ئاکۆ برایم: ئیرهابى فیکرى چى یە و چۆنە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەنابى سەرۆک سڵاو
پێم خۆش بوو بمزانیایە کە ئیرهابى فیکرى چى یە و چۆنە؟ کێ دەیکات بۆچ مەبەستێک ئەکرێت؟ بۆچى و لەبەرچى ئەو ئیرهابە تەنها لەسلێمانى دەبینن و لەپایتەختەکەت کە رۆژانە بەبیانوو هۆکارى جیاجیاوە، تاوان دەکرێت، خەڵک سەرەنگوم دەکرێت، سوکایەتى و بێ رێزى بەخەڵک و دکتۆر و مامۆستا و رۆشنبیران دەکرێت. هاوڵاتى دەکوژرێت و لەزیندان دەنرێت. ئەمانە چ ئیرهابێکى ناو دەنێن؟
با لەوەوە دەستپێبکەم کاتێک هەینى هاتیت بۆ سلێمانى بۆبانگەشەى پارتەکەت. کۆمەڵێک قسە و دورشمى زل و زەبەلاحت وت، کە ئەوەش ئەخەمە سەر ئەوکۆمەڵە قسەو دەستەواژانەى کەپێشتر وتوتە” ئەگەر خۆپیشاندەران بەچەقۆ هێرش بکەنە سەرمان ئێمەش بەوە وەڵامیان دەدەینەوە”. بمبەخشە کە دەڵێم ئەجارەش فاوڵت گرت، کە ئەو قسەو گوتانە بۆشانو شکۆ و ناو وپێگەى تۆ جوان نى یە، چونکە تۆ کەسێکى پلە بەرزى پارتیت، بیریشت نەچێت کە سەرۆکى حکومەتیت و سلێمانیش لەنێو ئەوچوارچێوەیەدایە کە تۆ فەرمانڕەوایت، ئیدى هەر کەموکوڕى و کارێکى خراپ لەسلێمانى ئەنجام بدرێت، تۆ وەک کە کەسى یەکەمى دەوڵەت و حکومەت لێى بەرپرسیاریت، ئەگەر دەشڵێیت وانى یە، پارتى لەسلێمانى دەسەڵاتى ئەوتۆى نى یە، ئەوا دیسان عەیبە و ناشیرینیە بۆ تۆ و حکومەتەکەت، کە بەناو سەرۆک بیت، بەڵام لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایدا لاواز بیت.بیرمەندێک ئەڵێت: خۆزگە ملم وەک زەرافە درێژ بوایە. بۆ ئەوەى کاتێک ئەمەوێت قسەیەک بکەم تا دەگاتە دەمم بیرم لێ بکردایەتەوە ئەوجا دەرم ببڕیایە. رەحمەتیەکەش دەیوت (قسە وەک با وایە چ لەدەم بێتە دەر چ لە….)
من خەڵکى سلێمانیم پەنجا ساڵە ژیان لەم شارە دەگوزەرێنم و زۆر شتم دیتوە .کە ئەگەر بەراوردى بکەم بەهەولێر، شارى حکومەتەکەت، رێک چەشنى کۆریاى باکور دێتە بەرچاوم. من وەک خۆم رۆژانە رەخنە و گلەیى لە دەسەڵات و حزب و حکومەت دەکەم. چیم بوێت ئەیڵێم: ئەتوانیت تەماشاى پەیجەکەم بکەیت) بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەو نوسین و رەخنانە، هیچ شوێنێک بانگى نەکردوم، کەسیش بەجنێو و تەشهیر و هەڕەشە روبەرووم نەبۆتەوە، خۆ ئەگەر بهاتایە من لەکۆریاى باکورەکەت (هەولێر) بومایە. ئەوا بەدڵناییەوە چارەنووسم وەکو سەردەشت و سۆرانى مامە حەمە دەبوو. لێرە لەم شارەى کە ئیرهابى فیکرى تیا باڵادەستە. کەس لەسەر درکاندنى نهێنى و، عەیب و عارى حکومەت و حزب وگەندەڵى هاوشێوەى ( فارس ئەحمەد و نازى پارێزەر) و سەرکردە باڵاکان بەشێوازى جیا جیا تیرۆرناکرێن.
خۆ جەنابت چاک ئاگاداریت کە نزیکەى سێ ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر ئەو زوڵمەى لێتان کردون و قوتیانت بڕیوە، وەخت و ناوەخت گرد دەبنەوە، بایکۆت دەکەن ماندەگرن ، رێگا دادەخەن. هیچ پەیام و وەڵامێکت پێ نەبوو بۆیان، جگە لەوەى سکرتێرى پارتەکەت وتى: (چدەکەن بکەن هەڵدەپەرن داتەپەرن) ئایا ئەمە سوکایەتى و ئیرهابى فیکرى و کوشتنى هەست و ئیرادەى خەڵک نى یە؟!. سەرۆکێک نیوسەدە لەنێو سیاسەت و خەباتدا بێت، ئەمە جوانترین دیارى و دەستەواژەى بێت بۆ خەڵکى ئەوشارە؟ ئەوە بەهەرحاڵ وەک وتم بۆ سێ ساڵ دەچێت ئەو بایکۆت و مانگرتن وخۆپیشاندانە لەم شارە ئیرهابى فیکرەکەدا درێژەى هەیە. (رەنگە من بۆخۆم زۆر لەگەڵیدا نەبم) بەڵام نەمان بینى هیچ هێزێک هێرش بکاتە سەریان، بە پێچەوانەوە بەدرێژایى ئەو شەو و رۆژەى ماندەگیرا و چادر هەڵدەدرا، هێزى ئاسایش گیانى خەڵکیان دەپاراست و پاسەوانیان لێ دەکردن، کەچى لە کۆریا باکورەکەى تۆ کە هیچ ئیرهابێک نى یە، خەڵک لەوپەڕى ئازادیدا دەژى، بینیمان چۆن کاتێک بۆ یەکەم جار مامۆستایان دەنگى ناڕەزاییان بەرز بۆوە خەڵک بەچ گوڕ و تینێکەوە خۆشى وشادى خۆى دەردەبڕى، کە دەتگوت لەزیندان رزگاربوون. بۆ ئەوەش لاتان قورس و ئەستەم بوو، کە کارى لەو شێوەیە کە نامۆ و عەجیبە بەنیسبەت دیکتاتۆریەت و میلیتیاریەتى دەسەڵاتانەوە، بۆیە یەکەو راست کەوتنە شەق و تێهەڵدان لە مامۆستاو پیر و بەساڵا چووان، بەشێکیشتان سزا دان و دورتان خستنەوە، لەکاتێکدا لەسلێمانى سێ ساڵ درێژەى هەیە،یەک کەس بچوکترین سزا و لێپرسینەوەى لەگەڵ نەکرا، بۆئەوەش ئەتوانیت پرسیار لە مامۆستیانى پارتى و لایەنگرانت بکەیت بزانە وایە یان نا؟ سەربارى ئەوانەش بەئەرکى مەزانە نوێنەرێک بنێرە بۆ شارى سلێمانى باسەرێک لەکتێبخانەو بەر سەرا بدات، بەچاوى خۆى ببینێت بزانێت ئازادى رۆژنامەکەرى و چاپەمەنى لەچ ئاستێکدایە و ؟ چ جۆرە کتێبێک سانسۆرى لەسەرە و فرۆشتنى یاساغە؟ تا ئێستا لەسەر بڵاوکردنەوەى نوسین یان رۆژنامە یان کتێبێک چەند کەس گیراوە؟! کەچى کاتێک گۆڤارێکى وەک لڤین یان کتێبێک لەسەر سەردەشت عوسمان یان نامیلکەیەکى پەکەکە دێتە هەولێر. ئیدى مەپرسە چ قیامەتێک رادەبێت! چەند کەس لەسەر ئەو کتێب و گۆڤار و نامیلکانە ئەگیرین و سزا دەدرێن؟ ئەى ئەگەر ئەمە ئیرهابى فیگرى و رۆشنبیرى و کەلتورى نەبێت. چى یە؟بڵیت ئیرهابى لەوەش خراپتر هەبێت؟!
لەوانەش زیاتر پێم خۆشە یەک زانیارى ورد و تەواو دروست بدەم بە جەنابتان. بەندە پتر لە بیست ساڵە لەیەکێک لەدەزگا راگەیاندنەکانى یەکێتیدا کار دەکەم. بۆ مێژوو دەیڵێم و سوێندى گەورەش دەخۆم، بەخودا و قورئان و هەموشتێکى پیرۆز، بەدرێژایى ئەو ماوەیە سەرم نەکردوە بەهیچ کۆمیتە و مەڵبەندێکدا، کەس پێى نەگوتوم کە چیم و سەربەکێم. ئیمڕۆش کە گەرمەى بانگەشەى هەڵبژاردنە.بۆ ئەوەش راگەیاندنەکان قورسایى و ئەرکى زۆریان دەکەوێتە سەرشان، یەکێتیش مافى خۆیەتى کە لەو کەناڵە و لەرێگەى کارمەندەکانییەوە ئەوبانگەشەیە بۆلیستەکەى بکات، بەڵام ئەتوانیت پرسیار بکەیت و لەنزیکەوە چاودێریمان بکەیت، بزانیت وایە یان نا.تا ئێستا یەک ئاڵا و لۆگۆ و دروشمى یەکێتم نەکردوە بەئوتومبیلەکەمەوە، یەک نیشانەى یەکێتى چى یە نەمداوە لەسەر سینگم، یەک کارتى بانگەشەو ریکلامم بۆ هیچ کاندیدێک نەکردوە، کەسیش پێى نەوتوم ئەبێت ئەو کارە بکەیت. یان ئیلا هەر ئەبێت دەنگ بەو لیست و کاندیدە بدەیت. لەولاشەوە لەسنورى کوریاى باکورەکەت هەمووشتێک بەحزبى کراوە.تەنانەت بۆمامەڵەى فەرمانگە ودامەزراوە حکومییەکان ئەوەى مامەڵەو داواکاریەکانى لەنێو فایلى زەرددا نەبێت قبوڵ ناکرێت. ئەگەر کەسێک بیەوێت ببێتە شوفێر لەهێڵێکى گواستنەوە، پاس یان تەکسیەک کار پێ بکات ،(کە ئەوەش کارێکى سەربەستەو هیچ پەیوەندى بەحزب و حکومەتەوە نى یە) بەڵام ئەبێت سەرەتا چەشنى سەردەمى سەدام ،پشگیرى موختارى گەڕەک، ئاسایشى ناوچەکە، تەسکیەى لق یان ناوچەى پێبێت ئەوە بسەلمێنێت کە فڵانى کوڕى فڵان، پارتى یەکى عەیارە بیست و چوارە، باپیرى کاتى خۆى لەگەڵ مەلا مستەفادا لەئاوى ئاراس پەڕیوەتەوە، باوکى بەشدارى هەردوو شۆڕشى ئەیلول و گوڵانى کردوە، دایک و خوشکەکانى ئەندامى یەکێتى ئافرەتانن. براکانى سەربەرێکخراوى قوتابیان و لاوانن، ئەوجا رێگەى پێدەدەن.کاربکات باشە ئەگەر کەسێکى وەک من لە دەزگایەکى راگەیاندن کە شوێنێکى زۆر هەستیارە کاربکات ئەبێت چەندە لێکۆڵینەو بەدواداچون و چاودێرى بکەن؟! بابیریشت بێنمەوە ئەوانەى هەینى لەبانگەشەى پارتەکەدا ئامادەبوون، هەمو ئەوانە بون لەسەر پارەى حکومەت موچەى بندیوارانەتان بۆ بڕیونەتەوە، لەبازیان و پیرەمەگرون و تەیناڵ و عەربەت و شارباژێرەوە هاتبوون، لە ناوچەو لق یشەوە، بەتوندى ئاگادار کرابونەوە کە ئەبێت هەینى لە بارەگاى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى ئامادەبن، ئەوەى ئامادە نەبێت موچەکەى دەبڕێت؟ ئەرێ پێم ناڵێت ئیرهابى فیکرى لەسلێمانى دەگوزەرێت یان لەکۆریاى باکورەکەى بەڕێزتان؟
جەنابى سەرۆک وەزیران و کەسى دووەمى پارتى دیموکرات:
مەیکە بەعوقدە وگرفتى دەروونى، کێشەى گەشەنەکردن و زۆرنەبوونى ئەندامان ولایەنگرانى پارتی تان لەسلێمانى و دەوروبەرى پەیوەندى بەئیرهابى فیکرییەوە نییە، بەڵکو هۆیەکەى ئەوەیە کە بەدرێژایى حەفتا ساڵ لەتەمەنى پارتى، هیچ کار و پرۆژە دەستکەوتێکى بۆ خەڵکى کوردستان بەگشتى و(سورەى….دەرى سلێمانى) فەراهەم نەکردوە ، کە دڵیان بەپارتى و سەرکردایەتیەکەى خۆش بێت، ئومێدیان هەبێت کە بتوانێت شتێکیان بۆبکات، جگە لە ئاشبەتاڵ و 31ى ئاب و نەهامەتى فیدراڵى و خۆخزاندنە ناو باوەشى دوژمنان و، پێشکەش کردنى هەموو داهاتە نەوتیەکان بەوان. ئەوە ئیرهابى فیکرى و جەستەیى و رۆحى و هزریی جددى یە، کە پارتێک بانگەشەى دیموکراسیەت دەکات، کەچى بەدرێژایى حەفتا و دوساڵ تەمەنى، کەسى یەکەم و دووەم و سێ یەم و پلەى تایبەت، هەر بۆ یەک بنەماڵە قۆرخکرابێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت