ناودار زیاد: گرنگى کولتور و ڕەوتى بەرەوپێشچوونى.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

‎کولتوور بە “شادەماری سەرەکی کۆمەڵگە” دادەنرێت. سەرلەبەری لقە-دەمارەکان لەو شادەمارە سەرەکییە خوێن وەردەگرن. لێرەدا مەبەست لە گرێدانەوەی هاوبەندی خوێن لەگەڵ ڕەسەنایەتیدا کە پەیوەندیدارە بە ئەسڵ و نەسەب و ڕەچەڵەکەوە زیاتر بۆ گوزارشتکردن لەو واتا و دەلالەتەیە کە کولتورێک بە کولتورێکى ڕەسەن دادەنێت، لەولاوە کولتورێکى تر بە ناڕەسەن و پاشکەوتە و ئاسیمیلاسە ناوزەند دەکات، هەرچەندە ڕەسەنایەتی و پاکژى و سەربەخۆیی کۆمەڵگەش وابەستەیە بە کولتورێکی دەوڵەمەند و بەهێزەوە، سەرباری پەیوەندیداری بە ئایین و سیاسەت و ئایدۆلۆژیاوە، بەڵام لە کانیاوی زمان، فەرهەنگ، فۆلکلۆر، جۆرى خواردن، بۆنە و نەریت و ڕێوڕەسمە میللی و نەتەوەیی و ناوچەیی و خێزانییەکانەوە هەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت.
‎کولتوری هەر میللەتێک پێویستی بە “پاراستن و دەستپێوەگرتن” هەیە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا بەهۆی کارتێکەری فاکتەرەکانی بەجیهانییبوونەوە تەوژمێکی بەرفراوانی کولتورە هەژمونخواز و باڵادەستەکان لە پێشڕەویدایە و ئەگەر بەریان پێ نەگیرێت ئەوا مەترسی خۆسەپاندنیان بەسەر کولتوری هێرش بۆکراودا ئەگەرێکی حەتمی و چاوەڕوانکراوە. زیندووترین نموونەی ئەم دیاردەیە کولتوری کۆمەڵگەی کوردییە لەبەردەم تەوژمی کولتوری وڵاتانی سەردەست و بیانیدا وەک شاڵاوى ئێستاى کولتورەکانى تورک و فارس و عەرەب و ڕۆژئاوا.
‎لەکاتێکدا “هیچ کولتورێک لە کولتورێکی دیکە باڵاتر، بەرزتر، چاکتر، گونجاوتر و، جوانتر نییە”، بەڵام هەر کولتورێک بەرهەمی کۆی خوخدە و کەڵکەڵە، حەز و ویست، دۆزینەوە و داهێنان، خۆشی و ناخۆشی، هزر و باوەڕەکانی گروپێک یان چەند گروپێکی دیاریکراوە، کە بەهۆی زمان و نووسین و چالاکی کۆمەڵایەتى هەمەجۆرەوە لە پڕۆسەیەکی دوورودرێژ و دیرۆکیدا لەدایک دەبێت و گەشە دەکات، کە لە دەرئەنجامدا لە فۆرم و قاڵبەکانی هونەر، میوزیک و گۆرانی، پەند و قسەی نەستەق و حیکایەت، جلوبەرگ و خواردن، شانۆ و هەڵپەڕکێ و سەما، بۆنە و ڕووداوە هاوبەشەکان، ژانرەکانی ئەدەب و… تاد، بەدیاردەکەوێت و خۆی نمایش دەکات. ئیتر لێرەوەیە بەهای کولتورێکى سەربەخۆ و جودا لە کولتورەکانى دى لەدایک دەبێت، کە پاراستن و دەستپێوەگرتن و بەرەوپێشبردنی دەبێتە ئەرک و بەرپرسیارییەتی هەمووان، نەک حیزب و گروپ و تاقمێکى دیاریکراو. ئەم بەرپرسیارییەتیەش ئەركێکی جڤاکییە، لەگەڵ درێژەدان بە ڕەوتى مێژوو، هاوکات ویست و پێداگریی لەسەر مانەوە و بەردەوامی.
‎وێڕاى ئەوە، “لەمپەڕ و بەربەستی سەرەکی لەبەردەم گەشەسەندنی کولتوردا بریتییە لە هێشتنەوەی کولتور لە قاڵب و چوارچێوەیەکی بەرتەسک و ڕەنگڕێژکراودا” لەژێر پاساوى پاراستنی کولتوردا. فاکتەر و بزوێنەرى هەرە گرنگ لێرەدا بەدیاریکراوی لە ئایین، مێنتەڵێتی خێڵ و عەشیرەتگەریى، کولتوری حزبی سیاسی خۆسەپێن، ڕەگەزی نێر و پاتریارکییەتدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم حاڵەتەش زیاتر لەو کاتانەدا ڕوودەدات کە ڕووبەڕووبوونەوە و بەرهەڵستی لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت بەهۆی بەریەککەوتن و ناکۆکی توند لەسەر بەها و بەرژەوەندییەکان. دەتوانین نموونەی ئەم جۆرە ململانێیانە ببینین کاتێک داکۆکى لە مافى ئافرەتان دەکرێت یان بەها کۆنەکان دەکەونە بەردەم هێرش یاخود ناکۆکى نێوان دوو حیزبى باڵادەستى هەرێمى کوردستان -یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان- گەرم دەبێت. بەتایبەت لەو ساتانەدا کە لە بەرئەنجامى ئەم ململانێیانەوە دیدگا و دونیابینی نوێ سەرهەڵدەدات و، زەمینەى هاتنە ئاراى نەریت و بەها و توخمی کولتوریی نوێ دەردەکەوێت.
‎لەگەڵ ئەوەشدا، نابێ ئەوە فەرامۆشکەین کە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی کولتور سەرەڕای ئەوەی “پڕۆسەیەکی ناوەکی و خودییە”، واتا لە خودی توخم و ڕەگەزە ناوخۆییەکانی کولتورەکەوە هەڵدەقوڵێت، “بەڵام لە هیچ کولتورێکدا ئەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییانە بەدینایەت ئەگەر لە پەیوەندی و کارلێکدا نەبێت لەگەڵ کولتوری دەرەکی و بێگانەدا” (ئێمە چاو لە وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان دەکەین و دەڵێین بۆ ئێمەش وەک ئەوان نەبین). هەرچەندە لێرەدا ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و بیرکردنەوەی قووڵ و داهێنەرانە بزوێنەری سەرەکییە لە پاڵنان بەرەو ئاڕاستەی پێشکەوتن و نوێبوونەوە و گەشەسەندنى کولتوردا.
‎لەم سۆنگەیەوە چۆنیەتی پەیوەندیکردن بە کولتوری بیانی و بێگانەوە مەسەلەیەکى هەستیارە. لێرەدا بەپێی سروشتی ئەو پەیوەندییە دەتوانرێت حوکم لەسەر جۆری پەیوەندییەکە بدرێت، بۆیە زیرەکی و دانایی کۆمەڵگەیەک لەوێدا دەردەکەوێت لەو پەیوەندییەدا لایەنە جوان و ئەرێنییەکانی کولتوری ئەوانى دى بخاتە خزمەتی کولتورەکەی خۆیەوە و، بەشێوەیەکی هونەری و وەستایانە لەڕێگەی چالاکی و ناوەند و کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە سەرمایە و بەها کولتورییەکەی خۆشی بەوان بناسێنێت.
‎ئەمە بە ماناى بانگەشەکردن نییە بۆ ئەوەى کۆمەڵگە یەک جۆر کولتورى هەبێت و لەژێر سایەى کولتورێکى دیاریکراو و تاک فۆڕمدا بێت، بەڵکو “لەناو هەر کولتورێکی گشتی و سەرەکیدا وردە-کولتور و کولتوری لۆکاڵی و ناوچەیی و لقە-کولتورمان (sub-culture) هەیە”، بۆ نموونە لە هەرێمى کوردستاندا کولتورى مەسیحییەکان، کاکەییەکان، ئێزیدییەکان و… تاد هەیە. ئەمە شتێکی ئاساییە و هیچ دژایەتییەکیشی لەگەڵ کولتوری سەرەکیدا نییە. بەهۆی هەڵکەوتە و پێکهاتەی هەمەڕەنگی کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەم دیاردەیە زیاتر لە هەرێمی کوردستان بەدیدەکرێت، بۆ نموونە خێزان، چین و توێژی جیاواز، خێڵ و عەشیرەت، نەتەوە، گروپێکی دیاریکراو، کۆمەڵە خەڵکانێک کە پابەندی ڕێباز، قوتابخانە، ئاین، یان ئایدۆلۆژیایەکن، یاخود بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، ئەمانە بەها و نەریت و شێوە ژیان و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و هێما و ئاماژە و سروشی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ مەترسی یان زیانێکی بۆ کولتورە گشتییەکە نییە، بگرە ئەمانە زۆرجار باوەڕیان بە کولتورە سەرەکییەکەش هەیە و هەمان نەریتەکانی کولتورە سەرەکییەکە لە پاڵ کولتورە تایبەتی و دیاریکراوەکەی خۆیاندا لە ژیانیاندا ڕەنگدەداتەوە. زۆرجار ئەوانەی هەڵگری بەهای وردە-کولتورن ئەوانەن وەک زۆرینە سەرلەبەری کولتورەکە پەسەند ناکەن، بەڵکو بەشێکی قبوڵ دەکەن و بڕوایان پێی هەیە. واتا دیدگا و تێڕوانینی سەربەخۆ و ئازادانەی خۆیان هەیە. هەرچەندە ئەمە نەبووەتە مایەى ئەوەى ئێمە گلەییمان لە کولتورەکەمان نەبێت، بەڵکو لەم ساڵانەى دواییدا هەست بە بۆشایی و کەلێنێکى گەورەى کولتوریی دەکرێت، هەمووان نەفرەت لە خۆیان و کۆمەڵگە و کولتور و حوکمڕانییەت دەکەن. ئەگەر تەنها سەرنج لەسەر کولتور چڕبکەینەوە ئەمە زیاتر بەرئەنجامی ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە کولتورییە مادییەی کۆمەڵگەیە کە خۆی لە هاتنەناوەوەی ئەنتەرنێت، موبایل، سەتەلایت، ئۆتۆمبێل، کەلوپەل و ئامڕاز و ئامێرە بێشومارەکاندا دەبینێتەوە، کە سەدان خۆزگە و ئاوات و حەسرەت و ئارەزوو لە مرۆڤدا چێ دەکەن، بەجۆرێک دەستڕاگەیشتن بە زۆربەیان لاى زۆرینەى کۆمەڵگە وەک خەون و خەیاڵ دەمێنێتەوە. دەتوانین بڵێین دیارترین دەرهاویشتەی ئەم دیاردەیە بریتییە لە گۆڕینی سروشت و نەریت و چالاکی و پەیوەندییەکانی تاکەکان، هەروەکو چۆن چینێکى خواپێداو دروست بوونە کە هەموو شتێکیان لە وانى تر جیاوازە وەک جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل، خواردن، بۆنەکان، پەیوەندییەکان، ئەو شوێنانەى سەردانى دەکەن و… تاد. هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە زیاتر ڕەهەندێکی ڕووکەش و ڕواڵەتیی هەیە، بەڵام لەگەڵ خۆیدا حاڵەتی جۆراوجۆری نەگونجاوی و ناتەبایی هێناوەتەکایەوە چونکە دەبینین لەڕووی هزری و عەقڵییەوە بەها و نۆڕمە باوەکان کەوتونەتە بەردەم شەپۆلی دووبارە خۆنوێکردنەوەوە بەم ئامڕاز و کەرەستە نوێیانە. کەوایە ئەم دیاردەی کەلێنە کولتورییە هەوێنی گۆڕانکاری لەسەرخۆیە لە کولتوری مەعنەوی و هزریی کۆمەڵگەدا لە داهاتوودا. ئەمە ئەگەر جێی مەترسی و نیگەرانیش بێت لە دوور مەودادا، بەڵام ڕەوتێکى گەشە و بەرەوپێشچوونی کولتورییە و لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ڕوودەدات، چونکە پەیوەندی بە شەپۆلى داهێنان و دۆزینەوە و بەرهەمە نوێیەکانەوە هەیە، کە لە سەدەى بیست و یەکدا خێراییەکى سەرسوڕهێنەرى هەیە.
‎ئەم گۆڕانکارى و بەرەوپێشچوونانە دەرگیرە لەگەڵ “نەوەی نوێ و چینی لاوان و گەنجاندا”، بەوپێیەى خودان ڕوانین و دونیابینی سەردەمەکەی خۆیانن. زانراوە ئەگەر نەوەی نوێ بەقووڵی لە کولتور و مێژووی کۆمەڵگەکەی تێنەگەیشتبێت ئەوا ناتوانێت بەرهەمی پێویست و بەنرخ بۆ دواڕۆژ و داهاتوو سەربار بخات. نهێنی گرنگیدانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیش بەم چینە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو پۆتانسەڵ و ماتە-وزە و ئامادەییە گونجاوە کە لە ناخ و قووڵایی ڕۆح و بوونیاندا خۆی مەڵاسداوە. لەکاتێکدا ڕۆڵی نەوەی کۆنیش -سەربارى کەمتەرخەمى و نەبانى و دەستەپاچەییان بەنسبەت هەرێمى کوردستانەوە- ئەگەر واوەتر نەبێ ئەوا بارتەقا و هاوتای لاوان و نەوەی نوێیە چونکە ئەمانیش ئەرکی قورسی گواستنەوە و بارهێنان و پەروەردەکردنیان لەئەستۆیە. بەجۆرێک لێرەوەیە کولتور هەناسە وەردەگرێت و درێژە بە ڕێپێوان و بزاوت و ژیان دەدات.