111.2899 Barzani 7

ئاریان ڕەشید : هزری فراوانی مێکیاڤێلی لە ئەقڵی تەسکی پارتیدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ کەسێک نیە لە مێژوودا هێندەی “مێکیاڤێلی” کاریگەری لەسەر سیاسەت و کایەی سیاسی دروست کردبێت، دەکرێت”بیری سیاسی” خۆرئاوا بە قۆناغی پێش مێکیاڤێلی و دوای مێکیاڤێلی پۆلێن بکرێت. کردەی سیاسی پێش “مێکیاڤێلی” بارگاوی بوو بە تیۆلۆژیای مەسیحی و ئەخلاقی سەدە ناوەڕاستەکان، “مێکیاڤێلی” گۆڕانی بنەڕەتی لە کایەی سیاسیدا بەئەنجام گەیاندوو “سیاسەتی” لە “ئەخلاق-مۆراڵ” و “تیۆلۆژیا-ئایین” جیا کردەوە. “مێکیاڤێلی” بە پێی پێویستی سەردەمەکەی خۆی وەها کارێکی ئەنجامداو فەلسەفەکەی لە خزمەتی سەرلەنوی بونیادنانەوەی “ئیتالیا” و پێکهێنانی “یەکێتی نیشتمانی ئیتالیا”دا بوو. لەو کاتەدا “ئیتالیا” بۆ چەند دەوڵەتۆچکەیەکی بچووک یان چەند میرنشینێکی لاواز دابەش بوبو، پاپاو بیری ئایینی و ئەخلاقی مەسیحی لەو قۆناغەدا ڕێگر بوون لە بەردەم یەکگرتنەوەی “ئیتالیا” و دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو.

مێکیاڤێلی” پوختەکردنی “سیاسەت” و دەرهێنانی کردەی سیاسی لەدەستی پیاوانی ئایینی بە پێویست دەزانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی گەورەتر کە دروستکردنی دەوڵەتی “ئیتالی”یە.. ئەم فەلسەفەیەی

مێکیاڤێلی” هەر لە سەرەتاوە ناڕەزایی و ناکۆکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بە ڕادەیەک هەندێک “مێکیاڤێلی”یان بە “شەیتان” ناوزەد دەکرد، بەو پێ یەی فەلسەفەکەی لە خزمەتی ستەمکاری و تاکڕەویدایە و دژی ئازادی و ئەخلاق و ئایینە. بەڵام کاتێک لە ئێستادا بە ووردی دیراسەی فەلسەفەکەی “مێکیاڤێلی” دەکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو کەسێکی نامۆراڵی یان نائایینی نەبووە، بەڵکە دژی تێکەڵکردنی کایەی ئایین و سیاسەتە، دژی دەستێوەردانی پیاوانی ئایینیە لە کایەی دەوڵەتداری و بەپێچەوانەوەش دژی بەکارهێنانی کایەی ئایینی و مۆراڵی یە لەلایەن دەوڵەت و پیاوانی سیاسەت. ئامانجی “مێکیاڤێلی” لەم فەلسەفەیەش بەدێهێنانی ئامانجێکی باڵایە کە یەکگرتوویی “ئیتالیا” بنەماکەیەتی، بۆ ئەم ئامانجەش “میر- فەرمانڕەوا” دەستکراوە دەکات هەموو ئامراز و میکانیزمێک بەکار بهێنێت، بەو مەرجەی لە خزمەتی ئامانجە ڕەواکەدا بێت. پادشا “میر” ئازادە لە بەکارهێنانی هەر ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە گەورەکەی، لای “مێکیاڤێلی” ئامانجەکە گرنگ و جەوهەریە چونکە لە خزمەتی کۆمەڵگاو بەرژەوەندی گشتیدایە، بۆیە دەکرێت “میر” سڵ لە بەکارهێنانی هەر ئامرازێکی نائەخلاقی نەکاتەوە بۆ گەشتن بە ئامانجە ئەخلاقیەکەی. بێگومان ئەم بیرەی “مێکیاڤێلی” لە درێژایی مێژوودا لە زۆر شوێن و لە زۆر دۆخدا بەهەڵە لێکدراوەتەوەو پیادە کراوە، بەشێکی زۆری سەرکردە سیاسیەکانی خۆرئاوا ئیلهامیان لەم فەلسەفەیەی “مێکیاڤێلی” وەرگرتوەو بە ناوی دروستکردنی “یەکێتی نەتەوەیی”یەوە هەموو ئامرازێکی توندوتیژی و تۆقاندنیان بەکارهێناوەو ، پرۆژەکەشیان تەنها لە خزمەتی خۆیان و کورسیەکەیاندا بووە.

من زۆر لەوە دڵنیام کە “پارتی دیموکراتی کوردستان” بنەماڵەی بارزانی” بە هزری “مێکیاڤێلی” کاریگەرن و بوونەتە بوونەتە بەشێک لەو هەڵە لێکدانەوەو خراپ شرۆڤە کردنەی بۆ هزری “مێکیاڤێلی” کراوە. “پارتی” و “بارزانی” کە دوانەیەکی لێکدانەبڕاون، بە پاساوی ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەیی سڵ لەبەکارهێنانی هەر کارێکی نائەخلاقی و نا مرۆیی ناکەنەوە. ئەوەی مایەی سەرنج و تێبینی یە ئەوەیە کە “پارتی” ئامانجی باڵای نەتەوەیی لە مانەوەی “پارتی” لەسەر ساحەی سیاسی و هێشتنەوەی “بارزانی” لە کورسی فەرمانڕەواییدا دەبینن، هەر بۆیەش پارێزگاری کردن لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی وەکو ئامانجە ڕەسەنەکەی “مێکیاڤێلی” سەیر دەکەن و بەکارهێنانی هەر ئامرازو میکانیزمێکی نائەخلاقی و نا ئینسانی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بە ڕەوا دەزانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت