نەوزادى موهەندس: سەرمایەى نیشتیمانى و سەرمایدارى نیشتیمان کێ؟ و بۆچى گرنگن؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشکرایە هیچ وڵات و کۆمەڵگایەک بەبێ بوونى ئامار و سەرژمێریەکى وورد و زانستى بۆ سەروەت و سامانى سروشتى و نیشتیمانى تایبەت بەخۆى ناتوانێت نە پلانى زانستى دابڕێژێت و نە پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوە و گەشەکردنى وڵات و کۆمەڵگا پێشبینى بکات و کارى بۆبکات و بیشیگەیەنێتە دوا مەنزڵ و مەبەست. بۆیە هەمیشە ئەو وڵات و کۆمەڵگایانەى کە خاک و ئاو و سامانى سروشتى زۆر و زەوەند و تواناى مرۆیى زیرەک و دەسەڵات و سەرکردەى حەکیمیان هەیە هەمیشە دەکەونە ڕیزى ئەو کۆمەڵگا و وڵاتانەوە کە گەشە و پێشکەوتن و ئاوەدانى ڕوویان تێدەکات و دەچنە ڕیزى وڵاتە پێشکەوتوو و کۆمەڵگا خۆشگوزەرانەکانەوە و دووردەکەونەوە لە هەژارى و دواکەوتوویى و نەخۆشى و بێکارى و هەموو دیاردە نەگبەتیەکانى تر کە دەبنە هۆى دواکەوتن و هەژارى تاک و کۆمەڵگا.
هەربۆیە کۆڵەکە گرنگەکانى پێشکەوتن و گەشەکردنى وڵات و کۆمەڵگاکان بریتین لە بوونى سەروەت و سامانى سروشتى و تواناى مرۆیى لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە بریتیە لە بوونى خاوەن ئەقڵ و پلانى زانستى و کەسانى خاوەن سەرمایە و لە پێش هەموانیشەوە بریتیە لە بوونى دەوڵەتێکى سەربەخۆ و خاوەن سەروەرى و حکومەتێکى خەمخۆر و نیشتیمانى. چونکە بەبێ بوونى حکومەت و دەسەڵاتێکى ڕەشید و حەکیم و خەمخۆر ناتوانرێت هیچ هەنگاوێکى نیشتیمانیانە هەڵبنرێت، چونکە ناتوانرێت دەسکەوت و گەشە و پێشکەوتنەکان بپارێزرێن و ڕێگە بگرێت لە لە ناوچوونیان و بەهەدەردانیان. حکومەتێک کە ڕێگەنەدات کە سەروەت و سامانى وڵات بکەوێتە دەست کەسانى گەندەڵ و مشەخۆر و داگیرکاران و کۆمپانیا بیانیە خوێنمژەکان کە هەموو خەمیان بەتاڵانبردنى سەروەت وسامانى وڵاتان و وەدەستخستنى قازانجى زۆر و زەوەندولەبن نەهاتووى گەلانى دواکەوتوو و هەژار و داگیراکراوانە.
بۆیە لەم قۆناغى ڕزگارى نیشتیمانى و دامەزراندنى دەسەڵات و حکومەتە نیشتیمانیەى کوردستاندا لەم بەشەى باشووردا کە خۆشبەختانە تەمەنى نزیک دەبێتەوە لە 30 ساڵ، گرنگە کە حکومەت و دەسەڵات گرنگى بدەنە پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى وڵات و کۆمەڵگاى کوردى و هەوڵى جێگیرى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى بدەن و هەموو خەمیان بریتى بێت لەوەى کە وڵات و کۆمەڵگا بەرەو کەنارى ئارامى و خۆشگوزەرانى و بەرن و دوورى بخەنەوە لە دواکەوتویى و هەژارى و نەخۆشى و ناخۆشى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانە زۆر و زەوەندەکەى، هەموو ئەم کارانەش بە دانانى پلانى زانستى پێشوەختە و بەدەسەڵاتێکى تەواو نیشتیمانى و خەمخۆر دەکرێت کە هانى ئۆرگانەکانى حکومەت بدات دوور بکەونەوە لە گەندەڵى و مشەخۆرى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى وڵات و لەولاشەوە گرنگى زۆر بداتە کەرتى تایبەت و کۆمپانیا و وەبەرهێن و خاوەن سەرمایە و سەرمایەدارەکان کە سەروەت و سامانەکانیان بخەنە خزمەت پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوە و گەشە و پێشکەوتنى وڵاتەوە و هەموان لەخەمى خزمەتکردن و خۆشگوزەرانى هاوڵاتیان و کۆمەڵگادا بن و دوور بکەونەوە لە مشەخۆرى و خۆدەوڵەمەندکردنى ناڕەوا و دەستبردن بۆ قوتى جەماوەر و هەژاران و کاربکەن بۆ وەبەرهێنانى سەروەت و سامانەکانیان لەڕێگەى خزمەتکردنى نیشتیمان و کۆمەڵگاوە.
بەم شێوەیە دەتوانرێت نیشتیمانێکى ئازاد و سەربەخۆ و کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو و خۆشگوزەران بنیات بنێین و خەون و ئاواتى لە مێژینەمان وەدیبهێنین. هەربەم شێوەیەش دەتوانین سوود و کەڵکى زۆر لە سەرمایەى نیشتیمانەکەمان لە ئاو و خاک و توانا مرۆییەکان وەربگرین و سەرمایەدارانیشمان ببنە سەرمایەدارێکى نیشتیمانى و خەمخۆر بۆ ئایندە. چونکە هەموو سەرمایەیەک نیشتیمانى نیە و هەموو سەرمایەدارێکیش نیشتیمانى نابێت، گەر تەنها هەوڵى بەدەستهێنانى قازانج و سوودى تاکە کەسى بێت و بۆ بەرژەوەندى خۆى و کەڵەکەکردنى زیاترى سەرمایەکەى بێت دوور لە خەمى نیشتیمان و نەتەوە و کۆمەڵگاکەمان. بۆیە سەرمایەى نیشتیمانى بریتیە لەو سەرمایەیەى کە دەخرێتە خزمەتى پێشکەوتن و ئاوەدانى نیشتیمانەوە و سەرمایەدارى نیشتیمانیش بەهەمان شێوە بریتیە لەو کەسانەى کە سەروەت و سامانەکانیان دەخەنە پێناو وەبەرهێنان و ئاوەدانى و خزمەتى کۆمەڵگا و نیشتیمانەکانیانەوە.
خۆشبەختانە لەم هەرێمەى خۆشماندا گەلێک سەرمایەدارى نیشتیمانى هەبوون و لەئێستاشدا هەن و توانیویانە دەیان پڕۆژەى گەورە و گرنگ بنیات بنێن و جێگە دەستیان دیار بێت لە ئاوەدانکردنەوەى وڵات و دەستگیرۆیى هاوڵاتیانى هەژار و نەهێشتن و کەمکردنەوەى بێکارى و هەڵاوسان، سەرەڕاى هەبوونى ڕێگر و نمونەى ناشیرینى مشەخۆرى و گەندەڵیش لەهەرێمەکەماندا، بۆیە ئەرکى ئەو سەرمایەدارانەیە کە هەمیشە لەخەمى وڵات و کۆمەڵگاکەماندا بن، چونکە سەرچاوەى داهات و سەرمایەکانیان هەر ئەم نیشتیمان و کۆمەڵگایەى خۆیانە و چەقى دەسکەوت و سەرکەوتنەکانیان هەر لێرەوە دەستیپێکردوە و سەرچاوەیان گرتوە. لەهەموو دونیاشدا کۆمپانیا گەورە ئابوریەکان هەمیشە پابەندى یاسایى و داراییەکان و باج و خەراجەکانیان پێشکەش بە وڵات و کۆمەڵگاکانیان دەکەن و دواتر لە خەمى سەروەت و سامانەکانى خۆیانن، هەربۆیەش ئەوان لە پێشکەوتنى بەردەوام و ئاوەدانى زیاترى وڵات و کۆمەڵگاکانیاندان، نمونەى جوانى سەرمایەدارانى نیشتیمانى کوردستان زۆرن و لە سلێمانیشدا گەلێک پڕۆژەى نەخۆشخانە و کۆمەڵگا نیشتەجێبونەکان و کارگە بەرهەمێنەکان و… هتد. یان بنیات ناوە. بەهیواى ئەوەى هەموان نیشتیمان و کۆمەڵگاى کوردەوارى خۆمان خۆشبوێت و سەرمایە و تواناکانمان بخەینە خزمەت وڵات و نیشتیمانەکەمانەوە و هەموان وڵات و نیشتیمان بکەینە موڵکى خۆمان نەک تەنها بۆ دادۆشینى سەروە ت و سامانەکەى خۆشمان بوێت و گرنگە ئینتیماى نیشتیمانى لاى تاک و کۆمەڵگا بە هەژار و دەوڵەمەندەوە زیندوو بکەینەوە و لە دڵ و دەروون و هەست و نەستى هەمواندا بیچەسپێنین، هەربەمەش دەبینە تاک و کۆمەڵگایەکى نیشتیمانى و دووردەکەوینەوە لە خیانەت و وڵاتفرۆشى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانەکانى وڵات.