ئارام قزلەریی / دەسەڵات بەرپرسیارە لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەو ڕۆژەوەی پارەو بەرەژەوەندییە تایبەتەکان بینەقاقای کوردستانی گرتووە ، کۆمەڵێک ڕەوشت و نەریتی جوانی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیمان لەدەست دەچێت .
ئەوەی ئەمرۆ ئێمە بەدەستکەوتی گەورەی دەزانین لە ڕوی داهات و پێشکەوتنی بەرهەمهێنان و بیناسازیی لەناو خۆی وڵاتدا و دڵخۆشین بەبونی کۆمەڵێک دەستکەوتی وەک کیانێکی ئازاد و بنەمای دیموکراتی و گەشەی پەیوەندییە جیهانییەکان ، هەروەها باس لەوە دەکەین ڕزگارمان بووە لەدەست ئەو ڕژێمانەی تاوانی مرۆڤایەتیان بەرامبەر میلەتەکەمان دەکرد . لەپای ئەم دەستکەوتانە کۆمەڵێک شتی زۆر گرنگمان لەدەستا داوە ! ئەویش وەک ڕێزو خۆشەویستی و بەها کۆمەڵایەتیەکان ، کە کەس لەبەر پارەو بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆی ، ناپەرژێتە سەر ئەوی تر . تەنانەی شیرازەی خۆشەویستی ناوخێزان و بنەماڵەکانیش وەک خۆی نەماوە ، نە برایەتی نە خزمایەتی نە دراوسێیەتی هیچی لەجێگای خۆی نەماوە . لای هەندێک خەڵکی چاوبرسی فرکان فرکان بۆتە نەریت بۆ دەوڵەمەندبوون . گرنگ نیە چۆن پارە پەیدا دەکات ، لایان گرنگە چۆن دەوڵەمەند ببن .
ئاوات و خۆزگەی هەمومان ئەوە بوو لەدەست بەعس ڕزگارمان بێت . کارەسات و نەهامەتییەکان ، وانەکانی ڕابردوو ، ئەمانە لە ئێستادا نەبوونەتە شۆرەری ویژدان و هێزی وەگەرخستنی گەشەی نیشتمانی و نەتەوایەتی و بنیادنانی کەسایەتی تاکی کورد ، لەجێگای ئەمانە سەری زمان و بنی زمانمان قسەکردنە لەسەر پارەو وەدەستخستی دراو بەنرخی لەدەستدانی ڕەوشت و بەها کۆمەڵایەتیەکان . کەس لەخەمی کەسدا نیە ، دەبینین ڕێژەی تاوان و دزی و کوشتنیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیاد بوندایە . کێشەکۆمەلایەتیەکان بە جۆرێک بەربڵاووە تەنانەت حکومەتیش کۆنترۆڵی پی ناکرێت ، دەستدرێژی سێکس و لەش فرۆشتن بەخواست بەئاشکراو بەنەهێنی ، بۆتە ڤایرۆسێکی کوشندەی ناو کۆمەڵگادا .
ئەو پرسیارەی لەدڵی هەمواندایە ، کێ دەیتوانی لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا ، ئاوا بەئاشکراو بێترس دەیان تاوان و کوشتنی وەک ( دوعا و ، دنیاو ) سەدان جۆر تاوانی تر ئەنجام بدات ؟ . کەم ڕۆژ هەیە گوێ بیستی تاوانی نامرۆڤانە نەبین . گەر ئەمە شیرازە تێکچونی گۆمەڵگا نەبێت ، دەبێت چیبێت ، ئەمە زەنگێکی ترسناکە بەئاراستەی دانی نرخێکی زۆر و لەدەستدانی زەمەنێکی بێ سنور .
لەزەمەنی بەعسدا کێ زاتی ئەوەی دەکرد ئەم جۆرە تاوانانە ئەنجام بدات..؟! کام بەڕێوبەری فەرمانگە دەیتوانی تەنها دینارێک بدزێت ..؟! کام کاربەدەستی حیزبی و حکومی دەیتوانی گەندەڵی بکات و داهاتی خەڵک بەفیڕۆ بدات.. ؟ ئەوەی سەرپێچیەکی یاسایی بکردبایە چارەنوسی بەرەو دۆزەخ دەچوو . کێ دەیتوانی دەرمانی ئێکس پایەرو خواردنی بەسەرچو بدات بەهاوڵاتیان..؟! کێ دەیتوانی مادەی هۆشبەر بێنێتە کوردستان ..؟! . لەڕوی پێداویستی ڕۆژانەشەوە کێ ئاوی خواردنەوەی دەکڕی و کارەبای مۆلیدەی بەکار دەهێنا..؟! ئەمانە هەموو پرسیارن و وەڵامەکەی لای دەسەڵاتدارانە ، ئێستا بەپاساوی ئەوەی ڕزگارمان بوە لە کوشتن و بڕین و ئەنفالکردن ، بەڵام لەپاڵ ئەم ئازادی و دیموکراتییەی خۆماندا ، زۆر شتمان لەدەستداوە … هەموو کلتورە جوانەکان بونەتە قوربانی کورسی دەسەڵات و دەفتەرە دۆڵارو باڵەخانەی بەرزو خۆ دەوڵەمەندکردن و حەزی جنسی و ناپاکیکردن لەیەکتریی .
ئێوەی دەسەڵاتداران بەرپرسی یەکەمن لە بەرامبەر هەموو کێشەکاندا . جاران دوژمانن دەیان کوشتین ئێستا بازرگانان بە هەناردەکردنی دەرمانی بەسەرچو و خواردنی خراپ میللەت ژەهراوی دەکەن و دەیان کوژن .
گەشەی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان و زۆری بەکارهێنەرانی ، کۆمەڵێک مافیای سەرمایەداری خوێنمژ بنیاد دەنێت و کۆمەڵگایەکی سڕبوو بێ هیواو بێ سود ئامادە دەکات .
دەسەڵاتدارانی کورد لە هەرێمی کوردستان!! ئێوە ڕۆڵەی ئەم کوردستانەن و بەرپرسی یەکەمی ئەم وڵاتەن . کێشە کۆمەڵایەتیەکان نائارامی و ناسەقامگیری دەخوڵقێنێت .! کێشە داراییەکان مرۆڤەکان توڕەو دەماگیر دەکات .! سیاسەتی هەڵەو بەلاڕێدانی دیموکراسی ، ڕەوشێک بنیاد دەنێت پڕ بێت لەهەڵچوون و بێ یاسایی . گەندەڵی کۆمەڵگا لەسەر ڕێی کۆمەڵێک نەریتی جوان و نائارامی و بەئاراستەی ناڕێکی خێزان دەبات . ئێوە لەبەردەم دەیان جار دووبارە بوونەوەی هەڵبژاردن و شانسی وەدەستخستی دەسەڵات و گەیشتن بەو پێگەیەن ، بەم جۆرە پەروەردەکردنی کۆمەڵگا و بەئاگابوونی لێی ، داهاتوویەکی نادیار بەئێوەش دەبەخشێت و لێپرسراویەتی هەموو میحنەتەکانیش دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت