گفتوگۆی نێوان پۆلات جان و مه‌زڵووم عه‌بدی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئامادەکردنی ئەکبەر حەسەن
كارل ماركس له‌ كتێبی هه‌ژده‌یه‌می برۆمێری لویی بۆناپارتدا نووسیویه‌:”هێگڵ له‌ شوێنێک نووسیویه‌تی هه‌موو ڕووداوه‌کان و هه‌موو که‌سایه‌تییه ‌مه‌زنه‌ جیهانییه‌کان به‌ناو دوو جار ده‌رئه‌که‌ون، به‌ڵام له‌ بیری چووه ‌ئه‌وه‌یشی بۆ زیاد بکا که‌ جاری یه‌که‌م به‌ شێوه‌ی تراژێدی و جاری دووه‌م به ‌شێوه‌ی کۆمێدیای ته‌وسئامێز.” ئه‌گه‌ر ماركس مابا، ئه‌مه‌شی بۆ قسه‌كه‌ی زیاد ده‌كرد: به‌ڵام هه‌ندێك جاریش نه‌ كۆمیك و نه‌ تراژیك، به‌ڵكو زۆر جدی ده‌رده‌كه‌ون.

ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌ به‌رسڤی فه‌رمانده‌ مه‌زڵووم كۆبانێیه‌ بۆ پرسینێكی پۆلات جان.

پۆلات جان: بگەڕێینەوە سەر پرسیاری یەكەم و لەوێوە بەردەوام بین. سەرەتای قسەكانمان بە پێناسەی شۆڕش دەست پێ كرد؛ لەبارەی شۆڕشەوە وەك كردەیەك قسەمان كرد. ئێستا با باس لە شۆڕش بكەین وەك بكەر، بكەری شۆڕشگێڕ، ئەمڕۆ هەموو خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەناسێنن. بە ڕای تۆ، شۆڕشگێڕ كێیە و خەسڵەتەكانی كەسی شۆڕشگێر چین و كامانەن؟
مه‌زڵووم عه‌بدی: وەك پێشتر گوتمان، شۆڕش بریتییە لە گۆڕینی كۆمەڵگه‌، نەك دەسەڵات و فەرمانڕەوایی. كاتێك كە بەربەستەكان لە بەردەم كۆمەڵگەدا لا دەبرێن و كۆمەڵگه‌ هەناسەی ئازادی هەڵدەمژێت و ئازادانە تەعبیر لە ئیرادە و ویستی خۆی دەكات و ڕێگه‌ واڵا دەكرێت بۆ گەشەسەندنی سروشتی كۆمەڵگه‌، بەمە دەگوترێت شۆڕش. شۆڕش لابردنی كەسێك یان خێزانێك یان دەستە و توێژێك نییە، شۆڕش گۆڕینی مێنتاڵیتییە. بێگومان شۆڕش واتایەكی بەرفراوانی هەیە كە قسەكردن لەبارەیەوە درێژە دەكێشێت؛ بەڵام سەبارەت بەوەی كە كەسی شۆڕشگێڕ كێیە؟ وا دەزانم شۆڕشگێڕ گیانفیدایە. ئەو كەسەیە كە لە نێو فەلسەفەكەی خۆیدا هەموو پەیوەندییەكی خۆی لەگەڵ ڕژێم و دەسەڵاتدا پچڕاندووە، چ لە ژیان و لە بیروباوەڕ و پرنسیپەكانیدا، چ لە كردە ڕۆژانەییه‌كانیدا. شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە مانا بە هەموو شتێك دەبەخشێت و لەسەر ئەم بنەمایە دەژی. هەموو ئەو بەهایانەی كە مۆدێرنەی سەرمایەداری هێناونی و سەپاندوونی، شۆڕشگێڕەكان لە هەموو ڕوویەكی مادی و كۆمەڵایەتییەوە و بە شێوەیەكی تەواو پەیوەندی خۆیانی لەگەڵ دەپچڕێنن. لە تێگەیشتنی ئێمەدا، ئەوەی كە مووچە لە دەوڵەت وەردەگرێت، ئەستەمە شۆڕشگێر بێت، تەنانەت ماركسیش وابەستە بە سیستم بووە لە هەموو ڕوویەكەوە و پەیوەندییەكانی خۆیی لەگەڵ سیستمی بەرپای ئەو كات نەپچڕاندووە. شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە لە هەموو لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی دەوڵەت دادەبڕێ و هیچ پەیوەندییەكی بە دەوڵەتەوە نییە. بەم جۆرە، شۆڕش هەڵگری مانایەكی فراوانە كە ناتوانین نكۆڵی لێ بكەین، هەندێك سەر بە دامەزراوەكانی ڕژێمن و لەوێ فەرمانبەرن، لەوێ مووچە وەردەگرن و لە هەمان كاتیشدا داوای ڕووخانی دەكه‌ن. ئەمانە دەتوانن پشتیوانی شۆڕش بن، دەتوانن لە هەر لایەنێكەوە پاڵپشتیی شۆڕش بكەن، بەڵام ناتوانن شۆڕشگێڕ بن. هەندێك مانایه‌كی تەواو ڕواڵەتی و كەمبایەخیان داوە بە شۆڕش، ئێمەش دەبێت شەڕی بێبایەخ و بێواتاكردنی شۆڕش و شۆڕشگێڕبوون بكەین. بۆ نموونە، گەر جموجووڵ و ململانێی پەیوەست بە هێزی دەرەكی لە ئارادا بن و هەموو هێزی خۆیان لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لە دەرەوە وەربگرن، ئەمە ناكرێت پێی بگوترێت شۆڕش، چونكە هیچ پشتی بە خۆی نەبەستووە. بۆ نموونە، ئەوەی كە لە لیبیا ڕووی دا، ناكرێت پێی بگوترێت شۆڕش، چونكە به‌ ته‌واوه‌تی پشتی بە دەرەوە به‌ستبوو. ڕەنگە ڕەهەندێكی جەماوەری و جیاواز لە دەسەڵاتی پێشووی تێدا بەدی بكەین، بەڵام دواجار دەسەڵاتێكی نوێی پەیوەستە بە دەرەوە. هەر لێرەوە، ئەوانەش كە لەوێ دەجەنگان، شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە نەبوون، چونكە هەڵگری زەین و مێنتاڵیتییەكی جیاواز نین لەو ڕژێمەی كە له‌ دژی ڕاپەڕیون.
ئەوانەی كە داوای ڕووخانی ڕژێم دەكەن لە سوریا، دواجار ئامادە نین هەموو پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا بپچڕێنن؛ قوتابخانە و زانكۆكان بە شێوەیەكی ئاسایی دەڕۆن، فەرمانبەران دەچنە سەر كاری خۆیان. ئەمانە ئامادە نین ئەوەی كه‌ هەیانە بیبەخشن، هەر بۆیە ئەمانە شۆڕشگێڕ نین. بەڵێ، ڕەنگە نیشتیمانپەروەر بن، ڕەنگە شۆڕشیان خۆش بوێت، بەڵام شۆڕشگێڕ نین. ئێستە مۆدەی شۆڕش و شۆڕشگێڕانە. مەرج نییە هەر كەسێك داوای ڕووخانی ڕژێمی كرد، ئیدی شۆڕشگێڕ بێت. دەبێت ئەم مەسەلەیە بە ڕواڵەتی وەرنەگرین. مەبەستم ئەوەیە كە ئەمانە لە نووكی پێ تا تەوقی سەر پەیوەستن بە ڕژێمەوە، ناشیانەوێت قوربانی بدەن بەو ژیانەی خۆیان كە ئەو ڕژێمە سەركوتكارانە بۆیان خولقاندوون. ئەمانە شۆڕشگێڕ نین، شۆڕشگێر بە دروشم نییە، شۆڕشگێڕ ئەو كەسە ئازادەیە كە هەموو پەتەكانی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ڕژێمدا پچڕاندووە.

له‌ كتێبی ئاسۆكانی چاره‌سه‌ر، گفتوگۆی نێوان پۆلات جان و مه‌زڵووم عه‌بدی (مه‌زڵووم كۆبانی)
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردوویه‌ به‌ كوردی و له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس چاپی ده‌كات.
سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه‌ به‌ درێژایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌، هه‌ست ده‌كه‌یت گفتوگۆی دوو سیاسه‌تمه‌داری به‌ئه‌زموون و دوو تیۆریسیه‌نی سیاسی ده‌خوێنێته‌وه‌، نه‌ك دوو فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی.