دیاری قەرەداخی: سەدەیەک لە نائومێدی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەدەیەکە زیاتر لە هۆکارێک هەن

سەدەیەکە فێری توندوتیژی دەکرێین
سەدەیەکە فێری بێدەنگی و ماستاو
سەدەیەکە فێری هەژارکردنی ملێونان بەشەری خوێندەوار و دەوڵەمەندکردنی سەدان بودەڵە
سەدەیەکە یەک ئیش نازانین.
یا میدیاکار و گۆرانیبێژ یا سیاسەتمەدار و پەرلەمەنتارین
سەدەیەکە هەمووی قسە دەکات، کە دێینە سەر چارەش هەمووی بێدەنگتر لە بەرد.
سەدەیەکە دزی لە یەکتر دەکەین، دوایش سکالا کردن لە سەر دزان
سەدەیەکە بە ناوی شۆڕشەوە، حەیای هەرچی رەنگی جوانی سروشتە بردمان
(شین) ی ئاسمانی بێگەرد و (سەوز) ی دەشتایی بەرین و (زەرد) ی پایزە گەڵاکان
(سپی) ی فریشتەکان و (سوور) ی دڵمەستان و چەپکە رەنگاڵەی شەبەنگی پاش باران
فێرتان کردین خۆشمان خۆش نەوێ چجای بەرانبەر
پڕکراین لە فەرهەنگی جوێن.. تەشەر.. تانە وپلار.
دڵێکی بچوکمان کردە بیابانێک لە رق و رقکاری
بێگانە پەرستیی و چروکی بۆ خۆمان
بێگانە دۆستیی و رقیش لە خۆمان
درۆزن لەگەڵ یەکتر، لە بەیانی باشەوە درۆ ئەکەین تا شەوشاد لەتەک خێزانەکانمان
کتێب بوو بە جوێن نامە
گۆرانی هەراج کرا وەک ئەوەی دیمان
شعر لە سحری وشەوە بوو بە سعری وشە
فەیسبووک بوو بە جوێن بووک و کرانە دیواری تەوالێتی مزگەوت و قوتابخانە
پێشمەرگەمان تەنها کرد لەو بەرانە
لێرەشەوە هەموومان خۆمان قوربانی باڵاو فیداکارییان دەکەین بە درۆ
منداڵی سیاسەتمەدار ، پشتاو پشت سیاسەتمەدارن
هەژاریش هەر هەژار
داماویش هەر داماو
کوژراویش هەر کوژراو
دیموکراسی گۆڕا بۆ دیمو(کورسی)
ئازاد بۆ ئازار
سەدەیەکە لێدەدرێین بە دەستی خۆمان و دەڵێین دوژمنمان زۆرە
سێڵفی سوتانەکانی خۆمان دەگرین کە کۆمیدی و شەرمە
جاش، خۆفرۆش، خەتمایل، دۆڕاو، بەکرێگیراو، جاسوس
گشتی نەوەکانی خۆمان بوون
سەدەیەکە دار دەبڕین تا هەناسەی منداڵی خۆمان پیس بکەین
سەدەیەکە کانی کوێر دەکەینەوە و لە بری ئەوەش (نەوت) دەدەینە وڵاتانی سەردەست
پارەی نەوتی ژێر خاکی کورد لە بانکی وڵاتانی بێ نەوتدا دادەنێین
پیاسە و سەفای ئێمەی سیاسەتەمەداران و بۆرژوازان و خوا پێداوان
لە تورکیای کوردکوژ و لەندەنی پیلانگێر وئەمریکای خۆویست و ئێرانی موعتادخوودا بوون
کەی ئێوە بە شان و کەناری ئەم خەمدا رۆیشتن؟ ئێوە تەماشاکەری بوون
سەدەیەکە ئازا دەکوژرێ ، ترسنۆک پرسەی بۆ دەگێڕێ
سەدەیەکە عاقڵ گەمژە دەکرێ و کە گەمژەش بوو خەڵات دەکرێ
هێندەی جەستەی مێرولەیەک بچوکت دەکەنەوە،
کە زەحمەتە بە ئاسانی خۆت بناسیتەوە
سەدەیەکە دڵ پڕیەتی لە ئازار و مێشک پڕپڕ لەمەو زیاتر هەیە
خاکمان بەرووبومی ئەو کێڵگە سەمادکراوەیە بە دەستی باخەوانی نەزان
سەدەیەکە تۆوی زەهری بۆ ئەڕیژین
بۆیە لە هەر ساتێکدا بێ لار دەبینەوە
نە ئاسمان شەفاعەت دەکا ونە خاکیش لێمان خۆش دەبێ
هەموو بەشدارین لە تاوان
کەس خۆی لێ دەرنەکا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت