کامەران چروستانی: تکایە، لاپەڕەکانی ڕابردووتان هەڵمەدەنەوە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرباری هەموو ئەو قەیرانانەی، کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پیایاندا تێ دەپەڕێت، ماوەیەکە مێدیا جیاوازەکانی ناو باڵەکانی یەکێتی لە لایەک و بزوتنەوەی گۆڕانیش هەڵمەتێکی هەڵدانەوەی گۆڕی ڕووداوەکانی ڕابردوویان دەست پێ کردووە. بێگومان پەرتووکەکەی مەلا بەختیار و چاوپێکەوتن و لێدوانەکانی ئەو بەڕێزە هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ ئەوەی ئەم کای کۆنە بە با بکرێت و هەر لایەنە هەوڵی ئەوە بدات بیسەلمێنێت کە لە سەردەمی شاخدا کێ قارەمانی کوردایەتی بووە و کێ دڵسۆزترو نیشتمانپەروەری چیاکانی کوردستان بووە.
بەڵام هەڵسەنگاندنێکی ئاسایی بۆ بارودۆخی هەنووکەیی کوردستان و ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع دەگوزەرێت پاش تێپەڕبوونی 29 ساڵ بەسەر دەسەڵاتی کوردیدا بەڵگەی تەواون بۆ ئەوەی پڕ بە دەنگی خۆمان هاوار بکەین و بە (سەرکردەکان)مان بڵێین: تکایە، لاپەڕەکانی ڕابردووتان هەڵمەدەنەوە!
ئەزموونی بیست و نۆ ساڵەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان وێنەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا سەبارەت بە هزر و تێڕوانینی دەسەڵاتدارەکان پێشان دەدات، کە لە چ گۆشەنیگایەکی تەسکی کەسایەتی و بنەماڵەیی و حیزبایەتییەوە بیر دەکەنەوە و هەنگاو دەنێن. ئەوەی کە لەو هەموو ساڵانەدا بەسەر کورددا هێنرا هەر لە ساختەکاریی هەڵبژاردنەکانەوە و هەتا شەڕی براکوژی، گەندەڵی، شەڕەقۆچی حیزبایەتی و چەندین پەڵەی ڕەشی دیکە، کە مێژووی هەموو ئەو ساڵانەی پڕ کردۆتەوە، بەڵگەن بۆ ئێستا و ڕابردوو و هەروەها ئایندەشیان.
جا تێڕوانین لە باری هەنووکەیی بەسە بۆ ئەوەی لە شەڕی دەسەڵات و پێگەی سەردەمی شاخیش تێبگەین، دەتوانین وێنای ئەوەش بکەین کە ڕۆحە گەندەڵەکەی ئێستا چۆن و بە چ شیوازێک لەو سەردەمەدا ڕەنگی دابێتەوە و هەروەها بە هەمان شێوەی ئێستا ئاخۆ چەند لاپەڕەی ڕەشی ژێربەژێر و پاکتاوکردنی یەکتر و پلانی ناڕەوایان بەرامبەر یەکتر و بەرامبەر بە شۆڕشەکەش هەبووبێت. مێژووی شەڕی براکوژی هێندە دوور نییە، کە دیلەکانی یەکتریان دەکوشت و دەیانیش هەتا ئێستا بێسەرو شوێنن؛ هەر هەمان هزریشە کە ئێستا دەیەوێت لاپەڕەکانی سەردەمی شاخ هەڵباتەوە و هەر یەکەیان هەوڵی ئەوە بدات خۆی بکات بە شەریفی مەککە. هەر هەمان هزریشە کە شۆڕشی شاخیان پێوە بەڕێوە بردووە و هەمان بیرکردنەوەیە کە لەسەردەمی شاخدا لە کاتێکدا ڕووبەڕووی دوژمنی سەرەکیی میللەتەکە دەبوونەوە، لە هەمان کاتدا لەناو شاخەکانی کوردستاندا ڕووبەڕووی یەکتریش دەبوونەوە.
لاپەڕەکانی ڕابردووتان هەڵمەدەنەوە، چونکە دڵنیا بن لەوەی کە مێژووی ئەو سەردەمەیشتان ئەگەر لە ئێستا ڕەشتر نەبووبێت، ئەوا لە ئێستا باشتر نەبووە، نەک پەرتووکێک کە تیایدا یەکتر تۆمەتبار بکەن، نەک تەنیا سوکایەتیکردنێک بەرامبەر بە پێگە و ڕابردووی یەکتر، هەڵبەستنی تۆمەت و ناپاکیی بەرامبەر بە شۆڕشەکە و چەندین و چەندینی دیکە نە ئێستاتان دەکات بە شامی شەریف و نە هەگبەی ڕابردووتان لە ناپاکی و پاکتاوکردنی یەکتری و هەڵەکان پاک دەکاتەوە.
ئەگەر لە پاش بیست و نۆ ساڵ لە حوکمی کورد ناختان هێشتا پڕ بێت لە کینەی کەسایەتی و حیزبی، کە هەموو ئامانجێکتان شکاندن و ڕاوکردنی یەکتر بێت، بەسە بۆ ئەوەی لە کینە و ڕکابەرایەتییەکانی سەردەمی شاختان تێبگەین، کە ئەو کاتەش هەنگاوەکان لە چوارچێوەیەکی تەسکی حیزبایەتیدا بەڕێوە دەچوون. هەر بۆیە ڕاگرتنی سەرهەڵدانەوەی ئەو بابەتانە لە بەرژەوەندی هەمووتان و هەموو لایەنەکانە، ئەگینا لاپەڕە قێزەونەکان دەخرێنە ڕوو و بەوەش ئەو بەشە بچکۆلانە جوانەی ئەو سەردەمەش کە لەناو هزر و ئەندێشەی خەڵکیدا ماوە، نامێنێت و ڕووی ڕاستەقینەی ئەو کاتانە دێتە پاڵ ڕووە ڕاستەقینەکەی ئێستاتان.
تکایە، لاپەڕەکانی ڕابردووتان هەڵمەدەنەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت