ئاریان ڕەشید: مرۆڤ وەکو دروستکراوێکی سیستم ـ  بەشی دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیستم لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیاوە بەرژەوەندی خۆی وەکو بەرژەوەندی گشتی و ڕەسەن دەخاتەڕوو، سەرقاڵبوونی مرۆڤەکانیش لە نێو سیستمدا بە خواستەکانی سیستمەوە وەکو سەرقاڵبوون بە خواست و ویستە ڕاستەقینەکانی خۆیانەوە دەردەکەوێت. کاتێک مرۆڤ لە هەڵپەی بەدەستهێنانی قازانجی زیاترو زیاترە و لە هەوڵی ئەوەدایە زۆرترین بڕی سەروەت و سامان کەڵەکە بکات بە کردەوە خزمەتی سیستم دەکات بەڵام لە واقیعدا وا دەردەکەوێت کە ئەم کارە لە خزمەتی خودی خۆیدایە. وێناکردنی دنیایەک کە بریتیە لە شەڕێکی نەبڕاوە لە پێناوی کەڵەکەکردنی سامانی زیاترو بەدەستهێنانی باشترین جۆرەکانی ئۆتۆمبێل و ناوازەترین ئامێرە تەکنەلۆجی و ئەلەکترۆنیەکان و خاوەندارێتی کردن لە جوانترین و نایابترین کۆشک و ڤێلاو خانوەکان، ئەو دنیایەیە کە سیستمی سەرمایەداری وەکو تاقانە دنیای مومکین لەقەڵەمی دەدا. مرۆڤیش لە ژێر کاریگەری ئەو تۆڕە فراوانەی سیستم کە بەردەوام لەڕێی ئایدۆلۆژیاو پەروەردەو ڕاگەیاندنەوە دەیەوێت خواستی سیستم وەکو خواستی ڕاستەقینە بخاتەڕوو، ئەو دنیایە وەکو دنیای ڕاستەقینەو شیاوو مومکین لەقەڵەم دەدات. بەدەر لەم ژیانەش وێنای شێوازێکی تری ژیانکردن لە دیدی سیستمەوە نامومکینە، بەمەش هەوڵەکانی مرۆڤ کە لە پیناوی پایەداربوونی سیستمدایە وا دەردەکەوێت کە بە ئامانجی خودی خۆیەتی و لە پێناوی بەدیهێنانی ژیانی ڕەسەن و ڕاستەقینەدایە.

سەرمایەداری کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی لە شتەکان دادەمەزرێت، مەیلی خاوەندارێتی لەناخی مرۆڤدا دەچێنێت و هەوڵ و تێکۆشان لە پێناوی خاوەنداربوونی زۆرترین کاڵاو شمەک و کەلوپەلەکان دەکاتە پێوەری دەستنیشانکردنی مرۆڤی باش. لێرەشەوە یەکەم چرکەساتی دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە خودی خۆی دەست پێدەکات، لێرەوە هەوڵی مرۆڤ لە پێناوی خاوەندارێتی کردن لە شتەکان بە ئامانجی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سیستمە نەک گەیشتن بە بەختەوەری و ئاسودەیی. خواستی مرۆڤ بۆ خاوەندارێتی لە پێناوی ئەوەدا نیە چیژ لەو کاڵاو کەلوپەلانە وەربگرێت کە خاوەنیانە، بەڵکو خاوەندارێتی لە شتەکان ئەو هەستەی لەلا دروست دەکات کە توانیویەتی مایەی ڕەزامەندی و خواستی سیستم بێت کە لە میانەی پەروەردەی گشتیەوە ئەو خواستە وەکو خواستی باڵای مرۆڤایەتی لەقەڵەم دراوە. مرۆڤێک کە خاوەنی چەندین ڤێلاو خانوە و هێشتا لە هەوڵی بەدەستهێنانی زیاتریشدایە، هیچکات ئەو پرسیارە لەخۆی ناکات کە ئایا ئامانجی لە بەدەستهێنانی ئەو هەموو کۆشک و ڤێلاو خانوە چیە؟ ئەو پرسیار ناکات کە ئایا سەروەت و سامانەکەی بەختەوەری پێبەخشیوە یاخود نا؟ گرنگترین شت بەلای ئەوەوە ئەوەیە کە بتوانێت زۆرترین ڕیژە سەروەت و سامان کەڵەکە بکات و زۆرترین موڵک و ماڵی هەبێت. سەرمایەداری سەرنجی لەسەر ئەوە نیە مرۆڤ چۆن دەژی، بەختەوەرە یاخود نیگەرانە؟ بەڵکو سەرنجی سەرەکی سەرمایەداری لەسەر ئەوەیە کە ئایا مرۆڤ چەندی سەروەت و سامان هەیە؟ سەرمایەکەی چەندە؟ خاوەنی چەند خانوە؟ یاخود چەند ئۆتۆمبێلی لە ئەستۆدایە؟. مرۆڤ لە ژێر هەژموونی ئەم خواستە نائینسانیەی سیستمدا لەبری سەرقاڵبوون بە گەڕان بەدوای خۆشی و بەختەوەری، سەرقاڵی هەوڵدانە بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامان و خاوەندارێتی کردن لە زۆرترین موڵک و ماڵ. کارکردن بەم یاسا باڵادەست و خۆسەپێنە مرۆڤ بەرەو ململانێ و کێشمەکێش و نیگەرانی پاڵدەنێت و لە خۆشی و بەختەوەری و ئاسودەیی دوری دەخاتەوە، تەنانەت خاوەندارێتی کردن لە زۆرترین موڵک و ماڵ نەک مرۆڤ ناگەیەنیتە ئاسودەیی، بەڵکو دووچاری نیگەرانی و خەم و ئازاری دەکات.

سەرمایەداری سیستمێکی تەواو دژە ئینسانیە هەم  جەستەی مرۆڤ وێران دەکات و هەم ویژدانیشی لێدەسێنێتەوە، کێشەی سەرمایەداری تەنیا ئەوە نیە کە مرۆڤ دەڕەتێنێت و جەستەی ماندوو دەکات، بەڵکو بەهەمان شێوەش ویژدان و هەست و سۆز و نەرمونیانی لە ناخی مرۆڤ دادەماڵێت. مرۆڤ لە بوونەوەرێکی خاوەن هەست و خاوەن ویژدانەوە کە سروشتی مرۆڤبوون پێی دەبەخشێت بۆ ئاژەڵێکی دڕندە یاخود مادەیەکی بێ ڕۆح و بێ گیان دەگۆڕێت کە تەنیا لە خەمی گیرفانی خۆیدایەو ئامادەیە سەرجەم مرۆڤایەتی بکاتە قوربانی لە پێناوی بەدەستهێنانی بڕێک دۆلاری زیاتر. ئەو سەرمایەدارەی لە شوێنەکەی خۆی دانیشتوەو تەنیا بەجوڵاندنی سەرمایەکەی دەتوانێت سامانێکی زەبەلاح کەڵەکە بکات و دەستی لە زۆرترین کاڵا و کەلوپەل گیرببێت، بەهەمان شێوەی ئەو کرێکارەی لە بەیانیەوە تا ئێوارە دەڕەتێندرێت و ئەرکێکی تاقەتپڕوکێن ئەنجامدەدات، دەکەوێتە بەر زەبری خواستی قێزەونی دنیای سەرمایەداری. لە باری دووەمدا کرێکارەکە ئازارێکی جەستەیی دەچێژێت و ووزەو توانای لێدەسێنرێتەوە بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم کە هاوشانی ڕەنج و ماندوبوونەکەی نیە لە کاتێکدا لە باری یەکەمدا سەرمایەدارەکە بڕە پارەیەکی زەبەلاحی پێدەبەخشرێت بەبێ ئەوەی هیچ ڕەنج و ماندووبونێک ئەنجام بدات بەڵام لە بەرامبەردا ویژدانی لێدەسەنرێتەوە. بەم پێیە لەم سیستمەدا هەم کرێکار و هەم خاوەن کار بوونەتە قوربانی و هەریەکەیان بەجۆرێک ستەمیان لێدەکرێت و هەریەکەیان شتێکی گرنگ و بەنرخیان لێزەوت دەکرێت کە بەهیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە. ڕەنگە هەندێجار کرێکارەکە کەمتر مایەی بەزەیی پێداهاتنەوە بێت لە کابرای سەرمایەدار ، بەو پێیەی کرێکارەکە هەرچەندە ئازاری جەستەیی دەچێژیت بەڵام هەست و ویژدانی مرۆڤانەی لەدەست نادات لە کاتێکدا سەرمایەدارەکە لە تەواوی هەست و ویژدان و کەرامەتی مرۆڤانە داڕنراوە. “جاک لەندەن” نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی لە ڕۆمانی “پاژنەی ئاسنین- Iron heel” دا وێنای واقعێکی قێزەونی دژە ئینسانی دەکێشێت کە تیایدا مرۆڤ لە سایەی سەرمایەداریدا چۆن چۆنی دەبێتە بونەوەرێکی لاموبالات و بێدەربەست لە هەمبەر خەم و ئازارەکانی ئەوانی تر، واقعێک دەخاتەڕوو کە لە میانەیدا مرۆڤ لە هاوسۆزی و هاوخەمی کە لە ڕەگەزە سەرەکیەکانی مرۆڤ بوونە بەتاڵدەبێتەوەو بۆ بوونەوەرێکی بەرژەوەندیخواز و خۆپەرست و قازانج ویست دەگۆڕێت.

ئەوەی وای کردوە سەرمایەداری لە ئەمڕۆدا سیستمێکی زۆر ترسناک بێت ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی درکی پێبکات. ئەگەر لە دوێنێدا سەرمایەداری وەکو سیستمێکی ئابوری دیاریکراو کە لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی لە کۆمەڵگا پیشەسازیە خۆرئاواییەکاندا بەرجەستە بووبێت و بۆشایی گەورەی نێوان زۆرینەیەکی ژێردەستی کرێکاران و کەمینەی سەردەستی سەرمایەداران وای کردبێت بە ئاسانی بناسرێتەوە، ئەوا لە ئەمڕۆدا هەڵگری سیماو خەسڵەتێکی جیاوازەو بە ڕۆخسارێکی ئارایشتکراوەوە کە بە زەحمەت دەتوانین بیناسینەوە خۆی دەنوێنیت.

دنیای ئەمڕۆی تەکنۆلۆژی زۆر جیاوازە لە دنیا پیشەسازیەکەی دوێنێ، لە ئەمڕۆدا ئامێرەکان جێگای کاری مرۆڤیان گرتۆتەوەو کاری تاقەتپڕوکێنی دوێنێی کرێکاران لە ئەمڕۆدا بە ئامرازە پێشکەوتوەکان پڕکراوەتەوە. لە سەرمایەداری پێشوودا کەڵەکەبوونی سەرمایەکان لە ڕێگەی ڕەتاندنی کرێکارانەوە بەدیدەهات بەڵام لە ئەمڕۆدا سەرمایەداری پەنای بۆ فرتوفێڵی نوێ بردوەو تەکنیکی فریودانی کرێکارانی لەڕێگەی ناچارکردنیان بە کڕینی کاڵا زۆرو زەبەندەکانی بازاڕ گرتۆتەبەر. سەرمایەداری لە ئەمڕۆدا جیهانی بۆ بازاڕیکی زەبەلاح گۆڕیوەو مرۆڤیشی لەبەردەم تاکە یەک هەڵبژاردندا ئازاد کردوە کە ئەویش ئەنجامدانی کاری کڕینە، مرۆڤ لە جیهانێکی لەم شێوەیەدا جگە لە مەسرەفکردن وکاڵا کڕین هیچ شتێکی تر ئاسودەی ناکات.

دنیای مەسرەفگەرایی ئەمڕۆ ئەو وەهمە لای مرۆڤ دەخوڵقێنێت کە ئەو تاکێکی سەربەخۆیەو ئازادە لەوەی کاری قورس و زیادە ئەنجام بدات یاخود نا، ئازادە لەوەی کاڵاو کەلوپەل بکڕێت یاخود نەیکڕێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو لەوە بێئاگایە کە هەموو ئازادیەکی لێزەوتکراوەو بەناچاری پێویستە قورسترین کار لە پێناوی دەستگیربوون لە زۆرترین بڕی ئەو شمەک و کەلوپەلانەی کە بەردەوام بە مۆدێل و شێوازی نوێوە لە بازاڕدا نمایش دەکرێن ئەنجامبدات. لە ئەمڕۆدا سەرمایەداری لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی میدیاو ڕیکلامە بازرگانیەکان و بە پشتبەستن بە ئامێری پێشکەوتوی ڕاگەیاندن هەر لە سەتەلایت و تۆڕە کۆمەڵایەتیە فراوانەکانەوە تا ڕۆژنامەو سایت و پیگە بازرگانیە ئەلەکترۆنیەکان، کاڵاو کەرەستە بازرگانیەکانی وەکو پێداویستی ڕەسەن و ڕاستەقینەی مرۆڤ ناساندوە. مرۆڤیش بەتەواوی کەوتۆتە ژێر هەژموونی ئەو دنیا ڕیکلامیەی کە سەرمایەداری سەپاندوویەتی و سەرجەم ئەو کاڵاو کەرەستەو کەلوپەلانەی کە ڕۆژانە بازاڕەکانی پێدەڕازێنرێتەوە وەکو زەرورەتێکی ژیانی خۆی سەیر دەکات و تاکە ئامانجی لە ژیاندا بۆتە هەوڵدان بۆ کڕینی زۆرترین کاڵا. بەمەش مرۆڤ بە تەواوی لە ناو ئەو دنیایەدا نغرۆ بووە کە سەرمایەداری بۆی فەراهەم کردوە و بە تەواوی لە نێو خواست و ئارەزوەکانی سیستمدا تواوەتەوە، لێرەشەوە چیتر مرۆڤ لەوە کەوتوە بتوانێت گۆڕانکارای بەسەر دنیاکەیدا بهێنێت و لە توانایدا بێت ژیانی خۆی بگۆڕێت. ئەمەش بەهۆی تاکە هۆکارێک کە بریتیە لەوەی مرۆڤ ئەم دنیایە بە تاقانە دنیای مومکین دەزانێت و پێی وایە ئەم شێوازەی ژیانکردن بەتەواوی لەگەڵ ویست و خواستەکانی خۆیدا یەکانگیرە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت