بورهان شێخ ڕەئوف: گورزى سێ قۆڵى لە سوریا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرەبەیانى ڕۆژى 14 نیسان کاتێک خەڵکى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین لە شیرینى خەوى خۆشى بەیانیاندا بوون سەرۆکى ئەمریکا فەرمانى دا کە گورزى سەربازى ئاڕاستەى سوریا بکرێت بە هاوبەشى لە گەڵ بەریتانیاى مەزن و فەرەنسا بە بیانووى بەکارهێنانى چەکى کیمیاوى قەدەغەکراو دژ بە هاوڵاتیانى خۆى لە شارۆچکەى دۆما لە غۆتەى ڕۆژهەڵات نزیک لە دیمەشقى پایتەخت.
لێرەدا دەکرێت و زۆر گونجاوە پرسیارێک ڕووبەڕووى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایش بکەینەوە ئەرێ بەڕێزان هەر چەند ڕۆژێک پێش ئەم کارەساتەى دۆما خۆدەوڵەتێکى دى چەکى کیمیاوى دژ بە خەڵکى عەفرین و شەڕڤانانى کورد لە ناوچەى عەفرین بەکارهێناو بەڕێزتان نقەتان لێوەنەهات لە کاتێکدا لە دۆما سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە 12 کەس بوون بە قوربانى بەڵام لە عەفرین نزیکەى 250 کەس بوون بە قوربانى بەڵام هەمووى بە چەکى کیمیاوى نا بەڵکو چەکى تریش بەکارهات ؟
بۆیە ناهەقى نیە بڵیێن ئەوە دووڕوویى ناداد پەروەرى سیاسى سەرانى ئەو وڵاتانەیە بە رامبەر بە قەیران و ململانێکانى سوریا و ئاکامەکەى باش نابێت و کێشەو قەیرانەکان قووڵتر و خوێناوى تر دەکات.

ئەو پێگانەى لە سوریا کران بەنیشان
1- سەنتەرەکانى ى توێژینەوەى زانستى لە ناوچەى بەرزە لە دیمەشق و لە ڕیفى حەما و تەلارى تاقیگەکانى زانستى لە جمرایا لە ڕیفى دیمەشق بە بیانووى بەرهەمهێنانى چەکى کیمیاوى .
2- فڕۆکەخانەکان و بنکە سەربازییەکان ئەوانیش لیواى 105 ى گاردى کۆمارى لە لەشکرى 4 زریپۆش و فڕۆکەخانەى مەزەى سەربازى و بنکە بەرگرى ئاسمانى لەسەر چیاى قاسیون و فڕۆکەخانەى شەراعى لە ناوچەى دیماس نزیک سنورەکانى لوبنان و فڕۆکەخانەى زەمیر نزیک لە حمس و چەندین گەنجینەى گرنگى تر .
بەرگرتن لە ڕۆکێتەکانى هاوپەیمانان
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان سەرچاوەکانى هەواڵ باسى لەوە دەکەن کە نزیکە 70 ڕۆکێت لەو 103 ڕۆکێتەى ئاڕاستەى سوریا کراوە خراوانەتە خوارەوەو بەرگرییەکانى سوریا نەیانهێشتووە بگەن بە ئامانجەکانیان .
هەرچەندە لەسەرەو ئاماژەم بەوەکرد کە پاساوى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لەو گورزە سێ قۆڵیە بەکارهێنانى چەکى کیمیاوى بوو بەڵام ڕووسەکان لەزارى ناوەندى ئاشتەوایى ڕووسیەوە ڕایانگەیاندبوو کە هیچ حاڵەتێکى بەرکەوتنى چەکى کیمیاوى لەشارى دۆما لە نەخۆشخانەکانى تۆمار نەکراوە و ئەوان لە گەڵ هەموو پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەکانى ئەوێدا لێکۆڵینەوەو تاوتوێ یان کردووە .
لەلایەکى ترەوە ئیسرائیل پێشتر ئەو ناوەندو سەنترانەى بۆمبا باران کردووە بەتایبەتى لە بەرزەو جمرایاو هەروەها ئەو ناوەندەى بەرزە پێشتر لە بندەستى هێزە ئۆپۆزەسیۆنەکاندا بووە ڕژێمى ئەسەد لێ ى سەندونەتەوە لە ساڵى پێشوودا .
وادیارە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى مەبەستیان لەم گورزە دانانى سنوورێکە بۆ هەژموونى ڕژێمى ئەسەد و لە هەمان کاتدا نامەیەکیشە بۆ ئێران و تورکیا کە بزانن سنوورەکانى ئەوان کوێیە ئەوان بوارنادەن هێڵى سوور ببەزێنن چونکە ئەمان لە سەد ساڵى پێشوو واتە لە سایکس – بیکۆەوە تا ئێستا ناوچەى هەژموونى ئەمان بووە و ئێستاش ئەگەر ئەمریکا بەنیازە بکشێتەوەو لە زوترین کاتدا لە سوریا ئەوا ئەمانیش واتە بەریتانیا و فەرەنسا هێشتا چاوییان لە بەرژەوندییەکانیانە لەم ناوچە هەرچەندە تا ئێستا ڕاستەوخۆ نەهاتوونەتەناو ڕوداوەکانى سوریاوە.
خاڵێکى ترى گرنگ کە دەکرێت لە سەرى بووەستین لەم ئۆپەراسیۆنە سێ قۆڵیەدا ئەوەیە کە بنکەو بارەگاکانى سوپاى ڕووسیا و ئێران لە سوریادا نەکرانە ئامانج ئەمەش وەکو هەندێک سەرچاوە باسى دەکەن ئەوەیە کە ناوبژیوانى ماکرۆنى سەرۆکى فەرەنسا بوو ە هەرچەندە خۆى لایەکى هێڕشەکە بوو لە نێوان ئەمریکاو ڕووسیا کە ڕووسیا هیچ کاردانەوەیەکى نەبێت و ئەمانیش چەند ئامانجێکى سوریا بۆمباو ڕۆکێت باران بکەن.
لە کۆتایید ا ئەوەى ماوە بیڵێم و گرنگە بەلامەوە هەرچەندە پەلەپەلى ئەمریکاى پێوە دیاربوو پێش ئەوەى تیمەکانى پشکنین بگەنە دۆما و ڕاستى و درۆیى ئەو بابەتە یەکلایى بکەنەوە و بەریتانیاش بەشداربوو وەکو سزادانێکى ڕووسیا لە هەمبەر کوژرانى جاسووسە ڕووسەکە لە لەندەن ، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە نەی توانى تەرازووى هێز بگۆڕێت لە سەر گۆڕەپانى سوریا و بەتایبەتى لە چەند مانگى ڕابردوودا ڕژێمى ئەسەد توانى زۆربەى خاکى سوریا لە گروهە چەکدارە تیرۆریستەکان پاک بکاتەوە بە تایبەتى پشتێنى دیمەشقى پایتەخت، و داگیرکردنى عەفرین لە لایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانى بە بێ ئەوەى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى هیچ کاردانەوەیەکى جدیان هەبێت لە کاتێکدا کورد تاکە دۆست و هاوپەیمانى ئەوان بوو لە شەڕى تیرۆر و داعشدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت