نەوزادى موهەندیس: داهاتى نەوتى کوردستان مەتەڵێکى نەزانراو یان…. ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەو کاتانەى کە سیاسەتى ئابورى سەربەخۆ کە تەنها خۆى لە فرۆشتنى نەوت و غازى سروشتى کوردستاندا دەبینیەوە دوور لە سێکتەرەکانى ترى گرنگ بەها لە کشتوکاڵ و پشەسازى و گەشتوگوزار و سەرچاوە مرۆییەکان و… هتد. ئیدى نە داهاتەکان دیار و ڕوون و ئاشکرادەکران و نەخەرجییەکانیش. بەم شێوەیە داهات و خەرجى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەدواى ساڵى 2014وە بونە مەتەڵێک و کەمترین کەسەکان پەیان پێبردوە و لایان ڕوون و ئاشکرا بوە. کە هەرچەندە لەدواى ساڵى 2003شەوە کە پشکى 17% لە بەغدادەوە دەهات کە ئاشکرا و شەفاف نەبووە، بەڵام لانى کەم ساڵانە یاساى بودجە هەبوە و داهات و خەرجیەکان گەر بەتەواوەتیش ڕاستەقینە نەبوایە، دەکرا بۆ توێژینەوە و لێپرسینەوەى کابینەکانى حکومەتى هەرێم پشتیان پێببەسرایە. بەڵام لەدواى ساڵى 2014وە کە بەغداد پشکى هەرێمى بڕیوە و مووچە و بودجەى نەناردوە. ئیدى داهات و خەرجیش دیارنەماون.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە. ئایە بۆچى حکومەتى هەرێم بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ داهات و خەرجیەکان دەکات لە نەوت و دەروازە سنوریەکان وەکو دوو سەرچاوەى گرنگى داهاتەکان؟بۆ شاردنەوە و ئاشکرا نەکردنیان؟ بۆ لانى کەم بەبێ پشکى هەرێم لە بەغدادوە ساڵانە لەلایەن پەڕلەمانەوە یاساى بودجە ناخەمڵێنرێت و ناکرێتە بنەما بۆ لێکۆڵینەوە و چاودێرى ئیشوکارەکانى حکومەت؟ ئایا داهاتەکانى هەرێم هێندە کەمە کە بەشى مووچەى مانگانەى فەرمانبەران ناکات بەبێ پاشەکەوت و لێبڕنى نایاسایى؟ یان ئەمەش بۆخۆى مەتەڵێکى ترە و کەم کەس ئاگادارى و زانیارى لەسەریان هەیە؟
لەدواى سەرهەڵدانى قەیرانى دارایى و توندبونەوەى لەسەرەتاى ساڵى 2020 و سەرهەڵدانى پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخەکانى نەوت و کەمبونەوەى داهات، حکومەتى هەرێم کە لە ئێستادا 8 مانگ تێپەڕیوە تەنها توانیویەتى 1 مووچەى تەواو و دوو مووچە بەلێبڕنى 21% دابەش بکات. دواى ئەوەى کە عێراق پشکى 453 ملیار دینارەکەى نەناردوە و کردویەتیە 320 ملیار دینار.حکومەتى هەرێم خۆى ڕایگەیاندوە کە داهاتى مانگێکى بریتیە لە:
90 ملیار دینار داهاتى ناوخۆ
21 ملیار دینار تەمویلى هاوپەیمانان
165 ملیار دینار داهاتى نەوت
کۆى گشتى دەکاتە 276 ملیار دینار.بەمەش حکومەت ناتوانێت مووچەى تەواوى فەرمانبەران بدات بەبێ لێبڕین کە بڕەکەى برتیە لە 894 ملیار دینار.
بەم شێوەیە هەرێمى کوردستان و مووچەخۆران بەتایبەتى کەوتونەتە گێژاو و شڵەژانێک و قەیرانێکى توندى ئابورى و داراییەوە و مەترسى داڕمانى ژێر خانى ئابورى و هەژارى و برسێتى زیاتر دەبێت. بەهۆى بێکارى و وەستانى جوڵەى بازاڕ و بازرگانى و ئابوریەوە.
ئەم دۆخە چۆن دروستبوو؟ بۆچى گەیشت بەم ئاستە؟داهاتەکان چییان لێدێت و بۆ بەرژەوەندى چ کەس و لایەن و کۆمپانیایەک خەرج دەکرێن؟
ئەم دۆخە لەئەنجامى سیاسەتى هەڵەى ئابورى سەربەخۆوە دروست بوو، لەئەنجامى فرۆشتنى نەوت و گرێبەستى 50 ساڵەیى لەگەڵ تورکیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد و هاوبەشیکردنى و ڕاوێژپێکردنى، بەهۆى پێداگیرى و دەمارگیرى و توندڕەوى دەسەڵاتدارانى حکومەتى هەرێم لە کابینەکانى پێشووترى حکومەتدا لەگەڵ بەغداد و نەرمونیانیان لەگەڵ تورکیا و لایەنى تر دۆخەکە گەیشتە ئەم قۆناغە پڕ مەترسیە. ئەوەى ئاشکرایە داهاتەکان لەدەستێکى ئەمیندا نیە و بەشێوەیەکى زانستى و دەستپاکانە کۆناکرێنەوە و دواتریش بە قازانجى مووچەخۆران و ئاوەدانى هەرێمى کوردستان خەرج ناکرێنەوە و تەخشان و پەخشانى پێوەدەکرێت بە قازانجى حیزب و سەرکردە و کۆمپانیا و مافیاى ناوخۆیى و دەرەکیش. بۆڕاستى ئەم وتانەمان ئەوەتا:
• حکومەتى هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکى وەزارەتى دارایى دا لە 17/8/2020دا ڕوونیکردۆتەوە کە داهاتەکانى بەردەستى بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى 3/2020 بەم شَوەیە بوە:
• تەمویلى بەغداد 320 ملیار دینار، پێشتر 453 ملیار دینار بوە.
• وەزارەتى سامانە سروشتیەکان 270 ملیار دینار،پێشتر 354 ملیار دینار بوە.
• داهاتى ناوخۆ 120 ملیار دینار
• تەمویلى هاوپەیمانان 20 ملیار دینار
• کۆى گشتى دەکاتە 730 ملیار دینار، هەربۆیە ناتوانرێت کە مووچەى تەواو دابەشبکرێت، چونکە پێویستیان بە بڕى 894 ملیار دینار دەبێت.
• بەڵام لەلایەکى ترەوە هەر حکومەتى هەرێم ڕایگەیاندوە کە مانگانە بەم شێوەیەى لاى خوارەوە نەوت دەفرۆشێت:
• ڕۆژانە بڕى 467000 بەرمیل، گەر زیاتریش نەبێت، چونکە ئەم بوارە تاریکێنراوە و هیچ کەس بەتەواوەتى نازانێت چەند دەفرۆشرێت و چەند بەرهەمدێت و چەندیش هەناردە دەکرێت.چونکە وەزارەتى سامانە سروشتیەکان ڕاپۆرتى مانگانە بڵاوناکاتەوە و ڕاپۆرتەکانى کۆمپانیایى دیلۆیتیش پچڕ پچڕ و زۆر متمانە پێکراو نین.
•کەواتە مانگانە 467000*30 ڕۆژ دەکاتە 14010000 ملیۆن بەرمل نەوت
• گەر 1 بەرمیل بە 30 دۆلاریش بفرۆشرێت کە ڕەنگە بە زیاتریش بیفرۆشن ئەوا دەکاتە 420300000 ملیۆن دۆلار
• گەر نرخى 100 دۆلار بە 120000 دینار دابنرێت ئەوا بڕى پارەى نەوتى مانگانە دەکاتە 504360000000 ملیار دینارى عێراقى.
• لەگەڵ داهاتەکانى تردا:
• 90 ملیار داهاتى ناوخۆ
• 21 ملیار تەمویلى هاوپەیمانان
• 320ملیار دینارى عێراق
• کۆى گشتى 934360 ملیار دینارى عێراقى.
• بەم شێوەیە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانى مووچەى تەواوى مووچەخۆران بدرێت و بڕى 40360 ملیاریش دەمێنێتەوە.
• پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەى ئەم داهاتى نەوتە چى لێدێت؟
وەک لە ڕوونکردنەوەکەى وەزارەتى داراییدا هاتوە لەماوەى 2مانگدا تەنها 270 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتى سامانە سروشتیەکانەوە دراوە بە وەزارەتەکەیان بۆ مووچە، کەواتە لە 1 مانگدا داهاتى نەوتى بریتیە لە 135 ملیار دینار. کە لە کۆى 504 ملیار دینارى مانگانە تەنها بریتیە لە 7ر3 واتە 1/3 داهاتى نەوت.ئەى ئەوەى دەمێنێتەوە کە 2/3 داهاتەکەى بۆ کوێ و بەقازانجى کێ خەرج دەکرَت.کە بریتیە لە 369360 ملیار دینار خەرج دەکرێت بۆ کرێى تێچووى بەرمیلێک نەوت و کرێى گواستنەوە و کرێى بۆرى نەوت و شایستە داراییەکانى کۆمپانیا نەوتیەکان و خزمەتگوزاریەکان و کۆمپانیا ئەمنیەکان و… هتد.
بەشێوەیەکى تر لە کۆى 14 ملیۆن بەرمیل نەوتى فرۆشراوى مانگانە تەنها بڕى 4583333 بەرمیل نەوت دەگەڕێتەوە بۆ داهاتى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
ئەمە حەقیقەتى داهات و خەرجیەکانى نەوتى هەرێمەکە بۆتە مەتەڵێکى هەڵنەهێنراو و تاکو ئێستاش نەوت و داهاتە دیارنەبوەکەى بونەتە تەوقێکى نەفرەتى و چوونەتە گەردنى تاک بەتاکى ئەم کۆمەڵگایە و لەجیاتى ئەوەى هەموان خۆشگوزەران بکات هەمووانى خستۆتە ژێر بارى قەرزێکى 27 ملیار دۆلارییەوە وەکو بەڕێز سەرۆکى حکومەت ڕایگەیاند.کە بەنزیکەیى هەر تاکێکى ئەم هەرێمە بڕى 5400 دۆلار قەرزارە.
جا چارەسەر بریتیە لەوەى کە بەزووترین کات حکومەتى هەرێم مەلەفى نەوت ڕادەستى بەغداد بکاتەوە لەبەرامبەردا داواى پشک و شایستە داراییەکانى هەرێم بکات وەکو ساڵانى پێش 2014 و ئەمەش هەنگاوێکى خەمخۆرانە و بوێرانەى گەرەکە و نەرمى و دیپلۆماسیەتێکى باڵاى پێویستە نەک تەعەنوتى سیاسى و دەمارگیرى و توندڕەوى و پێداگرى و چەقبەستوویى لە خاڵێکدا. و نەگەیشتنە ڕێکەوتنیش هێندەى تر قەیرانەکە توندتردەبێت و هەرێم و قەوارە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکەشى دەکەوێتە بەر مەترسى لێکهەڵوەشانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت