عیماد عه‌لی: بوغدا موفلیسە!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌ده‌رخستنی داهاتی عیراق، ده‌ركه‌وت هه‌ولێر موفلیسه‌ نه‌ك بوغدا

ئه‌گه‌ر بته‌وێت خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكه‌یت، قسه‌ی بێ بنه‌ما ده‌كه‌یت. ئه‌گه‌ر بته‌وێت خه‌لك به‌ گه‌نده‌ڵی و دزیه‌كانت نه‌زانن، باسی لایه‌كی دیكه‌ ده‌كه‌یت و هه‌وڵ ده‌ده‌یت ڕووی خه‌ڵك به‌ره‌و تاریكی وه‌رگێڕیت. ئه‌گه‌ر بته‌وێت شكستی خۆت بشاریته‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌م درۆ و بوختان ده‌كه‌یت و هه‌میش به‌ هه‌ڵه‌ باسی زانیاری لایه‌كی دیكه‌ ده‌كه‌یت و ژماره‌ و بابه‌ته‌كان به‌ هه‌ڵه‌ ده‌رده‌خه‌یت و حه‌قیقه‌ته‌كان ده‌شاریته‌وه‌.
پاش شكستی ئابووریی سه‌ربه‌خۆ و فراوانبونی گه‌نده‌ڵی زاڵبونی حوكمی مافیایی و ده‌ركه‌وتنی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی مامه‌له‌ كردن و ملكه‌چبون به‌ دوژمنان و گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی هه‌ڵه‌ی ستراتیجی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی دوژمنانی گه‌لی كوردستان و به‌تایبه‌تی توركیای فێل باز به‌ رێكه‌وتن نامه‌ی په‌نجا ساڵی ملوده‌ست به‌سته‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، ئه‌وا له‌ به‌رده‌وام ده‌ردانی زیانبه‌خشی هه‌ڵه‌كانی كابینه‌كان و كه‌ڵه‌كه‌بونی قه‌رزوقۆڵه‌ و كه‌وتنه‌ ژێر باری مه‌رجی دوژمنان، هیچ شتێك نامێنێت بۆ ده‌ربازبون. بۆیه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌وه‌نده‌ بێ هه‌ست و بێ مۆراڵ ده‌رچوو، نه‌ دانی به‌هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی داناو نه‌ش ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش كرد، كه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسێك و سه‌رۆك وه‌زیرانێكی تر له‌دواكه‌وتوترین كونجی ئه‌م دنیایه‌ بوایه‌ و ئه‌م شكسته‌ی تۆمار بكردایه‌ ، به‌ڕۆژی نیوه‌ڕۆ نه‌ك وازی ده‌هێنا به‌ڵكو خۆی ده‌كوشت و ده‌بووه‌ په‌ندی زه‌مانه‌. نه‌ك په‌نا بۆ چه‌واشه‌كاری ببات و خه‌ڵك بخه‌ڵه‌تێنێت و به‌ هه‌له‌ و درۆ باسی خه‌ڵكی تر بكات.
كه‌س نه‌یوتووه‌ عیراق گه‌نده‌ڵی تێدا نیه‌ و له‌وێ شامی شه‌ریفه‌ و خه‌ڵك له‌ خۆشگوزه‌رانید ده‌ژێت به‌ڵام عیراق به‌ ئێستاشه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ دووره‌ له‌ ئیفلاس وای كردووه‌ كه‌ درۆی شاخداری ده‌سه‌ڵاتی كوردستان به‌ سه‌د ساڵی تر دانه‌پۆشرێت. له‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ ئیفلاسی عیراقی راگه‌یاند، به‌ پێی به‌ڵگه‌نامه‌ ره‌سمیه‌كان و به‌ بێ زیاده‌رۆیی راگه‌یاندن، وه‌زعی مالی عیراق وابووه‌؛ له‌ ساڵی 2003 بۆ 2017 داهاته‌كه‌ی 706.23 ملیار دۆلار بووه‌ به‌ بێ شاردنه‌وه‌ی تاكه‌ دۆلارێك. خه‌رجیه‌كه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ 703.11ملیار دۆلار بووه‌، واته‌ 3.12 ملیار دۆلاری ماوه‌ته‌وه‌ چووه‌ته‌ سه‌ر یه‌ده‌كی هه‌ڵگیراوی بانك به‌ دۆلار و زێڕیشه‌وه‌ كه‌ له‌ 70 ملیار زیاتر بووه‌. ئه‌و بڕه‌ داهاته‌ش ئه‌وه‌ی تیدایه‌ كه‌ به‌ دزی و گه‌نده‌ڵی ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كراوه‌ و له‌ ناوه‌وه‌ش براوه‌. له‌و بڕه‌ داهاته‌ و له‌و ماوه‌یه‌ خه‌رجی گشتی له‌ موچه‌ و خه‌رجیی ته‌شغیلی وه‌زاره‌ته‌كان و داموده‌زگاكان 488.6 ملیار دۆلار بووه‌، واته‌ 69.5 % ی كۆی گشتی داهاته‌كه‌ بووه‌ و له‌دوای ئه‌وه‌ش هاورده‌كردنی حكومه‌ت به‌ بڕی 156.9 ملیار دۆلار بووه‌ واته‌ 22.3% ی كۆی گشتی داهاته‌كه‌ بووه‌. مافی مه‌قاول و كۆمپانیای ده‌ركردن و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز 42.5 ملیار دۆلار بووه‌، واته‌ 5.9 % ی داهات. 2.35% ماوه‌ی داهات دراوه‌ به‌ قه‌رزه‌كانی سه‌ر عیراق. ئه‌مه‌ش به‌ روونی و ئاشكراكاری خراوته‌ به‌رده‌ست هه‌موو خه‌ڵكی عیراق.
به‌ڵام له‌ كوردستان به‌ بێ داتای ئاشكرا، ئه‌وه‌ی به‌ حاڵ و ژێر به‌ژێر دزه‌ ده‌كات بڕی داهاتی ماوه‌ بۆ خه‌ڵك و دزیه‌كانی خۆشیان له‌ قازانجی كۆمپانیاكان و ده‌مشیرینی توركیا زۆر زۆر كه‌متره‌، بۆیه‌ جورئه‌تی ئه‌وه‌ ناكه‌ن بۆ خه‌ڵك ده‌ریخه‌ن كه‌ داهات چه‌نده‌ و خه‌رجی چه‌نده‌ و بابی خه‌رجیه‌كان چیه‌ و چۆنه‌. لیره‌ باس له‌ گه‌نده‌ڵی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ی داهات و سپی كردنه‌وه‌ی و قۆرخكردنی بازار و دزینی چاڵه‌ نه‌وته‌كان ناكه‌ین. خه‌ڵك بۆی ئاشكرا بوو كه‌ په‌تی دۆر زۆر كورته‌ و، ئێستاش ده‌بێت بوترێت هه‌ولێر موفلیسه‌ نه‌ك بوغدا.