بەختیار شارەزوری: عیبرەت لە جێبەجێکردنیدایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر گۆڕان هەوڵێک بو بێت بۆ ئەوەی ڕەوتی مێژوی بەریەککەوتنەکان لەسەر لاشەی نەتەوەیی کورد کرا بێت و کۆتای پێبهێنرێت، یان ئەوەی پێ ی دەوترێت ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئێران، کە بە درێژایی مێژوو کورد بوتە چەکی دەستیان و کارتی دەستیان بۆ شەڕ و فرۆشتنەوەی کارتەکنایان بەیەکتر، ئەمەش هەر لە شۆڕشکانەوە تا دەگاتە میرنشینەکان و هەر لە سوارەی حەمیدییەوە تا دەگاتە یەزدان شێر درێژ کراوتەوە، لە ئێستاشدا خۆی بە فۆرمێکی ترەوە نمایش دەکاتەوە، ئەگەر سەیری ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەین ئەوا کار لەسەر دو ڕەهەندی سیاسی و ستراتیژی دەکات:
1- ستراتیژی سەربەخۆ : واتا هەرێم ببێتە خاوەن ستراتیژی سەربەخۆی خۆی و ئێران و تورکیا وەک دو دەوڵەتی دراوسێ بن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و بنەماکانی دەوڵەتی دراسێ مامەڵە بکەن، نەک پاشکۆیەتی بۆ ستراتیژی ئێرانی یان تورکی، بۆ ئەمەش زەمینەی گشتی لەبار بو چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و چ لەسەر ئاستی جیهانی، بە مانایەکی تر بزوتنەوەی گۆڕان ویستی لە ڕێگەی دەنگ و کورسی پەرلەمانیەوە بە خەباتێکی بێ خوێن و پەرلەمانی قورسایی هەبێت، کار بۆ ئەم ئامانجانەی بکات ، وە کار لەسەر دروستکردنی فشار بکات بۆ سەر پارتی و یەکێتی تا ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیە کە هەیە و درێژکراوەی هەمان ڕێککەوتنە مێژوییەکانی تری نێوان تورکیا و ئێرانە هەڵبوەشێنرێتەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەم دو وڵاتە بکاتە ڕێککەوتنێکی تر و هەرێم خاوەنی سەربەخۆی خۆی بێت، خۆ ئەگەر کورد لە ئێستادا بوبێتە هێزێک کە هەمو بەرەکان پێویستیان پی ی بێت، ئەوا کورد دەتوانێت لەم کاتەدا ئەو ڕەگە مێژوییە بپچڕێت و بونیادی خۆی بنێت ، بە تایبەتی تر دوای بەهاری عەرەبی و دەرکەوتنی داعش ، کە زەمەیەن لەبار بو بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لە پاشکۆیەتییەوە ببێتە هێزێکی کاریگەر و هاوپەیمانی هەمو بەرەکان .
2- بە نیشتمانی کردنی پرسەکان : لەسەر ئاستی ناوخۆیش دەیویست کار بکات لەسەر گواستنەوەی جۆری حکومڕانی و دەوڵەتداری لە ئەقڵی خێڵ و پاشایەتی و وەلی عەهدەوە بۆ سیستەمێکی پەرلەمانی پتەو و بە نیشتمانی کردنی ئەو دەزگایانەی کە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە ، وەک ئەوەی تەفسیر دەکرا گۆڕان نەهاتبو بۆ ئەوەی هێزەکانی تر سفر بکاتەوە ، بەڵکو دەیویست هێزکان ناچار بکات ، کار بۆ بە نیشتمانی کردنی پرسە گرنگەکان بکەن ، تا ئامادە بن ئەم ڕەگی مێژوییە ببڕن و ئەم هەلە سیاسی و جوگرافی و ئابوری و جیۆپۆلەتیکییە لەدەست نەچێت ، گۆڕان ویستی ئیرادەیەکی وا دروست بکات کە ئەم هەلە بکاتە قۆناغی وەرچەرخانی مێژوویی .
ئەوەی جێگەی تێڕامانە پارتی و یەکێتی لەبەر بەرژەوەندی سەرانیان نەک نەیان توانی کار بۆ ئەم ئامانجانە بکەن ، بەڵکو جارێکی تر بونەوە بە پاشکۆیەکی کارتۆنی و بەردەوامیدان بە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی ، کە جگە لە وەکالەتی ئێرانی و تورکی هیچی تر نیە و هەمان مێژووە خۆی دوبارە دەکاتەوە ، وە بەمەشەوە نەوەستان دەستیان کرد بە دانانی سەدان سیناریو بۆ دژایەتی کردنی گۆڕان کە نەخشەکەی لە تاران و تورکیاوە بۆ دەکێشرا ، خۆ ئەگەر گۆڕان مەبەستی بو بێت نەخشەی سیاسی هەرێم بگۆڕێت ، ئەوا ئەو گۆڕینە بو کە لە بەرژەوەندی نەتەوەییدا بو ، وە لە زەرەری بازرگانە جاشەکانی تورکیا و ئێراندا دەبو ، بۆیە هەر زو کەوتنە داڕشتنی سەدان سیناریو بۆ گۆڕان و بە تایبەتیتر نەوشیروان مستەفا ، خۆ ئەگەر ئیرادەیەکی نیشتمانی بەهێز هەبوایە ئەوا چی ئێران و چی تورکیاش ناچاردەبون بەم ڕێکەوتنە ، چونکە بەرژەوەندی گەورەیان لەگەڵ هەرێم هەیە و وە ڕای نێودەوڵەتیش ئەو ئامادەگییەی تیا بو هاوکاری ئەم پرسە نیشتمانییە ببێت ، بەڵام کاتێک کە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر نەبونی یەک دەنگی نەیتوانی ئەم کارە بۆ ئامانجەکانی بکات و بە تایبەتی تر دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دروستبونی فرە دەسەڵاتی ونبونی سەنتەر لە ناو یەکێتیدا ، پارتی وەک حیزبێکی تاکتیکی توانی بە تەواوەتی یەکێتی بکاتە پاشکۆیەکی لەرزۆکی خۆی و تەواوی دەستەڵاتەکان لای خۆی کۆبکاتەوە ، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان یارییەکەی گۆڕی بەوەی نەهێڵێت هاوسنگی هێزی نێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد بگۆڕێت و زیاتر پارتی فراوانخوازی بکات و گوێ بە دەنگ و ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان نەدات ، بۆیە کاری لەسەر پرسی ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی کرد ، بەڵام هەر زو دیار بو کە یەکێتی ئەو یەکێتیە نیە تازە بتوانێت ئەو ئیرادەیەی هەبێت کار بۆ هاوسەنگی هێز بکات ، بەهۆی تەکتیکەکانی پارتییەوە ، هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ستراتیژیەکە و ئەو ناهاوسەنگی دەستەڵاتەیان قبوڵ بو کە ئێستە یەکێتی وەک پاشکۆی کارتۆنی دەبینرێت ، بە مانایەکی تر ڕێککەوتنی ستراتیژی بەشکاریە لە نێوان تورکیا و ئێراندا و پارتی و یەکێتی وەکالەتی ئەم دو دەڵەتە دەکەن ، ئیتر هەر هێزێکی تر لەدەرەوەی ئەمانە دروست بێت دەبێت ڕازی بێت بە پشک لەسەر حسابی یەکێکیان وەک یەکگرتو ، کۆمەڵ و حیزبە بچوکەکانی تر ، لە ناو ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیەدا ، ئیتر ئەوەی پێ ی دەوترێت دەنگ دان ئەنجامەکەی هەر دەبێت بچێتەوە سەر هەمان دابەشکاری پۆستەکان لە پشکی پارتی و یەکێتی ، گۆڕان هەر زوو ئەوەی دەزانی کە عیبرەت لە تاکتیک و سیناریو شوان خەڵەتێندا نیە …. بەڵکو عیبەرەت لە جێبەجیکردنیدایە … ئەگەر بزانن و دەرکی پێ بکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت