ئارام قزلەریی : ئەمجارە دەستەکان یەکتری دەشکێنن ” گۆڕان و یەکێتی” وەک نمونە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای ئیتیفاقیەتی دەباشان ، هیواکان بنیادنرانەوەو ڕەوشێکی نوێ بۆ زیاتر نزیک بوونەوەو لێک تێگەیشتن هاتە ئاراوە . جەماوەری یەکێتی دیسانەوە بەهەمان نەفەسی پێشوتر وابەستە بوونەوە بەیەکێتی و خۆشەویستییەکەیان وەک جاران بە حیزبەکەیان بەخشییەوە . ئەوەی جەماوەری یەکێتی لەسەرکردەکانی دەویست نەک هاوپەیمانی بەڵکوو یەک سەنگەری سیاسی و فیگوری متمانەیی بۆ دوو برای سی ساڵ زیاتر لەسەنگەرێکدا دەخواست . کەچی بەداخەوە بەبڕیاری نەخوازیاری 30/6 ی نێو پەڕلەمان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ” بارزانی ” ، هەموو خەون و هەوڵ و هیوای ئەندام و لایەنگرانی براکانی 30 ساڵەی یەک سەنگەری تێکوپێکداو دڵی نەیارە سەرسەختەکەی نێوانیان ، واتە پارتیان بەخۆیان خۆشکرد ..

تێپەڕاندنی ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی حوکمی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دوو ساڵی تر بۆ بارزانی ، سەرتاپای پێچەوانەی ئیتیفاقیەتی دەباشانەو هەر ئەو هۆکارەش بوو ، بەڕێز نەوشیروان مستەفای هینایە سەر هێڵ و ئەوەی شاراوەو نەخوزیارە پێویستە نەوترێت ، وتی بەبەڵگەوەو خستیە بەرچاو گوێی خەڵکی کوردستان .

دوا بەدوای بڵاوبونەوەی ئەو بەڵگەنامانە ، هەڵمەتی ڕاگەیاندن لەنێوان یەکێتی و گۆڕان ، دەستی پێکردو وردە وردە خەریکە کار دەگاتە سەر ئەوەی بەها جوانەکانی نێوانیان لە ڕابوردودا پێکەوە هەیان بوو لە خەباتی شاخ و شاردا هەر هەموی بخرێنە چاڵەوەو ناشرین بکرێن . ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتی ڕاگەیاندنەکانیان بەجۆرێک ، توند بووە لە بەرامبەر یەکتریی ، کە بۆتە جێی ناڕەزایی خەڵکی نیشتمان پەروەر و ئەندامان و لایەنگرانی هەردوو حیزبی هاوسەنگەر و بەڕامانەوە تێدەڕوان لەوەی ڕوویداو . پێدەچێت ڕاگەیاندنی هەردوولا سنوری ڕێزی سیاسی نیشتمانی تێپەڕاندبێت وبگاتە ئاستی ڕشتنی خوێنی برا بەدەستی برا ، کەمەش تەواو هاوتایە لەگەڵ وشەی شەڕی براکوژی .

لێرەوە بەندە داوا لەسەرجەم بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تێگڕای کادرو ئەندامانی هەردولا دەکەم بە گۆڕان و یەکێتیەوە ، بێنە دەنگ و ڕێگە نەدەن لەوە زیاتر ئالۆزی نێوان هەردولا بەرەو خراپتر هەنگاو بنێت و ، هەرچی هەیەو نیانە با بە گفتوگۆ یان بە شێوازێکی نەرمتر بخرێنە ڕوو .

داواش لە بەڕێز کاک نەوشیروان و بەرپرسانی یەکێتی نێشتیمانی کوردستان دەکەین هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بەیەک ڕابگرن و هەوڵ بدەن کار نەگاتە ئەوەی ئێسک و پروسکی یەکتری تێک بشکێنن . باشتر وایە ئێوەی بەڕێز گوێ لە بنەماڵەی شەهیدان و کادرو ئەندامە دڵسۆزەکانی خۆتان بگرن ، حساب نەکردن بۆ چینە دڵسۆزەکانی خوارەو ئەوانەی دڵیان پێتان دەسوتێت ، نیشاندانی بێمنەتیتانە بەرامبەر بە ئەو جەماوەری پشت و پەناتانن لە هەموو ناخۆشیەکدا ، دڵنیان ئەوەی سودمەند دەبێت لەو بەینەدا تەنها ئەوانەن کە خوازیاری ئەو ڕۆژگارەن کە هەردولاتان دەستان بەخوێنی یەکتر سور بکەن و ئەوانیش لە دورەوە بزەی سمێڵیان بێت.

بەڕێزانی بەرپرسانی گۆڕان و یەکێتی دەبێت ئەوەتان لەیاد نەچیت تەمەنێک لە مێژوی خەبات و تێکۆشانتان لەشاخ و لەشار پێکەوە بەڕێ کردوە .

تەنانەت خوێنی پیرۆزی شەهیدە نەمرەکانیشمان دابەش بوە بەسەر دوولادا و ئەوانەشی ئێستا لە گردەکەن هەر ئەو تێکۆشەرانەن کە هاوبەشن لە مێژوی خەبات و تێکۆشانی ڕابوردوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان .

هەر هەموو کادرو ئەندامانی خوارەوەش بە تێگڕای جەماوەری گەلەکەمانەوە ئەو راستیە زۆر باش دەزانن گەندەڵکاران و فایلچیەکان و بازرگانان بەسەر خوێنی شەهیدانەوە ، بەسەر پارتە کوردیەکاندا دابەش بون ، هیچ لایەک بێ بەش نین لەو جۆرە سەرکردەو کادرانە ، بەڵام لایەک کەمی گرتۆتە خۆیی و لایەکی تر ، زۆر .

بۆیە ئەوەی زۆر پێویستە لەسەر بەرپرسانی باڵای گۆڕان و یەکێتی زۆر ژیرانە هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ ئەم بارو دۆخە ئاڵۆزەی دروستبوە لە نێوانیاندا . ئەوەی دەتوانێت هەنگاوی ئاشتیانە بنێت بۆ چارەسەرکردنی ، کارێکی باش دەکات و لە مێژوشدا بۆی دەنوسرێت ، ئەوانەشی کاری باشیان پێناکرێت با بێدەنگ بن باشترەو بەنزین نەکەن ب ئاگرەکەدا.

لێدوانی توندو زبر لە لایەن هەندێک سەرکردەی باڵا ، خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و یەک ڕیزی پارتە کوردیەکان ناکات ، ئەو بەرپرسە بەڕێزانەی ڕێز لە ڕێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی دەگرن و کردویانن بە برای شیری خۆیان . حەق وایە ڕێزیش لە کاک نەوشیروان و سەرجەم گۆڕانخوازانی گردەکەش بگرن و برایەتی و هاوخەباتی ڕابردویان کە پێکەوە هەیان بووە لەوە زیاتر لەکەداری نەکەن ، کە لە ڕاستیدا ئەوانە برای هەقی خەبات و تێکۆشانی نیوەی تەمەنی شاخ و شاریانن ، ئەو کەسانەن کە ئیستاکە لەناو گۆراندان.

ڕێزم بۆ ئەو بەرپرسانەی تەنانەت لەشاخ و شاریژدا هەر بۆ خۆیان و ماڵ منداڵیان ژیاون و خەمی گەورەیان بەدەست هێنانی پلەو پایەو دەسەڵات بووە بۆ منداڵەکانیان ، بۆ تەنها ساتێکیش هەرگیز ئامادە نەبون ماڵە شەهیدێک یان پێشمەرگەیەکی قارەمان بەسەر بکەنەوە مەگەر هەر لە کەناڵەکانی تەلەفیزۆنەوە بینرابن ، ئێستا خێرە وا هاتونەتە دەنگ و بەنزین دەکەن بە ئاگرەکەدا ، بۆ لەناو دوژمنانی گەلی کوردا بونەتە شێخ و مەلاو هەر ئەوە ماوە نوشتەی خۆشەویستی بکەن بەدەم عەرەبە شۆڤێنیەکانەوە ، با ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی دەیدەن بۆ یەک ڕیزی برا عەرەبەکانمان ، کەمێک لەو هەولانەیان بخەنە گەر بۆ ئاڵۆزیەکانی نێوان گۆڕان و یەکیتی نیشتیمانی کوردستان .

کێ هەیە ئەوە نەزانێت کاتێک جەنگ دروست دەبێت و مالوێرانی ڕودەکاتەوە گەلەکەمان ئەوانەی زمانی زبر بەکار دینن و ئاژاوەکە گەورە دەکەن ، کەس نازانێت لەکام وڵات و کام جێگادا خۆیان مەڵاس دەدەن و بە بیانوی سەفەرەوە وڵات جێ دەهێڵن و ڕۆڵەی ئەم گەلە بەکوشت دەدەن و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن .

١٢/٠٧/١٢

ستۆکهۆڵم

 

 1,662 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت