عیماد عه‌لی: كێ لایه‌نه‌كانی كوردستان لێك جیاده‌كاته‌وه‌؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ته‌نها باسی ناو و دروشم و په‌یڕه‌و و پرۆگرام و قسه‌ی‌ سه‌رزاره‌كی و دوور له‌ پراكتیزه‌كردن ناكه‌م، باس له‌ ئیدعای زۆر وشه‌ و چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ و ئامانج و ئایدیۆلۆجیا و به‌ناو فه‌لسه‌فه‌ش ناكه‌م، ئه‌گه‌ر جیاوازیه‌ك له‌ چۆنێتی ده‌ربڕین و باسكردنی سه‌رگوزه‌شته‌ی مێژووی لایه‌نه‌كه‌ و سه‌ركرده‌كانی و چۆنێتی ره‌فتار و خۆهه‌ڵكێشانیان نه‌بێت و به‌ هه‌وه‌س شیكردنه‌وه‌ بۆ ره‌فتاریان نه‌كرێت و به‌هانه‌ بۆ هه‌ڵوێسته‌كانیان نه‌هێنرێته‌وه‌، كتومت هه‌ر هه‌موویان له‌یه‌ك ده‌چن.
سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ چه‌پ و راست و ئیسلامی و سكیولار و به‌ناو نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تیانه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع و به‌كرده‌وه‌ له‌ هاوشێوه‌یه‌یی بوونیان به‌ قه‌لب و قاڵبه‌وه‌ مویه‌ك به‌به‌ینیاندا ناچێت، ده‌توانین بلیین:
1- سه‌رجه‌میان بۆ سه‌ركردایه‌تی كار ده‌كه‌ن و ململانێیان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی ی و حزبیه‌ پێش هه‌موو شتێك.
2- سه‌رجه‌میان به‌ناوی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان خه‌ریكی خه‌ڵك خه‌ڵه‌تاندن و ئینتما بونیانن و ته‌نها كاری رۆژانه‌ به‌ڕێده‌كه‌ن و وه‌كو كۆمپانیای بچوك و گه‌وره‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ پێشهات و كاری رۆژانه‌یان ده‌كه‌ن و به‌ پێی بنمایه‌ و سه‌رمایه‌ قازانجی رۆژانه‌یان بچوك و گه‌وره‌یان جیاده‌كرێته‌وه‌.
3- سه‌رجه‌میان له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌ پێی توانا و زانینی یاریكردن به‌دوای قازانجدان و ئه‌وه‌ی بلێیت به‌رژه‌وه‌ندی باڵا و خه‌تی سور نه‌ته‌وه‌یی نیشتمانی بوونی نیه‌ له‌ بیر و ره‌فتاری هیچ لایه‌كیان.
4- هه‌ر یه‌كه‌و رێچكه‌ی خۆی گرتووه‌ و ئه‌وه‌ی خوا پێی ده‌به‌خشێت له‌ بازرگانی و گه‌نده‌ڵی لادان له‌ یاسا ده‌ستی ده‌كه‌ویت و ده‌سه‌لات ره‌حمی پێده‌كات به‌ برا به‌شی سه‌ركردایه‌تیه‌كانیان ده‌یخۆن و بنكه‌ی جه‌ماریشیان تا دێت سفر ده‌بێت و هه‌ندێك ئه‌ندامی كه‌میان هاوبه‌رژه‌وه‌ندی نه‌بێت ئه‌ویش چاوه‌ڕێی هه‌له‌ بگاته‌ شیرینه‌كه‌ هیچی تریان نیه‌.
5- جۆری خه‌باتی سه‌رجه‌میان هاوشێوه‌یه‌ و ته‌نها له‌ كاتی نزیكبونه‌وه‌ له‌ مردن و كۆتاییهاتن، بۆ بوژانه‌وه‌ی خۆیان هه‌ڵوێستیك ده‌رده‌بڕن و ده‌یانه‌وێت بۆ خه‌ڵك بیسه‌لمێنن كه‌ ئه‌وانیش ماون ئه‌گینا ململانێی راست و دروست و هه‌ڵوێستی حزبی راسته‌قینه‌ له‌ كوله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا بانگی بۆ ناده‌ن.
6- هه‌ر یه‌كه‌و به‌ پێی رۆڵی له‌ ده‌سه‌ڵات و مامه‌حه‌مه‌یی و شێخی ده‌رباری و ژماره‌ی كۆمپانیاكانی و توانای دزین و ده‌ستكه‌وتی شێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی، داهات په‌یدا ده‌كات.
7- فكر و فه‌لسفه‌، ته‌نها به‌ قسه‌ و سه‌رزاره‌كی نه‌بێت ئه‌گینا به‌ هیچ كلۆجێك جیاناكرێنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت چه‌پ و راستیان زۆر نزیكن و قه‌ت زیان له‌په‌زه‌كانیان ناده‌ن.
8- ئه‌وه‌ی ناخوێننه‌وه‌ خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی كوردستانه‌ و هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر بنه‌مای قازانجی حزبی و كه‌سی و مه‌رجه‌كانی هێزی ده‌ره‌كی دیاری ده‌كه‌ن.
9- هه‌ر یه‌كه‌و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی رۆشنبیری له‌ ده‌وری خۆی كۆكردۆته‌وه‌ و راگه‌یاندن و پڕوپاگه‌نده‌ و بانگه‌شه‌ ده‌كات و رێنماییه‌ حزبیه‌ ته‌سكبینه‌كان جیبه‌جێده‌كه‌ن و له‌ قه‌یراندا دەیانخه‌نه‌ گه‌ڕ و به‌رگریان لێده‌كه‌ن.
10- هه‌ر هه‌موویان چه‌ندیان پێ بكرێت به‌وانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتن و ئه‌وانه‌ش به‌ناوی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ خه‌ریكی داهات په‌یداكردنن، بۆ مانه‌وه‌ هه‌وڵی ئیستغلالی وه‌زعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری خه‌لك ده‌ده‌ن و بۆ مه‌رامی خۆیان ئه‌گه‌ر بتوانن به‌كاریان دێنن.
11- هه‌ر هه‌موویان به‌گه‌وره‌ و بچوكه‌وه‌، له‌ نێوخۆی خۆیاندا خه‌ركی ته‌كه‌تولبازین و ئه‌وه‌ی ته‌كه‌توله‌كه‌ی گه‌وره‌تر بێت زاڵتره‌ و ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندی مادی هاوته‌كه‌توله‌كانی دابین بكات، ئه‌گینا ململانێی دروست و كیبڕكێی راسته‌قینه‌ بوونی نه‌ماوه‌.
12- هه‌ر هه‌موویان ئه‌گه‌ر ئیدعای كۆمه‌ڵێك بابه‌تی هه‌ستیار بكه‌ن؛ له‌ مه‌ڕ ئافره‌ت و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكیش وكریكار و هه‌ژار و بێده‌رامه‌ت، ته‌نها بۆ به‌كاربردنی نێوخۆیی كوردستانه‌ و له‌سه‌ر ئه‌رز هه‌ر هه‌موویان هه‌مان بۆچون و ره‌فتار و كرده‌وه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌نتكێك جیاوزیشیان هه‌بێت ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر توانا و پێگه‌ و قه‌باره‌ و بۆچونی تاكه‌سی وه‌ستاوه‌ نه‌ك جیاوازی فكری وفه‌لسه‌فی حزبه‌كه‌.
13- له‌ بواری ئامانجی ستراتیجی گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و په‌یوه‌ندی هه‌رێم و ناوه‌ندی عیراق، هه‌رهه‌موویان باكه‌ له‌ كوێوه‌ هات له‌وێوه‌ شه‌ن ده‌كه‌ن، نه‌ك باوه‌ڕبون به‌ خودی ئامانجه‌كه‌.
14- هه‌ر هه‌موویان ته‌نها كاری حزبیان له‌سه‌ر ته‌كتیك وه‌ستاوه‌ و هیچ گرنگیه‌ك به‌ستراتیج ناده‌ن و بۆچونی خه‌ڵك به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌خوێننه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕن كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ریان نه‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ زیانی بۆ پرسه‌ گشتیه‌كه‌ش هه‌بێت.
15- به‌خودی حزبه‌كان له‌سه‌ر ته‌وه‌ربه‌ندی و خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌جه‌مسه‌ری لایه‌نه‌كانی كوردستان و دابه‌شبونیان به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی بۆ نێوخۆیی خۆیان، كاروباری حزبی به‌ڕێده‌كه‌ن، واته‌ راسته‌ گه‌ر بڵێین ئه‌مڕۆ سه‌رحه‌م حزبه‌كان دابه‌ش بوون به‌سه‌ر هه‌ردوو جه‌مسه‌ری پارتی و یه‌كێتیدا و زۆرجار ئه‌م دو ولهێزه‌ رێگه‌ به‌وانیتر پیشان ده‌ده‌ن.
16- سه‌رجه‌م حزبه‌كان له‌ ده‌سه‌لاتدان هره‌ یه‌كه‌و به‌ پێی قازانجی خۆی و ئه‌مه‌ش به‌ پێی جه‌ماوه‌ری و قورساییه‌كه‌ی و په‌یوه‌نده‌یكه‌ی به‌ پارتی و یه‌كێتیه‌وه‌ پێگه‌یان دیاری ده‌كرێت و، ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ بونی نیه‌ و ئه‌گه‌ر جارناجارێك نوزه‌یه‌ك له‌مو له‌و به‌رز بێته‌وه‌ بۆ كاری تایبه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سیه‌ یان ته‌كتیكێكه‌ بۆ سه‌رنج راكێشانی یه‌كێك له‌ زلحزبه‌كانی ده‌سه‌لات بۆ دابینكردنی داواكاریه‌ كه‌سی و حزبیه‌كانیان.
ئه‌وه‌ی ئه‌م بۆچونه‌ ده‌سه‌لمێنێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌مان و نه‌بوون و له‌ناوچونی هه‌ریه‌كه‌یان هیچ كاریگه‌ریه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر ره‌وتی ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم نابێت، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مانیان قازانجی له‌ زه‌ره‌ری زیاتر نه‌بیت.
ئه‌وه‌ی راستی بێت و به‌ ڕاشكاوی باس بكرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستان حزبی راسته‌قینه‌ و به‌ پێوه‌ری سه‌رده‌مانه‌ و به‌ ناو و ناوه‌ڕۆك حیزب بێت بوونی نیه،‌ به‌ڵكو ده‌توانڕیت بوترێت گردبونه‌وه‌ی خه‌ڵكانێك یان چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك یان بازنه‌یه‌كی ده‌سترۆیشوو و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی پاشكۆ و ده‌ربارن.
ئا ئه‌مه‌ حاڵی سه‌رجه‌م حزبه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، چۆن متمانه‌ت به‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌مانه‌ بتوانن باری لاری كوردستان راست بكه‌نه‌وه‌ و ئامانجی خه‌ڵك به‌دیبێنن و كوردستان بگه‌یەننه‌ مه‌نزڵگه‌ی ئارامی خۆی. بۆیه‌ جگه‌ له‌ ناوه‌كانیان (له‌وه‌ش هه‌ندێكیان چونیه‌كن) ئه‌گینا كه‌س ناتوانێت به‌ ئاسانی لێكیان جیابكاته‌وه‌