ئەسعەد قەرەداخی : سەرۆكی برسی و سەرۆكی كورسی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پيرەمێردی دانا دەفەروێت :

ئەم شەڕە لەسەر كورسی دوو كەسە

من بۆچ بكوژرێم ، بێ هۆشی بەسە !

هەر ئەوەندەيە گەييە كورسی

لە دەردەدار و برسی ناپرسی

مێژوو … زۆر كەس ڕەخنە لە مێژوو دەگرێت ، گوايە بە ئارەزوو و هەوەس نووسراوەتەوە . ئەوەی ئەم کيشەيەی دروستكردووە لە مێژوودا ، مێژووی سەركردە و پێشەوا و بەگشتی دەسەڵاتڕەوانە . جا ئەو مێژوونووسەی ژينباری ئەو سەركردانە دەنووسێتەوە دەبێت بەشانی باڵيدا بخوێنیت تاكو لە سايەی دەسەڵاتيدا چەند پاداشتۆكەيەك ببارێت بەسەريادا .

کتێبەكەی خوالێخۆشبوو ” وعاظ السلاطين ” ی دکتۆر عەلی وەردی / يم دێتەوە ياد كە چۆن ئەم مێژوونووسە هەلپەرست و پاداشت لێسانە بەئارەزووی دەسەڵاتڕەوان لە پايەی پاشا و خەليفە و مير و … هتد ، مێژووی سەردەمانيان دەنووسنەوە . بەڵام هەندێك زێل (ضمير ) و ويژدان لای هەندێك مێژوونووس دەوروژێت و ئەگەر بە پەنامەکێش بێت دەنووسێت و دەيداتە نەوەی دوای خۆی ئاشكرای بكات .
خۆشبەختانە لە دوانيوە سەتەی پێشوو و ئەم چەند دەساڵەی پڕ لە تەكنۆلۆژيای ئەنتەرنێت و بينين بە چاوی خۆمان ، ژينباری چ سەركردەيەكمان بوێت ، لە چاوتروكاندنيكدا دێتە بەردەستمان ، خۆ ئەگەر هەر باوەڕنەكەين و گومانمان هەبێت ، دەتوانين لە چەند ڕۆژێكدا چەندين بەڵگەنامە پەيدا بكەين لەسەر ژينباريان .
ئەوەی كە دەموێت بيڵێم . پۆلاندنی سەركردەکانە ، ئەو سەرکردانەی دەسەڵاتيان بەسەر گەلانياندا هەيە . دەکرێت ئەمانە بۆ دوو جۆر بپۆلێنين ؛ سەركردەيەك كە لە ناخی گەلەوە هەڵقوڵابیت ، سەركردەيەكيش كە دوور لە ناخی گەلەوە بێت . سەرکردەيەك كە خۆی لە خاكەکە جيانەكاتەوە ، نموونەی ئەو جۆرە سەركردانە زۆر كەم و دەگمەن ، لەوانەيش گاندی ، بەو ڕەوشت و ڕەفتارەی ، بەو ڕاستگۆيی و دڵسۆزييەی خۆی گەياندە ناخی دڵی خەڵکەوە بە سكی برسی ، بە جلوبەرگێكی ڕەجاڵ ، ئەمپەڕ و ئەوپەڕی وڵاتە بەرينەكەی تەی دەكرد و دەيان هەزار خەڵك بە دوايدا دەڕۆيشتن . ئەگەر پێناسەی گاندی لە گۆشەنيگای سياسييەوە بكەين ، دەڵێين سەرۆكێكی برسی بوو ، خۆی لە ئازار و ئەشکەنجەی گەلەکەی جيانەكردبووەوە . ڕازيش نەبوو بچێتە سەر كورسی دەسەڵات ، جەواهير لال نەهرۆ/ ی ياوەری فێر كرد كە دەبێت چاوەڕوانی جەماوەر بێت بيخاتە سەر كورسی دەسەڵات نەوەك بە خۆی و زۆرە ملێ ، دەبێت چاوەڕێی ئەوەيش بكات كە هەر دەبێت جەماوەر بێت لەسەر كورسی بيهێنێتە خوارەوە .
جۆرێكی ديكە ، ئەو سەركردەيەيە كە گەل هەڵدەخەلەتێنێت و بەڵێن بە گەلەکەی بدات كە دلسۆزانە كار و خەبات بۆ ژيانێكی ئاسوودە و سەرفرای دەكات ئەگەر بچێتە سەر كورسی دەسەڵات . بەڵام کە دەچێتە سەر كورسی ، مەگەر هەر خوا يار بێت ، وا بە كورسييەكەدا دەچەسپێت كە ئامان و زەمان وازی لێنەهێنیت و بە دڵوبەگيان پارێزگاری لێبكات . بۆ چارەسەری ؛ دەبێت جەماوەر لەو خەونی هەڵخەلەتانەدا بێداربێتەوە و هەر چوار پێی كورسييەكە بشكێنێت تاكو ئەو بەناو سەرۆكە بێتە سەر زەوی و ژێری خۆڵاوی ببێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت