Anwar-Qadir

ئەنوەر ڕەشید : لەشفرۆش و خۆفرۆش .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەیرە بەلامەوە کە هەندێ کەس کاتێ خۆفرۆشێک ( بەمەبەستی سوکایەتی پێ کردن) بە لەشفرۆش ئەچوێنن و غافڵن لەوەی کە پێچەوانەکەی راستە ، ئەگەر سوکایەتیت بە لەشفرۆشێک کرد ئەبێ بە خۆفرۆش ناوی بەریت .

لەشفرۆش ناوی خۆی بە خۆیەوەیە کە لەشی خۆی ئەفرۆشێ و پاساویشی هەیە بۆ ئەو کارە ئیدی ئەگەر باری ئابوری بیخاتە ئەو بارە نالەبارەوە یان چێژ، لە هەموو حاڵەتەکاندا تەنیا زیان بە خۆی ئەگەێنێ ، دیارە کڕیاری ئەو لەشفرۆشیەش ئەچێتە هەمان خانەوە و ناکرێ لە ئەنجامدا یەکێکیان بێ ئابڕوو ئەوی تریان پاڵەوان بێ . بەهەرحاڵ من نامەوێ تا ئەو رادەیە بەسووک سەیریان بکەم و بیانخەمە خانەی خۆفرۆشەوە .

خۆفرۆش تەنیا لەشی نافرۆشێ ، بەڵکو لەپاڵ لەشیا کەرامەت و ویژدانیشی ئەدۆڕێنێ و ناخی ئەبێتە بۆگەناو و تەنیا قاوغێکی بێ بەهای ئەمێنێتەوە، ئەم خۆفرۆشیە کوشندەیە لەبچووکەوە بۆ گەورە ( دیارە لە دیدی خۆیانەوە وایە ، دەنا لە بچووکەوە دەست پێ ئەکات بۆ بچووکتر و ئەوی سەریسەرەوەیان لە هەموان بێ باها ترە ) . کاتێ یەکێک خۆی بە یەکێک یان لایەنێک ئەفرۆشێت ئیدی ئەبێتە کوێلە و شانازیش بە کۆیلەێتی خۆیەوە ئەکا ت، چونکە تەنیا لاشەیەکە و لە ناخەوە گۆڕبەگۆڕە ، ئەم شێوازی خۆفرۆشیە زنجیرەیەکە و وەک تەزبیح یەک بەدوای یەکدا دێت، لە خوارەوە بۆ سەرەوە بە پیرۆزی لە یەکتر ئەڕوانن ، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانەی سەرەوە بە چاوی کۆیلە و خزمەتکارەوە سەیری خوار خۆیان ئەکەن ، کاتێ کە ئەم دیمەنە ئەهێنیتەوە بەرچاوی خۆت و ئەو هەموو مەسینە بەدەستە ئەبینی ریزیان گرتووە بۆ خۆفرۆشی کۆمێدیایەکی رەش ئەبینی چونکە هیچ یەکێکیان بەهای مەسینەکەی دەستیان نیە ( کە رەنگە کاتی خۆی نەعل بووبێ و کرابێ بە مەسینە ) ، ئەمانە چۆن بەریز وەستاون هەروا بەریزیش هەراجفرۆش ئەکرێن . ئاخر ئەوی لە سەروترەوەیە تەنیا خۆی نافرۆشێ ، نەخێر ئەوانەش ئەفرۆشێ کە خۆیان بۆ ئەم و بۆ ئەوانەی خوار ئەمیش فرۆشتووە بۆیە کە ئەگاتە ئیمامی تەزبیحەکە خۆی و هەموو ئەوانەی خوار خۆشی بە نرخێکی هەرزان بە دەوڵەتێک یان لایەنێکی بەهێزتر هەڕاج ئەکات و سەیریش لەوەدایە ئەم زنجیرە سووکە بێ بەهایە شانازی بە خۆیانەوە ئەکەن و خۆفرۆشترین خۆفرۆش پیرۆز ئەکەن .

ئیتر وایە بڵێین چی  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت