بورهان شێخ ڕەئوف: ململانێکانى میسرو تورکیا لەسەر خاکى لیبیا کاردانەوەو لێکەوتەکانى.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

میسرو تورکیا دوو وڵاتى ئیقلیمى گەورەو خاوەن پێگەو مێژوو ى دێرینن لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین، سەرەڕاى ئەوەى دیرۆکى نێوانیان تەژییە لە ململانێ و گرفتى زەبەلاح هەر لە سەردەمى سوڵتانەکانى عوسمانی و موحەمەد عەلى پاشاوە تا بە ئەمڕۆش درێژەى هەیە ئەگەر چى لە هەندێ وێستگەشدا ئارامى و ئاسایى بوونەوەى بە خۆیەوە بینیوە پەیوەندییەکانیان.
فاکتەرى ئێستاى ئەو ململانێیانەى نێوان میسرو تورکیا کودەتاکەى عەبدولفەتاح سیسى و سوپاى میسرلە 3یۆلیۆ 2013 بێت بەسەر موحەمەد مورسى سەرۆکى ئیخوانى هەڵبژیراوى میسر کە لە زینداندا مرد، ئەوا ئێستا نزیک بوونەوەى سوپاى تورکیا لە سنوورەکانى میسر لە ڕێگەى لیبیاوە ئەوە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشى ئیستراتیجى دەوڵەتى میسر، لە کاتێکدا بە شى زۆرى سەرکردەو کادرەکانى کۆمەڵەى ئیخوان موسلیمینى میسر کە نە گیراون پەنایان بۆ تورکیا بردووەو لەوێندەر خۆیان ڕێکخستووەتەوەو کارو چالاکى سیاسى ئەنجام دەدەن.
هەربۆیەش لە دواى دەستوەردانەکانى ئەردۆگان لە لیبیا و ناردنى هێزو چەک و فڕۆکەى دەرون بێ فڕۆکەوان و ناردنى هەزارانى چەکدارى بەکرێگیراوى سورى بۆ لیبیا و لاسەنگ بوونى هێز لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکانى لیبیا بە قازانجى حکومەتەکەى فایز سەراج کە تاقمێکى ئیخوانى نزیک لە ئەردۆگان و دوور خستنەوەى هێزەکانى ژەنراڵ خەلیفە حەفتەرى سەرکردەى سوپاى نیشتمانى لیبیا لە تەرابلوسى پایتەخت، میسر بە هێز هاتنە سەر خەت و ئەو لاسەنگى و دەستوەردانەى تورکیایان بە هێڵى سوور وەسفکرد و سەرۆکى میسر لە کۆنگرەیەکدا کە پێشوازى لە سەرۆک خێڵەکانى ڕۆژهەڵاتى لیبیا کرد ئامادەیى وڵاتەکەى پیشاندا بۆ ناردنى سوپاى میسر بۆ لیبیا لە کاتى پێویستدا و هۆشدارى توندى دابە تورکیا بە نزیک بوونەوە لە سنوورەکانى میسرو ناوچەى هیلالى نەوتى لە ڕۆژهەڵاتى لیبیا.

پێگەى میسرو تورکیا لە سەر گۆڕەپانى نێو دەوڵەتى
جیاوازى زۆر هەیە لە نێوان میسرو تورکیا بۆ وڵاتە زلهێزەکان بە تایبەتى ئەوان هەمیشە بە گوێرەى بەرژوەندییە تایبەتەکانى خۆیان لە بوارى ئاسایش و ئابورى دا هەڵوێست وەردەگرن لە هەر کێشە و ململانێ یەکدا کە بێتە ئاراوە.
هەر لەو چوار چێوەدا نیگەرانى و قەڵسبوونەکانى ئەمریکا لە تورکیا کاتێک کە تورکیا سیستمى بەرگرى S400 ڕوسى کڕى، بەڵام لە بەرامبەر بۆندى کڕینى چەک و فڕۆکەى ڕوسى لە لایەن میسرەوە هیچ نیگەرانیەکیان پیشان نەدا ئەمریکا.

کارتەکانى تورکیا
یەکێک لەو کارتە بەهێزانەى تورکیا کە پشتى پێ دەبەستێت بۆ فشار خستنە سەر وڵاتە گەورەکان بۆ ئەوەى پشتیوانى بکەن لە کاتى پێویستدا، قەوارەى ئەو ئاڵوگۆڕییە بازرگانیە زۆرو زەوەندەیە کە لە گەڵ وڵاتانى ئەوروپادایە کە دەگاتە ڕێژەى 50% بازرگانى تورکیا لە گەڵ وڵاتانى دەرەوەدا، لەوانەش گرنگتر لە سەردەمى کۆرۆنادا پەیوەندییەکانى ئەوروپا و ئەمریکیەکانیش لە گەڵ چیندا کێشەو ئاڵۆزى زۆرى تێکەوتووەو ڕوو لە هەڵکشانیشە، بەهەمان شێوە لە گەڵ ڕوسیاشدا ئەمریکاو ئەوروپیەکان پەیوەندییەکانیان ڕوو لە گرژییە کە ئەمەش وادەکات کە تورکیا ئەڵتەرناتیفێکى بازرگانى گونجاوگرنگ بێت بە وتەى تورکەکان، بەڵام ڕاستیەک هەیە لێرەدا ئەبێت لە بەرچاوى بگرین پەیوەندییەکانى تورکیا لە سەردەستى ئەکەپەو ئەردۆگان لە گەڵ ئەمریکا و ئەوروپادا کێشەو ئاڵۆزى گەورەى تێدا هاتۆتە پێش دواى دەستوەردانەکانى تورکیا لە زۆرێک لە کێشەو ململانێکانى جیهان.
هەر تایبەت بەو هەوڵانەى تورکیا بۆ خۆنزیک خستنەوە لە ئەوروپا ماوەى ڕابردوو بەریتانیا و تورکیا ڕێککەوتننامەى بازرگانى ئازادیان واژۆکرد و لە بەرامبەریشدا بەریتانیا سزاى سەپاند بە سەر چیندا لە بەرامبەر پێشێلکارى مافى مرۆڤ و ناکۆکى سیاسى، لە هەمان کاتدا ڕۆژنامە نووسە تورکەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا و تورکیاش نزیک بوونەتەوە لە واژۆکردنى ڕێکەوتننامەى بازرگانى ئازاد کە ئەمەش ڕێ خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەى تورکیا کە یەکێک لە وڵاتە بەکاربەرەکانى وزەیە کە غازى ئەمریکى بکڕێت کە لە ساڵى ڕابردوودا بە ڕێژەى 300% زیادى کردووە کڕینى غازى ئەمریکى لەلایەن تورکیاوە.
لە ڕووى ئاسایشیشەوە تورکیا خۆى بە درێژ بوونەوەى ئەوروپا دەزانێت و ئەندامى هاوپەیمانى ناتۆیە لە ساڵى 1952 ەوەو خوازیارە ببێتە ئەندامى یەکێتى ئەوروپا هەرچەندە ئەم تێزە ئیستا گۆڕانکارى بەسەردا هاتووەو ئەوروپیەکان مەرجى تایبەتیان هەیە بۆ وەرگرتنى تورکیا لە یەکێتى ئەوروپاو لە مەسەلەى پەنابەرانیشدا لە چەند ساڵى ڕابردوودا ئەردۆگان زۆرجار هەڕەشەى ئەوەى کردووە کە سنوورەکانى ئاوەڵا دەکات بۆ پەنابەرانى سورى بۆ ئەوەى ڕوو بکەنە ئەوروپا و لە بەرامبەردا داواى پارە دەکات کە هەموو ئەمانە شانسى بوون بە ئەندامى یەکیتى ئەوروپایان کەمکردۆتەوە.
تورکیا ئیستا ئەوە وەبیرى ئەوروپیەکان دەهێنێتەوە کە لەسەردەمى شەڕى ساردا ئەوان ئەوروپایان لە مەدى سۆڤیەتى و شیوعیەت پاراست.

گرنگى تورکیا بۆ ڕوسیا
تورکیا دەستەڵاتى بە سەر گەرووى بوسفۆردا هەیە کە ڕێگەى کەشتیگەلى ڕوسیایە بۆ دەریاى سپى ناوەڕاست و باشوورى ئەوروپا، هەروەها ڕێگەى کەشتیە جەنگى و ژێر دەرییاییەکانى هاوپەیمانى ناتۆیە بۆ دەریاى ڕەش بۆ بەرگرتن بە هەژموونى ڕوسیا.
لە هەمانکاتدا تورکیا بازاڕێکى گەورەشە بۆ غازى ڕوسیا جگە لەوەش هێڵى بۆڕى غازى سیل ى ڕوسى بە خاکى تورکیادا دەڕوات بۆ ئەوروپا، شایانى وتنە ئەم هێڵە نزیکە ى 15.75 ملیار مەتر سێجا لە کۆى 31.5 مەتر سێجا ڕاستەوخۆ بۆ تورکیا دەگوێزێتەوە بێ هیچ ناوبژیکەرێک و وڵاتێکى تر بڕەکەى ترى 15.25 بۆ وڵاتانى باشوورو ڕۆژهەڵاتى تورکیا دەگوێزێتەوە.

لە ڕووى سیاسیەوە
تورکیاو ڕوسیا هاوبەش و هەماهەنگن لە زۆر کێشەو قەیراندا بە تایبەتى لە سوریا کە شانبەشانى یەکتر کاردەکەن و بێ ئەوەى بەریەکەوتن ڕووبدات هەرچەندە ساڵانى ڕابردوو فڕۆکەیەکى جەنگى ڕوسیا خرایە خوارەوە لەلایەن تورکیاوە، بەڵام دواتر چارەسەریان کرد، دەربارەى لیبیاش هەرچەندە تا ئێستا هەماهەنگى ئاشکرایان نیە، بەڵام دوورنیە جۆرێک لە هەماهەنگى بکەن لە داهاتوودا.

کارتەکانى میسر
لە بەرامبەردا میسریش ڕکابەرى دێرین و تازەى ئیقلیمى تورکیا خاوەنى کارتگەلێکى بەهێزە کە گرنگیان لە کارتەکانى تورکیا کەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت، ئەگەر تورکیا کۆنترۆڵى ڕێڕەوە دەریاییەکانى نێوان دەریاى ڕەش و دەریاى ناوەڕاست بێت، ئەوا میسریش کۆنترۆڵى کەناڵى ستراتیجى سویس دەکات کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە ئەم دوو پێگەیە زۆر گرنگن بۆ ئەمریکا و ڕوسیا.
لەوانەش گرنگتر بۆ میسر خاوەنى قوڵایى ئیستراتیجى عەرەبیە لە مێژەوە میسردڵى زیندووى جیهانى عەرەبیە، ئەگەر حیجاز قیبلەى جیهانى عەرەب و ئیسلام بێت ئەوا میسریش باوکى رۆحى نەتەوەى عەرەبەو گەورەترین وڵاتى عەرەبیە لە ڕووى ژمارەى دانیشتوانەوەو زانکۆى ئەزهەریش لەقاهیرەیە کە ناوەندێکى ئەکادیمى و زانستى دراساتى ئیسلامیە، میسرپێشڕەوى مەسەلە چارەنووسسازەکانى نەتەوە ى عەرەب دەکات و جگە لە شەڕە سەختەکانى میسر لە گەڵ ئیسرائیل لە ساڵەکانى 1967 و 1973.
سەرەڕاى ئەوانەش میسر سەرکردایەتى میحوەرێکى عەرەبى دەکات کە لە میسرو عەرەبستانى سعودیەو ئیمارات پێکدێت و هەر ئەو هاوپەیمانێتیەش بوو پشتى میسرى گرت بۆ لەکارخستنى موحومەد مرسى سەرۆکە ئیخوانیەکەى میسر، لە مەسەلەى لیبیاشدا پشتیوانى هەڵوێستى میسر دەکەن ئەم میحوەرە.
هەر لەبەر ئەوانەشە کێشى میسر لە سیاسەتى نێودەولەتیدا بەتەنیا پێوانە ناکرێت هەمیشە، بەڵکو عەرەبستانى سعودیەو ئیمارات و چەند وڵاتێى تریش لە ناوچەکەدا هاوپەیمان و پاڵپشتى میسرن وا ئێستاش میحوەرى شامیان دامەزراند لە گەڵ عێراق و ئوردن کەباس لەوەدەکرێت لە قۆناغى داهاتوودا عەرەبستانى سعودیەش لەخۆ بگرێت.
میسر خاوەنى سوپایەکى بەهێزە لە ناوچەکەدا لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتیەوە، لە ڕووى ژمارەى دانیشتوانیشەوە گەورەترین وڵاتى ناوچەکەیە کەئەم پێوەرانە گرنگن لەلایەن وڵاتانى گەورەو خاوەن بڕیارەوە.
خاڵێکى تر کە زۆر گرنگە لەلایەن وڵاتانى گەورەوە ئەوەیە کە دەوڵەتى میسر نەڕوخێت، چونکە ئەوە کارەساتێکى گەورەى لێ دەکەوێتەوە بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین کە هاوسەنگى و شیرازەى ناوچەکە بە تەواو تێکدەچێت، کە دەبێتە هۆکارى ئاوارە بوون و کۆچکردنى ملێۆنەها کەس بەرەو ڕۆژئاوا، هەر تایبەت بە ڕۆڵى میسر بۆ پاراستنى ئارامى و کەنارى دەریاکان میسر ساڵى 2018 ڕایگەیاند کە لەساڵى 2016 ەوە یەک بەلەم و یەک کەشتیش لە کەناراوەکانى میسرەوە بە ڕێگەى قاچاغ و نایاسایى دەرنەچوون بەرەو ئەوروپا، لە کاتێکدا ترس و دڵەڕاوکێ ئەوروپاى گرتبووەو کە کەناراوەکانى میسر ببنە سەرچاوەو کانگاى گواستنەوەى ئاوارە بۆ ئەوروپا.
ئەو بۆندو پەیمانە سەربازییانەى کە میسر ساڵانى ڕابردوو بەستوویەتى لە گەڵ زلهێزەکانى ئەوروپاو ڕوسیادا دۆستى گرنگ و بەهێزى بۆ میسر خوڵقاندووە کە گەنجینەى پیشەسازى سەربازى ئەو وڵاتانەى بوژاندۆتەوە.
خاڵێکى ترى بەهێزى میسر ڕێککەوتننامەى کامپ – دیڤیدى ئاشتى نێوان میسرو ئیسرائیلە کە ئەمریکا پابەند دەکات کە پشتیوانى میسر بکات لە ڕوى سیاسى و ئابورى و سەربازییەوە، سەرەڕاى بەخشینێکى ساڵانە کە بڕەکەى 1،300 ملیارو سێ سەد ملیۆن دۆلارە بەرامبەر بە پابەند بوون بە ڕێکەوتن لە گەڵ تەل ئەبیب.

لایەنگرى وڵاتە گەورەکان
ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا تورکیا و میسر وەکو دوو هاوبەشى گرنگ دەبینێت، هاوپەیمانى و دۆستایەتى لەگەڵ هیچ کامیان ناکات لەسەرحساب و بەرژەوندى ئەوى تر ، بەڵام پەیوەندى ڕوسیا و تورکیا توندو تۆڵترە لە پەیوەندى ڕوسیاو میسر، بۆیە زۆرێک لە شرۆڤەکاران بە هێزى میسرو تورکیا دەبەستنەوە بە زلهێزەکانەوە لەکاتى ڕوودانى بەریەکەوتن لە نێوانیاندا.
لە هەمانکاتدا کە بەراورد لە نێوان ئەو دوو وڵاتە گرنگەى ناوچەکەدا دەکەین دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە تورکیا ئەندامى هاوپەیمانى باکورى ئەتلەسیە لە ساڵى 1952 ەوە و هاوپەیمانى ئەمریکایە، بەڵام میسر هاوبەشى ئاسایشى سەرەکى ئەمریکایە لە باکورى ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتى ناوین لە ساڵى 1979 دواى واژۆکردنى ڕێککەوتننامەى ئاشتى کامپ دیڤید لە گەڵ ئیسرائیل.
لە بەر هەموو ئەوانە بەرژەوەندى بەهێزى ئەمریکا لەوەدایە کە هەڵسوکەوت لە گەڵ ئەنقەرەو قاهیرە بکات بۆ ئارام کردنەوەى دۆخەکەو خاوکردنەوەى ململانێکانى نێوانیان، بۆ ئەوەى زیان بە ئاشتى و سەقامگیرى ناوچەکە نەگات.
ئەگەر زیاتر ورد بینەوە لە پەیوەندییە ئاڵۆزو تێکەڵەکانى ئەم وڵاتانە زۆر شتى ترمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، هەرچەندە تورکیا ئەندامى هاوپەیمانى ناتۆیە و دوژمنى ئیستراتیجى ڕوسیایە لە گۆڕەپانى جیهانیدا، بەڵام دەبینین هاوکارییەکى قوڵ لە بوارەکانى ئاسایش و وزەو ئابورى لە نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە هەبووە لە دەیەى ڕابردوودا.
دەبینین مۆسکۆ و ئەنقەرە لە سوریا و لیبیا دژبەیەکن و لە جەنگدان، کەچى پۆتین و ئەردۆگان سەرکەوتووبوون لەوەى ئەم جیاوازییانە سنورداربکەن و لە بوارەکانى تردا هاریکار ییەکانیان درێژە پێ بدەن.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین پێناچێت ئەم ململانێیانە بەم شێوە بەردەوام بێت، هەرچەندە دواى هەڕەشەکانى میسر من بە دوورى دەزانم ئەردۆگان و حکومەتەکەى فایز سەراج پەلامارى سیرت بدەن، بەڵام ئەگەر شتێکى وا ڕوو بدات ئەمریکا پشتیوانى تورکیا دەکات نەک لەبەر خۆشەویستى ئەنقەرەو ئەردۆگان بەڵکو دژ بە ڕوسیا کە ئەمریکا ناخوازێت ڕوسیا بنکەیەکى سەربازى لە جفرە هەبێت، چونکە هەموو ئیستراتیجیەتى ناتۆ و چەک و مووشەکەکانیان لە ڕۆژهەڵاتى ئەوروپایە لە نزیک سنورى ڕوسیا کەمتر دەبێتەوە بەرەو خۆرئاواو ئۆقیانووسى ئەتڵەسى، ئەمریکا و هاوپەیمانى ناتۆ باش دەزانن بوونى پێگەیەکى سەربازى ڕوسیا لە لیبیا دژ بەم ئیستراتیجیتەیە و هەموو حساباتەکانى ناتۆ هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆیە پێدەچێت ئەگەر ئەو شەڕە ڕوو بدات ئەوا ڕوسیا پشتیوانى میسر بکات و چونکە ڕوسەکان لەو بڕوایەدان ناتۆ و تورکیا یەکن، بۆیە هاتوونەتە لیبیا بۆ ئەوەى ڕوسیا وەدەربنێن.
هەر بۆزیاتر ڕوونکردنەوەى ئەو بۆچوونە لە مانگى ئایارى ڕابردوودا ناتۆ ڕایگەیاند کە ئەوان پشتیوانى حکومەتى فایز سەراج دەکەن و ئەو جیایە لە ژەنراڵ خەلیفە حەفتر کە میسر و ڕوسیا پشتیوانى دەکەن و لە یەک ئاستدا نین.