ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل : کتێبە گچکەکەی فەلسەفەو پرسه‌ گه‌وره‌کانی ژیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

 

By Andre Comte-Sponville The Little Book of Philosophy

دکتۆر کەمال میراودەلی  له‌ ئینگلیزی یه‌وه‌ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردیی

چاپی ئینگلیزی: ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن  William Hermann، له‌نده‌ن

 

به‌شی دووەم :

سەرباس – فەلسەفە چییە ؟

فەلسەفە رێبازی بەکارهێنانی حیکمەته‌ ( نەك تەنیا زانست ) .

کە فەلسەفاندن بکەی مانای ئەوەیە بیر بۆ خۆت بکەیتەوە ، بەڵام کەس ناتوانێ بە ڕاستی بۆ خۆی بیربکاتەوە بە بێ ئەوەی پشت بە بیرەکانی کەسانی تر ببەستێ ، بە تایبەتی بیری فەیلەسوفە مەزنەکانی ڕابردوو . فەلسەفە تەنێ بازیی ( موغامەرە)   نییە ، ئەرکێکیشە بە بێ ڕەنجدان ، بەبێ خوێندنەوە ، بەبێ کەرەسە و ئامراز تەواو ناکرێت . زۆربەی جار هەنگاوەکانی یەکەم بۆ زۆر کەس سارد که‌ره‌وه‌ن و هێزی بەردەوامبوونت نادەنێ . ئەمە بوو وای لێکردم زنجیرەیەك نامێلکە بڵاوبکەمەوە ، سەرەتا نامەیەکی فەلسەفی لە دوازدە بەرگی بچوکدا هەر یەکەیان چل تێکستی هەڵبژاردەی زۆر بچووك دەگرێتە خۆی ، هەریەکەیان بە سه‌رباسیك دەست پێدەکات کە لە چەند لاپەڕەیەك زیاتر نییە هەوڵم داوە تێیاندا پوختەی ئەو ئایدیایانە پێشکەش بکەم کە لای من جەوهەریی بوون .

ئەو دوازدە سه‌رباسانه‌ چەند جار پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و تۆکمەکراون . ئەوانەن کە ئەم بەرگەی ئێستا پێکدێنن . سروشتی کەمتەمای پرۆژەکە نەگۆڕاوە : وەك پێشەکییەك بۆ فەلسەفە ماوەتەوە : با بڵێین دەروازەیەك بۆ فەلسەفە لە نێوان سەدان دەروازەدا. ئەوە خەمێکە بۆ خوێنەر دەمێنێتەوە دوای ئەوەی خوێندنەوەی کتێبەکەت تەواو کرد ، دەست بکەی بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی کاری دیکە کە درەنگ یان زوو پێویستە ئەوە بکەی و گەر حەز بکەی لیستێکی هەڵبژاردەی خۆت ( ئەنتۆلۆجی ) لە کتێبی فەلسەفە درووست بکەی . بیست و پێنج سەدە لە تەمەنی فەلسەفە گەنجینییەکی لە بڕان نەهاتوومان دەداتێ ، گەر ئەم کتێبە بچکۆلە سرۆش بە تاکە کەسێ ببەخشێ تا ئەو گەنجینە سۆراغ بکات ، گەر یارمەتی کەسێك بدا هەندێ چێژ و خۆشی و زانین بە دەست بێنێ ، ئەوا ئەم هەوڵەم بێهوودە نەبووە .

 یەکەم جار ، ئامانجی من لە نووسینی ئەو کتێبانە ئەوە بوو بۆ گەنجان بن . بەڵام لەو نامانەی بۆم دەهاتن دەرکم بەوە کرد کە خوێندەواریان زۆر لەوە فراوانتر بوون . نیازی سەرەتایی من هێشتا لە جۆری ئەو نموونانەی هێناومنەوە بۆ ڕوونکردنەوەی هەندێ خاڵ و لە شێوازی نووسینەکە و لە ڕوانگەکەیدا ئاشکرایە . شێوازەکە نا فۆرمالە خۆ بە خۆییە رەنگە لەبەر ئەوەبێ کە من بیرم لە مناڵەکانی خۆم کردەوە کە هەرزەکارن نەك لە خوێندکار و قوتابیان کە قەت لەگەڵ ئەوان نافۆرمال نەبووم . لە چاپکردنەوەیدا من هەستم نەکرد کە پێویستە تایبەتکارییە شێوازییەکانی بگۆڕم . سنوورداریی تەمەن بۆ فەلسەفە نییە بەڵام هەرزەکاران زیاتر لە پێگەیشتووان پێویستییان بە رێنماییەك هەیە . 

فەلسەفە چییە ؟ من زۆر جار ئەم پرسەم باس کردووەو ، جار لە دوای جار لەو دوازدە چەپتەرانەدا لەگەڵیا دەستە و یەخە بووم . فەلسەفە نە زانستە ، نە حیکمەتە ، نە تەنانەت زانینیشە : ڕامانە لەو زانینەی هەمانە . لەبەر ئەمەیە کە تۆ ناتوانی فەلسەفە فێر بی . بە قسەکانت تۆ تەنیا دەتوانی فەلسەفاندن بکەی . چۆن ؟ بە فەلسەفاندنی خۆت ، بە بیر کردنەوە لە بیرەکانی خۆت ، بیرەکانی کەسانی دیکە ، جیهان ، کۆمەڵ ، دەربارەی ئەوەی ئەزموونت لەژیاندا فێری کردووی ، ئەوەش کە فێری نەکردووی ،… خۆشبەختانە ، بەم کارەت لە گەشتەکەدا تووشی فەیلەسوفێکی پرۆفیشناڵ ( پیشەکار) دەبی . ئەمە یارمەتیت دەدا باشتر بیر بکەیتەوە ، قووڵتر ، بنگەهییتر ، ڕێیەکی دوورتر ، خێرا تر دەبڕی . ئەم جۆرە فەیلەسوفە { کە دەیخوێنیتەوە} کانت دەڵێ : (( نابێ وەك نموونەی دادوەریی دابنرێ ، بەڵکو بە سادەیی وەك دەرفەتێ کە تۆ حوکمی خۆت بەسەر ئەو ، یان تەنانەت ، دژی ئەویش بدەی )). کەس ناتوانێ لە جیاتی تۆ بیر بکاتەوە ، فەلسەفاندن بکات . بێگومان ، فەلسەفە شارەزایان و پیشەکاران و مامۆستایانی خۆی هەن . بەڵام فەلسەفە یەکەمجار و لەپێش هەموو شتێکدا تایبەتکاریی ، وەزیفە و کۆرسێکی زانکۆ نییە . بەڵکو بەشێکی جیانەبۆوەیە لە هەبوونی مرۆڤانە . مادام ئێمە بەخشیشی ژیان و عەقڵمان پێکەوە هەیە ، ئەو بیرە لای هەریەکێکمان دروست دەبێ کە ئەو دوو بەهرەیە لێك بدەین . بێگومان دەکرێ بیر بکەینەوە بەبێ ئەوەی فەلسەفاندن بکەین . ( بۆ نموونە لە زانستدا ) ، یان بەبێ فەلسەفاندن بژین لە له‌حزەکانی گەمژەیی یان هەڵچوون و سۆزدا ، بەڵام ئەوە ماحاڵە کە بەبێ فەلسەفاندن بیر لە ژیانت بکەیتەوە ، یان بەگوێرەی بیرکردنەوەت بژی : چونکە ئەمە چییەتی فەلسەفەیە .

بایۆلۆجی ( زیندەوەرناسی ) قەت ناڵێ دەبێ چۆن بژی ، ئایا پێویستە بژی یان تەنانەت دەبێ خۆی بە بایۆلۆجییەوە خەریك بکات . زانستە مرۆڤایەتیەکان قەت پێت ناڵێن بەهای مرۆڤایەتی چییە یان داخۆ ئەو زانستانە خۆیان شایانی ئەوەن فێریان بین … لەبەر ئەمەیە کە دەبێ ئێمە فەلسەفییانە بیر بکەینەوە ، چونکە پێویستیمان بەوەیە بیر دەربارەی ئەو شتانە بکەینەوە کە دەیانزانین ، ئەو شتانەی ئەزموونیان دەکەین ، ئەو شتانەی حەزمان لێیانە ، ئەو پرسیارانەی کە زانین بە تەنیا ناتوانێ وەڵامیان بداتەوە یان وەلایان بنێ .

هونەر بێ یان دین یان سیاسەت ؟ ئەمانە بابەتی گرنگن ، بەڵام بابەتێکن کە دەبێ خۆیان پرسیاریان لێ بکرێ . هەر ئەو کاتەش کە دەستدەکەی بە پرسیار لێکردنیان ، کە بە قووڵی بیرییان لێدەکەیتەوە ، تۆ ئەو بابەتانە خۆیان لەلایەك دادەنێی ، تۆ هەنگاوێك بۆ دەرەوەی ئەوان دەنێی ، تۆ هەنگاوێك بۆ ناو فەلسەفە دەنێی . هیچ فەیلەسوفێکیش نابێ ئەوە ڕەت کاتەوە کە فەلسەفەش خۆی دەبێ بخرێتە ژێر پرسیارەوە . بەڵام کە پرسیار لە فەلسەفە دەکەی ، ناچیتە دەرەوەی فەلسەفە ، قووڵتر بە ناویدا شۆڕ دەبیتەوە . کەسێك کە پرسیاری فەلسەفە بکات دەبێ چ ڕێگایەك بگرێ ؟ من ئەو تاقە ڕێگایەم گرتووە کە پێی شارەزام :

هی فەلسەفەی ڕۆژاوایی . ئەمە مانای وانییە کە فەلسەفەی دیکە نین .  فەلسەفاندن مانای ژیندەنی کردنە بە عەقڵ و ئەمەش گەردوونییە . بۆ دەبێ فەلسەفە ببێتە موڵکی تایەبتی هیچ کۆمەڵە خەڵکێك ؟ هەموو کەس ده‌زانێ ترادیشنی مرۆڤی و هزریی دیکە هەن ، بە شێوەیەکی دیار ، لە ڕۆژهەڵاتدا . بەڵام ئەوە ماحاڵە دەرەقەتی هەموو شتێك بێین و ، بەهەرحاڵ ، ڕەنگە بۆ من شتێكی نەشیاوو ناشییانە بێ هەوڵی ناساندنی فەلسەفەی ڕۆژهەڵات بدەم کە تەنیا لەڕێگەی دووەم سەرچاوەکانەوە ئاشناییم لەگەڵیدا هەیە . من بۆ لەحزەیەکیش وا بیر ناکەمەوە کە فەلسەفە بە لێبەدەربوون ، یان یۆنانی ، یان خۆراوایییە . بەڵام وەك زۆربەی خەڵك وا بیر دەکەمەوە کە ترادیشنێكی فەلسەفی مەزن لە ڕۆژاوادا هەبووە ، کە بە یۆنانییەکان دەستپێدەکا و بەرەو ئەوەو ، لە ڕێگای ئەوەوە ، من دەمەوێ خوێنەرەکانم ڕێنمایی بکەم . کورتی و پوختەیی بەشەکان ڕاستی تەمای گەورەی ئەم سەرەتانامه‌یە دەشارێتەوە . لەلایەکی دیکەوە ، بەهانەیه‌که‌ بۆ ناتەواوییەکانیان ، ئەمە بەشێکە لە پێناسەی سەرەتانامە .

من وتم دەبێ بە عەقڵ بژین ، ئەمە ڕێگا نیشان دەدا ، فەلسەفە بەڵام هەرگیز ناوەڕۆکی نابینرێ . فەلسەفە پرسیارکردنێکی ڕادیکاڵانەیە ، سۆڕاغکردنە لە ڕاستی گەردوونی و کۆتایی ( نەك وەك لە زانستەکاندا هەیە : ڕاستییەکی تایبەت) ؛ پێویست بەوە دەکا کە کۆزانەکان ( گەرچی بەشێك بن لە لقە زانستی تر ) پەرە پێبدەین و بەکاریان بێنین ، بیر کردنەوەی تێڕامانینمان هەبێ ، ( بیر لە شتێك و بیر لە عەقڵ بکەینەوە ، بیر لەبیرکردنەوە بکەینەوە) تێڕامانی مێژووی خۆمان و مرۆڤایەتی بکەین ؛ گەڕانە بەدوای بەرزترین و مەزنترین شێوەی هاوتەبایی ، مەزنترین شێوەی شیاوی عەقڵانییەت ( هونەری عەقڵە ، گەر حەز بکەی ، بەڵام هەر لەو کاتیشدا بەرەو هونەری ژیانت دەبا ) ؛ هەندێ جار فەلسەفە سیستمەکان دروست دەکا ، بەڵام هەموو کات بابەتەکانی باس و تیمەکان  Themes، و ئاخاوتنه‌کان و تیئۆرییەکان بەرهەمدێنێ .

فەلسەفە ، دیسانەوە ، ڕەنگە وەك سەرەتا و لەپێش هەموو شتێکی تردا ڕەخنە گرتن بێ لە هەوڵەکانمان ، لە پێشباوەڕییەکان،Prejudice ، لە ئایدیۆلۆجییەکان .. هەموو فەلسەفە خەباتە .

چەکەکەی : عەقڵە

دوژمنەکانی : گەمژەیی و فەناتیسم و شاردنەوەی حەقیقەتە .. یان فەلسەفەی ( ئەوانی دی) . هاوپەیمانەکانی : زانستەکانن

 بابەتەکانی : هەموو شتێك ، کە مرۆڤ لە ناویدا بێ . یان مرۆڤە ، بەڵام لەناو هەموو شتێکدا ، ئامانجی :  خۆشیی گەیشتنە بە ڕاستیی .

لە پراکتیسدا ، بابەتەکانی فەلسەفە بێ ژومارن . هیچ شتێ نییە کە مرۆڤیی بێ ، هیچ شتێ نییە کە راست بێ ، بە فەلسەفە نامۆ بێ . ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هەمووان لە گرنگییاندا یەکسانن

لە پارچەیەکی بەناوبانگی کتێبی لۆجیك- دا Logic کانت بواری فەلسەفە لە چوار پرسیار دا چڕ دەکاتەوە :

دەشێ چی بزانم ؟

دەشێ چی بکەم ؟

دەشێ چی هومێدبکەم ؟

مرۆڤ چییە ؟

ئەو سەرنجە پێشکەش دەکات کە سێ پرسیاری یەکەم بەهی چوارەمەوە بەندن. بەڵام، من دەڵێم ، هەموو ئەمانە بە پرسیارێکی پێنجەمەوە بەندن ، کە لە ڕوانگەی فەلسەفیی و مرۆڤایەتییەوە ، ڕەنگە هەرە گرنگترەکەیان بێ : دەبێ چۆن بژیم ؟ هەر کەسێ هەوڵ دەدا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە ، بەشێوەیەکی زیرەکانە ، ئەوا ئەو کەسە دەست بە بیرکردنەوە بۆ خۆی یان فەلسەفاندن دەکا . مادام مەحاڵە هەر کەسێکمان لە قۆناغێكی جیای ژیانماندا ئەو پرسیارە نەکەین ، ئەوا ئێمە تەنیا دەتوانین لە ڕێگای گەمژەیی و تاریکایی زانین خۆمان لە فەلسەفە بدزینەوە .

هەر کە ئەو پرسیارە دەکرێ ، یان هەر کە هەوڵی وەڵامدانەوەی دەدەین ، ئەوا ئێمە بە کردەوە ، فەلسەفاندن دەکەین . ئەمە مانای وانییە کە فەلسەفە دەتوانرێ کەموت بکرێ بۆ پرسیار لە خۆکردن ، یان پاکانە بۆ خۆ دۆزینەوە .. تا ڕادەیەك ، بۆ باشتر یان خراپتر ، هەر کاتێ ئێمە ( عەقڵانی و ڕادیکاڵی ) بیر لە دنیا دەکەینەوە ، لە مرۆڤایەتی ، لە بەختەوەریی ، لە دادپەروەریی ، لە مردن ، لە خودا ، لە زانین … ئەوا ئێمە فەلسەفاندن دەکەین .

چۆن دەتوانین خۆمان لەمە دورخەینەوە ؟ مرۆڤ زیندەوەرێکی فەلسەفییە ؛ ئەو تەنیا بەوە دەتوانێ فەلسەفە تووڕ هه‌ڵدا کە بەشێ لە مرۆڤایەتی خۆی واز لێبێنێ .

لەبەر ئەوە ئێمە دەبێ فەلسەفاندن بکەین . دەبێ تا ئەو ئاستەی پێی ڕادەگەین و زیاتر لەوەی دەیزانین ، بیر بکەینەوە . مەبەست لەمە چییە ؟ ژیانێك کە مرۆڤانە تربێ ، ڕوونتربێ ، سەنگینتربێ ، عەقڵانیتربێ ، بەختەوەرتربێ ، ئازادتربێ . ئەوەی بە وتەی پێشینان پێی دەڵێن : حیکمەت ، واتە بەختەوەری بەبێ وەهم و درۆ و ساختەیی .

ئایا ئەمە شتێکە دەتوانین پێی بگەین ؟!

ڕەنگە بەتەواوی نا. بەڵام ئەمە نابێ بمانوەستێنێ لە هەوڵدان بۆی ، نە لە نزیکبوونەوەی زیاتر لێی . کانت دەڵێ : فەلسەفە خەباتی مرۆڤە بۆ حیکمەت ، کە هەمیشە ناتەواوه ‌. ئەمە هۆ و پاڵنەری زیاترە کە دەستبەجێ گەشتەکەمان دەستپێبکەین . فەلسەفە دەربارەی بیرکردنەوەی باشترە بۆ ژیانی باشتر . فەلسەفە : کارە ، حیکمه‌ت : وەڵامدەرەوەیە .

ئێ ، فەلسەفە چییە ؟ ڕەنگە بەقەدەر زۆریی فەیلەسوفان وەڵامی زۆرمان بۆ ئەو پرسیارە هەبن . ئەمە مانای وانییە کە فەیلەسوفەکان دەربارەی شتە جەوهەرییەکانی فەلسەفه‌ تەبا نین . لە سەردەمی خوێندکاریمەوە هەمیشە حەزم لەو وەڵامەی ئیپیکۆرۆس بووە : ( فەلسەفە چالاکییەکە لە ڕێگای ئاخاوتن و عەقڵاندنەوە ، ژیانی خۆش بۆ ئێمە بەدەستدێنێ !)) ئەمە فەلسەفە لە ڕێگای دەسکەوتە هەرە مەزنەکەیەوە دەناسێنێ ( حیکمەت و خۆشی ) و باشترە هەروا پێناسەی بکەین گەر چی دەسکەوتەکە هەرگیز ڕەها نییە لەوەی کە باسی سەرنەکەوتنەکانی بکەین .

بەختەوەریی ئامانجە . فەلسەفە ڕێگایە .

گەشتێکی خۆش !!

بۆ خوێندنەوەی بابەتی یەکەمی ئەم پەرتوکە  کلیک بکەرە سەر ــ کتێبە گچکەکەی فەلسەفەو پرسه‌ گه‌وره‌کانی ژیان .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت