەلسەفە و سیاسەت و دۆزەکانی دیموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵات. چونکە یۆنانستان تاقیکردنەوەیەکی دەوڵەمەندی لەو بارەیەوە پێشتر هەبووە. هەروەها چوونی خوێندکارە ڕۆمانەکانیش بۆ ئەسینا بۆ خوێندن کاریگەری بەرچاوی هەبووە بۆ بڵاو کردنەوەی ئەو بیر و باوەڕانە لە ڕۆما دوای گەرانەوەیان.
دەتوانین سەدەمی ڕۆمانەکان بەسەر ئەم قۆناغانەی لای خوارەوەدا دابەش بکەین:
1- قۆناغی مەلەکییەت: لەم قۆناغەدا هێزی سیاسی و عەسکەری هەمووی لەدەستی مەلیکدا لەگەڵ کۆمەڵێکی کەم لە خێزانە ئۆرۆستۆکراتیەکاندا کۆببۆوە. پادشا هەموو دەسەڵاتەکانی سیاسی و عەسکەری و تەنانەت ئایینیشی لەچنگدا بووە. بە ڕادەیەک کە بە موتلەق واتا بێ ڕکابەر حوکمی کردووە. ئەو دەمانە ئەنجوومەنی پیرانیش هەبووە. بەڵام وەزیفەیان لە پێشکەش کردنی ئامۆژگاری زیاتر نەبووە. هەروەها ئەنجوومەنە میللییەکانیش هەبوون. ئەوانیش تەنیا بە پێشنیازی پاشا بۆیان هەبووە لە مەسەلەیەک بکۆڵنەوە.
2- قۆناغی جەمهورییەت: ئەم قۆناغە لە 509 پ.ز وە دەستی پێکردووە. لەم قۆناغەدا قەدەرێک لە ڕێکخستن و پیادەکانی حوکمی دیموکراسی هەبووە، هەریەک لە ئەنجوومەنی گەل و پیران و ئیمپراتۆر دەسەڵاتی جیاوازی خۆیان هەبووە. ئیمپراتۆر تەنیا وەکیلی گەڵ بووە. دەسەڵاتی بێ سنوور وهەقیقی بۆ گەل بووە. هەرلەم قۆناغەدا سیستەمی دوو ( جووت) کونسڵ داهێنراوە، کە بەو پێیە ئەرکەکانی حوکمڕانی بەدەست دوو کەسەوە بووە. هەردووکیان هاوتا بوون لە هێزدا. هەریەکەیان توانیویەتی تانە لە بڕیارێکی ئەوەی تریان بدات و نەهێڵێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەویش بۆ ئەوە بووە کە دیکتاتۆرییەت دروست نەبێت.
لەم قۆناغەدا ئەنجوومەنی پیران دەسەڵاتی تەواوی خۆی هەبووە. ئەوانیش کۆنسوڵەکانیان بۆ ماوەی ساڵێک هەڵبژاردووە. بەڵام ئەنجوومەنی میللەت هەروەک خۆی ماوەتەوە. واتا گۆرانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
3- قۆناغی ئیمپراتۆریەت: سەردەمی ئەم قۆناغە لە 27 پ ز دەستی پێکردووە تا کەوتنی 476 زایینی واتا تا ئەو ساتەی گەل بەشدار دەبێت لە حوکمدا، ئوگستۆس توانیویەتی حوکم لە جەمهوریەتەوە هەڵبگێڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریەت و هەموو دەسەڵاتەکان بخاتە دەستی خۆیەوە. واتا لە دیموکراسییەوە گۆراوە بۆ حوکمی تاکە کەسی، (دیکتاتۆر). دەسەڵاتەکانی قەزائی و جینائیەکان و هەقی وەرگرتنی شکایەت لە ئەنجوومەنی گەل وەربگرێتەوە و بیخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. هەر ئەو مافی هەڵبژاردنی حاکمەکانی لە ئەنجوومەنی گەل سەندەوە و دای بە ئەنجوومەنی پیران. لەسەدەی یەکەمی زاییندا ئەنجوومەنەکانی گەل دەسەڵاتەکانی یاسادانیان لە بەرژەوەندی ئەنجوومەنی پیران لەدەستدا، دەسەڵاتە قەزائیەکانی ئەنجوومەنی پیران لەپێناوی سەرکوتکردنی تاوانباران و بەرگرتن لە تاوانە سنوور بەزێنەکان، کەدەرهەق بەو کەسانە دەکرا کە ئەرکی کۆکردنەوەی باجەکانیان پێسپێردرابوو فراوان بوون. حاکمەکان بوون بە ئامێری جێبەجێکردن بە دەست ئەنجوومەنی پیرانەوە، کەبۆی هەبوو هەڵیان ببژێرێت و ئاراستەیان بکات و لەسەر کارلایان ببات. لە قۆناغی ئیمپراتۆریەتی دواییدا ئیمپراتۆر بەرگی ئیلاهی، واتا موقەدەسیشی پۆشیوەو دامەزراوەکانی حوکم وەک ئەنجوومەنی شارەوانی و لەگەڵ ئەنجوومەنی گەل بە جۆرێک تەریک کران، کە تەنانەت بۆیان نەبووە کۆبونەوەش بکەن، یان لەسەر هەڵەیەک لادانێک لە ئیمپراتۆر بپێچنەوە. ئەو هەر خۆی یاساکانی داناوە و گۆڕیونی، یان هەمواری کردوون هەر خۆی حاکمەکانی داناوە و تەنیا ملکەچی خۆی بوون. دادگاکان لە قەزائیەوە بوون بە ئیداری لەبری قازییەکان فەرمانبەرەکان دادگاییان کردووە وحوکمایان دەرکردووە.
سەدەکانی ناوەڕاست
بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا، کەلەکەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیەوە لە ساڵی 477 ز دەست پێدەکا تا نزیکەی 1400 ز . وێنای سیاسی بۆ دەوڵەت ئەوە بووە، کە دامەزراوەیەکە ملکەچی یاسای ئیلاهییە و ڕۆڵی حاکم تەنیا پاراستنی کەنیسەیە. لەسەدەکانی ناوەڕاستتدا دەسەڵاتی مەرکەزیی ئیمپراتۆر، لەسەر هەرێمە بەر بڵاوەکانی مەملەکەتەکەی لاواز بووە، بۆیە ناچار بووە، کە حاکم یان فەرمانڕەوای محەلی بۆ ئەو ناوچانە دابنێن. بۆ ئەوەی خۆیان حوکمی خۆیان بکەن. بە واتایەکی تر حوکمی خۆجێیەتی. بەم شێوەیە خەڵکانی ناوچەکان لە یەک کاتدا دەبوو ملکەچی سێ دەسەڵات بن.
1- ئیمپراتۆر.
2- فەرمانڕەوای ناوچەکە.
3- دەرەبەگە بچووکەکان، کەراستو خۆ لەگەڵیان بوون.
دەرەبەگ خاوەنی زەوی و زار و تەنانەت خاوەنی ئەو خەڵکەش بووە، کە ئیشیان بۆ کردووە ودەبوو ملکەچی فەرمانەکانی بن. هەر خۆشی سەرکردەی سیاسی و عەسکەرییان بووە. دادوەریان بووە و باج و داهاتی کۆکردۆتەوە . کاتێک ئایینی کریستیان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئەورووپا بڵاو بووەوە، تا ئەو ڕادەیەی هەتا ئیمپراتۆر خۆشی بوو بە مەسیحی. ئیتر کەنیسە هەست دەکات کە پیگەی خۆی لە نیو دڵ وهۆشی کۆمەڵگاکە بە قووڵی داکوتاوە. بۆیە کەوتە بەربەرەکانێی مەفهومی: هەقی ئیلاهی پادشاکان کەنیسە دەیویست دەسەڵاتی زەمەنیش ( سیاسی) بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. دوای ئەوەی کە پایەی ئیمپراتۆر لە پایەی کەنیسە بەرزتر بووەوە. داوا کرا پایەی کەنیسە لەسەروو هەموانەوە بێت. ململانێیەکی بەهێز لەنێوان کەنیسەو ئیمپراتۆردا دروست بوو.بە جۆرێک ڕۆڵی گەل لەو ململانێیەدا لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات ون بوو و گۆرا بۆ ململانێی دوو کەس(ئیمپراتۆر و پاپا). چیتر ئەوەی ناوی لێ بنرێت دامەزراوەکانی دەوڵەتی دیموکراسی وەک ئەوەی لا یۆنانیەکان و هەتا بە جۆرێک لە جۆرەکان لای ڕۆمانەکانیش لە سەرەتادا هەبووە نەما. ئەم ململانێیە لە لایەکەوە خراپی ئەوە بووە، کە هەوەک وتمان گەل تێدا غایب بووە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لە ئاکامدا بەبەرە و پێشچوونی فیکری سیاسی و یاسایی شکاوەتەوە و دەنگی ناڕەزایی لەو بار و دۆخە بەرز بووەتەوە، بیرمەندەکان داوای جیاکردنەوەی ئایینیان لە دەوڵەت بەرز کردەوە. یەکێک لەو دەنگە کاریگەرو دیارانە بیرمەندی سیاسی(ماسیلو بادوا) بووە، کە داوای کردووە حکومەتێکی مەدەنی پێکبهێنرێت جیاوازی یان جیاکردنەوە لەنێوان دەسەڵاتەکانیشدا بێتە کایەوە. لەوەش زیاتر دەسەڵاتێکی یاسا دانان لەلایەن گەلەوە هەڵبژێرێت و هەروەها ئەنجوومەنێکی جێبەجێکردنیش بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکانی دەوڵەت هەبێت.
جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە فیکری سیاسی نوێدا
پێشکەوتنی نوێ لە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا، لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی ئینگلیزی و تاقیکردنەوەی دەوڵەمەندی دیموکراسیی ئینگلیزی. سیستەمی حوکمڕانی لە وڵاتە مەلەکیەتی ڕەها بوو لە ئاکامی شۆڕشی قەشەکانەوە ( پرۆتستانتەکان) بەرەو مەلەکیەتی سنووردار وەردەچەرخێ.
لەو بیرمەند و سیاسییانەی کە بەشدار بوون لە دەوڵەمەند کردنی ئەو فیکرە سیاسییەدا:
1- کرۆمیل: کەسایەتیەکی عەسکەری وسیاسی بوو بەرەنگاری سیستەمی پاشایەتی موتلەق بووەوە و بەسەریدا سەرکەوت دەستوورێکی دانا کەبەناوی دەستووری (کرۆمیل)ەوە بەناو بانگە. ئەو دەستوورە لەسەر بناغەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ئیستیبداد کە پارلەمانی ئەو کاتە هۆکاری سەرەکی بووم داڕێژرابوو. کرۆمیل دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن (حکومەت)ی لە یەک دابڕی و پێداگر بوو لەسەر سەربەخۆیی دامودەزگای قەزائی. مخابن لەدوای نەمانی کرۆمیل و گەرانەوەی مەلەکییەت دەستووری جەمهوری بەتاڵ کرایەوەو سیستەمی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان نەک هەر لە بەریتانیا لە هیچ وڵاتێکی دیکەش ئاسەواری نەما.
2- جۆن لۆک: بە یەکەمین کەس دادەنرێت، کەباسی لە تیۆری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کردبێ، کە لەسایەی ئەو سیستەمە پارلەمانیەی ئینگلتەرا کەدوای شۆڕشی 1644 هاتە کایەوە. لۆک لە تیۆرییەکەیدا کەوتبووە ژێر کاریگەری ئەو کێشەیەی کەلە نێوان پادساکان پارلەمان هەبووە. ئەو بەم شێوەیە تیۆرییەکی داڕشتووە: هەر سیستەمێکی تەندروست دەبێت پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان حوکمی بکات. ئەو بیروڕاکانی خۆی لە کتێبەکەیدا کەبەناوی (دوو نامە) سەبارەت بە حوکم خستووەتە ڕوو ، هەروەها لە کتێبێکی تریدا بەناوی حکومەتی مەدەنی کەلەساڵی 1690دا چاپی کردووە.
لە حکومەتی مەدەنیدا دەڵێت: مرۆڤ لە قۆناغی ژیانی سروشتی دا( خۆرسکی)، کە پێش گرێبەستی کۆمەڵایەتی بووە( العقد الأجتماعی)، دوو دەسەڵاتی هەبووە:
یەکەم: دەسەڵاتی دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کە زامنی پارێزگاری لە خۆی و ئەوانی تر کردووە. ئەمەش یاسای سروشت ( القانون الطبیعی) بۆی دەستەبەر کردووە.
دووەم: دەسەڵاتی سزادان لەسەر ئەو تاوانانەی کە دژ بەو بە یاسایە دەکرێت، بەڵام دوای ئەوەی کە لە ژیانی سروشتییەوە گوێزراوەتەوە بۆ ژیانی کۆمەڵ، بە دروستبوونی کۆمەڵگە وازی لەو دوو دەسەڵاتە هێناوە. بۆیە دەبینین کۆمەڵگەی سیاسی، کە میراتگری تاکە سروشتییەکان بوو ، هەردوو دەسەڵاتەکەی پێکەوە مومارەسە کردووە.
1- دەسەڵاتی یاسادانان: بە هۆیەوە ئەو بنەمایانە دادەنێت، کە پارێزگاری لە کۆمەڵ و تاکەکانی ناوی دەکات.
٢- دەسەڵاتی جێبەجێ کردن، بە هۆیەوە یاساکان جێ بەجێ دەکات.
بۆ ئەوەی کۆمەڵ وەکوو یەک تەن یەک لایەن خۆی بەرامبەر بە ئەوانەی، کە هێشتا لە ژیانی سروشتیدا دەژین بنوێنێت. پێویست بووە دەسەڵاتێکی تایبەت هەبێت، کە نوێنەرایەتی دەوڵەت لە پەیوەندیەکانیدا بە دەرەوە بکات. بۆیە لۆک داوای کردووە کە دەسەڵاتی سێیەم هەبێت و ناوی لێناوە دەسەڵاتی ئیتیحادی ( فیدرالی) ئەرکەکانی ڕاگەیاندنی جەنگ وئاشتی و بەستنی پەیمان نامەکان وپەیوەندیە دەرەکییەکان بووە.
هەرچەندە جۆن لۆک نەیتوانیوە تیۆرییەکی تەواو سەبارەت بەو دۆزە دابڕێژێت، بەڵام ئەو دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی کردووە بە سێ بەشەوە:
1- دەسەڵاتی یاسا دانان بۆ دانانی یاساکان
2- دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەرکی جێبەجێ کردنی ئەو یاسایانە بووە. لەگەڵ زەمانەتی ئەوەی، کە هەر یەکەیان بەسەر بە خۆیی لەوی تر کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
2- دەسەڵاتی ئیتیحادی: وەک لای سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. ئەم دەسەڵاتە بەرپرس بووە لە کاروباری دەرەکی، وەک بەستنی پەیماننامەکان وراگەیاندنی حاڵەتی جەنگ وهەتا دوایی. سەرەڕای ئەم دەسەڵاتانە لۆک داوای کردووە دەسەڵاتێکی دیکەش هەبێت، کە ناوی لێناوە (دەسەڵاتی تاج، یان ئەو کۆمەڵە ماف و ئیمتیازاتانەی کەتاجی بەریتانی دەبێت هەیبێت). ئەو ڕەخنەیەی کە لە لۆک گیراوە ئەوەیە ئەو هیچ گرنگیەکی نەداوە بە دەسەڵاتی قەزائی و بە هیچ شێوەیەکیش باسی لە سەربەخۆ بوونی نەکردووە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوە بووبێت، کە واقیعی ئەو کاتەی بەریتانیا، کەدەکاتە پێشو پاشی ئەو دەمەی کە بە شۆڕشی نوێ دەناسرێت، ئەوە بووە کە قازییەکان لەلایەن پادشاوە دامەزراون و لابراون دوای شۆڕشەکە ئەو کارە بە پارلەمان سپێرراوە. بە واتا لە هەردوو بارەکەدا سەربەخۆ نەبوون. ڕەخنەیەکی تریش کە لە لۆک دەگیرێت ئەوەیە، ئەو بە تەنیا باسی باری ئەو کاتەی بەریتانیای کردووەو سەلاحیەتێکی فراوانیشی داوە بە پادشا. بەپێی لۆک بۆی هەبووە دەست بخاتە ناو کارو باری یاسا دانان و حکومەتەوە. پوختەی قسەکەمان لەو بارەیەوە ئەوەیە، کە لۆک لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە حکومەتی مەدەنی توانیویەتی سوودەکانی جیاکردنەوەی دەسەڵات بخاتە ڕوو. بەڵام نەیتوانیوە بگاتە داڕشتنی تیۆرییەکی ڕوون لەو بارەیەوە وەک ئەوەی مۆنتسکیۆ لەدوایدا کردویەتی.
3- جان جاک ڕۆسۆ
ڕۆسۆ تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەبووە بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. ئەو جەختی لەسەر تەفسیرەکانی خۆی بۆ سەروەری (سیادة) کردۆتەوە، کەتەنها لە دەسەڵاتی یاساداناندا دەیبینێتەوە و بە هەقی گەلی داناوە و گوتویەتی: ناکرێت دەسەڵاتی یاسا دانان ئەو سەروەرییە بێ ڕەزامەندی گەل مومارەسە بکات. بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە بەپێی ئەو لە ئاکارەکانی سەروەری نییە و وەزیفەی جێبەجێ کردنی یاساکانە، بۆیە بە دەسەڵاتێکی سەربەخۆ هەژمار ناکرێت. بەڵکوو پاشکۆو نوێنەری گەلەو،گەل مافی چاودێریکردن و لە کار خستنی هەیە. دەسەڵاتی قەزائیش لای ڕۆسۆ بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و گەڵ پێی هەڵدەستێت. شایەنی باسە ڕۆسۆ لەگەڵ بیرۆکەی دروست بوونی دەسەڵاتە هاوتا و یەکسانەکان لە هێز و سەربەخۆ بوون لە یەکتری نەبووە. ئەو دەسەڵاتی یاسادانانی بە (خانم) لە قەڵەم داوە و دەسەڵاتی جێبەجێ کردنیش بە (کارەکەرەکەی).
4- مۆنتسکیۆ
پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دوای بڵاو بوونەوەی کتێبەکەی مۆنتسکیۆ ( ڕوح القوانین) ڕۆحی یاساکان، ساڵی 1748 بۆ برەنگاربوونەوەی دۆزی خراپ بەکار هێنانی دەسەڵات، وەک مەفهومێکی سیاسی و دەستووری بەتەواوی چەسپاوە. ئەو لەو بیرۆکەیەوە دەستی پێکردووە، کە وەزیفەکانی دەوڵەت بە سەر سێ جومگەدا دابەش دەکات:
– یاسادانان ( پارلەمان)
– جێبەجێ کردن ( حکومەت)
– قەزائی (دادوەری)
بەڵام کێشە سەرەکییەکەی کە لە نووسراوەکەیدا چارەسەری کردبوو، ئەوە بوو دەیگوت ڕەنگە دەسەڵات خراپ بەکار بهێنرێت، یان بۆ ڕێگە گرتن لە خراپ بەکار هێنانی، دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان دەسەڵاتەکاندا دروست ببێت بێ ئەوەی یەکێکیان بتوانێت دەست وەربداتە کاروبارەکانی ئەوی تریانەوە یان ئیفلیجی بکات.
مۆنتسکیۆ هەستی بە گرنگی ئەو هاوکارییە کردوەو داوای ئەوەی کردووە کە ڕێ و جێگەی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ببێتە بەربەست لەبەردەمی ئەو بڕیارە هەڵانەی کە دەسەڵاتەکەی تر دەری دەکات و نەهێڵرێت فەرز بکرێت بەسەر دەسەڵاتەکەی تردا.
لێرەوە دەتوانین بڵێین: تیۆرییەکەی مۆنتسکیۆ ئەم تێگەیشتنانەی لای خوارەوەی لە خۆ گرتووە.
1- دەسەڵاتە گشتیەکانی کردووە بە سێ بەشەوە و کارو ئەرکی هەر یەکێکیشان دیاری دەکات.
– یاسادانان
– جێبەجێکردن
– قەزائی
2- جەختی لەسەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کردووەو بە پێویستی زانیوە، بۆ ئەوەی ڕێگە لە دیکتاتۆرییەت بگرێت نابێت ڕێگە بدرێت، لە یەک دەستدا کۆ بکرێنەوە.
3- مۆنتسکیۆ هەر لەسەر لێواری جیاکردنەوە نەوەستاوە، بەڵکوو بە پێویستی زانیوە، کە هەر دەسەڵاتێک دەبێت چاودێری دەسەڵاتەکەی تر بکات ولەکاتی پێویستدا نەهێڵێت سنوورەکانی خۆی ببەزێنێت. بۆ ئەوەی دەست نەخاتە کاروبارو سەلاحیەتەکانی دەسەڵاتەکانی ترەوە. بەوەی کە ڕابوورد بۆمان دەردەکەوێت پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان زەمانەتێکی گرنگە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی یاساو ئامرازێکی کاریگەرە بۆ ڕێزگرتن لە یاسا و جێبەجێکردنی بە شێوەیەکی عادیلانە. ئەگەر یاسا دانان و جێبەجێکردنی لەدەستی یەک لایەن، یان ئەنجوومەنێکدا کۆبکرێتەوە یەوا سیفەتە بنەڕەتیەکەی خۆی ون دەکات، کە ئەویش موجەرەد ( ئەبستراکە) و. چونکە یاسا دەبێت بۆ داهاتوو دابنرێت و گشتی بێت واتا بێ گوێدانە حاڵەتی تایبەت، لەبەر ئەوەی کاردەکاتە سەر بێ لایەنییەکەی، ئەم یاسایە بەو شێوە بێلایەنە نایەتە کایەوە، ئەگەر یاسا دانەر هەر خۆشی جێ بەجێ کەر بێت. چونکە دەتوانێت لە کاتی جێبەجێکردنیا بەسەر حاڵەتێکی دیاری کراودا چۆن بیەوێت بەپێی مەیل و ئارەزووی خۆی بیگۆڕێت. بەمەش دەوڵەت سیفەتی دەوڵەتی یاسایی خۆی ون دەکات، چونکە ئەگەر یاسادانەر هەر خۆشی جێ بەجێکەری بێت، دەگەڕێینەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم، شێوەی حوکمرانیەک کە ئیستیبداد سیفەتی هەرە دیاریەتی.
مۆنتسکیو بەم شێوازە گوزارشتی لەو حاڵەتە کردووە: ئەگەر دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لەچنگی یەک کەسدا بێت، ئەوا ئازادی نامێنێت. ئەم قسەیە کۆکردنەوەی دەسەڵاتی یاسا دانان و قەزاوەتیش دەگرێتەوە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێ: ئەگەر دەسەڵاتی قەزاوەت لە دوو دەسەڵاتەکەی تر جیا نەکرێتەوە، قازی دەبێت بە موستەبید، لەبەر ئەوەی هەر خۆی یاسادانەرە و بەو پێیەی کەخۆی بیەوێت لە حاڵەتێکی دیاریکراودا حوکمێک بە دڵی خۆی دەربکات، یاساکە دەگۆڕێت، هەروەها ئەگەر لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێ کردندا یەک بن، ئەو کاتە قەزاوەت دەکەوێتە ژێر باڵی حکومەتەوە و ئیدی حکومەت هەر خۆی قازی و جێبەجێکاریش دەبێت. ئەوەش خراپترین مۆدێلی حکومەتە دیکتاتۆرەکانمان وەبیر دەهێنێتەوە.

سەرچاوەکان
١- د. حسن محمد البحري.. الرقابة المتبادلة بین السلطتین التشریعیة والتنفیذیة کضمان لنفاذ القعدة الدستوریة دراسة مقارنة -جامعة عین الشمس.
٢ – د. نوری لطیف وغالب خصیر العاني ( القانون الدستوری) جامعة بغداد.
٣ – د. عثمان خليل ( المبادئ الدستورية العامة) القاهرة.
٤ – د. عبدالحميد المتولي الموجز في النظريات الأنظمة السياسيـة ومبادئها، دار المعارف، مصر.
٥ – د. ثروت بدوي المظم السياسية ( تطور الفکر السياسي والنظرية العامة للنظم السياسية. دار النهضة العربية.
٦- جون لوک في الحکم المدني ترجمة ماجد فخري بیروت.
٧ – النظم السياسية تأليف : د. انوار احمد رسلان.
٨ – د. محمد معتصم مختصر النظرية السياسية للقانون الدستوري والمٶوسسات السياسية
٩ – د. عبداللە اسماعیل البستاني .. مذکرات اولية في القانون الدستوري، بغداد

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت