ستارە عارف: ژیانی کەمدەرامەتان بە خێر و سەدەقە چارەسەر ناکرێت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خراپی حوکمڕانی و قۆرخکاری و تاڵانی دو بنەماڵە، چۆن ژیانی خەڵکی کوردستانی لەڕوی ڕامیارییەوە بەرەو هەڵدێر بردووە، باری ئابوری و گوزەران و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیشی داڕوخاندوە و ڕێژەیی هەژاریی و نەداری بەرەو سەرەوە هەڵکشاوە، لەبەرامبەریدا چینێکی دەوڵەمەندی هەڵتۆقیوی بێ کلتوربی مەسرەفگەرایی بە ناو سیاسی دز و تاڵانچی دروست بوە، کە ناشیرینترین نمونەیان پیشانی کۆمەڵگە و تاک داوە، ئەمە وایکردوە کەسانێکی هەلپەرست و خۆژین لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە و شیرازەی کۆمەڵگەکە لەهەمو ڕویەکەوە تێکبدەن و لەیەکیهەڵبوەشێنن، چەند ڕێژەی هەژاریان بەرزکردۆتەوە هێندەیش کلتوری مشەخۆری و چاوچنۆکیان لەکۆمەڵگەدا زیاد کردوە.
لەخۆپیشاندان یان ڕاستر لە(کەڕنەڤاڵەکەی)ڕۆژی شەممە بەروارین 22- 8- 2020 ی پارکی ئازادی، کوێستان ئەو ژنە گەرمیانیەی بە گریانەوە لەبەردەم کەناڵی(NRT)باسی مەرگەساتی خۆی کرد و هەر ئەو شەوە هاریکاری باشکرا و کۆمەڵێک بۆچونی جیاوازیشی بە دوای خۆیدا هێنا، من قسەم لەسەر ڕااستی یان ناڕاستی ژیانی ئەو ژنە نیە و بابەتەکەیشم تایبەت نیە بە ئەو، بەڵکو بە بۆچونی من کێشەی کەمدەرامەتی بە گشتی لەکۆمەڵگەدا بە خێر و سەدەقەی کاتی خێرخواز و چەند کەسێک لەڕوی کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەوە ناکرێت و چارەسەرییەکی دور مەودای پێویستە، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی بەشێک لەکەموکوڕییەکانی کەسی هەژار بەو جۆرە پڕ بکرێتەوە، بەڵام دوبارە سەرهەڵدەداتەوە، ئەگەر جارێکیتر چەند کەسێک بچن و خێر بەو کەس و خێزانە بکەن، لەوانەیە نەک کێشەکەی چارەسەری بنەڕەتی نەکرێت، بەڵکو کاریگەری نەرێنی و خراپ لەڕوی دەرونی و کۆمەڵایەتییەوە لەسەر ئەو خێزانە و منداڵەکانی دروست بکات.
بۆیە دەبێت چارەسەرکردنی ڕەوشی خراپ و هەژاری کۆمەڵگە لەئاستی حکومەت و پارێزگار و حکومەتی خۆجێی و وەبەرهێنەرانەوە بە کردنەوەی کارگە و ناوەندی کار و بە گەڕخستنی پڕۆژەیی ستراتیژیی بێت، کە هەلی کار بۆ کەسانی هەژار بڕەخسێنێت و هەژاران بە گەڕ بخرێن، بۆ ئەوەی ئەو تاکە ماوەیەکی درێژ داهاتێکی گونجاوی دەست بکەوێت و بەشی خۆژێنی بکات.
هەرچەندە لەم ڕەوشەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، کە بەرزبونەوەی هەژاری دەرەنجامی کردەی تاڵانچێتی بنەماڵە ستەمکارەکانە، کردنەوەی کارگە و شوێنی کار لەلایەن خێرخوازان و وەبەرهێنەرانی دڵسۆزی دەرەوەی ستەمکارانەوە کارێکی قورسە، چونکە بێ پشکداری ڕێگەیان پێنادەن، بەڵام هەر بەو جۆرە پڕۆژانە دەتوانن یارمەتیدەری هەژاران بن، نەک بە خێر و سەدەقەی کاتی، دەتوانین کۆمەڵێک بچینە لای وەبەرهێنەرێک و فشاری لێبکەین پڕۆژەکانیان بۆ هاوکاری هەژاران بەگەڕ بخەن، نەک بەو شێوە کۆنەی خێر و سەدەقەی کاتی.
گریان و کوڕوزاندنەوەی بەردەم کامێرادا یەکەم جار نیە و لەوانەیە دواجاریش نەبێت و خەریکە دەبێتە نەریت و سۆزی خەڵک بۆ خۆیان ڕادەکێشن، بۆیە میدیای کوردی کارێکی باش ناکەن و دەبێت دەست لەو نەریتە سۆزدارانە بۆ مەرامی حزبەکەیان هەڵبگرن، ستەمکاران ڕەوشێکی پڕ لەفرت و فێڵ و ساختەکاریان لەم کۆمەڵگەیەدا ئافراندوە، کە زۆرجار ناتوانیت بە ئاسانی بڕوا بە هەمو کەس ولایەنێک بکەیت، ئەگەر بەو جۆرە شینی خراپی ژیانیشی بکات، بازاڕ پڕە لەسواڵکەر و منداڵی عەلاگەفرۆش، بەڵام زۆرجار دەرکەوتوە ڕەوشی ئابوریان باشە و شایانی ئەوە نین سواڵ بکەن و دەست پان بکەنەوە، لەخۆپیشاندانەکاندا زۆربەی کات گەواهیدەری ئەوە بوین، کەسانێک بە ناوی هەژاریەوە هاتونەتە بەردەم کامێرا و کوڕوزاونەتەوە و دوای دەرکەوتوە دەستەڵات بە زانابون ناردویەتی و مەرامی هەبوە.
ستەمکارانی هەردو بنەماڵە بۆ چاوشۆڕکردنی کۆمەڵگەی کوردی و بە مەبەست کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن و میدیایش کارەکەی دەستەڵات تەواو دەکەن، لەکوردستان ئەم حاڵەتەی هاوکاریکردنی کەسانی هەژار چاولێکەری کەسانی ساختەیشی دروستکردوە، بۆ نمونە ئەو کاتەی هاوکاریەکی خێرا و زۆری کەسانێکی هەژار دەکرێت، کەسانیتریش هەبون و ڕویداوە بە ناوی هەژارییەوە هاتونەتە شەقام یان کۆڵانێک و خێمەیەکی بچوکیان هەڵداوە و هەر خۆیشیان پەیوەندیان بە کەناڵێکەوە کردوە، بۆ ئەوەی بە ڕای گشتی بڵێن بچن بە هانایانەوە و یارمەتیان بدەن، واتە ئەم حاڵەتە خراپەی دەستەڵات و میدیا دروستیانکردوە، جۆرێک لەساختەکاری بەدوای خۆیدا هێناوە و دەهێنێت و زۆرینەی کات هەژاری ڕاستت لەساختە بۆ جیا ناکرێتەوە، هەرچەندە لەکۆمەڵگەدا دەوترێت:(کەسی هەژار نەفسیەتی بەرزە و دەست پان ناکاتەوە و سەرەڕای هەژارییەکەیشی سەربەرزانە دەژی و باسی ناکات)، جگە لەوەی بەو شێوە تاکەکەسیە هاوکاریکردنی کەسانی هەژار یان بە ناو هەژار دەبێتە نەریت و چاولێکەری و تەمەڵی و کار نەکردن و نەگەڕان بە شوێن کاردا دەکاتە دیاردە و ساختەکاری زیاد دەکات، بۆیە باشترین چارەسەری هەژاری ڕاستەقینە دۆزینەوەی کار و کارگە و پڕۆژەیە بۆ کارکردن و بوژاندنەوەی گوزەرانیان، لەهەمانکاتیشدا میدیای کوردی دەبێت ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە کار و کەسانە نەدەن، کە بە تایبەتی بە شوێن کامێرادا دەگەڕێن تا حاڵی خۆیان بەو جۆرە بەیان بکەن، کەسانێکیش هەبون لەدێکەی یان قەزاکەی شارەکەی یان پارچەکەی خۆی ماڵ و موڵکی فرۆشتوە و هاتۆتە سلێمانی و بەو جۆرە هاوکاری کەسانی خێرخوازی وەرگرتوە، لەکاتێکدا لەشوێنی خۆی ماڵ و کاری هەبوە، ڕێزم بۆ ئەو ژنە گەرمیانیە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئەوەوە نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت