ئارام قزلەری : وەڵامێک بۆ داواکاریەکەی کاک بەهرۆز گەڵاڵی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوێنەری ( ی . ن . ک ) لە وڵاتی تورکیا هاتۆتە دەنگ و ڕەحمی تلیساوەتەوە بۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بە تایبەتی .

بەڕێز جەنابی کاک بەهرۆز ـ  سەیرە بەلامەوە ئەو جۆرە داواکاریانە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەکەیت کە داوای نوسخەیەکی رێکەوتننامەی 50 ساڵەی نێوان پارتی و تورکیا ئەکەیت و ئەشفەرمویت ؟ ئایا نێوان سعودیە و ، قەتەر گەیشتووە بە چ ئاستێک و لەو لاشەوە داوای چۆڵکردنی هێزەکانی پارتی ئەکەن لەناو هەولێردا  کە بەخەویش ئەو ئاواتە نایەتە دی .

بەڕێز کاک بەهرۆز گەڵاڵی لە بری ئەو پرسیارانەی ئاڕاستەی پارتی ئەکەیت و پەرۆشی بارو دۆخەکەیت . حەق وایە ڕوی دەمت بکەیتە سەرجەم بەرپرسەکانی یەکێتی و پێیان بڵێیت .

ئەرێ سەرکردایەتی یەکێتی بە بەندەشەوە کە بەهرۆز گەڵاڵیم ، ئەوە ئێمە لە گوێی گایا خەوتوین و ؟ لەبەر خۆ خۆری خۆمان ، نە ئاگامان لە حیزب و نە لە حکومەت و تەنانەت لە جەماوەرەکەی خۆشمان نەماوە کە بەسەرو ماڵەوە لە پێناو یەکێتیدا ژیانی خۆیان کردە قوربانی .

ئەکرێت لە جەنابت و سەرجەم بەرپرسە باڵاو ناباڵاکانی یەکێتی بپرسیت و پێیان بفەرمویت چیتر بەسە قسەی زل و بریقەدار نەکەین لەوە زیاتر ، لەبەر ئەوەی ئێمەی سەرکردەکان وامان لە و حیزبە قارەمانە تێکۆشەرە کردو لە حیزبی یەکەم و هێزی یەکەمەوە کردمانە حیزبی دوهەم و سێهەم و ئەگەر نەشبێتە چوارەم .

پرسیارێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بکەیت و پێیان بڵێت ، بەسە هەر هەمومان لەپاڵ ئەو حیزبەدا بوینە گەورەترین بازرگان و ئەوەندە پارەو سەروەت و سامانمان پاشەکەوت کردوە تا حەوت پشتی بنەماڵەکانمان بەزیادەوە بەشمان ئەکات و لە بن نایەت .

حەق وایە پەیامێک ئاراستەی سەرجەم هاوڕێکانت بکەیت کە بەرپرسن لە ناو یەکێتیدا و پێیان بڵێت ، با چیتر خەجاڵەت و شەرمەزاری بەردەم بنەماڵەی سەربەرزی شهیدەکانمان نەبین و شەرمی ئەوە بمانگرێ کەماڵی هەزاران هەزار خەڵكی هەژارمان وێران کرد و ئێستاش خەریکە لەبەر خاتری بەرژەوەندی خۆمان و داهات و سامانی حیزبەکەمان خوێنی هەموو ئەوقارەمانانە بە فیڕۆ ئەدەین و ، ئەوەی چەند ساڵە قوربانی ئەدەین لە پێناویدا ئەیخەینە دەریایەکی لیخنەوە کە بۆ تا هەتایە هەر هەموومان شەرمەزاری مێژوی گەلەکەمان و حیزبەکەمان ئەبین کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە .

بەڕێز کاک بەهرۆز تکایە کەستان موزایدە مەکەن بەسەر یەکێتی و میژوی ئەو حیزبەوە ، ڕاستە زۆربەتان کەسانی شۆڕشگێرو قارەمان بون لە شاخ و لە شارا ، بەڵام بەداخەوە لەوەتەی دەسەڵات و داهات کەوتۆتە بەر دەستان ، بێ فەرقو جیاوازی ئەمتان و ئەوتان هەر هەموتان تاوان بارن بەرامبەر بەم بارو دۆخەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کەستان بێبەری نین لەو کێشانەدا .

لە کۆتایدا ئەمەوێت ئەو پەیامە بە جەنابت و سەرجەم مەکتەب سیاسیەکان و سەرکردایەتیەکانی یەکێتی بڵێم  کە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەم ئەندامان و زیندانیانی سیاسی و سەرجەم جەماوەرەکەی یەکێتی ، ئەم پاشا گەردانیە و کوتلە و کوتلە کاریەو ئەو گەندەڵیانەی بونی هەیە لە ناو یەکێتیدا لێی بێدەنگ نابن و لێتان قبوڵ ناکەن .

خاوەنی ڕاستە قینەی یەکێتیش و مێژوی پڕ لەسەروەری ئەو حیزبەش ئەو خەڵكە دڵسۆزانەن کە قوربانیان لە پێناویدا بەخشیوە ، نەگ بەرپرسەکان کە فیرعەون ئاسا ئەژین .

لای هەر هەمولایەکیش ڕون و ئاشکرایە کە زۆربەی زۆری بەرپرسان مێژوی خۆیان فرۆشتۆتەوە لە پێناو بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیاندا و هەر رۆژێکی خەباتکردنیان بە هەزاران دۆڵار قەبڵاندوە و تەنها بەناو سیاسەتمەدار ماون و بونەتە بازرگانانی لێهاتوی ناو ریزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان .

ئەوەی لەسەرەوە دەسەڵاتدارە تەنهاو تەنها لە خەمی داهات و سەروەت و سامانی یەکێتیدایە کە بۆتە گرفتێکی گەورەو وەک مەتەڵی لێ هاتوە کە کەسیش نازانێت لای کێیە و کام خوا پیاوایاداوانەش لێی سود مەند ئەبن .

 

سەرچاوەی وتەکەی بەهرۆز گەڵاڵی :    snurmedia

 

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت