جیهاد محەمەد : بەیانامە و راگەیاندنەکانی (رۆشنبیران) و ( خەمخۆران ) چی دەگەیەنێت ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆمەڵە کەسانێک ، بە ناوی ( رۆشنبیران ) و ( خەمخۆرانەوە ) بۆ ئاشتی و سازانی نێوان حیزبەکان ، لە بۆسەدا خۆیان ناوەتەوە ، هەر کە کێشەیەکی سیاسیی لە ناو حیزبەکاندا دروستدەبێت ، ئیتر ئەمان دەبن بە دەمسپی و ، وەک کوێخا و دەمسپی بەردەم مزگەوتەکانی جارانی لادێکان دەکەونە ئامۆژگاریکردنی ئەم حیزبانە . وەک ئەوەی ئەم حێزبانە زۆر گوێیان لێگرتبێتن و زۆر بە هەند وەریان گرتبێتن !. لە لایەک دوو هەزار و دووسەد و پانجا کەس واژویانکرد بۆ ئەوەی ولایەتی مەسعود بارزانی درێژبکرێتەوە ، بێ ئەوەی هیچ پاساوێکی سیاسیی ، یاسایی ، کۆمەڵایەتیی و عەقڵانی وایان هەبێت کە قەناعەتپێکراوبێت . لە لایەکی تر کۆمەڵێک لە رۆشنبیر و راگەیاندکار بەیاننامە و داوایەکی ( خەمخۆرانە ) پێشکەش بە حیزبەکان دەکەن کە کێشەکە چارەسەربکەن و سازان بکەن لە ناو خۆیاندا .
سەیر لەوەدایە ، ئەمانە بە ناوی ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروستنەبێتەوە ، دەترسن لە تێکچوونی ئەزموونە عەنتیکەکەی کوردستان. بەڵام خودی بارزانی دەڵێت : ئەم کێشە سیاسییەی ئێستای کوردستان ئاساییە : ڕۆژنامەی باس
ئێمەش حەقمانە بپرسین ، بە ڕاست ترسەکەی ئێوە راستەقینەیە ، یان بیرکردنەوە دیموکراتییانەکەی مەسعود بارزانی ؟ تۆ بڵێی بارزانی زیاتر لە رۆشنبیران و ( خەمخۆرە ) بە ئاگاگان دیموکراتییانەتر بیربکاتەوە ؟! ئەم پرسیارە مەگەر هەر واژوکۆکەرەوەکان خۆیان بتوانن وەڵامی بدەنەوە . ( خەمخۆرەکان ) دەبێت بە ڕاشکاوی بڵێن : نا ئەو قسەیەی بارزانی کردویەتی ئەوە جۆرێک بووە لە سیاسەتکردن و جوانکردنی بیری خۆی و حیزبەکەی ، یان دەبێت بڵێن ئێمە هەڵەیەن .
ئەگەر لە ئێمەو مانانیش بپرسن ، ئەوە راستگۆیانە پێتان دەڵێین : ئەوەی مەسعود بارزانی لە بەردەم شاندەکەی نەرویجدا وتی وانیە ، بارزانی دەڵێت : یان من یان ئەزموونە عەنتیکەکەمان . ئەوەی ئێوەش داوای دەکەن، ئەوە ئاسانی سارد کوتانە ، چونکە هیچ کات نە موسعود بارزانی نە ئەم حیزبانە بە قسەی ئێوەیان نەکردووە و گوێیان لێنەگرتوون .
بە بڕوای من ئەم لێدوان و واژوکۆکردنەوانە بۆ درێژکردنەوەی ولایەتی مەسعود بارزانی ، یان بۆ هێورکردنەوەی کێشەی نێوان پێنج حیزبە حوکمڕانەکە، لە خۆ دەرخستن و خۆ جوانکردن زیاتر هیچی تر نییە .
وەک مامۆستا حەمە فەریق حەسەن وتی : دەبوو حکومەت و حیزبەکان لە رۆشنبیران بترسانایە ، نەک رۆشنبیران لەوان بترسێن و بیانەوێت خۆیان جوان بکەن لە بەردەمیاندا .
* ئەم هەموو رۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەند و چالاکوانە مەدەنیی و ( زانای ئاینیانە ) لە کوێن لە کاتی ئەو هەموو نادادپەروەرییەی کە خودی ئەم حیزبە حکومرانانە و بە تایبەتی یەکێتی و پارتی دەیکەن بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ؟ ماوەی ٢٥ ساڵە یەکێتی و پارتی شەڕ دەکەن ، خەڵک بە کوشت دەدەن ، سەروەت و سامانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دەدزن ، بۆ ئەم کۆمەڵە گەورەیە لە خەمخۆرانی بە ئاگا و هۆشیار دیار نەبوون و هیچیان نەوت . خۆ ئەگەر دەڵێن بەڵێ قسەمانکردووە، بەڵی رەخنەمان گرتووە، بەڵی نووسینمان نووسیوە ، بەڵێ میتنگ و کۆڕ و کۆبوونەوەی زۆرمان لەسەر کردووە . بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ، ئایە بۆ هیچ شتێک شەرمیان لە ئێوە کرد ؟ بۆ هیچ شتێک گوێیان لە ئێوە گرت ؟ بۆ یەکجاریش بە قسەی ئێوەیان کرد ؟ دەتوانن شتێکی باشمان لەو شتانە پێبڵێن ، کە لەسەر قسەی ئێوە و رەخەنی ئێوە و لە ترسی ئێوە کردبێتیان ؟ بەردەوام ئێوە دەردەدڵی ئەوەتان کردووە کە ئەم حیزبانە بە قسەتان ناکەن ، بە هەند وەرتانناگرن ، گوێتان لێناگرن ، باشە ئەگەر وایە ئێوە بۆ رێزیان لێدەگرن ، ئێوە ئەگەر بۆ خۆ جوانکردن و خۆ بردەنە پێشەوە نییە بۆ ئەم کەمپینی واژو کۆکردنەوەیە دەکەن بۆیان و داوایان لێدکەن کە رێکەون و سازان بکەن . بۆ ئێوە نازانن هەموو رێکەوتن و سازانێکیان قازانجی بۆ خۆیان هەیە و زیانی بۆ خەڵکی گشتی کوردستان هەیە ! ئەگەر ئەمە دەزانن ئەوە ئێوە خیانەت لە خەڵک دەکەن ، ئەگەر نایزانن ، ئەوە ئێوە نەک ڕۆشنبیر نین بەڵکو بازرگانێتی بە رۆشنبیرێتییەوە دەکەن .
* لە تیرۆرکردنی هەموو ئەو خەڵکە سیاسیی و رەخنەگر و رۆژنامەنووسانەدا ، کە چۆن ناوی دەیان کەسیان لای من هەیە، دڵنیام لای ئەو ( خەمخۆرانەش ) ناوەکاناین هەیە و هەندێکیشیان هاوڕێ و دۆستی نزیکیان بوون . ئەم کۆمەڵە خەمخۆرە بە ئاگا و هەستیار و عەقڵانییە لە کوێ بوون ؟ بۆ جارێک لە جاران پێش ئاپۆرای خەڵک نەکەوتن و خەڵکیان نەهێنایە سەر شەقام لە دژی یەكێتی و پارتی و حیزبە ئیسلامیەکان کە بە ئاشکرا دەستیان سورە بە تیرۆرکردنی دەیان کەسی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و ژن و پیاوی ئازای کوردستان ؟ تۆیەک ئەگەر هێندە دەربەستی ئەوەی کە نێوان ئەم حیزبانە نەتەقێتەوە و خوێن نەڕێژرێت ، ئەی بۆ لەسەر خوێنڕشتنی ئەو خەڵکە نەهاتیتە گۆ ؟
* تۆی ڕۆشنبیر ، تۆی پەروەردەکار و مامۆستا ، تۆی هۆشیار و بە ئاگا ، تۆی ڕاگەیاندکار ، بۆ یەکجاریش بە هەمووتان نەتانتوانی داوای ئەوە بکەن بڵێن ئەم وەزیری پەروەردیە وەزیرێکی باش نییە ، داوابکەن کە وەزیرێکی باش و تایبەتمەند دابنرێت ، لە کاتێکدا کە دەزانن پەروەردە و رەوشی قوتابخانەکان یەکجار خراپە . لە کاتێکدا کە دەزانن کوردستان پڕ بووە لە قوتابخانەی تورکیی و تایبەت . خوێندن و فێربوون لە کوردستاندا رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات .
* ئێوەی زمان ناس ، ئێوەی شارەزا لە زمان و زمانەوانیی و رێنووس و شارەزای کۆدەکانی زمانی کوردی ، شارەزا لەوەی ئەگەر زمانی کوردی نەکرێت بە زمانێکی زانستی و زمانێکی ستاندارد، بۆ یەکجاریش بە هەمووتان نەتانتوانی گردبوونەوەیەک بکەن و سەدان واژوی لەوانەی کردتان بۆ درێژکردنەوەی وەلایەتەکەی سەرۆکی هەرێم ، بتناکردایە بۆ بە ستانداردکرن و بە زانستیکردنی زمانی کوردی لە کوردستاندا ؟
* ئێوەی (خەمخۆر ) بۆ ئاشتی ، بۆ پێکەوە ژیان ، بۆ تۆلێرانس ، بۆ ئازادی و بۆ دیموکراتی . هەڵبەت ئێوە ئەم ئەزموونەی کوردستان بە بنەما دادەنێن بۆ هەموو ئەمانە و بۆ دادپەروەری و بۆ یەکسانی ژن و پیاو . ئەی خێرە یەک رەخنەی جددیتان نەبوو لە ئاستی ئەو هەزارن کوشتن و خوێنڕشتن و تەعەدایەیی ٢٥ ساڵە لە ژێر سایەیی ئەم ئەزمووندا بەرامبەر بە ژن دەکرێت ؟
* ئێوەی هەستناسک وەک هوەنەرمەندان و بە ئاگا و هۆشیار وەک رۆشنبیران لە کوێ بوون لەو کاتەی کە چەند پەرلەمانتارێکی بەڕێز پڕۆژەیەکیان پێشکەشکرد بۆ بە یاساییکردنی نەهێشتنی تووندوتیژی خێزان بەرامبەر بە منداڵ و ژن ، بەڵام کۆمەڵێک بە ناوی ( زانای ئاینی ) چونە لای ئەو سەرۆکەی ئێوە دەتانەوێت ولایەتەکەی درێژبکرێتەوە، ئەویش مەردانە بە قسەیکردن و وتیان ئەمە کولتووری رۆژئاوایە و بێ ڕەوشتی دروستدەکات لە کوردستاندا ، بۆیە قدەغەیانکرد و ئەو پڕۆژەیەییان لەباربرد . ئێوە لە کوێ بوون ؟ ئایا ئێوەی رۆشنبیریش لاتان وایە کە نەهێشتنی تووندتووتیژی ناو خێزان بێ ڕەوشتییە ؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت