ئەسعەد قەرەداخـــی : ميرابۆ کێ يە ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر كەسێك شۆڕشی فەرەنسای خوێندبێتەوە، دڵنيام کە ناوی ميرابۆ Mirabeau ی هاتۆتە پێش چاو.

هۆنڕيێ گبريل ڕكۆتێ ناسراو بە كۆنت دی ميرابۆ Honoré Gabriel Riqueti, comte de Merabeau (1749-1791)، كەسايەتييەكی زۆر ناودار لە سەرانسەری فەڕەنسا، كەسێكی زۆر شۆڕشگێر، نووسەر و ڕۆژنامەگەرێكی زۆر چالاك، كەسايەتييەكی ماسۆنڕەوFreemason، ڕاميارێكی باڵا. يەكێك بوو لە سەرکردەو وتارخوێنە هەرە بەجۆشەكانی شۆڕشی فەڕەنسا.
كاتێك كە نەخۆش كەوت، هەرچی فەڕەنسا بوو بۆی بە پەرۆشبوون كە هەسێتەوە و دڵەگەورە و دەنگە زوڵاڵەکەی بێتەوە گۆڕی ئاپۆرەی شۆڕشگێڕانەوە. بەڵام ئەو دڵە گەورەی لە ترپە کەوت و ئەو دەنگە زوڵاڵەيشی لەگەڵ گيانيدا بەرەو ئاسمان شەپۆلیدا و كشا. ئەو ناوەی بوو ئەستێرەيەكی گەش لە سەرانسەر ئاسمانی فەڕەنسادا.
لەسەر جەستەی، دەيان و دەيان هەزاران كەس شيوەنيان بۆ گێڕا و پاشان بە كەژاوەيەكی زۆر شكۆدار و ڕێپێوانێكی پڕ ڕێزەوە تەرمەكەيان بەرەو گۆڕستانی گەورە پياوان(پانثيۆن Pantheon) بەڕێكرد و ناشتيان. گڵكۆی كرايە مەزارگەی نيشتمانــپەروەران.
ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا، ئەم ڕووداوە سەيرە بوو:
لە10ڕۆژی ئابی 1792ز، نيشتمانــپەروەران و ئاپۆرەی جەماوەری داخلەدڵ، ڕژێمی پاشايەتييان ڕوخاند و تەختوتاراجيان هێنايە خوارەوە. بەرەيەک لە شۆڕشگێڕان هەڵيانكوتايە كۆشكی ڤێرسای و كەوتنە پشكنينی كونجوکەلەبەری هەموو كۆشكەكە، بۆ گەڕان بە دوای نهێنييەكانی پاشا لويس/ی شازدە. لەپڕ دەستەيەك لە شۆڕشگێڕان چاويان كەوتەسەر قاسەيەكی گەورەی توندوتۆڵ. هەرچۆنێك بوو قاسەيان شكاند، سەيريانكرد هەزاران بەڵگەنامەی تايبەت بە پاشای دێدايە.
پاش ماندووبوونێكی زۆری بێوچان، هەر يەكەو بە سەرسوورمانەوە بەڵگەنامەی هەڵدەدايەوە. لەپڕ يەكێك لێيان چاوی بە چەند بەڵگەنامەيەك دەكەوێت و پڕ بە دەنگی هاواردەكات:
نااا…. نااا…. چۆن؟
چۆن دەبێت؟؟؟
هاوشۆڕشگێڕانی ڕاچڵەكاند و هەموو چوون بە دەم هاوارەكەيەوە تا بزانن چی بووە و چی ڕوويداوە !
ئەوە چیيە و چی ڕوويداوە؟
ئەوە شێت بووی؟ كەی كاتی ئەوەيە!!!!!
ئەويش زۆر بە ساكاوی و داخلەدڵييەوە، دەڵێت ؛ سەيركەن … سەيركەن بزانن چی نووسراوە!
هاوشۆڕشگێڕانی، كە سەيری ئەو بەڵگانە دەكەن بە وردی دەكەونە خوێندنەوەيان. ئەمانيش دەساكێن. چۆن ئەو ميرابۆ سەركردە و سووری بەر ئاپۆڕەی جەماوەرە هەر لە ساڵی1970ز وە، يەكێك بووە لە بەكرێگيراوە باڵاكانی پاشا.
چۆن لويس پاشا بەڵێنی ئەوەی پێدابوو كە نەك هەموو قەرزەکانی بۆ قەرەبوو بكاتەوە بەڵكو لە بەخشيشەكانی و چەندين خشيشی ديكە بێ بەشيشی نەكات … بە مەرجێك بكەوێتە هەڵخەڵەتاندنی جەماوەری ڕاپەڕيوان و بە شێوازە وتاربێژييەكەی لە دژايەتی و جۆش و تۆڵەيان هێور بكاتەوە.
ئەم دەنگە، بە سەرانسەر دانيشتوانی شاری پاريسدا بڵاودەبێتەوە. دەسبەجێ هەزاران و هەزاران کەس بە پێچەوانەی پێشوو ڕوو دەكەنە گۆڕستانی پانثيۆن. بەوپەڕی ڕكوکينەوە گڵكۆی گۆڕی ‌هەڵدەتەكێنن و پاشماوەی ئێسکوپرووسكی هەر لەوێدا دەسووتینن، خۆڵەمێشەكەی كۆدەكەنەوە و ئينجا بە ڕێپێوانێكی سووكايەتيكردن، خۆڵەمێشەكەی دەگوێزنەوە بۆ گۆڕستانی سان مارسۆ/ی نزيك بە شاری پاريس (گۆڕستانی دز و خۆفرۆشان) و بە نەفرەتلێكراوی فڕێيدەدەنە چاڵەوە.
دز و خۆفرۆشان، ناپاك و چەتە و گەندەڵان و….، بە زاراوەی ئێستامان، زۆر مانا دەگرێتەوە، چونكە زۆر كەس هەر لە تەپڵی سەر تا كۆڵەپێ دەگرێتەوە.
تۆ بڵێيت ئەم سەرۆك و ئەم بەرپرسانانە پەند لەم جۆرە لاپەرە مێژووانە وەربگرن؟
زۆر ستەمە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت