ئەبوبەکر کاروانی : بەڵێ داعش موسڵمانن و ئیسلامییشن .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەلەفیەت و بیری تەکفیری لە خزمەتی مۆدێلی داعشدان
دەبوایە ھەر زوو یەکگرتوو پاشگری ئیسلامی لە خۆی بکاتەوە

ئەبوبەکر عەلی کاروانی ئەو سەرکردەیەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە بەردەوام داوای گۆڕانکاری لە حزبەکەی دەکات ، لەم دیمانە تایبەتەی (باس) دا دەڵێ : “ یەکگرتوو دەبوو دەمێک بوایە پاشگری ئیسلامی لە خۆی بکرایەتەوە ”. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە داعش موسڵمانن و ئیسلامییشن .
1 – ھەندێک دەڵێن داعش و لایەنە ئیسلامییەکان دوو ڕووی یەک دراون ، بەڵام ئیسلامیەکان دەرفەتیان نییە وەکو داعش بن ، ئێوە چی دەڵێن؟
ئەبوبەکر عەلی : ئەو بۆچوونە ، بەڵگەیە لەسەر نەناسینی ئیسلامییەکان و گوێنەدان بە ھەڵسەنگاندنی زانستی و دادوەریەکی عەقلانیانە ، ئەگەر ئیسلامییەکان بیرکردنەوەی داعشییانەیان ھەبوایە ، ئەوە دەرفەت ھەیە و خەڵکانێکیش ھەن یارمەتیان بدەن، بەتایبەتیش لەدوای 91 کە کوردستان شەڕی ناوخۆی تێدا بوو دەستوەردانی ھەمەلایەنەی دەرەکی ھەبوو، دەرفەتیش ھەبوو، بەڵام ئەوان ھەروەکو خۆیان بوون، لەبەرئەوە ئەم قسەیە لە رووی ئەخلاقییەوە نالێپرسراوانەیە و لە رووی یاساییشەوە تۆمەتە و دەتوانرێ لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە بەو مانایە نییە کە ئیسلامییەکان کێشەیان نەبێت، من دەڵێم بەپێچەوانەوە ئیسلامیەکان بەشێکن لە ژیانی سیاسییانەی ھەرێمی کوردستان و بەگشتی لە سەنگەری میللەتەکەی خۆیاندان دژ بە داعش و ھەر ھێزێکی دیکە ھەڕەشەمان لێ بکات .
2 – دەیان کەناڵی لۆکاڵی و ئاسمانی لە کوردستان ھەیە و ھەر مەلایەک بەپێی بیرکردنەوەی خۆی تەفسیر دەکات و خەڵکی دیکە تەکفیر دەکات، ئەوە تاچەند ھۆکارە بۆ دروستبوونی ئایدۆلۆجیای داعش؟
ئەبوبەکر عەلی: بەگشتی ھەرکەسێک لەگەڵ بڵاوکردنەوە و بەھێزبوونی فکری سەلەفی بێت، یاخود ھەناسەی بیری تەکفیریی پێ بێت، کولتووری بوغز و رق و شمشێر و دوژمنایەتی بڵاو بکاتەوە ، خزمەت بە مۆدێلی داعش دەکات .
3 – داعش زۆر بەئاشکرا ھەموو ھێزە ئیسلامیەکانی کوردستانی پێ کافر بووە چونکە لەگەڵ دەسەڵاتێکی عەلمانیدا ھاوپەیمان و ھاوبەشن، ئاخۆ داعش ئیسلامە ؟
ئەبوبەکر عەلی: بەڵی داعش نەک ھەر موسڵمان بەڵکو ئیسلامییشن، من ھەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم بۆ ئەوەی ئیدانەی داعش بکەین ئێمەش میکانیزمەکانی عەقڵیەتە تەکفیریەکانی ئەوان بەکار بھێنین و بە کافریان بزانین ، بەڵکو بۆ ئەوەی رووبەڕووی داعش و دەستدرێژیەکانیشیان بۆ سەر خاک و گەلەکەمان ببینەوە پێویستمان بەوە نییە بە کافریان بکەین، چونکە باوەڕ تکا بۆ ھیچ دەستدرێژی و ستەمکارێک ناکات ، ئەوان ھەر ئەوەندەی کە زوڵم و ستەم دەکەن، پەلامارمان دەدەن ، بەپێی سورەتی ( شوڕا) کۆمەڵێک نەک ھەر مافی بەرگریکردنی لە خۆی ھەیە ، بەڵکو لەبەرانبەر زوڵم و ستەمکردن بەرگریکردن خەسڵەت و بنچینەی کۆمەڵی بڕوادارانیشە ، لەبەرئەوە باوەڕی داعش نەک ھەر حەسانەیان بەرانبەر رووبەڕووبوونەوەی ئێمە بۆ دروست ناکات ، بەڵکو بەپێی سورەتەکانی قورئان ستەمەکەیان قێزەونتر دەکات بە حوکمی ئەوەی پیرۆزیەکانی ئیسلامی تێکەڵ دەکەن ، لەبەرئەوە ئەوان موسڵمان و ئیسلامن بەڵام لە رووی فکری و تێگەیشتن لە جەوھەری پەیامی ئیسلام و پێویستیەکانی ژیانی سەردەمیانە سەرلێشێواون و رەفتارەکانیان بەئەندازەی دوژمنێک زیان بە ئیسلام و کۆمەڵگە موسڵمانەکان دەگەیەنێ .
4 – ئەی بۆچی وڵاتانی ئیسلامی فەتوای جیھاد لە دژی داعش نادەن؟
ئەبوبەکر کاروانی: ئێستا زۆر لە وڵاتان مەترسییان لەسەر داعش بۆ دروست بووە، بەشێکن لەو ھەوڵانەی بۆ سنوردارکردن و لەناوبردنیان لەئارادایە، زۆربەی زانایانی موسڵمانی سووریا و سعودیە و ئێران بە زمانی جۆراوجۆر بێبەریبوونی ئیسلامیان لە رەفتارەکانی داعش مۆدێلەکەی نیشان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا من لەگەڵ بەکارھێنانی وشەی جیھاد نیم لە بەرانبەریان چونکە ئەوەش کێشە دروست دەکات، گرنگ ئەوەیە کە پشتیوانی ئایینیان لێ نەکرێت.
5 – لە کوردستان بە سەدان گەنج رۆیشتوونەتە ریزی داعشەوە بە بڕوای ئێوە ھۆکاری چوونی ئەو گەنجانە چییە ، لەکاتێکدا زۆربەیان پێشتر باکگراوندی ئیسلامی سیاسییان ھەیە؟
ئەبوبەکر کاروانی: بۆ راستیی ھۆکارەکان ، پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و زانستی و مەیدانی ھەیە ، بەڵام بەگشتی لەژێر کاریگەریی بۆشایی فکری و پاشخانی توندوتیژ و کەوتنە ژێر کاریگەریی بانگەشەی سەلەفگەرایی و تۆڕەکانی پەیوەندی و جیھانی و ھەست بە پەراوێزخستن و ناعەدالەتی کۆبوونەتەوە.
6 – ئەگەر ئاگەدار بیت ھیچ ئەندامێکی یەکگرتووی ئیسلامی بووەتە داعش؟
ئەبوبەکر کاروانی: ھێندەی من ئاگەدار بم ھیچ ئەندامێکی یەکگرتوو نەبووەتە داعش ، ھۆکاری کەمتر کاریگەربوونی ئەندامانی یەکگرتوو بە داعش، دەگەڕێتەوە بۆ پاشخانی فکری و رێبازی بیرکردنەوە و پەروەردەی حزبی و رەوایەتیی خۆبنیادنان لەسەر دژایەتیکردن و رەتکردنەوەی شێوازەکانی تیرۆر و توندوتیژی ، دەستوپەنجە نەرمکردن لەگەڵ بەھا ھاوچەرخەکانی وەکو نەتەوایەتی و دیموکراسی و فرەیی و مافەکانی مرۆڤ.
7 – تا چەند گرنگە بەو شێوەیەی کە لە رووی سەربازیەوە رووبەڕووی داعش دەبینەوە ، لە رووی فکریشەوە رووبەڕووی بینەوە؟
ئەبوبەکر کاروانی: ئەگەرێکی گرنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش و ھاوبیرەکانی ، رووبەرووبوونەوەیەکی فکرییە ، چەک دەتوانێ تەنیا ھەڕەشە مادییەکانی داعش بڕەوێنێتەوە ، وڵات لە پەلامار و دەستدرێژی بپارێزێت، بە پلەی یەکەمیش رووبەڕووبوونەوەی ئەم فکرە بە گەشەدان و باڵادەستکردنی فکری میانڕەوی دەکرێت.
8 – تا چەند ئەزموونی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا بە سەرکەوتوو دەبینن ، بەتایبەتی پارتی داد و گەشەپێدان بۆچی ئێوەش پاشگری ئیسلامی لە یەکگرتوو ناکەنەوە؟
ئەبوبەکر کاروانی: بەش بەحاڵی خۆم ئەزموونی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا بە سەرکەوتووترین ئەزموون لەسەر ئاستی ھەموو جیھانی ئیسلامی دەبینم ، بە جۆرێک پێویستە ئیسلامیەکانی تر لەوانەش ئیسلامیەکانی کوردستان چاوی لێ بکەن . ھەرچی پەیوەستە بە یەکگرتووی ئیسلامییش ، من لە سەرەتای دوو ھەزارەوە ئەو داوایەم ھەیە ، دەبوو دەمێک بێت ئەو ھەنگاوە بنێین، گۆڕانکاریی گرنگ لە ناو و شێوازی کارکردن لە پارتەکەماندا ئەنجام بدەین.
9  – ئەی بۆچی نەکراوە؟
ئەبوبەکر کاروانی : ئەوە پەیوەستە بەوەی کە سەرکردایەتیی حزبەکەی خاوەن دیدرێکی ھاوبەش و ئیرادەیەکی تۆکمە و نەخشەرێگەیەکی لەم ڕووەوە نەبڕیوە ، ھێشتا ئەو ئامادەگییە ناوەکی و ھۆشیاریەی بۆ ھەنگاوێکی لەم جۆرە کە پێویستە ، بوونی نییە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت