ئارام قزلەریی : ترس لەداڕمانی یەکێتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بارودۆخی ناوخۆی ئێستای یەکێتی ترسێکی گەورەی خستۆتە ناودڵی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کادران و سەرجەم لایەنگرانی ئەو حزبەوە . قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان سەرکردەباڵاکان خەریکە دەبێتە مۆتەکەی مەرگ بۆ داڕمانی خەباتی جەندین ساڵەی ( ی . ن . ک ) و گەر ناکۆکیەکان چارەسەر نەکرێن بەزوترین کات ، چارەنوسی زۆرینەی گەلەکەمان بەدەم خەرمانی بەرژەوەندی تایبەتی هەندێک لە تاکە کەسەکانەوە ، دەکەوێتە ناو دەریایەکی لیخنەوەو ڕەنج و ماندوبون و خەباتی دەیان ساڵەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرەو مەرگێکی نەخوازراو بەڕێ دەکرێت .

بەپاساوی چاکسازی و دڵسۆزی بۆ نوێبونەوەی ڕیزەکانی یەکێتی سەر لێشیوانێک دروست بوە لەنێوان بەرپرسە باڵاکانداو لەبری نزیک بونەوە لەیەکتری وهەوڵدان بۆ ساڕێژکردنی برینەکان و پاراستنی یەکڕیزی نێوانیان ، دەبینین و دەبیستین هەریەکەیان لەبەرامبەر ئەویتریاندا لەبۆسەدایەو بێ بیرکردنەوە بۆ ڕابوردوی خەبات و تێکۆشانیان کە لەیەک سەنگەرداو بۆ یەک ئامانج بۆی تێدەکۆشان !! بێ بیرکردنەوە لەوەی کە باش دەزانن قوڵبونەوەی ناکۆکیەکان هەموو ئەو مێژوە جوان و پڕ لەسەروەرییەی خۆیان و حیزبەکەیان ، لەدەست دەچێت و دڵی ناحەزانیش بەخۆیان خۆش دەکەن .

کاتی ئەوە هاتوە زۆر بەڕاشکاوانە بڵێین کە بەڕێز مام جەلال بڕبڕەی پشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو ، ئەو ناکۆکیانەی کە ئێستا هەیە ، بێگومان لەسەردەمی ئەویشذا هەر هەبوە ، بەڵام نەی دەهێشت ئاوا داهاتوی ئەو حیزبە بکەوێتە مەترسیەوە . بەپێی ئەم بارو دۆخەی ئێستای یەکێتی ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە ، کە دورکەوتنەوەی بەڕێزیان لەم ساتە وەختەدا بێ ئومێدیەکی زۆری دروست کردوە لەبەرامبەر چارەسەرکردنی کێشەکان ، ئەوەی لەو پیاوە پیرە بینرا لە مێژوی خەباتی سیاسیدا لە توانای کەم سیاسەتمەدارو کەم کەسدا بەدی کراوەو بەدیش دەکرێت .

دڵسۆزان و پەرۆشان بۆ یەک ڕیزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نازانن ڕووی دەمیان بکەنە کێ و پرسیاریان لێ بکەن و پێیان بڵێن ، بۆ وا لەیەکێتی دەکەن و چیتان دەوێت ؟ کام لە ئێوەی بەرپرسان کەم و کورتیتان هەیە لەڕوی دەسەڵاتەوە ؟ لەڕوی خۆشگوزەرانی ژیانی خۆتان و ماڵ منداڵتانەوە ؟ کام لەئێوەی بەڕێز خاوەنی سە‌روەت و سامانێکی زۆرنین و ئەوەی لەم دنیایەدا بوونی هەبێت ئێوە خاوەنی نین ! کام لە ئێوەی دەسەڵاتدار ڕۆژێک لەڕۆژان ئاختان بۆشتێک هەلكێشاوەو نەتان بوبێت یاخود نەتان خواردبێت یان نەتان کردبێت .

هەرهەموو ئەوانەی تێکۆشاون و قوربانیان داوەو ئەندامێکی سادەو سارن ، مافی خۆیانە بەهەموو ئێوەی بەرپرسان بڵێێن بەبێ جیاوازیی ! هەموو ئەوانەی بەشێکن لە ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی ، پرسیارتان لێبکەن و پێتان بڵێن ؟ میراتی چی بەشدەکەن لەنێوان خۆتاندا ؟ سەروەت و سامان بەزیادەوە هەتانە ! شەڕی پلەو دەسەڵات دەکەن نەک خۆتان بگرە ئەوەی بەخوێی چێشتیش پێتان دەگات لە پاڵتاندا حەساوەتەوە !! چیتان دەوێت ؟ کوڕەکانتان  ، کچەکانتان تەنانەت خزم و کەسوکارەکانیشتان لە جێگای باش و چەوردا دامەزراندوە بە موچەیەکی خەیاڵێ ! جەند ساڵە کار لەسەر قایمکردنی پێگەی خۆتان دەکەن !، نەک یەکێتی !! بەسە کاتی ئەوە هاتوە ئیتر بیر لە کۆمەلێک خاڵی هاوبەش بکەنەوە ، کەسوود بەیەکێتی و جەماوەرەکەی بگەیەنێت و لەوێشەوە سود ببەخشێت بەهەرێمی کوردستان ، چێتر یەکێتی بەرگەی دابران و داترازانی تر ناگرێت .. دابڕان و داترازانێکی تر هەموو لایەک دەسوتێنیت و کەسیش بەبێ زیان دەرناچێت ، گەر پەرۆشن بۆ یەکێتی و بەهێزکردنی ڕیزەکانی ؟ ئەمەی ئێستا ئێوە دەیکەن نەک کارێکی خراپە بەڵک و دەشتانخاتە بەردەم بەر پرسیارێتی گەورەو دواڕۆژێکی نادیار .

تێڕوان بۆ داهاتووی یەکیتی ، لەنێو یەکڕیزی و خۆخوێندنەوەدایە ، یەکڕیزی یەکێتی بۆ کۆتایی کێشەکانەو .. خۆخوێندنەوە ، کێش و توانا و بڵانسی بەرامبەر دەتوانێت جوڵە بخوڵقێنێت ، واتە کێشی سەرکردەکانی ئەمڕۆ لەو دیوو یەکێتییەوە نییە ، بەڵکوو تواناکان لەیەکڕیزیدایە تاببێتە گەمەکەرێکی سیاسی بەهێز لەهەرێمدا . ئێوە خۆتان باش دەزانن یەکێتی لە بەهێزیدا نییە ، هەڵبژاردنەکانی 21/9/ 2013 بەڵگەیەکی باشە بۆ هەمووان چۆن بتوانرێت خوێندوەتان هەبێت ، یەکێتی بەدابڕانی باڵی ڕیفۆرمخوازان چۆن کێشیی دابەزیی و ، بەدابڕانی تر هاوکێشە سیاسییەکانی لەدەست دەدات و ، سەرکردەکانی ئەمڕۆی ناو یەکێتی تاک تاک خاوەنی ستراتیژیەکی هێندە بەهێز نین ، تا بتوانن خۆیان و بیروفکریان گەمەکەرێکی سیاسی بنکە فراوان بن ، بەڵکوو بەهەموویان دەتوانن ئەو هێزەبن لەبەرامبەر ئەوانی تردا پێگەیەکی سیاسی بەهێز بن نەگ ئەوەی دۆست و دوژمن بە خۆتان خۆش بکەن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت