Allmas-Mustefa

ئەڵماس مستەفا : خەتەنەکردنی کچان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرچاوەی ئەو کردارە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەرە ، ئەو سیستەمە پیاوسالارییەی کە لە ئەزەلەوە هەبووە .. زۆرداریی پیاو بەسەر ئافرەتدا ئەوەی پێ بەخشیوە کە بە شێوەیەک خۆی و دەسەڵاتەکەی بسەپێنێ و خاڵ بە خاڵی لەش و دەروونی ئافرەت کۆنترۆڵ بکا .

زۆر کات ئەو ئافرەتانەی خەتەنەیان بۆ نەکراوە بە پیس لەقەڵەم دەدرێن یان بە سۆزانیی ناودەبردرێن . هەندێ وا بیردەکەنەوە کە قیتکە بەشێکە لە سیفەتەکانی پیاو لە ئافرەتدا دەرکەوتوە و دەبێ ببڕدرێ .

بڕینی بەشی ئەندامی سێکس لە ژناندا واتای بەکارهێنانی شتێکی تیژ بۆ بڕینی بەشێکی ئەندامی سێکسی ئافرەتان .. بە شێوەیەکی تەواو یان بەشێکی کەمی بە پێی رێسایەک لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانیی .

لە هەندێک وڵات یان لە نێو هەندێک میللەتدا وا بیردەکەنەوە گەیشتنی ئافرەت بە کۆتایی خاڵی چێژ (قیمە النشوە) یان ئۆرگازم دەبێتە کوشتنی تۆوی پیاو بۆیە دەبێ ئافرەت خەتەنە بکرێ .

لە راستییدا ئەوە پێچەوانەیە کە ئەگەر ئافرەت نەگاتە ترۆپکی چێژ (قیمە النشوە) رێژەی سکپڕبوون کەم دەبێتەوە .. ئەو ئافرەتانەی کە خەتەنەیان بۆ دەکرێ یان بەشی ئەندامی سێکیان دەەبڕدرێ لە کاتی ئەنجامدانی سێکس زۆر بە زەحمەت دەتوانن بگەن بە باری ئۆرگازم تا وای لی دێ کە لە سێکس بێزار دەبن .

لەمێژە ئەو خورافەیە باو بووە کە دەڵێن ئەگەر ئافرەت خەتەنە نەکرا تووشی (شەبەقی جنسی) دەبێ یان لادانی سێکسیی تێدا دروست دەبێ بۆیە لە ئەوروپا تا سەرەتای سەدەی بیستەم هەموو ئافرەتان دەبووایە خەتەنە بکرانایە ..

خراپیی لەسەر باری تەندروستیی .

ئەنجامی بڕینی یان (خەتەنەکردن) پەیوەستە بە شێوەی بڕینەکەوە .. یان تەمەنی ئافرەتەکە، بەڵام بە شیوەیەکی گشتیی دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازارێکی زۆر و بەربوونی خوێن .. زۆر کاتیش دەبێتە هۆی دابەزینی باری دەروونیی ئافرەت .

لە کۆی جیهاندا ئەو کارە زۆر دەکرێ.. گەورەترین و بەرچاوترین شێوەی (خەتەنە) لە وڵاتە ئەفەریقاییەکاندا باوە .. هەروەها نیوەدوورگەی عەرەب و دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی و ئەندۆنوسیا و مالیزیا و دەوڵەتە ئیسلامییەکان .

لە پێش ئاینی مەسیح و ئیسلام ئەو شێوەیە هەر هەبووە ، بۆیە پەیوەست نەبووە بە ئاینێکی تایبەتەوە ، برینی لەشی ئافرەت (خەتەنە) لە هیچ پەرتووکێکی ئاینییدا باس نەکراوە و هیچ (دەق)ێک یان بڕگەیەک نییە باس لەخەتەنەکردنی کچان بکا .

هەندێک لە موسلمانەکان دەڵین بڕینی یان (خەتەنە) کردنی ئافرەت تەنیا قسەیەکە و کراوە ، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان (فەرز) نەبووە .. ئەوە دەمانگەیەنێتە ئەو خاڵەی ئایا دەبێ ئێمە پەیڕەوی بکەین یان نا .

خەباتکردن دژ بە بڕینی ئەندامی سێکسی ژنان دەبێتە بەشێکی گرنگ لە کۆششە مرۆییەکانی سەردەمی ئێستا تا بتوانن ئەو راستییە بگەیەندرێتە هەموو تاکێکی ئەو جیهانە .

_____________________________________

تێبینیی : ئەو بابەتەم بە دەستکارییەوە لە زمانی عەرەبیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی .. سوودیشم لە هەندێک سەرچاوەی سوێدیی وەرگرتوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت