ئاگرین شێخە: بەشدرایکردن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن ئەرکە یا ماف.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھەڵبژاردن كۆڵەگەی دیموكڕاسیە، یەكەمین بنەمایە كە لەوڵاتێكدا دیموكڕاسی پێ دەناسرێتەوە، لەپێناو تەبادولی سوڵتەدا لەنێوان پارت، ڕێكخراو، گروپ و تاكەكانی كۆمەڵگادا ھەڵبژاردن دەوری ئەساسی دەبینێت و ڕەھەندێكە بۆ بەردەوام تازەكردنەوەی دیدی نوێ بۆ حوكمڕانی. پشت بەستن بەم بنەمایەی دیموكڕاسی كۆمەڵگە لەدواكەوتن بەدوور دەگرێت و ھەمیشە وەرچەرخان بەئاراستەی قازانجی گشتی و كرانەوە بەڕووی مۆدێرنەدا ڕوودەدات، چونكە لەم ڕێگەوە جوھدو جەستەو ھزری نوێ دێتە پێشەوە بۆ سەركردایەتیكردنی حوكمڕانی.
لێرە، واتا؛ لەم وڵاتی عێڕاقە، بەشداریكردن لەم پڕۆسەیە ئەركەو بەكارھێنانی مافێكی موقەددەسیشە، چونكە باشترین چارەسەر بۆ دۆخی خراپی حوكمڕانی تەنھا لەڕێگەی ڕەئی خەڵكەوەیە بۆ ئەوەی قۆناغی داھاتوو وڵات ڕێڕەوی سیسەتمی حوكمڕانیەكی تەندروست وەرگرێت لەپێناو بەرژەوەندیە گشتیەكان، بۆیە بەشداریكردن پێش ئەوەی ماف بێ ئەرکە، وەلێ بە وریاییەوە.لەوڵاتێکدا ئەگەر سیستەمێكی تەندروستی حوكمڕانی نەبوو.
ئەگەر ئیدارە لەژێر چەتری دەستورو یاسای مەدەنی چەسپاودا بە یاسا نەبوو.ئەوا دەنگدان و بەشداریکردن لەپڕۆسەی ھەڵبژاردندا دەبێتە ئەرک، چونكە گۆڕانكاری لەبەرژەوەندی گشت ژیانكردانی وڵات دەبێت بەوانەشی كە لەبەرەی حوكمی تۆتالیتاردان. ئەرکی ھەر تاکێکی كۆمەڵگەیە كەبەئیرادەو دەنگی زاتی خۆی ئەم جۆرە حوكمگێڕیە بگۆڕێت بە حوكمێكی سالمی سابتی ڕەشید، ئەویش بەڕێگەی مەدەنی و بەكارھێنانی مافی دەنگدان بەڵام بەئەرك لێی بڕوانێت. وە زەرووریشە لەسۆنگەی بڕوابوون بە دیموکراسی و حوكمی گەل لێی بڕوانرێت بۆ بیناكردنی سیاسەتێكی حەكیم كە ببێ بەچەتری ئیدارەو ئەزموونی پەرلەمانی ئەو ئەرکە بەجێ بگەیێنێ تاكو كۆدەنگی جێگە بەتاكڕەوی و حوكمی خێڵ لەق بكات.کاتێک باسی حکومڕانی ھەرێم و شوڕشی کوردایەتی دەكرێت، یان ئەگەر چاو بخشێنین بەدەستەڵاتدارێتی خۆماڵی دوای ڕاپەڕین و دوای پڕۆسەی ئازادی عێڕاق بەگشتی، لێمان ڕەوان دەبێت كەھەڵبژاردن و خەباتی پەرلەمانی چەندە ئەھمیەتی ھەیە لەوەرچەرخان و سست كردنی سوڵتەی حزب و خێڵ و گروپی چەكداری. ھەروەھا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کەتەنھا ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بەشداریکردن و دەنگدانی دیموكڕاسیانە دەتوانێ گۆڕانکاری تەندروست بکات، دەتوانێ شۆڕش بە چەك و خوێن ڕشتن بگوازێتەوە بۆ قۆناغی خەباتێكی سپی بەبێ لەدەستدانی ھیچ گیانێك لەڕۆڵەكانی گەل. ئەمەش بۆ پێناوی دامەزراندنی بەرژەوەندی دوور مەودا كە ھەموان كۆبكاتەوە لەدەوری بازنەی خۆیی بوون.
ئەو کاتەی كە سیستەمێكی ڕەشید جێگیر و یاسا سەروەر دەبێت دەنگدان و بەشداریكردن لەپڕۆسەی ھەڵبژاردن (ماف)ە، بەڵام بەر لەمە (ئەرک)ە. ئەركە تا جێگیرکردنی سیستەم و كارداركردنی حەقیقی یاساو بونیادنانی ئیدارەیەكی مەوفەق. بەم ئامانجە دەرئەنجامەكانی بەشداریكردنی ھەر تاكێك لەھەڵبژاردندا، زۆرترین گۆڕانکاری دێتە وجود، كە سودی گشتی لێ بكەوێتەوە. ئەمڕۆ گەلانی عێڕاق بەگشتی و كورد بەتایبەتی لەناو گێژاوی سیاسەتێكی چەوتی چەند گروپێكی مافیا ئاسا دەگوزەرێنن، لەڕووی ئابوری و سیاسی و تەنانەت بەرجەستەكردنی دیموكڕاسیشەوە لەقۆناغێكی بێ فەڕدان، وە لەبەردەم قۆناغێکی گرنگیشدان دان، بۆیە ھەمووان واتا ئەوانەی بڕوایان بەخەباتی سپی ھەیەو ئارەزووی حوكمی یاسا دەكەن دەبێت بەشداریكردن لەپڕۆسەی ھەڵبژاردن بەئەركێكی پیرۆز بزانن و دەنگ بەوانە بدەن كەئومێدیان لەسەر ھەڵچنراوە بۆ باشكردنی گوزەران بۆ موددەیەكی زۆر دوور كە خزمەت بەنەوەی ئایندەش بكات. لەپێناو پاراستنی سەروەری خاک، بەرجەستەكردنی مافەكانی تاك و كۆمەڵ، لەپێناو ژیانێكی شایستەی كەڕامەندانە لەچوارچێوەی مرۆڤایەتی، پێویستە ئەم سیستەم و حوكمە چەتەگەریە لەڕێگەی ڕەئی خەڵكەوە ڕیشەكێش بكرێت.
بۆیە بەشداریكردن لەھەڵبژاردن و دەنگدان بەو لایەنەی شکۆ بۆ یاسا، بۆ كۆدەنگی پەرلەمانی و بۆ مافەكانی تاك بەتاكی وڵات دەگئرێتەوە ئەركێكە نەوەی ئایندەش بە پیرۆزیەوە لێی دەڕوانێت. ئەم تێڕوانینەم بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشە كە لەماوەیەكی زەمەنی كورتدا دێتە پێشەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت