Andre-Comte-1

ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل : کتێبە گچکەی فەلسەفەو کێشە گه‌وره‌کانی ژیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

نووسینی : فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ کۆمت-سپۆنڤیل

دکتۆر کەمال میراودەلی له‌ ئینگلیزی یه‌وه‌ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی
چاپی ئینگلیزی : ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن William Hermann، له‌نده‌ن

بابه‌تی دووه‌م : سیاسەت

دەبێ بیر لە سیاسەت بکەینەوە : گەر وەك پێویست بیری لێ نەکەینەوە دڵرەقانە سزا دەدرێین . ئەلەین Alain 

مرۆڤ زیندەوەرێکی کۆمەڵایەتییە ، ئەو تەنیا دەتوانێ لەناو چەشنی خۆیدا گەورەبێ و گەشە بکات . بەڵام هەر لەو کاتەدا زیندەوەرێکی خۆپەرستە ، ئەو کۆمەڵایەتییە نە دەتوانێ بەبێ کەسانی دی بژی ، نە دەتوانێ واز لە حەز و ئارەزووە تایبەتیەکانی خۆی بۆ خاتری کەسانی تر بێنێ . لێرەدایە کە ئێمە پێویستمان بە سیاسەت هەیە ، بۆ ئەوەی بەربەرەکانی بەرژەوەندییەکان بەبێ توند و تیژیی چارەسەر بکرێن ، بۆ ئەوەی هێزەکانمان وەك مرۆڤ و کۆمەڵ یەکگرتوو بن نەك دژەیەك بن . بۆ ئەوەی لە جەنگ و ترس و بەربەریزم دووربکەوینەوە . ئێمە پێویستمان بەوەیە دەوڵەت دروست بکەین نەك لەبەر ئەوەی هەموو مرۆڤان چاك و دادخوازن ، بەڵکو لەبەر ئەوەی وانین ، نەك لەبەر ئەوەی یەکگرتون بەڵکو لەبەر ئەوەی دەکرێ دەرفەتی ئەوەیان بدرێتێ یەکگرتوو بن نەك به‌ ( سروشتیی) بە پێچەوانەی ئەوەی ئەرستۆ دەیڵێ ، بەڵکو بە کەلتوور و لە ڕێگای مێژووەوە .
ئەمە پێناسەی سیاسەتە : مێژوو بەو شێوەیەی درووست دەکرێ ، هەلدەوەشێتەوە دروست دەکرێتەوە . لە پرۆسەی بزاڤی بەرەو پێشچوونی دا . مێژوو حاڵەتی ئێستایە ، کاتی ئێستایە مێژووی ئێمەیە . تاکە مێژوویەکە کە هەمانە . چۆن دەتوانی بایەخ بە سیاسەت نەدەی ؟ کەوایە دەشێ بایەخ هەر بە هیچ شتێ نەدەی ، چونکە هەموو شتێکی دی پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە . سیاسەت چییە؟! بەڕێوەبردنی ناکۆکی و بەربەرەکانیییه‌کان و هاوپەیمانیییه‌کان و هاوسەنگییەکانی هێز و دەسەڵاتە بەبێ پەنابردن بۆ جەنگ نەك بۆ تەنیا شەڕ لە نێوان تاکەکاندا وەك لەناو خێزان و گروپەکاندایە ، بەڵکو لە نێوان کۆمەڵدا بە گشتی .
سیاسەت هونەری پێکەوە ژیانە لەناو تاکە دەوڵەتێکدا یان لەناو شارێکدا ( پۆلیسpolis لە وشە یۆنانیییه‌کەیدا ) ژیان لەگەڵ کەسانێکی تردا کە ئێمە خۆمان هەڵمان نەبژاردووە لەگەڵیان بژین و هەست بە هۆگرییه‌کی تایبەتی بەرامبەریان ناکەین و ئەوانەی لە زۆر ڕووەوە ڕقەبەرمانن زیاتر لەوەی هاوپەیمان بن ، ئەمە وا گریمان دەکا هاوبەش بین لە دەسەڵاتدا و خەبات بۆ دەسەڵات بکەین . گریمانی ئەوە دەکا حکومەت پێك بێ و حکومەت بگۆڕدرێن. گریمانی ڕوودانی ناکۆکی و بەربەرەکانی دەکا کە حوکم بکرێن – چۆنێتی چارەسەری ناکۆکییەکان. بەبێ سیاسەت تەنیا شەڕ لە ئارادا دەبێ و بۆ ئەوەی سیاسەت هەبێ دەبێ رێ لەوە بگرێ . لەو شوێنەی شەڕ کۆتایی دێ سیاسەت دەست پێدەکا .
سیاسەت پێویستی بەوە دەکا بزانین کێ فەرمان دەردەکا ، کێ فەرمانەکان جێبەجێ دەکا ، کێ یاساکان دەردەکا ، کێ سەروەرە و سەروەری چییە ، ئەمە دەکرێ پادشایەك یان ستەمکارێك بێ ، ( لە پاشاگەری رەهادا ) یان دەشێ خەڵك بێ ( لە دیموکراسیدا) یان دەشێ کۆمەڵە کەسانێك بن ( چینێکی کۆمەڵایەتی ) حیزبێکی سیاسی ، نوخبەیەکی راستەقینە یان هی ئەریستۆکراتی . دەشێ و زۆر جار واڕێدەکەوێ تێکەڵییەکی تایبەتی هەرسێ جۆرەکەی رژێم یان حکومەت بێ . هەرچی شێوەیەکیان بێ سیاسەت بەبێ ئەم دەسەڵات و حکومەتە بوونی نیییه‌ ، کە گەورەترین دەسەڵاتە لەسەر زەمین و زامنی هەموو دەسەڵاتەکانی ترە ، چونکە وەك فوکۆ دەڵێ : دەسەڵات لە هەموو شوێنێکدایە یان ڕاستتر فۆرمی بێ ژوماری دەسەڵات هەن ، بەڵام ئەوانە هەموو تەنیا دەتوانن لە ژێر دەسەڵاتی بەهێزترین دەسەڵاتی قبوڵکراو یان سەپێندراو پێکەوە هەبن . زۆر جۆریی و زۆر لایەنیی دەسەڵاتەکان و یەکێتی دەسەڵاتی سەروەر یان دەوڵەت ئەو مەیدانەیە کە سیاسەت تێیدا یاری دەکا و لەبەر ئەوەیە کە پێویستە . ئایا ئێمە دەبێ دەسەڵاتی یەکەم چەقۆکێشێك کە دێتە ڕێمان قبووڵ کەین ؟ سەر بۆ یەکەم گچکە ستەمگەرێك دانەوێنین ؟ بێ گومان نەء ، ئێمە دەزانین کە دەبێ ئیتاعەتی جۆرە دەسەڵاتێك یان رەنگە چەند دەسەڵاتێك بکەین ، بەڵام نابێ ئێمە ژێر فەرمانی هەر جۆرە دەسەڵاتێك هەیە بەهەر نرخێ ببین ، ئێمە حەز دەکەین ئیختیاری ئەوەمان هەبێ کام دەسەڵات قبوڵ بکەین ، ئێمە خۆمان ئەو دەسەڵاتەمان دەوێ کە فەرمانەکانی قبوڵ دەکەین ، نەك بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆمان لێ بسێنێت بەڵکو بۆ ئەوەی زامنی بکا و بەهێزی بکات . لەمەدا ئێمە هەموو کاتێ سەرکەوتوو نابین . نە ئێمە بە تەواوی دەست لە پەیامەکان هەڵدەگرین . لەبەر ئەوەیە ئێمە دەچینە ناو سیاسەتەوە لەبەر ئەوەیە ئێمە لەم کارەدا بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئازاو دلێر بین ، بۆ ئەوەی بەختەوەرتر بین ، بۆ ئەوەی بەهێزتر بین ، نەك وەك ئەوەی بە جیا بەهێزبین و یەکێکمان مەیدان لە ئەوەی تر بگرین . بەڵکو هەموو پێکەوە وەك ناڕازییانی ( مانگرتنی گشتی فەرەنسا ) لە ساڵی ١٩٩٥ وتیان ، یان هەموومان بەیەکەوە بەڵام بەرهەڵستکاریش بین – چونکە گەر ئۆپۆزسیۆن نەبێ پێویستی بە سیاسەت نامێنێ .
سیاسەت خۆی مانای وایە ڕێکنەکەوتن ، ناکۆکیی ، بەربەرەکانیی هەیە ، کاتێ هەموو لەسەر شتێ ڕێدەکەون ساغیی لە نەخۆشیی باشترە ، بەختەوەریی لە خەم و خەفەت باشترە ، ئەوا پێویستی بە سیاسەت نامێنێ . بەڵام ئەوەش سیاسەت نییه‌ کە هەرکەسە بۆ خۆی بێ ، یان تەنیا خەمی شتەکانی خۆی بێ . سیاسەت ئێمە کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە بەرهەڵستی یەکتر بکەین . سیاسەت بە باشترین شێوەی شیاو ئێمە بەرامبەر یەك دادەنێ . سیاسەت کۆتایی نییە . ئەوانە هەڵەن کە جارجارە دەڵێن سیاسەت مرد ، گەر ئەوە ڕاست بێ یانی کۆتایی مرۆڤایەتی . کۆتایی ئازادیی ، کۆتایی مێژوو کە هەموو ئەمانە بەردەوامن و دەبێ بەردەوام بن لە پرۆسەی ئەو ناکۆکی و بەربەرەکانیییه‌دا کە دانیان پێدا دەنێن و چارەسەریان بۆ دەدۆزینەوە .
سیاسەت وەك دەریا وایە بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە . ئەوە لەیەك کاتدا جەنگان و تاقە ئەگەری ئاشتی یە . با دووبارەی بکەمەوە : سیاسەت پێچەوانە و دژەمانای شەڕە ، هەر ئەوەش بەسە کە گەورەیی سیاسەت دەردەبڕێ . سیاسەت دژەمانای حاڵەتی سروشتی ژیانە ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێداویستی سیاسەت دەردەبڕێ . کێ حەزدەکا بە تەنیا بژیا ؟ کێ حەز دەکا لە بەربەرەکانی بەردەوام لەگەڵ کەسانی دیکەدا بژیا ؟ حاڵەتی سروشتی ئەو حاڵەتەیە وەك ( هۆبز ) دەڵێ : کە هەر مرۆڤێ دوژمنی هەموو مرۆڤێکی دیکەیە لەبەر ئەوە ژیانی مرۆڤ تەنیا هەژار ، دڕندە ئاسا کورتە ، زۆر لەوە باشترە کە دەسەڵات دابەش کەین یاسایەکی گشتی هاوبەشمان هەبێ و کە دەوڵەتمان هەبێ : سیاسەت باشترە لەو جۆرە ژیانەی هۆبز وەسفی دەکا .
چۆن پێکەوە دەژین ؟ ئامانجمان چییە ؟ ئەمە ئەو دووانە گرفتەیە کە دەمانەوێ چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە تەنیا بۆ ئەوەی هەر کە چارەیەکمان دۆزیەوە سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە مادام هەر کەسە مافی ئەوەی هەیە بیروڕای خۆی ، حیزبەکەی و هاوپشتیوانی خۆی بگۆڕێ . هەریەکە ئەرکی ئەوەی لەسەرە کە بیربکاتەوە کە لەگەڵ ئەوانی دیدا بکەوێتە گفتوگۆوە .
سیاسەت چییە ؟ سیاسەت بەربەرەکانیییه‌کانی ژیانه‌ لەناو کۆمەڵێکدا کە دەوڵەتێك حوکمی دەکا و هەریەکە دەیەوێ کۆنترۆڵی ئەو حکومەتە بکات : هونەری وەرگرتن و هێشتنەوەو بەکارهێنانی دەسەڵاتە ، هەروەها هونەری شەریکایەتییە هەر هیچ نەبێ لەبەر ئەوەی جگە لەمە رێگایەکی تر بۆ وەرگرتنی دەسەڵات نییە .
شتێکی هەڵەیە وابیر لە سیاسەت بکەینەوە کە سەرئێشەیەکی زیادەیە و چالاکییەکە دەبێ بە سووکی سەیری بکرێ . ڕاستییەکەی پێچەوانەی ئەمە ڕاستە : حوکمکردنی کۆمەڵگایەك ، چارەنووسی هاوبەشی کێشە و بەربەرەکانیییه‌ هاوبەشەکانی ئەرکێکی جەوهەرییە بۆ هەر مرۆڤێك ئەرکێكە کە نابێ کەس لە بەشداریکردن تێیدا بێبەش بکرێت .
ئایا ئێمە دەبێ مەیدانی سیاسەت بۆ فاشیستەکان و دیماگۆگەکان جێ بێڵێن ؟
ئایا دەبێ لێگەڕێین بیرۆکراتەکان بڕیارمان بۆ بدەن ؟
ئایا دەبێ لێگەڕێین ته‌کنۆکراتەکان و سیاسەت – پیشەکان کۆمەڵ بەو شێوەیە لە خشتە دەن کە خۆیان دەیانەوێ ؟ گەر وابێ و ( ئێمە خۆ دوورە پەرێز بگرین ) چ هەقێکمان هەیە کاتێ شتەکان هەڵە و خراپ دەبن – سکاڵا بکەین ؟ چۆن دەتوانین وانیشان بدەین کە ئێمە بەشداری چەوتییەکان نین گەر هیچ شتێ بۆ ڕێگرییان نەکەین ؟
هیچنەکردن بەهانە نییە ، لەدەستنەهاتن بەهانە نییە ، بەشدارینەکردن لە سیاسەت وازهێنانە لە بەشێکی هێزی خۆمان ئەوەش هەموو کاتێ کارێکی مەترسیدارە .
بەڵام لە هەمان کاتدا دەستهەڵگرتنە لە بەشێك لە بەرپرسیارێتییەکانمان ، ئەوەش هەموو دەمێ کارێکی ناجۆرە ، ناسیاسی بوون هەم بە هەڵەدا چوونە ، هەم هەڵەیە ، چونکە ئەمە دژی بەرژەوەندییەکان و هەروەها بەرپرسیاریتییەکانمانە .
بەڵام هەر بەو چەشنە هەڵەیە کە سیاسەت و ئەخلاق بەیەك شت دا بنێین ، هەروەك سیاسەت تەنیا مەبەستی چاکە و پەسنیی و نابەرژەوەندیخوازیی بێ .
دیسانەوە دەیڵێینەوە پێچەوانەی ئەمە دروستە گەر ئەخلاق فەرمان ڕەوابێ ، ئەوا پێویستی بە سیاسەت ، یاسا ، دادگاکان ، سوپاکان نامێنێ : ئێمە پێویستمان بە دەوڵەت نامێنێ و لە ئەنجامدا پێویستمان بە سیاسەت نامێنێ .
کە پشت بە ئەخلاق ببەستین ، تا بەسەر کوێرەوەری و نا عەدالەتیدا زاڵ بین مانای وایە ئێمە تەنیا خۆمان هەڵدەخڵەتێنین کە پشت بە مرۆڤایەتی پەروەری ( هیومانتاریانیزم ) ببەستین وەك شێوەیەکی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و دژە رەگەزپەرستی . ئه‌مانه‌ سیفاتی ئەخلاقیی جەوهەریین . بەڵام وەك سیاسەت ناتوانن تەنانەت بچوکترین کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکەن گەر بیانتوانیایە ئێمە چیتر پێویستمان بە سیاسەت نەدەبوو . ئەخلاق بە پانتایی سنوورەکان کاردەکات . سیاسەت لە ناویاندا کار دەکات ، ئەخلاق هیچ جۆرە ئینتیمایەکی بۆ دەوڵەت نییه ‌، سیاسەت هەیەتی ، نە ئەخلاق نە سیاسەت گوێ نادەنە رەگەز : رەنگی پێستت کار ناکاتە سەر مرۆڤایەتیت یان هاونیشتمانبوونت ، بەڵام ئەخلاق هیچی بەسەر ئەوەوە نییە کە تۆ فەرەنسی یان لە فەرەنسا دەژی ، ئەوروپایی یان لە ئەوروپا دەژی . ئەخلاق تەنیا دەربارەی کەسی تاکە . تەنیا دەربارەی مرۆڤایەتییە ، بەڵام گەر تۆ چەپی یان ڕاست ، فەرەنسی یان ئەوروپیی ، سیاسەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکێك یان گەلانێك بێ ئەوەی مرۆڤایەتی لێ بەدەرکەین کاردەکا . لابردنی مرۆڤایەتی لە سیاسەت کارێکی نا ئەخلاقیی و خوکوژانە دەبێ ، بەڵام وەك ئەرکی لە پێشینە ئەخلاق ناتوانێ قبوڵی بکا نە بە شێوەیەکی رەها ڕێی لێبگرێ . رەنگە ئێمە خۆزگە بخوازین ئەخلاق بەس بایە . مرۆڤایەتی بەس بایە ، سیاسەت پێویست نەبایە ، بەڵام گەر وا بیرکەینەوە مانای وایە لە مێژوو تێنەگەیشتووین و خۆمان هەڵدەخه‌ڵەتێنین .
سیاسەت پێچەوانەی خۆپەرستیی ( خۆ- بەرژەوەندیی) ناوەستن وەك ئەخلاق دەیکا ، سیاسەت دەربڕینێکی بە کۆمەڵی پێکناکۆکی خۆپەرستییە : ئەوە پرسی ئەوەیە کە پێکەوە خۆپەرست بین ، و تا بکرێ بە شێوەیەکی کاریگەر وابین چۆن ؟ بەوەی کە بۆ تێکهەڵکێشانی بەرژەوەندییەکان کار بکەین بۆ شتێ کە پێی دەڵێین : هاوپشتیوانی ( بە پێچەوانەی بەخشندەیی کە مانای نەبوونی بەرژەوەندی دەگەیەنێ ) .
زۆرجار بەهەڵە لە جیاوازی نێوان ئەو دووانە تێدەگەین بۆیە من جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکەم ، ئەوە راستە کەمن هاودەمیی هاوپشتیوانی نیشان دەدەم ، من دیفاع لە بەرژەوەندی کەسانی دی دەکەم بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ بەرژەوەندی منیش لەوەدایە ئەوە بکەم .
کاتێ من لەجیاتی کەسێکی دی کار دەکەم من کار بۆ خۆشم دەکەم چونکە دوژمنی هاوبەشمان هەیە ، بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە ، بەرەوڕووی مەترسی هاوبەش دەبینەوە . ئەم پرنسیپە لە پشت دروستبوونی بزوتنەوە نەقابەکانی کرێکاران و بیمە و سیستمی باجەوەیە . کەسی ناڵی کە بوون بە ئەندامی نەقابەیەك و بوونی بیمە و دانی باج ( تاکس) نیشانەی بەخشندەیی یه ‌، بەخشندەیی شتێکی تەواو جیاوازە ، بریتییە لەوەی من بەرگریی لە بەرژەوەندی کەسانی دیکە بکەم نەك لەبەر ئەوەی من شتێکم دەست دەکەوێ بەڵکو لەبەر ئەوەی کەسانی دی دەسکەوتیان دەبێ ، من لەبری کەسێکی دی کار دەکەم بەڵام نە بۆ خۆم .
ئەگەری ئەوە هەیە ، راستی زۆر ڕێی تێدەچێ کە من زیان بکەم . تۆ چۆن دەتوانی شتێ بهێڵیتەوە کە دەیبەخشی ؟ چۆن دەتوانی شتێ ببەخشی کە دەستت لێی بەر نەبێ؟ ئەمە ( بەخشیش) نابێ ، بەڵکو گۆڕینەوە دەبێ ، کارێکی بەخشندەیی نابێ بەڵکو کارێکی پشتیوانی دەبێ . هاوپشتیوانی ڕێگایەکە بۆ دیفاعکردنی بە کۆمەڵ لە خۆت . بەخشندەیی کە هاتە سەر ئەوە بریتی یە لەوەی خۆت بۆ کەسانی دی بکەیتە قوربانی لەبەر ئەوەیە لە روانگەی ئەخلاقییەوە بەخشندەیی بەرزترە . لەبەر ئەوەشە لە روانگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پشتوانیی یەکتر زۆر گرنگترە ، زۆر واقعی ترە ، زۆر کاریگەرترە ، کەس حەزناکا پارە بۆ سیستمی یارمەتی کۆمەڵایەتی حکومەت بگرێتەوە لەبەر بەخشندەیی خۆی ، شتێکی سەیر و دەگمەنیش دەبێ کە کرێکارێك بۆ بەخشندەیی ببێتە ئەندامی نەقابەکەی . لەگەڵ ئەمەشدا یارمەتی کۆمەڵایەتی نەقابەکان و باجدان کارێکی زۆر زیاتریان بۆ خزمەتی دادی کۆمەڵایەتی کردوە لەو بەخشندەییەی ئێمە جاروبار نیشانی دەدەین .
ئەمانە بۆ سیاسەتیش دروستن ، کەس لەبەر خاتری بەخشندەیی ڕێزی یاسا ناگرێ . کەس لەبەر خاتری بەخشندەیی هاونیشتمانی نییە ، بەڵام لە وڵاتە دیمۆکراتییەکاندا یاسا و حکوومەت زۆر زیاتریان بۆ دادەو ئازادیی کردووه‌ لە نیاز و عاتیفەی چاك ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هاوپشتوانی و بەخشندەیی پێکناسازێن ، بەخشندەیی ڕێگە لەوە ناگرێ هاوپشتیوانیی نیشان بدەی ، نیشاندانی هاوپشتیوانیی ڕێمان لێناگرێ بەخشندەبین ، بەڵام هیچیان هاوچەشنی یەکترنین لەبەر ئەوەیە کە هیچیان بە تەنیا بەس نین و ناتوانن جێگەی ئەوی دی بگرنەوە . بەخشندەیی ئەو کاتە بەسە کە ئێمە تا ئاستێکی تەواو بەخشندە دەبین . بەڵام ئێمە پێویستمان بە هاوپشتیوانیی هەیە چونکە بەخشندەییمان نوقستانە لەبەر ئەوەی بەخشندە نین زۆر پێویستمان بەوەیە هاوپشتیوان بین .
بەخشندەیی بەشێکی ئەخلاقییە ، هاوپشتیوانی بەشێکی سیاسییە . ئەوە کاری دەوڵەتە کە داخوازییەکانی خودە بەرژەوەندیدارەکان و رکەبەرەکان ڕێك بخا ، بۆیە سیاسەت پێویستە و شتێکی دی نییە جێگەی بگرێتەوە .
سیاسەت پرسی ئەخلاق ئەرك یان خۆشەویستی نیییه ‌، پرسی خەباتە بۆ دەسەڵات بە جیاوازیی بیڕوڕا ، بەرژەوەندی دروستکراو و پێکدادانی بەرژەوەندییەکان . سەیری میکاڤیلی یان مارکس بکە ، سەیری هۆبز یان سپینۆزا بکە ، سیاسەت جۆرێك لە چاکەخوازیی altruism نیییه ‌: بریتی یە لە خۆخوازییەکی زیرەکانە و کۆمەڵیی کراو ، ئەمە بۆ ئەوە نیییه‌ ئێمە ئیدانەی بکەین بەڵکو بۆ ئەوەیە پاکانەی بۆ بکەین ، ئێمە دەشێ هەموومان پێکەوە زیرەکانە و بە کۆمەڵ خۆخواز بین .
ئەوە ئاشکرایە کە بۆ هەموو کەس پرۆسەکردنی هێمن و بە سەبر و لۆجیکانەی بەرژەوەندییەکان لەوە باشترە هەمووان بەرەوڕووی یەك ببنەوە و ئاژاوە پەیدا ببێ ، ئەوە ئاشکرایە کە بوونی دادپەروەریی باشترە بۆ هەمووان لەوەی بێدادیی هەبێ . ئەوە ئاشکرایە کە ئەم جۆرە هاوپشتیوانییە پاکانەی ئەخلاقی هەیە و دەری دەخا کە ئەخلاق و سیاسەت ئامانجی دژ بە یەکیان نین ، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە ئەخلاق بە تەنیا بەس نییە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی ، ئەوەش ئەوە دەردەخا کە سیاسەت و ئەخلاق نابێ لە جێی یەکتر دابنرێن . ئەخلاق بە پێناسە بەرژەوەندی نیییه ‌، سیستمی سیاسی هەرچی بێ وا نیییه ‌.
ئەخلاق گەردوونییه‌ یا دەیەوێ وابێ سیاسەت هەمیشە تایبەتە بە شوێنی گرۆیەك ، سیستمێك .
ئەخلاق کار و بەرپرسییەکی تاکە کەسییە تەنیا بۆ ڕاناوی کەسی یەکەمە ، سیاسەت کۆمەڵییە ، لەبەر ئەوەی کە ئەخلاقە ناتوانێ جێگەی سیاسەت بگرێتەوە. نە سیاسەتیش دەتوانێ جێگەی ئەخلاق بگرێتەوە ، ئێمە پێویستمان بە هەردووکیان هەیە و پێویستمان بەو جیاوازییە هەیە کە لە نێوانیاندا هەیە . هەڵبژاردەکان جگە لە هەندێ نموونەی بەدەر بریتی نین لە رکەبەریی نێوان کەسە چاکەکان و کەسە خراپەکان ، بریتین لە بەرەورووبونەوەی نێوان بەرەی جیاواز گرۆی تیئۆری و ئایدیۆلۆجی جیاواز ، حیزبەکان ، هاوپەیمانیییه‌کان ، بەرژەوەندییە دروستکراوەکان ، بیروراکان ، ئامانجە لە پێشەکان ، ئیختیارەکان ، سەکۆ سیاسیەکان .
بێ گومان ئەخلاق لە هەموو ئەمانەدا دەوری هەیە . دەشێ دەنگێك لەڕووی ئەخلاقییەوە جێگای سەرزەنشت بێ ، بەڵام ئەمە نابێ لەو ڕاستییەمان دوور بخاتەوە کە ئەخلاق نە پلاتفۆرمە نە سیاسەتنامە policy ، سیاسەتنامەی ئەخلاق چییە بۆ نەهێشتنی بێکاری ، جەنگ ، بەربەریزم ؟ ڕاستە پێمان دەڵێ ئێمە دەبێ چارەسەریی بۆ ئەوانە بدۆزینەوە ، بەڵام پێمان ناڵێ چۆن چارەسەریان بکەین . چۆن ئەو وشەیە کە کت و مت لە سیاسەتدا گرنگە ، ئایا تۆ دادپەروەریی و ئازادییت پێ چاکە ؟ لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئەوە پلەی هەرە کەمە کە پێت چاك بن ، لەڕووی سیاسیەوە ئەوە پێمان ناڵێ چۆن زامنی ئازادی و دادپەروەری بکەین .
ئێمە دەشێ باوەڕمان وابێ کە ئیسرائیلی و فەلەستینیییه‌کان دەبێ هەریەکەیان دەوڵەتی سەلامەتی خۆیان هەبێ ، خەڵکی کۆسۆفۆ دەبێ لە ئاستی هێمنیدا بژین جیهانگیری نابێ گەلان و تاکە کەسان پێشێل بکا ، هەموو کەسێکی تەمەندار دەبێ خانەنشینیییه‌کی شایانی هەبێ و لە هەموو گەنجێکیش پەروەردە و خوێندەواریەکی باش بەنسیب بێ ، ئەخلاق بە پەرۆش و بە کوڵەوە پشتگیریی ئەو هەستانە دەکات بەڵام پێمان ناڵێ چۆن ئێمە بەیەکەوە دەتوانین شانسی بە جێگەیاندنی ئەو شتانە زیاد بکەین .
ئایا هیچ کەس بەڕاستی لەو باوەڕەدایە کە ئابووری و بازاڕی ئازاد هەر بۆ خۆیان بەسن ؟ بازاڕەکان تەنیا بۆ فرۆشتنی کاڵاکان باشن . بەڵام دنیای ئێمە کاڵا و کەل و پەل نیییه ‌. نە ئازادیی و دادپەروەرییش کاڵان . ئەوە دەبێتە شێتیی کە ئێمە متمانەی خۆمان دەربارەی ئەو شتانەی بۆ فرۆشتن نین بدەینە دەست هێزەکانی بازاڕ ، خۆ کۆمپانییه‌کانیش ئەوە تەنیا بە پاڵنەری بەدەستهێنانی قازانج دەجووڵێن و کار دەکەن من ئەوان لەبەر ئەمە ئیدانە ناکەم : ئەوە ئەرکیاریی ئەوانە و هەریەکێ لە ئێمە پێویستمان بە قازانجکردنی ئەوانە . بەڵام ئایا کەسێ هەیە باوەڕی بەوە هەبێ کە تەنیا قازانج بەسە بۆ زامنکردنی مانەوەی کۆمەڵگای مرۆڤ ؟ ئابووری سامان دروست دەکا ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی سامانە ، هەرچەند زۆربێ زیادە نییە بەڵام ئێمە هەروەها پێویستمان بە دادپەروەرییە ، پێویستمان بە ئازادییە ، بە ئاسایشە ، بە ئاشتییە ، بە برایەتی و هیوا و ئایدیالە ، هیچ بازارێك ناتوانێ ئەمانەمان بداتێ . لەبەر ئەوە ئێمە پێویستە خۆمان بە سیاسەتەوە خەریك کەین چونکە نە ئەخلاق بە تەنیا ، نە ئابووری بە تەنیا بەس نین ، لەبەر ئەوە لەڕووی ئەخلاقییەوە ناشیرینە و لە ڕووی ئابوورییەوە کاره‌ساتهێنه‌ره‌ کە ئێمە هەروا بێ باکانە لێخورین . سیاسەت بۆ ؟ چونکە خەڵك نە فریشتەن و نە تەنیا کڕیاری کاڵا و بەکاربەری خزمەتگوزارین . ئێمە هاووڵاتین ، دەبێ هەرواش بێ ، سیاسەت وامان لێدەکا بتوانین وەك هاوڵاتی بەردەوام بین . بۆ ئەوانەش کە سیاسەت دەکەنە پیشە ، پێویستە سوپاسیان بکەین و بۆ ئەو ئەرکە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا دەیکێشن ، هەر بەم شێوەیەش دەبێ تووشی ئەو وەهمەش نەبین کە ئەوان تەواون و تەواو لێهاتوون و چاك و دەسپاکن : چاودێریکردنیان مافی مرۆڤ و ئەرکی ئێمەیه‌ وەك هاوڵاتی ، ئەو وریایی و چاودێرییە دیمۆکراسییە نابێ لەگەڵ گاڵتە پێکردن تێکەڵ بکرێ ئەوەی کە گاڵتە بە هەموو شتێ دەکا ، نە لەگەڵ سووکایەتی پێکردنیش تێکەڵ بکرێ ، کە هەموو شتی وا لێکدەکا شایانی ئەوە بێ سووك بکرێ . وریایی سیاسیی ئێمە مانای ئەوەیە کە نابێ باوەڕ بە قسەی سیاسییەکان بکەین ، مانای ئەوەشە کە وەك پرینسیپ گاڵتە بە هەموو شتێ نەکەین کە دەیڵێن ، ئێمە قەت ناتوانین سیاسەت ریفۆرم و ساغ بکەینەوە کە شتێکە زۆر پێویستمان پێیە بیکەین ، بەوەی کە بەردەوام قسەی خراپ بەوانە بڵێین کە سیاسەت دەکەن . لە دەوڵەتی دیمۆکراتیدا ئێمە ئەو سیاسییانەمان هەتا کە شایستەی خۆمانن چونکە خۆمان هەڵیان دەبژێرین . هۆیەکی دی بۆ په‌سندکردنی ئەو سیستمە بەسەر هەموو ئەوانی دیکەدا ئەوەیە کە کەس مافی ئەخلاقی نییه‌ رەخنەی لێبگرێ ، کە زۆر هۆ هەن بۆ رەخنەلێگرتنی ، ئەگەر ئامادە نەبێ کار لەگەڵ کەسانی تردا بۆ گۆڕینی بکات . ئەوە بەس نییه‌ هیوامان بە دادپەروەریی و ئاشتیی و ئازادیی و خۆشگوزەرانی هەبێ . ئێمە پێویستە کار بۆ زامنکردن و پەروەردەکردنیان بکەین ، دەتوانین ئەوەش بەکاریگەری ئەنجام بدەین تەنیا بەیەکەوە وەك کۆمەڵ و لە ڕێگای سیاسەتەوە . من جەختم لەسەر ئەوە کرد کە سیاسەت نە دەتوانرێ بۆ ئەخلاق نە بۆ ئابووری کەم بکرێتەوە . بەهەرحاڵ ئەمە مانای ئەوە نیییه‌ کە سیاسەت لە ڕووی ئەخلاقییەوە بێ منەتە و دامێنی ئابووری نییه‌ . بۆ هەر کەسێ کە پەرۆشی مافەکانی مرۆڤ و خۆشی خۆی هەبێ ، تێوەگلان لەسیاسەت تەنیا ماف نییه ‌، بەڵکو ئەرکیشە و لەبەرژەوەندی خۆی دایە و لەوانەشە تاقە رێگایەك بێ کە بە هۆیەوە ئەو ئەرك و بەرژەوەندیانە پێکساز دەکرێن و پێك ئاشت دەکرێنەوە ، لە نێوان یاسای جەنگەڵ و یاسای خۆشەویستیی ، یاسا خۆی هەیە . لە نێوان بێگەردیی فریشتەکان و دڕندەیی دڕندەکان سیاسەت هەیە ، فریشتەکان دەشێ بەبێ سیاسەت بگوزەرێنن ، مرۆڤەکان ناتوانن ، لەبەر ئەمەیە کە ئەرستۆ هەر نەبێ لە ڕوویەکەوە ڕاست بوو مرۆڤ زیندەوەرێکی سیاسییە چونکە بەبێ سیاسەت لەوانەیە نەیتوانیبایە بە تەواوی مرۆڤایەتی خۆی لە ئامێز بگرێ . ئەوە بەس نییه‌ کردەوەمان وەك مرۆڤ بێ . ئێمە پێویستە کۆمەڵگایەکیش درووست بکەین کە مرۆڤانە بێ ، چونکە لە زۆر ڕووەوە ئەوە کۆمەڵگاشە کە مرۆڤان دروست دەکا ، بۆ ئەوەی مرۆڤانە بێ ، دەبێ بەردەوام دروست بکرێتەوە هەر نەبێ لە هەندێ ڕوویەوە . جیهان بەردەوام دەگۆڕێ ئەو کۆمەڵگایەی لە گەڵیا ناگۆڕێ دادەتەپێ ، لەبەر ئەمە ئێمە دەبێ کار بکەین و خەبات بکەین و موقاوەمە بکەین ، داهێنان بکەین ، زامنی پێشکەوتن بکەین ، و ریفۆرم بکەین ، ئەمە مەبەستی سیاسەتە . ئایا ئەرکی لەوە خۆشتر هەیە ؟ لەوانەیە ، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا هیچ شتێکی تر نیییه‌ لەمانە گرنگتر بێ . مێژوو لەجێی خۆی ناوەستێ : گەمژانە لە کەنارێکدا ناوەستێ و چاوەڕێ ناکا !
مێژوو قەدەر نییە ، تەنیا ئەو شتانە نین کە بەسەرمان دێن : ئەو شتانەشن کە وا دەکەین ڕوو بدەن ، ئەو شتانەی ئێمە دروست دەکەن .. ئەمە خودی پێناسەی سیاسەتە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت