هاوڕێ جەبار محەمەد: ئەخلاق لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەخلاق کۆڵەکەی کۆمەڵگەیە هەموو جوانیەکانی کۆمەڵگەش بە کۆمەڵایەتی بوونێتی کە دەسەڵات ڕێک دژی ئەوەیە لە بەرامبەر ئەوەشدا بەردەوام لە هەوڵ و پیلاندایە، کە دەڵێین ئەخلاق مەبەستمان ویژدان و قیەم و بەها و نرخە کۆمەڵایەتیەکانە نەک ئەخلاق بچوک بکەینەوە تەنها لە جەستەی ئافرەتدا.
دەسەڵات تەمەن و کاریگەری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چۆن و چەندە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەسەڵات مێژوویەکی زۆر کورتی هەیە بەڕێژەییش وەریبگرین ئەوا دەسەڵات 2% ی مێژووی مرۆڤایەتی پێک دێنێت کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 5000هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە کە لە خاکی میزۆپۆتامیاوە سەری هەڵداوەو دەستی پێکردووە. بەڵام 98% ی مرۆڤایەتی لە قۆناغی کۆمەڵگەی سروشتی دا ژیاون کە ئەمەش لە چاو مێژووی دەسەڵاتداری مێژوویەکی دوورو درێژە.
لە قۆناغی کۆمەڵگەی سروشتی دا یاسا نەبووە، بەڵکو کۆمەڵگە بە ئەخلاق و بەها کۆمەڵایەتیەکان خۆی بەڕێوەبردووە، کە ئەو خۆبەڕێوە بردنە ئاسۆیی بووە و ستوونی نەبووە، کوشت و کوشتار و زۆر کەم بووە و تاڕادەیەکی زۆر یەکسانی هەبوو لە نێوان تیرەو قەبیلەکاندا، بەڵام مێژووی دەسەڵاتداری بەڕێوەبردنێکی ستوونی و چینایەتیەپڕێتی لە کوشت و کوشتار و کۆمەڵکوژی لەم تەمەنە کەمەی دەسەڵاتداری دەیان قات زیاتر لە قۆناغی کۆمەڵگەی سروشتی مرۆڤ بوەتە قوربانی و کۆمەڵکوژ کراوە، هۆکاری سەرەکی ئەوەش نەبوونی ئەخلاقە.
ئەوەی سەرەوە کورتەیەکی مێژووییە لەسەر دەسەڵات، ئەوەی مەبەستمە و دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم تێڕوانینی دەسەڵاتە بۆ ئەخلاق.
دەسەڵاتداری بۆخۆی لادانە لە ڕێڕەوی مرۆڤایەتی دەسەڵات یەکەم کاری کە کردبێتی هەوڵدانی بووە بۆ نەهێشتنی ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا لەبری ئەوەش یاسای وەکو ئەڵتەرناتیف داناوە تاوەکو لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵگە کۆت و بەند بکات و بە گوێرەی خواستی خۆی ڕێکی بخات، بە درێژایی ئەم پێنج هەزار ساڵەش کۆمەڵگە لە بەرخۆدانیەکی بەردەوام دا بووە بەرامبەر بە دەسەڵات وە ئێستاش ئەو بەرخۆدانیە هەر بەردەوامە.
دەسەڵاتی کوردی هەرێمی کوردستان ئەگەر بە نمونە بهێنینەوە لە ماوەی 29ساڵی حکومڕانیدا ئەوا زۆر بەجوانی تێدەگەین کە دەسەڵاتی کوردی چ کارەساتێکی بەسەر کۆمەڵگەدا هێناوە، دەسەڵات لە هەموو سێکتەرەکانەوە کار لەسەر کۆمەڵگە دەکات بۆ پارچەکردن و پەرتەوازەیی و نەهێشتنی قیەم و ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا، ئەگەر بەراوردێکی کۆمەڵگەی باشور بکەین لە ساڵانی نەوەدەکان و ئێستادا زۆر بە ڕوونی دەبینین کۆمەڵگەی کوردی گەشتۆتە چ ئاستێک.
کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتیە بە کۆمەڵایەتی بوونی خۆیەوە جوانە هەم خۆشی ئیدارە داوە، بەڵام دەسەڵات لەم خاڵەوە لە کۆمەڵگە دەدات و هێرشی دەکاتە سەر، هەوڵدانی دەسەڵات ئەوەیە ئەو بەهاو ئەخلاقە جوانەی نێو کۆمەڵگە نەهێڵێت لەبری ئەوەش بەیاسای خۆی کۆمەڵگە کۆت و بەند بکات و بە خواستی خۆی ئاراستەی بکات.
دەسەڵات بۆ ئامانج گرتنی بەرامبەر کۆمەڵگە لە هەموو ڕوویەکەوە هێرشی سەر کۆمەڵگە دەکات لە ڕووی پەروەردەیی و کلتوری و کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن و هەتادوایی، دەیەوێت تاکێکی نا ئەخلاقی بەرهەم بهێنێت، یەکەم هێرشی دەسەڵات بۆسەرلایەنی کۆمەڵایەتی بوو چونکە کۆمەڵگە بە کۆمەڵایەتی بوونیەوە خۆی دەپارێزێت بۆیە دەیەوێت ئەو پاراستنە لاوازبکات،بۆیە سەرەتا لە عەشیرەتەوە دەستی پێکرد عەشیرەتی لە جەوهەری خۆی دەرخست، عەشیرەت بۆ خزمەتی تاکەکانی کۆمەڵگە و پاراستنیان دروست بووە بەڵام ئێستا دەبینین بەزۆری عەشیرەتەکان خزمەت بە دەسەڵات دەکەن نەک کۆمەڵگە، هەنگاوی دووەمی هێرشی سەر خێزان دەکات ئەم هیرشەش زیاتر لە ڕێی پەروەردەو ڕاگەیاندنەوە ئەنجام دەدات دەیەوێت خێزان لەبەر یەک هەڵبوەشێنێتەوە بە ناوی (لیبرالیزم) ئازادی تاکەوە، کۆمەڵایەتی بوون و عەشیرەت و خێزان نرخ و ئەخلاقی کۆمەڵگەن کە ئەمانە نەما واتا نەمانی ئەخلاقە.
ئەو ڕەوشەی ئێستا بەسەر کۆمەڵگەی باشور هاتووە ئەنجامی ئەو هەوڵدانانەی دەسەڵاتە لەسەر کۆمەڵگە کە لە زۆر بواردا ئامانجی خۆی پێک هێناوە بۆیە لەبری باش کردنی ژیانی تاکەکان تادێت ڕەوش و گوزەرانی خەڵکی بەرەو خراپتر دەچێت ڕۆژ بە ڕۆژ باج و سەرانە زیاد دەکەن هەموو سێکتەرەکان دراوە بە کەرتی تایبەت و هەموو شتێک لەسەر کۆمەڵگە کراوە بە پارە.
پرسی نەهێشتنی پرسەدانان و ناشتنی تەرم بەپارە لەو چوارچێوەدایە دەتوانین بڵێین ئەم هەوڵدانانەی دەسەڵات بۆ نەهێشتنی ئەخلاق لەنێو کۆمەڵگەدا گەشتۆتە لوتکە و حاڵەتێکی مەترسیدار بۆیە لەبەرامبەر ئەمەدا پێویستی بە هۆشیاری و بەرخۆدانێکی بێ ووچان و بەردەوامی کۆمەڵگە هەیە بۆ پاراستن و هەبوونی خۆی.