گۆران هەڵەبجەیی: لە بری هۆشیار عەبدوڵا ناوەکان دەدركێنم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێکە مەسەلەی سووتاندنی[بەئەنقەستی] دار سنەوبەرەکانی ڕێگەی تاسلوجە – سلیمانی مشتوومڕێکی زۆری لەسەرە .ئێستا دۆسیەکە گەورەبووە و وێرای سۆشیال میدیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پەرلەمانی هەرێمیش هاتوەتە سەر هێڵ و لیژنەی بۆ پێک هێناوە.
لە هەمووی سەیرتر لەم مەسەلەدا ڕۆڵی سەلبی و بێدەنگی هەندێک دەزگاو دامەزراوەی حکومیە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەم کەیسەوە هەیە وەک:
قایمقامیەتی سلیمانی، بەڕێوەبەریایەتی ناحیە و شارەوانیەکانی تاسلوجە، ڕاپەڕین، بەڕێوەبەرایەتی دارستانی سلیمانی .
تەنها تەرەفێک کە ئەم مەسەلەیەی بەجددی گرتبێت ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانیە کە لیژنەیەکی کنەو پشکنین و بەدواچوونیان بۆ پێک هێناوە و تا ئێستا دوو کاریان کردووە.
سەردانێکی مەیدانیان بۆ لای سنەوبەرە سوتاوەکان کرد و بۆیان ڕوونبوویەوە کە سوتاندنیان کارێکی ئەنقەستە.
کاری دووەمیان بانگهێشتکردنی کەسی یەکەمی ئەو دامەزراو و دەزگا حکومیانە بوو کە لەسەرەوە ئاماژەوم داوە پێیان.
ئێوارەی 22- 9 هاوڕێ کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی سلیمانی و هاوکات ئەندامی ئەو لیژنەیە[لیژنەی سنەوبەرە سووتاوەکان] ،میوانی [NRT] بوو، لەوێدا تیشکی خستە سەر هەندێک لایەنی سەیروسەمەری ئەو کەیسە.
سەبارەت بە دانیشتنی ئەنجومەنی شارەوانی لەگەڵ قایمقامی سلیمانی، بەڕێوەبەری دارستان، بەڕێوەبەری ناحیەی تاسلوجە و ڕاپەڕین، سەرۆک شارەوانی و سەرۆکی یەکە ئیداریەکانی تر کە ئەو دارانە دەکەوێتە سنووری دەسەڵاتیانەوە، هەر هەموویان یەک قسەیان دووبارەکردووەتەوە، ئەویش، [ئەو دار سنەوبەرانە لە ئەستۆو بەرپرسیاریەتی یەکە ئیداریەکەی مندا نیە]. واتە هەر هەموویان خۆیان دوورخستوەتەوە لە کێشەکە .گەر بهاتباو ناوی لایەن و کەسی پشت سووتاندنی ئەو دارسنەوبەرانەیان ئاشکرا بکردایە ئەوە پێدەچوو کە دووچاری سوکایەتی و لێپرسینەوە و دەرکردن لە پۆست ببوونایەتەوە.
هەر ئەم بەرپرسانە ساڵی پار سزای جوتیارێکیاندا کە بێ ئەنقەست ببوە هۆی سوتاندنی دار سنەوبەرێک.
ئەم بەرپرسانە هەر هەمووشیان باش دەزانن بە فەرمانی کێ ئەو کارە قێزەوەن و دژ بە ژینگە ئەنجام دەدرێت، بەڵام هیچ ناکرێت لەگەك کەسانێکدا کە ویژدانی خۆیان هەڕاج کردوە.
هاوڕێ کاسترۆ شتێکی سەیرتری درکاند ئەویش نەبوونی هیچ جۆرە خزمەتگوزارێکە بۆ خزمەتکردنی ئەو دارسنەوبەرانە.
لەپاڵ بێهەڵوێستی ئەم نابەرپرسانەدا بێدەنگی پارێزگاری سلیمانی[هەڤاڵ ئەبوو بەکر]یشی دێتەسەر ،کە تا ئێستا دوو وشەی لەوبارەوە نەگووتوە ،کە ئەمەش جێگەی پرسیارە.
ناکرێ هەڵوێستی جوامێرانەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلیمانی[شاڵاو جمال ]نادیدە بکرێت کە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی [دەنگی ئەمەریکا] گوتی [سووتاندنی درەختەکانی ڕێگەی تاسلوجە کارێکی بە ئەنقەست و مەترسیدارە،گەرەنتی نییە درەخت و سەوزاییەكانی تری سلێمانی نەسوتێندرێن، چونکە سەوزایی و شوێنی دیكەش هەیە لە مەترسیدان، هەر لە دوو مانگی پێشودا لە ڕێگەی عەربەت-یش، روبەرێكی گەورە درەخت سوتێنرا، كە ژینگە چاندبونی.]
ئەو بەڕێوەبەرە گووتی ، خەڵكانێك چاوییان لەسەر ئەو زەویانەیە بۆ پڕۆژە، بەڵام خەیاڵیان خاوە هەرگیز مۆڵەتیان پێنادەین ئەو زەوییانە بكرێنە پڕۆژە، چونكە هەم ویژدان هەم یاسا-ش لە پشت ئێمەیە”.
پەیوەست بەم بابەتەوە،گرنگە ئاماژە بە قسەکانی هۆشیار عەبدوڵا [ئەندام پەرلەمانی عێراق سەر بە لیستی گۆڕان] بدەم، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەربارەی هەمان کەیس شتی گرنگی درکاند. ئەو گووتی سووتاندنی دارسنەوبەرەکان بە فەرمانی کەسێکی سەر بە یەکێتی ئەنجامدراوە کە پۆستێکی باڵای لەحکومەتدا هەیە، هاوکات گووتی، ئەو زەویانە هەر بە واژۆی هەمان کەس بە نرخێکی زۆر هەرزان فرۆشراوە بە کۆمپانیایایەکی نزیک لە هەمان بەرپرس.
ئەوەی جێگەی گلەییە لە کاک هۆشیار نەدرکانی ناوەکانە، کە ئەمەش بە سەلبی بۆی حساب دەکرێت. هەموومان دەیبیستین و دەیخوێنینەوەو دەزانین کە دزین و بەتاڵانبردن و داگیرکردانی موڵک وماڵ و زەویی و داروبەردی کوردستان لەلایەن مافیاکانی حیزبەوە بەئاشکرا دەکرێت، کەواتە کارێکی نەشیاو و نەنگی و تاڕادەیەک ناجوامێریانەیشە گەر ناوی گەندەڵکاران وەک خۆیان نەهێنرێت، بەتایبەت دەمێک مرۆڤ لە ناوی بکەرەکە تەواو دڵنیابێت.
ئەز لە مێژە بڕیارم داوە بێ سڵکردنەوە ناوی گەندەڵکاران بهێنم و ڕسوایان بکەم. هاوکات ئامادەشم هەرکەسێک کەیسی گەندەڵی لایەو لەبەر هەر هۆیەک ناتوانێت ناوی گەندەڵکارەکە بهێنێت ،من ئامادەم بە ناوی خۆمەوە بڵاوی بکەمەوە.
سەبارەت بە ناوەکان، لە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوەوە ئەوەم پێگەیشت کە کەسە بەرپرسە باڵاکە [قوباد تالەبانیە]،کە فەرمانی سووتاندنی دەرکردوە، هەر بە واژۆی ئەویش زەویەکە کە بە 120 دۆنم مەزەنە دەکرێت بە نرخی تۆڵەکە بە نهێنی فرۆشراوە بە [دانای حاجی ساڵح] ی خاوەن کۆمپانیا، کە کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی تالەبانیە.
ئەم دانایە پلانی هەیە پاش کۆتایی هاتنی سووتاندن، زەویەکە ماستەر پلان بکات و تەرخانیان بکات بۆ [پێشەنگای سەیارە]،مپاشان هەر پارچە زەویەکی تەرخانکراو بۆ پێشەنگا بە نرخێکی خەیاڵی دەفرۆشێتەوە. جا مەزەنە دەکرێت ئەم دانایە [100] ملیۆن دۆلاری دەستبکەوێت.
لەم سەوداو مامەڵەدا قوباد و تالەبانیەکانی تر بێ گومان پشکی خۆیان بەردەکەوێت.
چەند هەوڵێکی دڵسۆزانە لە ئارادایە بۆ ڕێگەگرتن لەو گەندەڵیە، ئەز هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، بەڵام تاڕادەیەک بە گومانم لە سەرکەوتنیان، چونکە ڕابردوو سەلماندوویەتی کە گەندەڵکاران لە یاساو ڕێساو کەسانی پاک و دەزگای دڵسۆز بەهێزترن و چییان بوێت دەتوانن ئەنجامی بدەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت