ئاکۆ ئیبراهیم: سەردەمى بێ حورمەتکردنى مرۆڤەکان

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم دەسەڵاتە خەڵکیان فێرى کڕوزانەوەو لاوانەوە کردووە. تۆ لەماڵى خۆت دانیشە بمرە لەبرسا کەس ئاوڕت لێ ناداتەوە. بەساڵ خۆراک لەماڵتا نەبێت بەس بێدەنگ بی و سەرى خۆت کز کەیت کەس گوێت پێنادات. ساڵى دووموچە وەربگریت هیچ نەڵێت، حکومەت لاى ئاساییە. بەڵام کاتێک لەکەناڵێک یان لایڤى فەیسبوکەوە بکەویتە گریان و لاوانەوە و داواى هاوکارى و کۆمەک بکەیت، ئەوکاتە ئاوڕێکت لێ ئەدەنەوە.
ئەم دەسەڵاتە پێى خۆشە هەمیشە سووک و ریسواو و بێ کەرامەت بین، چەشنى سەگ برسى و تینوو بین بۆ ئەوەى کلکە لەقێیان بۆبکەین و دووایان بکەوین. دەسەڵات ئەیەوێت هەمیشە لات و پووت و گیرفان بەتاڵ بین، خەون بە ژەمێکى تێر و چەند هەزار دینارێکەوە ببینین. لەناو ئەو هەموو شتە گەورە و گرانەیا وامان لێدەکات هەمیشە خۆمان بەکەم و بچووک ببینین، وا هەستبکەین کە ئەگەر دەسەڵات نەبێت ئێمە ناتوانین هەواش هەڵمژین. تۆ تەماشاکە لەگەڵ ئەو لێشاوە قەیرانەدا، لەگەڵ گرانى و بێ مووچەى و خراپى حاڵ و گوزەران، کەچى سەرۆکى حکومەتەکەمان مێش میوانى نى یە و ئەڵێیت بە برغو چەویت بەکورسییەکەیەوە دات کوتیوە لەپشتى ئەو لاپتۆپەى لاناچێت و بێتە دەرەوە، تۆزێک ئاگاى لە بارودۆخى ئەو میللەتە بێت، بزانێت باروو گوزەرانیان چى یە، لەچ ئاستێکدان؟ لەولاشەوە بۆزیاتر رەزیلکرد و ریسوا کردنى خەڵکى و ناوبانگ پەیدا کردنى خۆیان دێن رێکخراوی خێرخوازى دادەمەزرێنن، لەورێگەیەوە هاوکارى و کۆمەکى خەڵک دەکەن، هاوکاریەکەش ئەوەندەى بۆ ریکلام و خۆ درەخستنە بۆ کارى خێۆخوازى نى یە، دێن سەبەتەیەک خۆراک دەبەخشن بەماڵێک کە هەمووى بایى دەهەزار نابێت، بۆ زانیاریشتان پارەو داهاتى ئەو رێکخراوانە هەمووى پارەى خۆمانە، پارەى ئەو مووچەیەیە کە چەندین ساڵە لێمان پاشەکەوت دەکەن و نامان دەنێ. یان پارەى کۆمەک و هاوکارى خەڵکى خێرخوازە بۆ خەستەخانەکان، بەڵام ئەوان دەستیان بەسەردا گرتووە.
تونازانم چیتان مایەى شەرم و ئابڕو چوون نى یە، لەوڵاتێکى پڕ لەخێر و بەرەکەت و تەژى لەنەوت و سامانى سروشتى، خەڵکەکەى لەژێر هێڵى هەژارییەوە بن، نەتوانن وەک مرۆف بژین و تواناى کڕینى ژەمێکى تێر و پڕ و دەستێک پۆشاکى باشیان نەبێت،؟!کەچى بەرپرسان بۆ شەوێکى سوور بەملیۆنان دۆلار تەخشان و پەخشان بکات، تۆش ئەبێت بۆ ئەوەى بژیت هەموو سوکایەتیەک قبوڵ بکەیت، بەمەمرەو مەژى ژیان بگوزەرێنیت. بەسکێ تێر و بەدە برسى. چاوەڕێى ئەوە بکەیت کامێراى تیڤیەک دەرووى خێرت لێ بکاتەوە تۆش لەرێگەى ئەوەوە بکەویتە هاوار و واوەیلا ، وەک ئەوەى کەریم گولانى کادیرى پارتى کە لە لایڤێکدا هاوارى لێهەستاو وتى نەخۆشم و حاڵم خراپە و تواناى کڕینى یەک حەبى پاراسیتۆڵم نى یە.کەچى بەسورعەتى بەرق سەرۆکى حکومەت وەزیرى تەندروستى و ستافێکى ناردە لاى بۆ بەدەنگەوە چوونى. کەچى وەک دەبینن ماوەى ساڵێکە ستافى تەندروستى تەواوى شارەکان بەهۆى کۆروناوە تەواو سەرقاڵن سەدانیان تووشى کۆرۆنا بووە، و دەیانیان گیانى لەدەست داوە، کەچى جەنابى سەرۆک یەک هەڵوێستى نى یە و، تاکە یەک سوپاس نامە، بەسەرکردنەوە، پاداشت، دەستخۆشى نەبوو بۆیان، بەڵام بۆ بەناو هونەرمەندێک کەهیچ سەنگ و قورسایى و پێگەیەکى نى یە لەنێو کۆمەڵدا و، بچوکترین خزمەتى کورد و هونەرى کوردى نەکردووە، لەجێى نەبووانە، بەسەر دەکرێتەوە و لێى دەپرسنەوە، بەڵام بۆخەڵکانى دیکە هیچ. ئیدى هاوڵاتى خۆشەویست ئەگەر تادوێنێ گومانت هەبوو کە حکومەتەکەت پارتى یەو تەنها و تەنها خزمەتى پارتى یەکان دەکات، پێت وابوو ئەوە قسەى خەڵکیەو بوختان و درۆیە، خۆ ئەوە ئێستا بەچاوى خۆت بینیت، ئیدى بۆ ئەوەى بژیت ئەبێت شین و واوەیلا بکەیت، چەشنى مناڵى ساوا قیژە وگریانت بکاتە ئاسمان، خۆت بچووک و کەم و سووک نیشان بدەیت، ببیتە کۆیلەو مەسینە هەڵگرو بەند بیژ و دەرباریان، ئەوجا ئەتوانیت چەشنى ئاژەڵ بژیت، هەر لەخەمى خۆراک و شوێنى خەوتندا بیت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت