ئاکۆ برایم : باش بوونى ژیانى پێشمەرگە زامنى سەرکەوتنە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر وتراو زۆر باسکرا لەسەر پێشمەرگە و ، بەشان و باڵ پیاهەڵدان و دروشمى قەبە و زل و ، خۆفشکردنەوە و لەبەرکردنى جل وبەرگى پێشمەرگە و ، هەموومان پێشمەرگەین و ، بەستنى کۆڕو سیمینار و مونازەرە و کردنەوەى پێشەنگاو چى و چى . بەڵام هیچ کامێکیان نەبوونە مایەى دڵخۆشى و ئاسودەیى پێشمەرگە ، هیچیان نەیانتوانى گەردیلەیەک لەخەم و خەفەت و مەینەتى پێشمەرگە کەم بکەنەوە . هیچ کام لەوانە بارى گرانى سەر شانى پێشمەرگە و خانەوادەکەیان سووک نەکرد ، نەیانتوانى بزەیەک بخەنە سەر لێوى مناڵێکى بەرگ روت و برسى پێشمەرگە . ئەو هەموو هاش و هوش و هەرایە،نەبونە فشار و بۆ دوانەکەوتنى مووچەى پێشمەرگە ، و رزگاربوونى لەدەست قەرزارى و گیرفان بەتاڵى و کاسەى خاڵى .
زۆروتن قورئان خۆشە،هەرچى بیڵێن وبیکەین بۆ پێشمەرگە ، هێشتا نەمانتوانیوە قەرەبووى تەنها یەک رۆژى ژیانى بدەینەوە ، کەلە ناو شەڕ و رۆح کێشان وگەرما وسەرما و ترس و برسێتى ، دوور لەخێزان ونازى مناڵانى ، لەولاشەوە بۆڵە بۆڵى خاوەن خانوو و ساحێب قەرزەکان بوەستێت . کە ئەوان نەبووونایە ئێمەش وەک خەڵکانى باشوور و شارەکانى دیکە ئاوارە و دەربەدەرو لێقەوماو دەبووین .
باچیتر لەژێر ناوى بەرز و پیرۆزى پێشمەرگە و ، پۆشینى جل و بەرگ و سرودى خۆگیف کردنەوە ، زیاتر پەست و نیگەرانیان نەکەین ، بەو شتە لابەلایانە لەگرفت و نەهامەتیەکانیان کەم نابێتەوە ، ئەبێت بە کردەیى ، بەدەنگ کێشە خەمەکانیانەوە بێن ، گەر بەجدى لەخەمى پێشمەرگەداین و ، ئەمانەوێت ژیانێکى سادەو ئاسایى بژین و ، لەکولە مەرگى و گیرفان بەتاڵى قوتاریان بکەین ، بیرێک لە ژیان و گوزەرانیان بکەینەوە ، کارم بەوە نى یە کەدەڵین قەیرانى دارایى یە و ، حکومەتى مەرکەزى وەک پێویست بودجەو پارە نانێرێت . هەروەها بە کۆمەک کردنى خەڵکى و هاوڵاتیان بە بەحشینى چەند قوتویەک خۆراک و ، چەند کێسە ئاوێک و ، چەند پاکەت پسکیتێک ، ناکاتە ئەوەى کە ئیدى پێشمەرگە ئاوڕى لێدرایەوە و ، هەموو شت تەواو ، نا نەخێر بەڵکو کارەکە زۆر لەوە گەورەتر و پێویسترە ، دەرفەت و بوارى زۆر زێڕینتر هەیە کە ئەتوانێت بەئاسانى پێشمەرگە بحەسێنێتەوە ، ئەو خەمەى لەکۆڵ بکاتەوە ، کەبەقەناعەتى من بەم رێگایانە ئەتوانرێت بەسەر ئەو گرفتەدا زاڵ بین :
1 – گەر سەرنج بدەن لەرۆژنامەى(وشە) ژمارە 93 ى 13/5 بەگەورەیى نووسراوە ( لەهەولێر 1000 خانوو بۆ ئاوارەى عەرەب دروست دەکرێت ) ئەى باشە کوا ماف و ئیتمتیازى پێشمەرگە ؟ بۆچ حکومەت و لایەنى مەعنى ، چ وەزارەتەکەى یان وەزارتى ئاوەدانکردنەوە بیرێک لە حاڵى دەیان هەزار پێشمەرگەى کرێچى ناکەنەوە ؟!. وەک مەعلومە هیچ دەموو کاتێک عەرەب دانى خێرى بەکورددا نەناوە ، هەرگیز عەرەب لەگەڵ ئێمەدا نیەتى پاک وراست نەبووە ، سەرلەبەرى نەهامەتى و کێشەو قەیرانى کورد بەئێستاشەوە هۆکارەکەى عەرەب بووە ، بەهەموو پێکهاتەو ئاین و مەزهەبەکانەوە . بەدڵنیایەوە دەڵیم بەشێکى زۆرى ئەو عەرەبانەى کە ئێستا لەکوردستانن ، کەسو کار و ناسیاویان لەریزەکانى داعش دان یان زۆربەیان کۆنە بەعسى و پیاوى بەعس بوون . ئیدى تێناگەم ئەم بێگانە پەرستى یە تاکەى ؟ پێشمەرگە لەتاو قەرزارى و نەتوانینى دانى کرێ خانوو ، بەخێوکردنى مناڵەکانى خۆى دەکوژێت ، براى عەرەبیشمان دەخەنەسەر سەر و سەرچاومان .
2 – رۆژنامەیەک هەیە بەناوى ( هەولێر ) رۆژانە بەتیراژى 26 هەزار دانە لەسەرانەسەرى هەرێمدا بەبێ بەرامبەر بڵاو دەکرێتەوە ، کە ئەگەر حسابى تێچووى چاپ و ستافى نوسین و پەیامنێر و کرێى گواستنەوە ، کرێى مانگانەى نوسینگە و شوێنى کارەکەى حساب بکەین ،هەر ژمارەى بەلاى کەمەوە 5 $ بێت ، ئەوا بۆ یەک مانگ دەکاتە 390000$ بەکوردیەکەى خۆمان 39000 دەفتەر ، دەى باشە با ئەو رۆژنامەیە کە بەردەوام وێنەو پۆستەرى پێشمەرگە بڵاو دەکاتەوە با لەخۆى ببورێت ، یەک مانگ ئەو رۆژنامەیە بوەستێنێت ، یان بیکات بەهەفتانەو ، باقى خەرجیەکەى بخاتە خزمەتى پێشمەرگە و خانەوادەو بریندار و ماڵە شەهیدەکان .
3 – کەناڵەکانى تەلەفزیۆن لەسەرو هەمووشیانە کەناڵى رووداو ، کە ئەو زۆر لەسەر پرسى پێشمەرگە رادەوستێت و بۆ رەواجیدان بە کەناڵەکەیان و راکێشانى بینەر و ، جوڵاندنى هەست و سۆز لەبەرژەوەندى خۆى ، بەرنامەى جۆراو جۆر دەکات . با ئەویش لەخۆى ببورێت ، لەخۆیانەوە دەست پێ بکەن و ، هەڵمەتێک بۆ ئەو مەبەستە ساز بکەن ، کە سەرلەبەریان خاوەن مووچەى بەرزن لەنێوان 1000$ بۆ 5000$ دایە ، بەمەش ئەتوانرێت پتر لە دەیان دەفتەر دۆلار کۆبکرێتەو ، با ئەوانیش تەنها هەر بەدەربڕینى قسەى زل و بێ کردار ، مراوەغە بەکاتەکە نەکەن و بە پراکتیکى پیادەى بکەن ؟
4 – رۆژانە لە زۆر شوێن وجێگادا خواردن و خواردنەوەیەکى زۆر بەهەدەر دەڕوات ،، کە مانگانە دەکاتە سەدان تۆن ، باشە بۆچى لەبرى ئەو بەزایە چوونە ، بیر لەوە ناکرێتەوە ، ئەو شوێنانە توزێک دەست بگرنەوە ، ئەو زیادەڕۆییە کەم بکەنەوە ، لەبرى ئەوە ، ئەو خۆراک و شمەکە بخەنە خزمەتى پێشمەرگەوە و ، بینرێن بۆ سەنگەرەکانى پێشەوە ، کە لەزۆر وێنەدا دەبینین پێشمەرگە لەنان و تەماتە وپسکیت زیاتر هیچى دیکەى نى یە بیخوات .
5 – وەک ئەزانرێت بەسەدان هەزار کەس کە بەدریژایى ژیانیان فیشەکیان نەتەقاندوە ، یان بۆ ماوەى حەفتە و چەند رۆژێک لەبەر هەر هۆکارێک چونەتە دەرەوە بوونەتە پێشمەراگە ، کەچى ئێستا لەبەر خاترى دەنگدان و زۆرکردنى ژمارەى ئەندامانى حزبەکەیان ، مووچەى زۆریان بۆ بڕاوەتەوە . چیدەبێت گەر ئەوانیش یەک مانگ مووچەیان پێنەدرێت ( مەبەستم ئەوە نى یە کە خەڵک نان بڕاو بکەم ، چونکە بەشى زۆرى ئەوانە یان دەوڵەمەندن ، یان سەرچاوەى داهاتى تریان هەیە ، لەبەر خاترى ئینتیمایان بۆحزب ئەو موچەیەیان بۆبڕاوەتەوە ) . گەر ئەوانیش یەک مانگ مووچەیان پێنەدرێت ، یان نیوە مووچەیان بدرێتى بەسەدان هەزار دۆلار بۆ پێشمەرگە بەدەست دێت .
6 – کەمکردنەوەى سەفەر وئیفادى وەزیر و گزیر و بەرپرسان بۆ گەشتو گوزار ، یان دانانى باج لەسەر ئەوانەى گەشت دەکەن ، بەو داهات و باجو دەستگرتەوەیەش دەتوانرێت بڕێکى باش پارە بۆ پێشمەرگە پەیدا بکرێت .
7 – بەرپرسى یەکەمى کۆڕەک تیلکۆم کە بۆخۆشى پێشمەرگە و بەرپرسە ، با ئەویش لەرێگەى کۆمپانیاکەیەوە هەڵمەتێکى گشتگیر بکات بەبەخشینى بڕێک لەو سەنتانەى کە لەئەنجامى بەکارهێنانى هێڵەکان دەستى دەکەوێت . یان لەرێگەى خستنە مەزادى ژمارە جوان ونایابەکانى کۆڕەک تیلکۆم ، کە دڵنیام ئێستا خەڵکى خواستى زۆریان بۆ ژمارەى نایاب و دانسقە هەیە و ، بەدەیان هەزار دۆلارى پێدەدەن . بەمەش مانگانە دەیان و سەدان دەفتەر بەدەست دەخەن ، ئەگەر بیخەنە خزمەتى پێشمەرگە و ، بۆ ئەوان سەرفى بکەن، بەس بەتەنها ئەو کۆمپانیایە ئەتوانێت لەسەدا پەنجاى کێشەو کەموکوڕى پێشمەرگە دابین بکات .
بەدەر لەوانەش رێگا و کەناڵى دیکەى زۆریش هەیە بۆ هاوکارى وکۆمەکى پێشمەرگە . بەڵام بۆیە ئەوانەم بەیان کرد ، لەبەر ئەوەى ،ئەو شوێن ولایەنانە زیاتر وزۆرتر ، بەقسە هاوخەمى وپشتیوانى خۆیان بۆپێشمەرگە دەردەبڕن و ، دەیکەنە قەرز ومنەت بەسەرمانەوە . باوەرم وایە گەر لەمەولا بیرێک لەو خاڵانە بکەنەوە، پێم وابێت ئەنجامگیر دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت