عەبدوڵڵا پەشێو: نەخوێندەوارییە بەدرێژایی 30 ساڵی ڕەبەق یەک سەرژمێریی دوو پێ و چوارپێیەکانی وڵاتت نەکردبێ.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوپەڕی دەبەنگییە تۆ سیستێمێکی جێگیر و متمانەپێکراوی بانکت نەبێ، کەچی ڕووقایمانە باسی گەشەی ئابووری و سەرمایەگوزاری بکەی و تەلارێکت ناو نابێ “وەزارەتی دارایی و ئابووری”!
کارەساتە تۆ کەرتی گشتیی تەندروستیت وێران کردبێ، نەخۆشخانەی چڵێسی تایبەتت بەردابیتە گیانی گەلێکی دەردەدار، دابینکردنی ئامێر و دەرمانت بە قاچاخچییان سپاردبێ، ئاوت جێی گومان و کارەبات دەمدەمی و گڕەگڕی ژەنەراتۆر”مووەللیدە”ی ژاردەرفرتێنت بێسرەوت بێ، کەچی باسی تەندروستیی بکەیت و وەزارەتێکیشت بەو ناوە بۆ دۆست و ئەحباب دانابێ.
نەخوێندەوارییە بەدرێژایی 30 ساڵی ڕەبەق یەک سەرژمێریی دوو پێ و چوارپێیەکانی وڵاتت نەکردبێ، کەچی “وەزارەتی پلاندانان”ت هەبێ!
تۆ ڕێوبانت هی سەردەمی مەلیک و قاسم و سەددام بێ، نە مێترۆیەکت هەبێ نە ترامێک، نە ڕێیەکی ئاسنت هەبێ نە باسێکی کەرتی گشتی، نە تۆڕێکی سەردەمیانەی هاتوچۆی نێوان شارانت هەبێ نە پۆستەخانەیەکی سەردەمیانەی دەوڵەت، کەچی چەند وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکت بۆ ئەو سێکتەرانەی خزمەگوزاری قیت کردبێتەوە!
تۆ لەسەردەمی شۆرشی زانیاری و جەنگی بێبەزەییانەی فەرهەنگ و زماناندا، هێشتا تاکە فەرهەنگێکی گشتیی زمانی نەتەوەت نەبێ، کە سادەترین مەرجی زانستیی تێدا بێ…
تۆ شکۆی زمانت تێکشکاندبێ، ڕێنووست لەبار بردبێ، تاکە کەناڵێکت نەبێ دوو ڕستەی ڕەوانی کوردیی لە دەم دەرچێ، تۆ… تۆ… زانکۆ و فێرگەی کەرتی گشتیت وێران کردبێ، وڵاتت بە قوتابخانەی عاجباتیی ئەمەریکایی و فەرەنسایی و ئینگلیزی و سوێدی و تورکی و عەرەبی و و چی و چی تەنی بێ، کەچی، هێندە بلیمەت بیت، تەلارێک بۆ “ئەکادێمیا” و دوو تەلاریش بۆ “پەروەردە” و “ڕۆشنبیری” ی کوردی تەرخان بکەی!
تۆ دەیان ساڵ ڕەوەیەک نەهەنگی تێرنەخۆرە و مافیای سەرسەری و چەنەبازی دەستوپێسپیت بە ناوی “حیزب” لە سامانی گشتی بەردابێ و ژیانێکی شاهانە و کەڵەگایانەت بۆیان مسۆگەر کردبێ، لەولاش کارمەندانی کارزانی ڕاستەقینە برسی بن، کەچی تەلارێکی پۆشتە و پەرداخیشت بۆ “داد” ئاوا کردبێ!

29- 8- 2020

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت