بەهرۆز جەعفەر: ئەبو « جەلال» ێک بدۆزنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە 18- 12- 2012 خوالێخۆشبو مام جەلال جەڵدە لێی دا، بۆ ڕۆژی دواتر لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی وتارێکمان بڵاوکردەوە بە ناونیشانی « جەلالیک بدۆزنەوە». بە کورتیەکەی وتارەکە لەپاڵ نرخاندنی ڕۆڵی مێژوویی و ئەزمونی تاڵەبانی، گلەییش بو لەوەی خۆی چۆتە بەغداو خەریکی چارەسەرکردنی گرفتە قووڵ و دێرینەکانی عێراقە، کەچی ئەم هەموو گورگ و چەقەڵ و ڕێوی و کەمتیارەی لە سلێمانی و کوردستان بەرداوەتە گیانی ئەو خەڵکەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. بۆیە پێویست بو کێشەکانی ناو حیزبەکەی پێش ئەوەی ببێتە کێشەی خەڵک و حوکمڕانی چارەسەربکات. دەستبەجێ هەندێک لەکەس و دەوروبەرەکەی ئینزارێکی زەردیان پێداین!.. کەچی ئەوەتا هەر بۆ خۆیان ئێستاو چەند ساڵێکە سەرەتاو کۆتایی قسەو گوتارەکانیان وتنەوەو سەلماندنی ئەو ڕاستیانەیە کە پێشتر ئێمەیان لەسەری شاربەدەر ئەکرد!.
جەلالی عومەری سام ئاغا، یەکێک لەو مروارییە دەگمەنانەیە کە 28 ساڵی حوکمڕانی کوردیی و نزیکەی نیو سەدە خزمەتی ئیداریی نەیتوانی عەیبداری بکات. زۆرمان لەسەر ووتوەو، بە پاڵپشتی خۆی و ڕووسوریی و ئازایەتی خۆی ئینجا سەدای دەنگە ئازادەکان توانی تا ڕۆژی دەستلەکارکێشانەوەی لە کۆتاییەکانی 2010 زیاتر لە 2750 ڕاپۆرتی ووردبینیکراو لە دیوانی چاودێریی دارایی – سولەیمانی ئامادە بکەن، کە سەرجەمیان سەبارەتن بە گەندەڵی و بەهەدەردانی ماڵی گشتی و دەرهێنانی ملیارەها دینارو ملێۆنەها دۆلار لە قوڕگی پیسخۆرەکان. بیرمە 86 ڕاپۆرتی هەستیار لە دیوانی چاودێرییەوە سەبارەت بە سەرەگەورەکان درایە داواکاریی گشتی. بیرمە دەیان گەندەڵکار لە ترسدا نەیان ئەوێرا بێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان. هێشتا قائیمقامی پێشوتری هەڵەبجە کە پێش 2010 لە ترسی گرتنی و تێوەگلانی لە گەندەڵی نەهاتۆتەوە کوردستان و شوێنی دیار نییە.
ئەو کاتانە بیرمە، دیوانی چاودێریی دارایی لە پڕ خۆیان ئەکرد بە ناو پارێزگای سولەیمانی داو، ئێستاش ئەو پارێزگارە بە ترسەوە دێت و ئەچێت لەسەر تێوەگلانی بە گەندەڵی. ئەو کاتە (واتە پێش 2010) چەندین جار مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان ڕاپۆرتیان لەسەر ئەنوسراو، ئەدران بە دادگاو… تادوایی.
دوای ئەوەی چەندین جار، کاک جەلالی سام ئاغا ناوەندە حیزبیەکان و جەنابی مام جەلالی ئاگەدار کردەوە، کە ئەگەر ئەو دزو گەندەڵانە نەدرێنە دادگا ئەو دەستلەکارئەکێشێتەوە لەسەرۆکایەتی دیوانی چاودێریی. واشی کردو دەستی لە کارکێشایەوە. لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەدا هاتوە کە «من هەستەکەم جسمێکی غەریبم لەناوتاندا» هەروەها « شەرەفمەند نیم بە وەزیفەکەتان!»…ئەوە یەکەمینجارو کۆتا جاریش بوە کە کە کەسێک لە پۆستێکی باڵا دەستلەکاربکێشتەوە لەسەر هەقی گشتی. کە بەرپرسان دەستیان لەکارئەکێشایەوە ئۆتۆمۆبیل و چەندین پاسەوانیان لەگەڵ خۆیان برد، ئەو نەک هیچی نەبرد، بەڵکو ماڵەکەی خۆی و خانوەکەی خۆی کە لە حەفتاکانەوە دروستیان کردوە بەخشی بە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، ئینجا زەوی و موڵکێکی دیکەی خۆی فرۆشت و پارەکەی خستە بانکەوەو، قازانجی ساڵانەکەشی ئەدرێ بە کارمەندە بوێرو خانمە سەلارەکانی دیوانی چاودێریی دارایی. ئینجا قوتابخانەیەکی 9 نۆ پۆلی لە سەر ڕووبەری 7000 مەتر2 بەناوی کۆچکردووی خوشکی زەکیەی سام ئاغا دروستکرد، ئێستاش لەم 2020 ەدا خوشکێکی کۆچکردووی دیکەی هەبو بەناوی «ئەختەری سام ئاغا» شووققەکەیان فرۆشتو سەرقاڵی دروستکردنی باخچەیەکی ساوایانن بۆ منداڵانی کوردستان… ئیتر ئەمیش بەرپرس بوەو خەڵکی دیکەش بەرپرس بون!!؟.
بەهەرحاڵ، زۆر هەیە بۆ ووتنی کارە جەسورانەکانی جەلالی سام ئاغا، بەڵام ناوک و مەغزای سەرەکی ئەم نووسینە لە دوو خاڵدا کورت ئەکەمەوە؛
یەک/ ئێمە لە هەرێمی کوردستان دوای ملیۆنەها قوربانی و کاروانی تێکۆشانی هەزارەها ساڵ توانیمان ئۆتۆنۆمیەک بۆ خۆمان بەهەر شێوەو لەهەر دۆخێکدا بێت مسۆگەر بکەین، لێ قەدری ئەو کیانەمان نەگرت و، گەندەڵی و ڕاوڕووتی ئەوەتا لە 2020 دا کیان و حکومەتەکەمانی خستۆتە گیانەڵڵاو لە بەر مەترسی لە ناوچوندایە. ئەبو دوای کۆچی دوایی مام جەلال بە دوای جەلالێکی تردا گەڕابان… جەلالێک واتە کەسێک کە خەریکی میللەتەکە بێت نەک (خۆی)…
دوو/ ئەگەر جەلالێکتان دۆزیبایەتەوە، کە تەونی حکومڕانی بەسەلیقەو لێزانیەوە بدورێت، ئێستا هەرکەسەو ئاوەها جورئەتی نە ئەکرد جگەرەو ماسی و دووگی ئاژەڵ و هێڵکەی بەسەرچوو و ماددەی هۆشبەر بە قاچاخ لە مەرزەکانەوە بهێنێتە ناوەوە ( بگرە ئەمڕۆکە بە ئاشکرا حیزب و حکومەت پاسەوانی ئەم قاچاخچیانەن).
کە جەنابی مام جەلال نەخۆشکەوت، پێمگوتن تا زووە « جەلال» ێک بدۆزنەوە، کەچی هەریەکەتان کۆمەڵێ ساختەچی لە دەوروی خۆی کۆکردۆتەوە شانی ئەم و ئەوی بۆ بۆیاخ ئەکەن ئەمە سەر بەوەیەو ئەوە سەر بەمەیەو… تادوایی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت