گۆران هەڵەبجەیی: بۆ ئەرسەلان بایز و بایزەکانی دیکە، لێدانی ئەم قەوانە سواوە ڕابگرن.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

[گەر بەرامبەر خەباتم پارەم وەربگرتایە، ئیدی لە خەباتگێڕەوە دەبووم بە جاش.] نیلسۆن ماندێلا
لە مێژە بە نیازم دەربارەی ئەم دەستەواژەیە بنووسم کە دەڵێت[ئەم دەستکەوتانەی ئێستا بەرهەمی تێکۆشان و خوێنی شەهیدەکانمانە.]
وەلێ هەرگیز دەرفەتم بۆ نەڕەخسا،لێ ئێستا ئەرسەلان بایز ناچاری کردم کە چیتر ئەو بابەتە پشتگوێ نەخەم.
ئەم ڕستەیە ،دەستەواژەیە بەردەوام لە لایەن سەرکردە فاشیلەکانی ڕێبازی کوردایەتیبەوە بە جۆرەها شێوە و لەجۆرەها فۆرمدا بەکار دەهێنرێت ،کە نوێترینیان لەلایەن ئەرسەلان بایزەوە بوو. هەر کاتێک شەپۆلی تووڕەیی و بێزاری خەڵکی ستەملێکراوی دەستی قارەمانەکانی کوردایەتی دەگاتە ئاستێکی بەرز ،ئیدی ئەم بلیمەتانەی گەندەڵی دەست دەکەن بە گیرفانیانداو ئەم قسە پڕوپووچ و بێ ئەرزشانە دەدەن بەڕووی خەڵکدا.
دوو مەبەست لە ژێر هەزاربارەکردنەوەی ئەم قەوانە ژەنگاویەوە خۆی حەشارداوە، یەکەم قەرزاربارکردنی خەڵکە بە تێکۆشان و ماندووبوونیان، دووەم بێدەنگکردنی خەڵکیە تا داوای مافەکانیان نەکەن و سوپاسگوزاربن بەوەی کەهەیە و بەئاقڵی دانیشن. لە ڕێگەی ئەم درووشم و وتارە قەبانەوە ،دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن کە دەڵێت[ گەر خەباتی ئێمەو خوێنی شەهیدان نەبوایە ئێوە ئەم ژیانە خۆش و ئاسودەتان نەدەبوو].
هەوڵەدەم لێرەدا ڕوونیبکەمەوە و بە لۆژیک بیسەلمێنم کە ئایا ئەم دۆخەی ئێستا، بەرهەمی خەبات و خوێنی شەهیدانە یا نا.
لە زۆرترین حاڵەتدا و لەکن نەتەوە چەوساوەو ژێردەستەکان، ئامانج لە شۆڕشی چەکداری گەشتنە بە دونیای سەرفرازی و شکاندنی کۆتی چەوساندنەوە و دەربازبووب لە ژیانی نکولیکردن لە ماف و ئازادی، و لە پێناو دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و ژیانێکی پڕ کەرامەتە بۆ هاوڵاتیان. ئەمەش تەنها لەو حاڵەتەدا دێتە دی کە شۆرشە چەکداریەکە ئامانجی خۆی بپێکێت و بگاتە دوا مەنزڵ و شۆڕشگێڕان لە لولەی تفەنگەکانیانەوە سەرفرازی بەدەست بهێنن، یاخود بەدیوێکی دیکەدا شۆڕشگێڕان نەتەوەی سەردەست ناچاربکەن کە مل بۆ داخوازیەکانیان بنێت.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند نمونەیەکی بەرجەستەکراو لەو شۆڕشە چەکداریە سەرکەوتووەکان بهێنمەوە کە لە ئاکامی خەباتیاندا دەسەڵاتیان گرتە دەست و گۆڕانکاری بنەڕەتیان لەسیستەمی حکوم وژیانی خەڵکدا کرد، لەوانە:
– شۆڕشی چین بە سەرکردایەتی [ماو]
– شۆڕشی کوبا بە سەرکردایەتی [کاستر و جی ڤارا]
– شۆڕشی جەزائیر بە سەرۆکایەتی[ئەحمەد بن بلە و هواری بۆ میدیان]
– شۆڕشی ڤێتنام بەسەرکردایەتی [هۆشی منە]
– شۆڕشی فەلەستینیەکان[تا ڕادەیەک]
شۆڕشەکانی نیکاراگوا، سلڤادۆر، ئەنگۆلا ، مۆزەمبیق و چەند شۆڕشێکی دیکە.
سەرجەمی ئەم شۆڕشانە لە ئاکامی خەباتێکی درێژخایەن و سەخت و دژوار و بەختکردنی گیانی هەزارەها شۆڕشگێڕو سڤیل هاتنەدی. پاش سەرکەوتن شۆڕشگێڕان ئەو خەباتەیان بە هاوڵاتیان نەفرۆشتەوەو بەردەوام نەیاندایەوە بەڕوویاندا، پۆزیان بەسەر خەڵکدا لێنەدەدا، بەڵکو بە بێدەنگی لە فۆرمێکی نوێدا درێژەیان بە تێکۆشاندا.
گەر پێناسەیەکی کوورت و لۆژیک بۆ[ شۆڕشی] چەکداری باشوور بکەین دەبینین ئاکامەکەی بە هیچ جۆرێک لەو شۆڕشانە ناچێت کە ئاماژەم پێداون.
شۆڕشی باشوور نە ڕژێمی گۆڕی، نە خاکی کوردستانی ئازاد کرد و نە دەسڵاتی ناوەندی ناچار کرد تا دان بە هەندیک لە مافەکانماندا بنێت.
بە پێچەوانەوە ئاکامی شۆڕشی کورد بۆ خودی کورد ، بریتی بوو لە کۆمەڵێک کارەسات و تراژیدیای خوێناوی، کە هەرگیز لە یادەوەرماندا ون نابن.
– لەدەستدانی ئەو کەمە دەڤەرەی کە بەدەست پێشمەرگەوە بوون.
– ئاشبەتاڵێکی دیکەی هێزی چەکداری
– وێرانبوونی سەرجەم گوندەکانی کوردستان، لەگەڵ چەندین شارو شارۆچکە.
– لە نێوچوونی نزیکەی 200 هەزار هاوڵاتی لە پرۆسەی ئەنفالی بەدناودا
– گیان لەدەستدانی 5000 خەڵکی هەڵەبجە لە ئاکامی کیمیا باراندا
– کووشتنی 8000 بارزانی
– لەسێدارەدانی هەزارەها گەنجی کورد لە زیندانەکانی بەعسدا
– تەعریبکردنی زۆرێک لە باژێڕ و گوندە کوردیەکان
– گەیاندنی زیانێکی گەورە بە ژینگەی کوردستان
جا گەر ئەم خاڵانە بخەینە بەرچاو وە لەگەڵ ماناکانی شۆڕشدا بەراوردیان بکەین، دەبینین کە ئەوەی لەمەڕ خۆمان شۆڕش نەبووە، بەڵکو بزافێکی چەکداری کارەسات هێنەر بووە.
بۆیە پۆزلێدانی سەران و سیاسیەکانی کورد بەو شۆڕشەوە هەرگیز لەشوێن خۆیدا نیەو هەرگیز جێگەی شانازیش نیە.
ڕاستە ئێوە چەند ساڵێک لەتەمەنی خۆتان لە شاخ بەسەربرد لەگەڵیدا ناخۆشی و چەرمەسەری و نەهامەتیتان دی، بەڵام بۆخۆتانتان کرد نەک بۆ گەل، بەوەی ئێستا خۆتان سوڵتانانە دەژین و گەلیش وەک کۆیلە.
ڕاستە کە ژمارەیەکی زۆر گەنجی نیشتمانەکەم لە پێناوی پەیامێکی پیرۆزدا لەشاخ و لە ژێر پەتی سێدارەدا گیانیان بەخشی، بەڵام بەداخەوە خوێنیان بە فیڕۆچوو، بەوەی ئێوە ناوی ئەوانتان کردە بەردەباز بۆ پتر دەوڵەمەندبوون و خانەوادەکانیشیان پشتگوێ خراون و لەدۆخێکی دەروونی خراپدا دەژین،کە کەس ئیرەییان پێنابات. ئەمە جگە لەو سوکایتیەی ئێوە بەو شەهیدانەتان کردوە، ئەویش بە ئامێتەکردنی ناوی کۆمەڵێک سەرۆک جاش و موستەشار و خۆفرۆشی مردوو یا کوژراو ، لەگەڵ ناوی پیرۆزی شەهیداندا .
لەیادمان نەچێت دوای ئەنفال جگە لەمانەوەی چەند مەفرەزەیەکی سەربەخۆ و سەرکێش لە دەڤەرە سنووریەکاندا ، هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی چەکداری خاوەن سەرکردایەتی کۆتایی هاتبوو، دووچاری شکستی و ئاشبەتاڵ بوو، زۆربەی هەرەزۆری پێشمەرگەو بەرپرسەکانیان نیشتەجێی کەمپەکانی ئێران بوون یا لە هەوڵداندا بوون بۆ گەشتن بە ئەوروپا ، یا خۆیان تەسلیم بە ڕژێمی بەعس کرد. بەکورتی و کوردی شتێک لە ئاڕادا نەمابوو بەنێوی شۆڕش و پێشمەرگە. جا ئەوەی پڕوپاگەندەی ئەوە بکات کە ئەم دۆخەی ئێستا بەرهەمی خەباتی ئەوانە، ئەوە دوورە لە ڕاستیەوە و شانازی کردنیش پێیەوە لە جێگەی خۆیدا نیە.
ئەوەی کە هەیە و ئێوە بەدەسکەوتی خۆتانی دەزانن تەنها ئەنجامی [حەماقتی]سەدام حسین بوو کە لە ئاکامی داگیرکردنی کوێتدا دۆخێکی نوێ لە باژێرەکانی ئێراق و کوردستاندا هاتە ئاراوە ، کە ڕاپەڕینی لێ پەیدابوو، وە خەڵکی ڕاپەڕیوی شۆڕشگێڕ داوموودەزگاکانی بەعسیان ڕاماڵی. پاشان هەڤاڵانی [شۆڕشگێڕ] لە ئێرانەوە هاتن بەمدیوداو سواری شەپۆلەکە بوون و خۆیان کرد بە خاوەنی ڕاپەڕین و لەو ڕێگەشەوە دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ کرد،کە تاڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە.
گەر حەماقەتی سەدام نەبوایە کە ئێوەی گەندەڵی گەیاندە دەسەڵات لەوانەبوو تا ئێستاش لە کەمپەکانی ئێراندا سەرەتان بۆ ئازووقە بگرتایە.
جاگەر شتێکی نوێتان پێنیە بیبەخش بە خەڵک،گەر ناتوانن ژیانێکی ئاسودەو پڕ کەرامەت بۆ خەڵکی بەشمەینەت دابین بکەن،کەواتە وازبهێنن لە فرۆشتنەوەی شۆڕشی شکستخواردوو بە خەڵک، بەسە لێدانی قەوانی کۆن، چونکە بووەتە مایەی بێزاری و چیتر کەس گوێی لێناگرێت. خەڵک دەیەوێت گوێ لە ئاوازێک بگرێت کە ئاسودەیی و ئارامی بۆ بهێنێت نەک بێزاری بکات.