ئەنوەر کەریم: شیکردنەوەی ڕێککەوتنی دانا غازو حکومەتی هەرێم

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژی  04- 04- 2007 دانا غاز ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا واژو کرد بەناوی (پرۆتۆکۆڵی هاوپەیمانی ستراتیجی)، بەپێی ڕێککەوتنەکە کۆمپانیای داناغازو هاوبەشەکانی، وەبەر‌هێنان بکەن لە کێڵگەکانی کۆرمۆر‌و چەمچەماڵ. ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:
1- هاوبەشەکانی کۆندێسەیت (نەفتا)‌و LPG واتە غازی چڕو شلی ماڵان بۆ دانا غازو هاوبەشەکانی بێت. ئەم دوو سەرچاوە گرنگە بۆ ئەوان بێت کە ئەمە زیانە گەورەکە بوو، حکومەتی هەرێم دوایی درکی بەم هەڵە گەورەیەکرد.
2- لەبەرامبەر ئەو دوو داهاتەی کە لە نەفتاو غازی چڕو شل دەستی دەکەوێت، داناغاز دەبێت وەبەر‌هێنان بکات لە غازی سروشتیەکەداو غازە سروشتیەکە بە بێ بەرامبەر بدرێت بە حکومەتی هەرێم.
ئەوە بوو لە ساڵی 2008 دا دانا غاز توانی نەفتاو غازی سروشتی وەبەربهینێت و لە ساڵی 2011 توانی غازی چڕو شلی ماڵان وەبەربهێنیت. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیارێکی نا بەجێی دابوو بەسەر دانا غاز و هاوبەشەکانیداو ئەوەش ئەوە بوو کە نەفتاو غازە چڕو شلەکە دەبێت تەنها بفرۆشرێت بە کۆمپانیاکانی ناوخۆ، واتە کۆمپانیا حیزبیەکان. دواتر حکومەت بە نرخی بۆرسەی جیهانی پارە بدات بە دانا غاز، بەڵام حکومەت نەفتاو غازی چڕو شلەکەی بەهەرزان دەفرۆشتە کۆمپانیا حیزبیەکان. لە کاتێکدا دەبوایە حکومەت جیاوازی نرخەکە بدات بە دانا غازو هاوبەشەکانی. کێشەکان لێرەوە دەستیپێکرد حکومەت زانی هەڵەی گەورەی کردووە لە جۆری گرێبەستەکەدا بۆی دەرکەوت کە دانا غاز ڕۆژانە چەند قازانج دەکات، ئەوەی بە هەڵەیەکی گەورە زانی کە ئەو هەموو پشکەی داوە بە دانا غازو هاوبەشەکانی. دەستیکرد بە بیانوگرتن بە دانا غاز، کێشەکە چوە دادگای ناوبژیوانی لەندەن، ئەوە بوو داناغاز داوای 26.5 ملیار دۆلاری دەکرد بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێتەوە، بەرامبەر ئەوەی کە کارەکانی وەستاوە لەهەرێمی کوردستاندا، دواتر لە دادگای واشنتۆن کە لەڕۆژی 01-05-2017 داخوازیەکی پێشکەشی دادگای واشنتۆن کرد لە ئەمریکا بۆ ئەوەی دوا بڕیاری ئەمریکا وەربگرێت.
حکومەتی هەرێم لەساڵی 2013 وە دەیەوەێت ئەم دوو کێڵگە گەورەیە لەدانا غاز وەربگرێتەوەو مۆڵەتی کارکردن لەدانا غاز بسەنێتەوە، بەڵام لەبەر لاوازی حکومەتی هەرێم لەدادگای لەندەن‌و ئامادەنەکردنی کەیسێکی بە‌هێز بەدەست حکومەتی هەرێمەوە، بۆیە بە ناچاری کەیسەکەیان لە دەرەوەی دادگا زۆر بەخراپی چارەسەرکرد.
ئەوە بوو لە ڕۆژی30-8-2017 لە لێدوانیکی کۆنفرانسی نێوان وەزیری سامانە سروشتیەکان و بەرێوەبەری دانا غازدا ڕێککەوتنەکە ئاشکرا کرا، بە جۆریک ڕێککەوتبون کە کۆتایی بە کێشەکان بهێنرێت لە دادگای لەندەن و واشنتۆن ئەمەش پەلە پەلی زۆری پێوە دیارەو هیچ ئامادەیەکی پێش وەختی بۆ نەکراوە، چونکە نەدەبوو ئەو هەموو قازانجە بدرێت بە دانا غاز و هاوبەشەکانی. بەناوی HoA)) (ڕێککەوتنی سەرەتایی یان بەرایی).
ئەمە لێکەوتەو زیانی بەرهەمی ئەم رێکەوتتنامەیەیە، دوای 10ساڵ و 5 مانگ، واتە لەساڵی ٢٠٠٧ تا ئێستا، بەم جۆرەی لای خوارەوە:
1- حکومەتی هەرێمی کوردستان 15 ملیار دۆلاری داوە بە گازۆیل بۆ کارەبای هەرێم کەبڕێکی زۆری ئەو پارەیە بووە بە ‌قازانجی کۆمپانیا حیزبیەکان.
2- دانا غاز کارەکانی وەستاوەو زیانێکی زۆری بە ئابوری هەرێمی کوردستان گەیاندوە.
3- بڕی 2.239 ملیار دۆلاری ئەمریکی بدرێت بە دانا غازو هاوبەشەکانی وەک قەرەبوو کە بەم شێوەیەیە.
 بڕی 600 ملیۆن دۆلار بە پەلە بدریت بە دانا غازو هاوبەشەکانی.
 بڕی 400 ملیۆن دۆلار بخرێتە هەژماری بانکیەوە تەنها بۆ وەبەر‌‌هێنان خەرج بکرێت.
 بڕی 1.239 ملیار دۆلار دوایی بخرێتە سەر تێچوی خەرجکردن و دوایی لەداهات وەربگیرێتەوە.
 ئەم بڕە پارەیە بەشی 4 مانگی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات و زۆری زیاترە.
4- بڕی ئەو قازانجەی کە لەغازی سروشتی دا بۆ دانا غاز دانراوە ڕێژەکەی22% ئەمەش بڕێکی زۆرە، هەرچەندە جاران نەدەبوو بەپێی ڕێککەوتنە کۆنەکە هیچ قازانجێک لەغازی سروشتی بۆ دانا غاز بێت، کە ئەمە زۆر زیاتر لەو بڕە پارەیەی کە دانا غاز داوای دەکرد، کە 26.5 ملیار دۆلار بوو لەدادگای واشنتۆن.
5- جیاوازیەکە ئەوەیە ئێستا دانا غاز زۆر بە هێواشی و لەسەرخۆ ئەم بڕە پارەیە لە حکومەتی هەرێم وەردەگرێتەوە، تا کۆتایی دەرهێنانی غازەکە. ئەمەش زۆر زیاترە لەو بڕە قازانجەی کە بەرامبەرە بەو 26.5 ملیار دۆلارەی کە وەک قەرەبو داوای دەکرد.
6- وەزیری سامانە سروشتیەکان دەڵێت قازانجەکەی وەک ( گرێبەستی هاوبەش) بۆ کۆمپانیا بیانیەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستاندا حساب کراوە. باشە لێرەدا بۆ ئەم قازانجە گەورەیە لە کاتێکدا هەموو جیهان دەزانیت کۆڕمۆرو چەمچەماڵ دوو بلۆکی گەورەی جیهانین، دەبوایە بە گرێبەستی (خزمەت گوزاری) بدرایە بە دانا غاز، کە عێراق ئەو جۆرە گرێبەستە بەکار دە‌هێنرێت، لە هەمو جیهاندا بەو شێوەیەیە کاتێک دڵنیابوی سامانەکە لە ژێر ئەو زەویەدایە بەپێی زانستی جێۆلۆجی.
7- لەو شوێنانەی کە ڕیسک هەیە دەبێت سود لە (گرێبەستی هاوبەش) وەربگیرێت، هەروەها بڕی 22% دەدرێت بە قازانجی (گرێبەستی هاوبەش) کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ئەم بڕە قازانجە نادرێت بە هیچ کۆمپانیایەک، چونکە بڕی قازانج بە پێی رێژەی تێکڕای گەشەی بەرهەمی ناوخۆ دیاری دەکرێت. لەم کاتە خراپەی کە ئابوری هەرێمی کوردستان لە پوکانەوەدایە، بە پێی هیچ لۆژیکێکی ئابوری ئەمە شیکار ناکرێت.
8- ڕێککەوتنەکە درێژکراوەتەوە بۆ ساڵی 2049 ، ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێککەوتنەکەی پێشوو لەساڵی 2032 کۆتایی پێ دەهات.
9- بلۆکی 19-20 خرایە سەر سنوری کێڵگەی کۆرمۆڕ، واتە سنورەکە لە گەورە بوندایە، ئەمەش وەک ئەوە وایە کۆمپانیاکانی نەوت بتوانن زیاتر بڕیارەکانی خۆیان بسەپێنن بەسەر هەرێم دا. بۆیە ئەم جۆرە ڕێککەوتنە بە پەلەیە زیانی گەیاندوە بەسامانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا دەتوانرا زۆر قازانج لەو دووکێلگە گەورەیە بکرایە، بەداخەوە لەسایەی هەڵەی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نایەویت ئابوری ئەم ناوچەیە بگەشیتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە قۆرخکردنی دەسەڵات، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کۆمپانیا حیزبیەکەی سودمەند بوە لە کڕینی نەفتاو غازی ماڵان بەنرخێکی کەمتر، هەر لەبەرئەوەشە چاوی پۆشیوە لەم بەهەدەردانە گەورەیەی سەروەت و سامانی خەڵک.
ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە گەورە هەڵەیە بەو هەموو زیانەوە کە لەکاتی خۆیدا واژۆ کراو جێبەجێ بکرایە دەتوانرا:
1- کارگەی پترۆکیماویەکە تەواو بوایە قازانجێکی باشی دەگەیاند بە خەڵكی کوردستان.
2- هەزاران هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە رەخسابوو.
3- کۆمەڵگای نیشتەجێبوون دروست کرابوو.
4- کارەبای کوردستان بەتەواوی دەستەبەرکرا بوو، دەتوانرا هەناردەی عێراق بکرایەو دەبووە داهات بۆ کوردستان.
5- دەکرا بەبۆری غاز بۆ ماڵان و کارگەکان ڕابکێشرایە بۆ گەرم کردنەوەو کارپێکردنی کارگەکان بەکاربهێنرایە. ئەو نەوتەی کە لە ئێستادا بۆ گەرم کردنەوەی ماڵان بەکاردێت هەناردە بکرایە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
لە کۆتایدا بەپێی خەمڵاندنی (ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆران – گۆشەی ئابوری) کۆی زیانەکانی ئەم ڕێککەوتنەی حکومەتی هەرێم و دانا غاز نزیکەی 60000000000 شەست ملیار دۆلاری ئەمریکی لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت ، بە هۆی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە.

بۆ زانیاری زیاتر لە بارەی ڕێککەوتنەکە بڕوانە؛
• دەقی ڕێککەوتنی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دانا غاز بەزمانی کوردی؛ mnr.krg.org

• دەقی ڕێککەوتنی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دانا غاز بەزمانی ئینگلیزی؛
JOINT PRESS RELEASE: KRG AND PEARL CONSORTIUM REACH FULL AND FINAL SETTLEMENT
mnr.krg.org

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت