بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز: پڕۆژەیەک بۆ قۆناغێکی هەستیار و کورد لەبەردەم کازمی و عێراقی نوێدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە درێژایی مێژوو قۆناغەکانی گۆڕانی دەستەڵات لە عێراقدا ، ئەگەر چی هێزێکی ناوخۆیی کردویەتی بەڵام کۆنتڕۆڵی ئەم هێزانە لە ناو هاوکێشەی بەریەککەوتنی وڵاتانی زلهێزدا بوە، هەمو کودەتا و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش یەکێ لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی و هەرێمایەتی لە پشت بوە، هەمو کودەتا و گۆڕانکارییەکان لە 1920 وە کورد تێدا لەسەرەتاوە وەک نەتەوەی دوەمی عێراق قورسایی سیاسی و سەربازی و ئابوری و … هتد ی هەبوە، وڵاتانی زلهێزیش پشتیوانیان لێ کردوە وەک کارتێکی کاتی، کاتێک گەیشوەتە بەهێز بون، لە ناوەندەوە دژایەتی سیاسی و سەربازی کورد کراوە و وڵاتانی بڕیاردەریش بەرژەوەندیان لەگەڵ ناوەند گەورەترە بوە، بۆیە کوردیان وەک کارتێک فرۆشتوە و کوردیش نەیتوانێوە بە پێی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی یارییە گشتیەکان بکات، ئەمە لە پێش دروست بونی عێراقەوە درێژەی هەیە تا ئێستا، بە نمونە ڕێککەوتنی جەرائیر و شۆڕشی مەلامستەفا، پاشان گفتوگۆی یەکێتی و ناوەند، پاشان گفتوگۆی بەرەی کوردستانی دوای ڕاپەڕین، پاشان قۆناغی دوای سەدام.
لە مێژوی عێراقی نوێدا ئەگەر چی کورد بەشداری نوسینەوەی دەستوری کردوە و لە هەڵبژاردنەکاندا بە هەمو کەم و کوڕیەکانیەوە پێکهاتەیەکی ئامادەی کاریگەر بوە و لە پێکهاتنی حکومەتدا پێگەی بەهێزی هەبو، وەزارەتی گرنگی بەدەستەوە بوە و لە سوپای عێراقیشدا خاوەنی چەندین پێگەی سەربازی گرنگ بوە، لە هەرێمیش خاوەنی هەرچوار دەستەڵاتەکە و دامەزراوەی حکومی و پێشمەرگە بوە، بەڵام بە هۆی ململانێ و پاشکۆیەتی وڵاتان و بون بە بەشێک لە ململانێ ی هەرێمایەتی نەیتوانیوە بنەماکانی خۆڕاگری وەک هەرێمێک بونیاد بنێ، بۆیە ئەو ئامادەگیەی نەبوە تا وەک ڕوداوەکانی پێشوتری مێژوی ئەگەر ڕوی دا بتوانێت لەسەر پێ ی خۆی بوەستێ، خۆ ئەگەر باوەڕمان وا بێت کە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی ڕەگێکی مێژووی هەیە و ئەمەش وا دەکات پێمان وا بێت مێژو خۆی دوبارە دەکاتەوە، ئەوا لە ئێستادا لە بەردەم ئەو دوبارەبونەیەداین و لە ئەگەری بەهێز بونی ناوەند بە فۆرمێکی تر ئەوا دەبێت هەڵەکانی پێشو دوبارە نەکەینەوە و خۆمان بۆ ئەگەری دوبارەبونەوەی مێژو بە بەهێزبونی ناوەند ئامادە بکەین و نەکەوینە دەرەوەی بازنەی عێراقی نوێ و بەشداریشمان بەشداریەکی کارتۆنی نەبێت ، ئەوا گرنگە تا کات ماوە کێشەکانمان دیاری بکەین وچارەسەری گونجاوی بۆ دابنێن، بە تایبەت لە ئێستادا بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا لە نەخشەی نوێ عێراقدا کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی لە عێراقدا دەخوێنرێتەوە، نەک وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ بەڵکو وەک مافی نەتەوەی دوەم ، کە دەتوانرێ سودی لێوەربگیرێ، ئێمە لەسەرەتای دروستبونی عێراقی نوێداین ئەو جوڵە و مامەڵانەی هەیە ناىێت وەک فاکتێکی سیاسی و دەستوری پشتی تەواوی پێ ببەسترێ، دەبێت هەمو ئەگەرە سیاسیەکان شرۆڤە بکرێت و ئامادەگی هەبێت بۆ خراپترین ئەگەری گۆڕانی ئەم هەڵوێست و یاریانەی ئێستە لە ساحەی سیاسی عێراقدا ڕودەدات.
ئەگەر چی هەرێم غەرقی کۆمەڵێک کێشەی گەورەیە کە باجی نەبونی عەقڵێکی دەوڵەتداری دەدا بە هۆی ململانێ ی پارتی و یەکێتەوە، بەڵام دەکرێت پرسیار لە خۆمان بکەین، بە کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە کە لە پاشەکشەی زۆر قوڵداین بەرامبەر دەستەڵاتدارانی عێراقی نوێ، چۆن بتوانین سود لە کەمترین کات وەر بگرین بۆ ئەم ئەگەرە نزیکانە، ترسناکترین و نزیکترین هەڕەشە هەڵبژاردنەکانی عێراقە و هەموشمان دەزانین ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا کار لەسەر عێراقێکی نوێی ناوەندچێتی بەهێز دەکەنەوە و دەیانەوی هەڵبژاردنی 6- 021 کەمترین ساختەی تێدا بکرێت، ئەوەش دەزانین کە هاوڵاتیانی خۆمان بە هۆی ئەو هەمو گەندەڵی و دزیەوە هیچ متمانەیان بە کورد نەماوە و دەنگ دەدەن بە کازمی، کە ئەگەر لیستیشی نەبێت ئەوا لیستی سێبەر دروست دەکەن و کورد دەخاتە بەردەم مەترسی دوبارە کارتۆنی و سنتەرێکی بەهێز بە تایبەت بەهۆی موچە و ئەو ناڕەزایەتیانەی خەڵک هەیانە زەمینەی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی بۆ کازمی لەبارە ، کە دەتوانرێ بە ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ کازمی و کارکردن لەسەر چاکسازی و بەتایبەتیتریش دەستور کورد ببێتە شەریکە بەشی هەقیقی عێراقی نوێ، کە ئەم نوسینە وەک پڕۆژەیەک لە پاڵ هەمو هەوڵەکانی تر و پڕۆژەکانی تردا سودی لێوەربگیرێ بۆ خۆئامادە کردن بۆ عێراقی نوێ.
پڕۆژەیەک وەک مەتبەخێکی گشتی بۆ خۆئامادەکردن بۆ عێراقی نوێ.

لەسەر ئاستی ناوخۆ
1. کۆنفرانسێکی نیشتمانی ببەسترێ بە بەشداری هەمو هێزە کوردیەکان و کەسایەتی ئەکادیمی و بێلایەن، دور لە خوێندنەوەی ململانێی کۆن، هەر لەو کۆنفرانسەدا لێژنەیەک پێک بهێنرێت و دەستەڵاتی تەواوی پێ بدرێت بۆ کارکردن لەسەر بەرژەوەندی باڵای هەرێم.
2. پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستور ڕێک بخرێت بە ئاگاداری نەتەوەیەکگرتوەکان و بە تایبەت فەرەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا، وە کار لەسەر مافی دەستوری فیدڕاڵیەتی هەرێمەکان بکرێت.
3. هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت و بکرێتە نیشمانی.
4. دادوەری هەرێم دوبارە دروستبکرێتەوە دەستەڵاتی تەواوی پێ بدرێت دور لە ئینتمای حیزبایەتی.
5. کار لەسەر داهاتەکانی نەوت و خاڵیە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ بکرێت، تەنها لیژنە و کۆبونەوە نەبێت، یەکبخرێت.
6. کار لە سەر بوژاندنەوەی بازاڕ و بەتایبەتیش موچە بکرێت، بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد بە پێ ی شایستە داراییەکان.
7. پەرلەمان کارا بکرێت و هەوڵی چالاککردنی بدرێت.
8. هاوکاری کردنی ناوچە جێناکۆکەکان بکرێت، کاری جدی لەسەر کەرکوک بکرێت لە چوارچێوەی بەستنی کۆنفرانسێک بۆ ناوچە جێ ناکۆکەکان.

لەسەر ئاستی دەرەکی
1. لەو کۆنفرانسە نیشتمانیەدا کە بۆ ئەگەرەکانی عێراقی نوێ بەسترا، لێژنەیەک دروستبکرێت لە هەمو پێکهاتەکان و کار لەسەر پەیوەندەکانی هەرێم و کۆی وڵاتانی ناوچە و جیهانی بکرێت و بە بەڵگەی دیکۆمێنتاری جیهانیەوە بەشداری هەقیقی هەرێم لە عێراقی نوێدا بەدەست بهێنرێت.
2. پەیوەندییەکانی دەرەوە بە نیشتمانی بکرێت.
3. چۆنیەتی هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ئاگاداری وڵاتان بێت.
4. پشتوانی بۆ مافەکانی کورد بە ئاگادرای وڵاتانی کاریگەر بە پێ ی دەستور.
5. داوای سەرژمێری گشتی بکرێت، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان.
6. پشکی کورد لە عێراقی نوێدا بە ئاگادری ولاتانی کاریگەر بێت.
7. خوێندن و زمانی کوردی مافی فەرهەنگی بە ئاگاداری وڵاتانی کاریگەر لەسەر بنەمای دەستور.

لەسەر ئاستی عێراقی
1. کار لەسەر کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بکرێت و کەسانی ئەکادیمی بێ لاین دابنرێت لە پشکی کورد.
2. کار لەسەر سەرژمێری گشتی بکرێت.
3. شایستە داراییەکان لە بەرنامەی حکومەتدا بسەپێنرێت.
4. لەسەر ئاستی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق و ناوخۆ ، کورد پێگەی بەرکەوتەی خۆتی هەبێت.
5. ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ پێش هاتنی سوپای عێراق و قەرەبوی مێژوی کورد بسەپێنرێت.
6. لەهەر چوار دەستەڵاتەکەدا کورد بتوانێ بە پێ ی بەرکەوتەی خۆی قورسایی هەقیقی هەبێت.
7. بۆ پاراستنی شکۆی هەرێم و عێراق هەوڵبدرێت لە ڕێگەی ناوەندەوە ڕێگری بکرێت لە بڕینی سنوری هەرێم و عێراق لە ڕوی وشکانی و دەریایی و ئاسمانیەوە.
هەرێم لەبەردەم عێراقی نوێدا سەرەتای ئاماژەکان وا دەردەکەون کە کورد لەبەردەم مەترسی بەکارتۆنی بونی قەوارەی سیاسی هەرێمدایە ، ئەگەر چی کورد پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام لەبەردەم ئەم ئەگەرانەدا ئەگەر کورد نەتوانێ مەتبەخێکی سیاسی دروست بکات و خۆی ئامادە نەکات بۆ ئەم ئەگەرانە بەتایبەت ئاشتکردنەوەی هاوڵاتیانی خۆی بە پێدانی موچە و چاکسازی گشتی، لیستە عێراقیەکان دەنگی کورد دەبەن لە کەرکوک و موسڵ و دیالە و هەتا ناو هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمیش، بۆیە دەبێت کورد وەک چۆن وڵاتانی دراوسێ چەند دژی یەک بن کە هاتە سەر هەرێم هاوبەرژەوەندین و دژی کوردن، بۆ ئێستاش کورد لە نێو ماڵی خۆیدا چەند دژ بەیەک بن دەبێت لەبەردەم ئەم ئەگەرەدا یەکێتی ناوەکیان بەهێز بکەن، گەر وا نەکەن، ئەوا کورد مەحکوم دەبێت بە دوبارە بونەوەی مێژو و وە دوبارە بونەوەی هەمان هەڵەی مێژویی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت