خالید مەجید فەرەج: لیبرالیزم و دیموکراسی و عەلمانیەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەدەست دەهێنێت چەمکی دیموکراسی لە چوار ڕەگەز پێک دێت: عەلمانییەت، گرێبەستی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنگەری (تەنویر) و لیبرالیزم.

عەلمانییەت، واتا جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت. گرێبەستی کۆمەڵایەتی، واتا ڕێکەوتن لە نێوان مرۆڤدا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک دوور لە دەسەڵاتی ئایینی. ڕۆشنگەری، واتا هیچ شتێک لەسەر و عەقلەوە نییە، تەنیا ئەقڵ خۆی نەبێت. لیبرالیزمیش، واتا دەسەڵاتی تاک سەر و دەسەڵاتی کۆمەڵگەوەیە.

لیبرالیزم
دەتوانین زۆر بەکورتی بڵێین بیرۆکەی لیبرالیزم واتا ئازادی تاکە کەس وەکوو ئازادی فیکر و هەڵسوکەوت و ڕێزگرتن لە کەرامەتی ئینسان و جەخت کردن لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت هەقی بەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەکانەوە نییە، بە واتایەکی دیکە دەست ناخاتە ناو کاروباری گەل و هەقی ئەو ئەو چالاکییانەی نییە کەپێی هەڵدەستێت، بەڵام کاتێک ڕۆڵی دەوڵەت دەردەکەوێت کە ئەو چالاکیانە کاربکەنە سەر بەرژەوەندی تاکە کەس.

لیبرالیزم وشەیەکی ئینگلیزییە لە لاتینییەوە وەرگیراوە لیبر بەواتای (ئازاد) دێت. دەڵێن: سەرهەڵدانی لیبرالیزم هاوشانە لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا، چونکە سەرمایەداری ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی مەبەست لە لیبرالیزم کە ئازادی تاکە کەسە. هەندێک بۆ چوون سەرهەڵدانی لیبرالیزم دەگێڕنەوە بۆ شەڕە ئایینییەکانی هەر دوو سەدەی شازدەیەم و حەڤدەیەم لە ئەورووپا، چونکە لێبوردەیی کە لە کرۆکی پێکهاتەکەیەتی بەرامبەر بوو بەو دەمار گیریەی کە هۆکاری ئەو شەڕە خوێناویانە بوو.

پەیڕەوی فیکری لیبرالیزم دوو ڕەهەندی هەیە: ڕەهەندی مەعریفی، و ڕەهەندی ئینسانی:
ڕەهەندی مەعریفی:

دەڵێت پاوان کردنی هەقیقەت یاساغە.

بۆ هیچ کەس یان هیچ لایەنێک نییە بڵێ بە تەنیا هەقیقەت لای منە و ئیدی ئەوانەی تر بەتاڵن. لەبەر ئەوەی یەکەم هەقیقەت لای هەموو مرۆڤ یەکسانە هیچ کەسێک لە وانی دیکە زیاتر ناگات بە هەقیقەت، دووەم هەقیقەت ڕێژەییە واتا ڕەها نییە هەموو ئادەمیزاد دەتوانن بگەن بەشێک لەهەقیقەت نەک هەمووی، بۆیە کەس یان کۆمەڵێک بۆیان نییە بڵێن هەقیقەتی ڕەها لای ئێمەیە. بۆ نموونە موسڵمان دەڵێن هەقیقەت لای ئێمەیە، مەسیحییەکان هەروەها، پرۆتستانت و کاسۆلیک، شیعە و سوننە.

دەکرێت ورد تر لەسەر ئەو مەسەلەیە بوەستین و بڵێین کەس ناتوانێت بگاتە هەقیقەتی موتلەق لەبەر دوو هۆکار:

هۆکاری یەکەم/ فرەیی سەرچاوەکانی مەعریفەت.

پێش سەد ساڵ سەرچاوەی مەعریفەت یەکێک بوو کە ئەویش ئایین و کتێبی پیرۆز بوو، بەڵام ئێستا سەرچاوەکانی زانست (مەعریفەت) جۆراوجۆرن و زیاد بوون. زانستە سروشتییەکان سەریان هەڵدا، زانستە مرۆیییەکان وەکوو دەروونناسی و کۆمەڵناسی و زانستەکانی دیکە گەشەیان کرد. کەواتە سەرچاوەکان فرە بوون بۆ نموونە ئیماندار سەرچاوەیەکی هەیە، کۆمەڵناس سەرچاوەی خۆی هەیە، دەروونناس سەرچاوەی جیایە، کەواتە فرەیی سەرچاوەکان دەکاتە ئەوەی کە هەقیقەت پاوانی هیچ کەسێک نییە و هەر کەسێک یان کۆمەڵەیەک بەشێکی لایە و تەواو کەرەکەرەی لای خەڵکان یان کۆمەڵە و گەلانی ترە.

هۆکاری دووەم/ لە دایک بوونی تیۆریەکان و گەشە سەندنیان

تیۆرییەکی یەکلایی کەرەوەمان نییە، چەند شارستانی پێش بکەوێت ئەوەندەش ئاسۆکان بەڕووی ئەقڵی مرۆڤدا دەکرێنەوە و کەم و کوڕی تیۆرییەکانی پێشوومان بۆ دەردەکەوێت، کەواتە لەبەر ئەوەی تیۆرییەکان بەردەوام لە قۆناغی دروست بوون و گەشەسەندان واتا کامڵ نەبوون کەواتە مرۆڤ هەقیقەتێکی ڕەهای بەدەست نەهێناوە، بۆیە دەتوانین بڵێین بناغەی یەکەمی فکری لیبرالی دەڵێت: هەقیقەتێکی ڕەها (موتلەق نییە).

بناغەی دووەم/ بە هیچ شێوەیەک موقەدەس نییە.

فەیلەسووفی ئەڵمانی “کانت” و فەیلەسووفی بەریتانی “سبنسر” لە پێشەنگەکانی بیری لیبرالیزمن. کانت دەڵێت: ئازا بە لە ڕەخنەگرتن لە موقەدەسەکان، هیچ شتێک لەبەردەمی خۆتدا بە موقەدەس دامەنێ، ڕەخنە بگرە، چونکە ئەگەر شتێکت بە موقەدەس زانی و گوتت فڵان زانا موقەدەسە، لە ئەهلی تەحلیل (شیکاری) دەردەچیت و دەبیت بە ئەهلی تەجلیل (بەرز ڕاگرتن). ئەگەر لە ئەهلی شیکاری دەرچوویت فکری خۆت دەبەستیتەوە، تۆ بە ئازادی فیکرەوە خولقاویت، ئازاد لە دایک بوویت، هەر شتێکت تەقدیس کرد ئازادی و ئەقڵی خۆت کۆت و زنجیر دەکەیت.

بناغەی سێیەم/ لەناو مرۆڤدا مەعسوم نییە.

هیچ ئینسانێک لە ئینسانێکی دیکە زیاتر نییە، کەواتە دەکرێت هەموو بخرێنە سەر مێزی توێژینەوە و ڕەخنە، ئەوەی کارەکانی باش بێت قبووڵ دەکرێت و ئەوەی خراپ بێت ڕەت دەکرێتەوە. بە واتایەکی دیکە کەس لە هەڵسەنگاندن و لێپێچینەوە بەدەر نییە.

بەشی دووەم/ ڕەهەندی ئینسانی

بناغەی یەکەم/ باوەڕ کۆڵەکەیەک نییە لە ئینسانیەتی ئینسان.

بەدەر لەوەی کە چ عەقیدەیەکی هەیە مرۆڤ هەر مرۆڤە عەقیدە هیچ پەیوەندییەکی بە ئینسانیەتی ئینسانەوە نییە، بۆیە ئەگەر کەسێکی دیکە موخالیفی عەقیدەی من بوو، نابێت لە مرۆڤایەتییەکەی و مافە ئینسانییەکانی دابماڵرێت. بە هەمان شێوە هەر کەسێک لەسەر هەر عەقیدەیەک بوو ئەگەر وازی لێ هێنا یان گۆڕی، نابێت مافە ئینسانییەکانی لێ بسەنرێتەوە. چونکە وەکوو گوتمان عەقیدە گۆشەیەک نییە لە گۆشەکانی ئینسانیەتی ئینسان، هەر لەبەر ئەوەیە کە فیکری لیبراڵیزم بانگەشەی فرەیی دەکات. نابێت کۆمەڵگەیەک زۆر لێ بکرێت لەسەر ئایینێک یان بیروڕایەکی دیاری کراو بێت. دەبێت قبووڵی فرە ئایین و بیروباوەڕ و جیاوازی مەزهەبەکان بکەین.
بناغەی دووەم/ دەبێت ڕووبەری مافەکان لە ئەرکەکان زیاتر بێت.
فیکری لیبرالیزم دەڵێت بگەڕێ بەدوای مافەکاندا نەک ئەرکەکان. من مرۆڤم مافەکانم چین.
بناغەی سێیەم/ بەستنەوەی باش یان (جوانی) بە تاقیکردنەوەوە نەک پێشتر بڕیار لەسەردان.
کێ بڕیار لە جوانی و ناشیرینی شتێک یان کردەوەیەک دەدا، بە واتایەکی دیکە باشی و خراپی. ئەگەر شتێک تاقی نەکرابێتەوە چۆن بڕیار لەسەر باشی یان خراپی ئەو شتە دەدەیت. کەواتە دەبێت هەموو شتێک بخرێتە بەر تاقی کردنەوەی کۆمەڵایەتی یان بەوێدا تێپەڕ ببێت، ئەگەر نا ئەوە بڕیارێکە لە سەرەوە دەدرێت بەبێ ئەوەی کۆمەڵگە تاقی کردبێتەوە ئاخۆ باشە یان خراپ. چونکە لەبری ئەو بڕیاری لەسەر دراوە ئەوەش پێچەوانەی پرەنسیپی ئازادییە کە لیبرالیزم بانگەشەی بۆ دەکات.

لیبرالیزم و دیموکراسی

پەیوەندی لە نێوان لیبرالیزم و دیموکراسیدا زۆر پتەوە سەرەتا لە کۆمەڵگەی ئەثینا بنەمای دیموکراسی پەیڕەو دەکرا کە لەسەر دوو ڕەگەز وەستابوو، یەکسانی هەموو لە بەرامبەر یاسادا و ئازادی بیروڕا. دەتوانین بڵێن کە یۆنانیەکان دیموکراسی و لیبرالیزمیان پێکەوە گرێ دابوو. بەڵام دیموکراسییەتە کەی یونان نوقسانییەکی گەورەی هەبوو، تەنیا پیاوە ئازادەکان بۆیان هەبوو دەنگ بدەن، ژن و کۆیلەکان و بیانییەکان ئەو مافەیان نەبوو.

شۆڕشی ئینگلیزی کە لە سەدەی حەڤدەیەمدا ڕووی دا کاریگەری دیاری هەبوو لەسەر زانستە سیاسییەکان، بۆ یەکەم جار مەفهوومی ئازادی یان لیبرالیزمی لە هۆشی خەڵکدا چەسپاند، چونکە تا ئەو کاتە ڕۆشنبیری خەڵک دەربارەی حوکمی ئیستیبدادی بوو واتا تەسەورێکیان بۆ حوکمێکی دیکە نەبوو کە گەل بڕیاری لەسەر دابێت. هەروەها ڕاگەیاندنی مافەکان لە ساڵی 1689 گواستنەوە بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە بۆ سەدە نوێیەکان.

ئەو فەیلەسوفەی کە بەردی بناغەی بە تیۆریی کردنی لیبرالیزمی دانا جۆن لۆک بوو ئەو فەلسەفەی سیاسی لە قۆناغی لاهوتی مەسیحییەوە (یاسای ئیلاهی) گواستەوە بۆ قۆناغی یاسای سروشتی یان دانراو کە ئەقڵی مرۆڤ دروستی دەکات. ئەوەی کە جۆن لۆک جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو بە تەنیا یاسای سروشتیی (یاسای دانراو لەلایەن خەڵکەوە لە بەرامبەر ئەوەدا یاسای ئیلاهیە کەلەکتێبە موقەدەسەکاندا هاتووە) دا نەهێنا، بەڵکوو بە ئاراستەی لیبرالیزم و ئازادی تاکە کەسی بەکاری هێنا.
کاتێک کە ڕاگەیاندنە بەناوبانگەکەی مافی مرۆڤ بڵاو کرایەوە ئیدی زەمانی ئیستیبداد و حوکمی ڕەهای پاشاکانی فەرەنسا بۆ هەتا هەتایە کۆتایی پێ هات، بۆ یەکەم جار لە مێژووی فەرەنسادا مافی ئیلاهی پادشاکان کۆتایی پێ هات و خەڵک یەکسان بوون بەرامبەر بە یاسا. پێشتر لە فەرەنسا لە سەدەمی پاشایەتی کۆندا کۆمەڵگەی فەرەنسی کرابوون بە سێ چینی سەرەکییەوە: چینی ئۆرستوکراتی دەرەبەگ، چینی گەورە کەهەنوت و پیاوانی کەنیسە، عامەی گەل، کەدەکاتە جووتیار و پیشەگەرەکان، بەڵام لەدوای شۆڕش ئەم دابەشکردنە لەنێوان خەڵکدا کۆتایی پێ هات ئیدی چینی ئۆروستوکرات ئەو ئیمتیازاتانەی پێشوویان نەما کە بە تەنیا لە دایک بوون لە خێزانێکی دەرەبەگدا هۆکار بێ، بۆ بێ ئەوەی کار بکەیت و ڕەنج بکێشێت هەموو مافەکانت هەبێت. ئیدی بەهای ئینسان بە سەرکەوتن لە بوارێک لە بوارەکاندا و بە تواناکانی خۆی دیاری دەکرا نەک ئەو پێگەیەی کە بە میرات بۆی ماوەتەوە.
دیاری ترین بیرمەند کە سیستەمی لیبرالیزمی دیموکراسی تیۆریزە کرد کەسێک بوو بە ناوی توکفیل. لە کتێبەکەیدا بەناوی (دیموکراسی لە ئەمریکا) ساڵی 1835 ئیعجابی خۆی بەرامبەر بەو سیستەمە کە باوکانی مەزن دایان مەزراند ( تۆماس جیفرسون و هاوەڵەکانی)، دەربڕیوە. بەڕای ئەو ئەوە باشترین سیستەمی حوکمڕانیە، چونکە ڕای گەل بە نەزەری ئیعتیبار وەر دەگرێت بەڵام پەیوەندی یان گرێدانی نێوان دیموکراسی و لیبرالیزم ئاسان نەبوو . لە ئینگلتەرا کە ڕەسەنترین دیموکراسییە! ڕاستە هەموو سەدەی نۆزدەیەم و پێش ئەوەش لیبرالی بوو، بەڵام لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بە فیعلی بوو بە دیموکراسی. چونکە مافی دەنگدان تەنیا بۆ چینە بۆرجوا موڵک دارەکە بوو. دواتر هێشتیان کرێکارو جووتیارەکە کە فێری خوێندن و نووسین بوون دەنگ بدەن. هەروەها لە فەرەنساش جەنەراڵ دیگۆل ساڵی 1945 ڕێگەی بۆ ژن کردەوە دەنگ بدەن.

هەرچۆنێک بێت، دەتوانین بڵێین کە ناو کۆیی هاوبەش لەنێوان ئەو بۆچوونانەدا ئەوەیە کە دەسەڵاتی تاک بەرزترە لە دەسەڵاتی کۆمەڵگە. هەر لەم تێڕوانینەوە دەتوانین بڵێین کە فەیلەسووفی ئینگلیزی جۆن ستیوارت باوکی ڕۆحیی لیبراڵیزمە، لە کتێبە بەناو بانگەکەیدا بەناوی ( دەربارەی ئازادی) ە باس لە پەیوەندی نیوان ئازادی و دەسەڵاتدا دەکات و سنوورێک بۆ دەسەڵاتی کۆمەڵگە دادەنێت، بە شێوەیەک کە دەسەڵاتی تاک لە دەسەڵاتی کۆمەڵگە زیاتر بێت.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەکرێت دەسەڵاتی تاک باڵاترین بێت؟

دەکرێت وا بێت، بەڵام دەبێت لە غیابی “ئیستیبدادی زۆرینەدا بێت” کاتێک کە ئەو تەرحە ئیستیبدادە حزوری دەبێت ئاسایی شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ئیدی ئەرکی ڕای گشتی سنوور دانان دەبێت بۆ ئازادی تاک، لێرەدا پرسیارێکی دیکە قووت دەبێتەوە ئایا ئیستیبدادی زۆرینە چۆن ڕودەدات؟
بۆ نموونە لە حاڵەتی شۆڕشی فەرەنسیدا کە دەرهاویشتەی عەقڵی تاکی متەنەویر بوو ، ئەو منەوەرەش ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی عەقڵ لای ئەو تەنیا حوکمی عەقڵی خۆیەتی، نەوەک عەقڵی ئەو هێڵە سوورانەی کە کولتوور کێشاونی و ڕێگرن لە گۆڕان و پێشکەوتن واتا دوای ئەو عەقڵە جەمعییە ناکەوێت کە کولتوور خەمڵاندوویەتی. ئەو پێناسەیە بۆ منەوەر (متنور) فەیلەسووفەکانیش دەگرێتەوە کە ڕێگەیان بۆ شۆڕشی فەرەنسی خۆش کرد. دەگوترێت چینی بۆرجوازی شۆڕشی فەرەنسی دروست کرد، بەڵێ ئەوە ڕاستە. بەڵام ئەگەر کەسە فەعالەکانی ناو ئەو چینە متنور نەبوونایە هەرگیز ئەو شۆڕشە ڕووی نەدەدا. چونکە تەرحێکی دیکە لە بۆرجوا هەیە کە لەگەڵ خەتی ئایینیدا خۆی گونجاندوەو پێکەوە دژ بە ڕێڕەوی شارستانی مرۆڤایەتی کار دەکەن. نموونەی میسر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کە کۆمپانیاکانی تەوزیف کردنی پارە دروست بوون و لەگەڵ ئوسووڵیەتی ئایینیدا یەکیان گرت ئیدی کەوتنە تەسفیەکردنی منەوەرەکان لەوانە بۆ نموونە (فەرەج فۆدە).

لیبرالیزم فەلسەفەیەکی سیاسی و ئەخلاقییە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی لە بەرامبەر قانووندا دروست بووە ، بیروباوەڕەکانی لیبرالیەکان پشت بە تێگەیشتنییان بۆ ئەو پرەنسیپانە دەبەستێت و پشتگیری لە مافەکانی تاک و مافە مەدەنیەکان و مافی مرۆڤ و سەرمایەداری و بازاڕی ئازاد و دیموکراسی و عەلمانییەت و یەکسانی لەنێوان هەر دوو ڕەگەزەکەدا و یەکسانی نەژادی و ئازادی بیروڕا دەربڕین و ڕۆژنامەگەری و ئایین دەکەن. بەم شێوەیە دەتوانین جیاوازی لەنێوان لیبرالیزم و عەلمانییەتدا بکەین کە لیبرالیزم عەلمانییەت لە خۆ دەگرێت، کاتی پێویست بەدیار کەوت و هەوڵی دا بنەماکانی ئیمتیازاتی بۆ ماوە( ویراسەت) و ئایینی دەوڵەت و مەلەکیەتی ڕەهاو هەقی ئیلاهی پادشاکان بگۆڕێت بە دیموکراسی و سەروەری یاسا ، لیبرالیەکانیش سیاسەتی مۆنۆپۆڵکردنیان کۆتایی پێ هێنا و بازاڕی ئازادیان بەهێز کرد.

سەرانی شۆڕشەکانی فەرەنسا و ئەمریکا ، لیبرالیزمیان وەک ئامرازێک بۆ لەناو بردنی جەوری سیستەمە پادشایییەکان بەکار هێنا. فیکری لیبرالیزم ورد وردە بڵاو دەبووەوە و گەشەی دەکرد، لەسەدی نۆزدەیەم دا حکومەتە لیبرالیزمەکان بە هەموو ئەورووپا و ئەمریکای باشووردا بڵاو بووەوە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا کاریگەری لیبرالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەمەبەستی ئیسلاح و گۆران دەرکەوت. ئەوەش وای لە کۆمەڵگە دیکتاتۆرییەکان کرد کە هەست بە قەیران و کێشەی جددی بکەن. بەرهەڵستکارانی لیبرالیزم پێک هاتبوون لە شیوعییەکان و سۆسیالیستەکان و فاشیزم و مارکسیزمی لینینیزم . کاتێک کە کۆمەڵگە دیموکراسی و لیبرالیزمەکان لەنێوان هەر دوو جەنگەکەدا لە بەرەی براوەدا خۆیان بینییەوە ، ئیدی لیبرالیزم بوو بە دا کۆکی کاری سەرەکی لە ئازادی و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن.

لە گەورە بیرمەندەکانی لیبرالیزم:

جۆن لۆک : کەلەساڵی 1632 لە دایک بووە و لە ساڵی 1704 مردووە هەر لە سی ساڵییەوە کەوتۆتە ناو کێشمەکێشی ژیانی سیاسییەوە لە ئینگلتەرا دواتر کە ناوبانگی وەکوو فەیلەسووفێک بڵاو دەبێتە و دەگاتە ترۆپکی شۆرەت و دانراوەکانی بڵاو دەبنەوە، لە وانە (وتارێک لە تێگەیشتنی مرۆڤدا) لە فیکرە فەلسەفییەکەیدا زیاتر گرنگی بەو ژیانەدا کە پێویستە مرۆڤ هەوڵ بدات بیگاتێ، بەستیشییەوە بەوەوە کە چۆن مرۆڤ بتوانێت هەموو شتێک بزانێت، ئەوەش پاڵی بە فیکری لیبرالیزمەوە دەنا کە پێش بکەوێت لە نووسینەکانیدا دەیگوت مرۆڤ بە سروشت ئاشتیخوازە مافی ئەوەی هەیە کە بە ئازادییەکی ڕەها لە بواری سیاسی و ئابووریدا بژی.
ئادەم سمیث: کاتێک کەباس لە فیکری لیبرالیزم و ئابووری سیاسی دەکرێت دەبێت ناوی فەیلەسووف ئادەم سمیث خاوەنی کتێبی ( سەروەتی نەتەوەکان) بهێنرێت، کەتیادا بنەما بنەڕەتییەکانی ئابووری لیبرالیزمی سەربەستی دەست نیشان کردووە. ئەو بیرمەندە ئیستوکلەندەیە لە ساڵی 1723 لە دایک بووە گرنگی زۆری بە ئەخلاق سیاسەت دا و ئەو لە فەلسەفەی وا دەڕوانی کە گرنگە بۆ شیکاری مەعریفەت، لەپاڵ ئەویشدا پەیڕەوی زانستی لە توێژینەوەدا، هەر زوو بڕوای بە گرنگی ئازادی مرۆڤ و کۆمەڵگە هەبوو. لە ساڵی 1790 دا پاش ئەوەی کۆمەڵێک بنەمای گرنگ دەربارەی ئاراستە کردنی سیاسەت و ئابووری بۆ ئینگلتەرا پاش خۆی بەجێ دەهێڵێت.

عەلمانییەت
وا پێناسە دەکرێت کە ئایدۆلۆجیای ڕەتکردنەوەی ئیعتیبارە ئایینییەکانە لەناو دەوڵەتدا. بە واتای دوورخستنەوەی ئایینە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییە مەدەنییەکان و دوورخستنەوەی ڕەمزە ئایینییەکانە لە ژیانی گشتی و بێلایەنی یان دوور وەستانی دەوڵەتە لە ئایینەوە، وەکوو فەلسەفەیەکیش، عەلمانییەت هەوڵ دەدات ژیان بەپێی دونیای مادی بەبێ پەنا بردن بۆ ئایین ڕاڤە بکات. بەڵام لەڕووی سیاسییەوە عەلمانییەت دەکاتە جیاکردنەوە لەنێوان دامەزراوە ئایینییەکان و حکومییەکاندا ، بە واتای ئەوەی کە حکومەت بێلایەن بێت بە نیسبەت ئایینەوە و ڕێ لە هیچ مومارەسەیەکی ئایینی ئازاد نەگرێت، و هەڵبژاردنی ئایینی بەجێ بهێڵێت بۆ گەل، کەواتە عەلمانییەت دەکاتە مافی ئازاد بوون لە حوکم و ڕێنوێنییەکانی ئایین و مومارەسەتەکانی لە کاروباری ژیاندا.

بیرمەندەکانی عەلمانییەت کە نەک هەر داوای دوورخستنەوەی دینیان لە دەوڵەت کردووە بەڵکوو پەڕیونەتەوە بۆ دروست کردنی جۆرە کۆمەڵگەیەک کەهەر شتێک پەیوەندی بە ئایین و وغەیبیات و هەبێت ڕەت بکاتەوە. ئەوان دەڵێن ئەخلاقی موجەرەد پەیوەندی بە خوداوەندەوە نییە. لە دیاری ترین بیرمەندەکانی عەلمانییەت ماکیاڤیلی ئەو زیاتر لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت داوا دەکرد دژایەتی کەنیسەی دەکرد و دەیگوت دەبێت ئایین بە موتڵەق لەژێر دەستی میردا بێت . بەڵام دواتر کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسووفی دیکە سەریان هەڵدا کە یرو ڕاکانیان میانڕەوتر بوون لە وانە:

سپینوزا:
باروخ سبینوزا لە 1632 لە هۆڵەندا لە خێزانێکی جولەکە لە دایک بوو بەڵام هەر زوو بیر و باوەڕی بەلای عەلمانییەتدا وەرگەڕا، ئەو لەڕووی فەلسەفییەوە ڕەخنەی ئاراستەی تەورات کردوو کەبەهۆیە تایەفەکەی خۆی حاشایان لێ کرد و یەکێک لە توندڕەوەکان ویستی بیکوژێت . سپینوزا ئەقڵی بردە ناو بیرکردنەوەی ئایینی و سیاسییەوە و داهێنەکانی ئینسانی لە ئایین جیاکردنەوە. لە بەناوبانگترین کتێبەکانی نامەیەکی کورت دەربارەی خودا و ئینسان و بەختەوەرییەکەی و نامەیەک سەبارەت بە ئیسلاحی ئەقڵ و کتێبی بنەماکانی فەلسەفەی ڕینیە دیکارت.

مونتسکیو
یەکێکە لە دیاری ترین بیرمەند و فەیلەسووف کە بانگەوازی ئازادی و لێبوردەیی و حوکمی دەستووریان کردووە لە فەرەنسا، لە دوژمنە سەر سەختەکانی ئیستیبداد بوو لە فەرەنسا ساڵی 1689 لە دایک بووە و ساڵی ١٧٥٥ مردووە وتارێکی سەبارەت بە سیاسەتی ڕۆمان لەسەر ئایین و تێبینییەکانی دەربارەی مەزنی ڕۆمانەکان و دواتر سەرە و نگووم بوونیان نووسیوە ، لە گرنگترین دانراوەکانیشی ڕۆحی یاساکانە.

جیاوازی لەنێوان لیبرالیزم وعەلمانیەتدا

کاتێک کە باس لە جیاوازی نێوان لیبرالیزم و عەلمانییەت دەکرێت، دەبینرێت کە عەلمانییەت لەناو لیبرالیزمەوە سەری هەڵداوە ، بە واتای کە عەلمانییەت بەبێ لیبرالیزم بوونی مەحاڵە، بەڵام پێچەوانەکەی دەشێت. چونکە لیبرالیزم فەلسەفەیەکی سیاسی فراوانە چەند ڕەگەز و بنەمایەک پێک دێت کە عەلمانییەت لە خۆ دەگرێت، ئەوەش دەکاتە بوونی بیر و بۆچوونی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە پشتگیری لە پێشکەوتن و ئیسلاح و دیموکراسی دەکات لەناو دەوڵەتدا لەگەڵ سەربەستی ئایینەکان، بەڵام عەلمانییەت بە هیچ جۆرێک واتا بە موتلەق ناهێڵێت ئایین قەرەی سیاسەت بکەوێت. بە جۆرێک کە دام و دەزگاکانی دەوڵەت بە سەربەخۆیەکی تەواوەوە ئیش دەکەن.بانگەشەی عەلمانییەت بناغەیەکی ئایدۆلۆجی و فەلسەفی سیاسی هەیە وەکوو لیبرالیزم نییە کە کۆمەڵەیەکی تەواو لە نموونەی بەرز و فەلسەفە کە تەرح دەکات کە زانست و هونەرە ئینسانییەکان لە ڕوانگەی لیبرالیزمەوە گەشە پێ دەکات.

عەلمانییەت دەڵێت باوەڕی ئایینی کەسێک نابێت کار لە تواناکانی بکات بۆ کار کردن وەکوو ئەندامێک لە کۆمەڵگەکەدا، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ جیاوازی گەورە لە نێوان لیبرالیزم و عەلمانییەت لەڕووی تێڕوانینیان بۆ ئایین لەناو کۆمەڵگاکاندا ، پاساوی عەلمانییەت بۆ ترسە بەردەوامەکەی لە ئایین لەڕێگەی نموونەی واقیعییەوە دەهێنێتەوە ، بۆ نموونە چەوساندنەوەی ئەوانەی سەر بە ئایینی زۆر بایەتی نین لە هەر دەوڵەتێکدا، لەم گۆشەیەوە لیبرالیزم موتەفیقە لەگەڵ عەلمانییەتدا کە دژی جیاکردنەوە و لەگەڵ یەکسانی و مافەکانی تاکە کەسدایە.

لێرەوە دەکرێت بڵێین کە لیبرالیزم هەڵوێستە لەسەر مەسەلەی ئازادی، عەلمانییەت هەڵوێستە دەربارەی حوکم. ئەگەر لیبرالیزم ئازادی ڕەها بێت تا ئەو جێگەیەی کە زەرەر بە کەسی دیکە نەگەینێت، عەلمانییەت جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەتە .
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە دەشێت ئەم پرسیارە بکرێت ، ئایا هەموو عەلمانییەک لیبرالیە، یان هەموو لیبرالیەک عەلمانییە؟ ، وەڵامی پرسیاری دووەم ئاسانە بەڵام یەکەم نەختێک ئاڵۆزە. بۆ نموونە هیتلەر و ستالین و سەدام حسێن عەلمانی بوون چونکە دینیان لە دەوڵەت جیا کردبووەوە بەڵام هەرگیز لیبرالی نەبوون چونکە باوەڕیان بە پرەنسیپی ئازادی نەبوو.

بۆ وەڵامی پرسیاری دووەم ئەگەر لە دەوڵەتێکی لیبرالیدا یاسایەک هەبوو کە بنچینەکەی ئایینی بوو، ئەو دەوڵەتە عەلمانی نییە . بەڵام ئایا هەر لیبرالیەک عەلمانییە بەڵێ وەکوو پرەنسیپ هەموو لیبرالیەک عەلمانییە چونکە لیبراڵی باوەڕی بە ئازادی ڕەها هەیە.

1- David Farnell What is the difference between secularism and liberalism
2- الليبرالية أعلى مراحل العلمانية… مراد وهبة
3- حول اللیبرالية العلمانية ….خالد ترکی آل ترکي
4- مفهوم مصطلح اللیبرالية….موسوعة مصطلح الليبرالية
5- اسعد ابو خليل … نشأة الليبرالية العربية وعلاقتها بالغرب
6- غادة الحلايقة….. ما معنى ليبرالی
7- اللیبرالية نشأتها ومجالاتها… عبدالرحيم بن صمايل السلمي

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت