Newshirwan-Nechirvan

بەختیار شارەزوری: گۆڕان لە نێوان فێڵەکانی پارتی و یەکێتی و هێزی چەکداردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت سنوری شەڕەکانی داعشدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لە لایەن هێزە گەورەکانەوە بونی هێزە نەک خاوەن دەنگ و پڕۆسەی دیموکراسی، چی ئەمریکا و چی ڕوسیا و چی ئێران و تورکیا ئەیانەوێت جۆڕیک لە مۆدێلی سعودی، یان لەوەش خراپتر کوێخا هەبێت و هەر ناوچەیەک چەند کوێخایەکی هەبێت و خاوەنی هێز بن، تا بتوانن بە ئاسانی وەک کارتی شەڕ بەکاریان بهێنن. ئەمەش هەر لە یەمەن و لیبایە وە تا سوریا و عێراقیس هەر ڕاستە. ئیتر ئەوەی پێی دەوترێت هێزی نیشتمانی و خەباتی مەدەنی و گەڕانەوە بۆ دەنگی هاوڵاتی، جگە لە کۆمیدیایەک هیچی تر نیە. بونی هێزی چەکدار بەو مانایە نیە، کە بۆ دژی حیزبەکان بەکاری بهێنیت، بەڵکو ئەوەی پێی دەوترێت بەرەی شەڕی دژی داعش، هەر حیزب و لایەنێک لەو بەرەیەدا هێزی هەبێت لەلایەن وڵاتانی دژی داعش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەو کات لەسەر ئاستی ناوخۆش ناچار دەبن مامەڵەی لەگەڵ بکەن، وە بگرە دەتوانێت ئەجێندای خۆی بچەسپێنێت. بەڵام لەبەر ئەوەی گۆڕان نەیتوانی سود لەو هێزە عەسکەریەی خۆی ببینێت و وەک پارتی و یەکێتی و حسک خاوەنی هێزی خۆی بێت، بە خەباتی مەدەنی هێنای و بوە هێزی دووەم بە حسابی دەنگی هاوڵاتی، لەبەر ئەوەی هاوڵاتی و دەنگی شەقام لە لای پارتی و یەکێتی فلسێکی قەڵپ ناکات، گۆڕانیان لە کایەی سیاسی و حوکمڕانی ئاوت کرد.

ئەگەر پێشتر گۆڕان وستبێتی ئەم جۆرە لە خەبات تاقی بکاتەوە و یەکێک بێت لە ئامانجەکانی، ئەوا ئێستە ئەوە ڕونە، کە هیچ حسابێک بۆ ئەم جۆرە لە خەبات ناکرێت ، پێویستە گۆڕان جۆری یارییەکانی بگۆڕێت، ئەگەر چی من پێم وایە پارتی و یەکێتی مامەڵەیان لەگەڵ گۆڕاندا جۆرێکە لە تاکتیک و دەزانن گۆڕان ناچارە بچێتەوە سەر یەکێ لەم زۆنانە، کە ئەویش نەخشەکەی لە تاران و تورکیا وە کێشراوە، بەڵام ئێستەشی لەگەڵ بێت بەو ڕێککەوتنەی گۆڕان و یەکێتیشەوە جگە لە سیناریویەک بۆ لاوازکردنی گۆڕان هیچی تر نیەو نەبوە. وە خستنیە ناو کۆڵانێکی داخراو، داخستنی پەرلەمان لەلایەن پارتیەوە ئەگەر گڵۆپی سەوزی چی ئێران و چی تورکیا و هەتا ناتۆ و ئەمریکاشی پێ نەبێت، چۆن دەتوانێت وا بێباکانە دەرگای پەرلەمان دابخات.

ئێستە چی ئێران و ڕوسیا و چی تورکیا و ناتۆش بە ئەمریکاوە ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش شەڕی داعشە. ئەو سەرزەمینەی پارتی تێدایە هەر حیزبێکی تری تیا بوایە هەمان مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، چونکە لە ڕوی جیپۆلەتیکی سەربازییەوە ناوچەیەکی گرنگی شەڕەکانە، کەواتە گۆڕان کە ‌هێزی نیە نابێتە هیچ ژمارەیەک لەسەر ئەم نەخشەیە، خۆ ئەگەر هێزی هەبوایەو شان بەشانی هێزی حیزبەکانی تر شەڕی داعشی بکردایە ( کە دەیتوانی بیکات ) ئەوا ئێستە لەسەر ئەو نەخشەیە حسابێکی تری بۆ دەکراو لە ناوخۆشدا دەبوە ژمارەیەکی گەورە، بەڵام ئەوەی کە گۆڕان هەیەتی و هێزی دووەمە، دەنگی هاوڵاتیە، کە لەسەر ئەم نەخشەیە ناکاتە هیچ ، ئەنجامەکەیشیمان بینی، ئەوەی پارتی و یەکێتی دەیکەن بە بیانوی شەڕی داعشەوە، کە ناگەڕینەوە بۆ پێش 12 ی ئۆکتۆبەر ، ئەو نامەیەیە کە زۆر بێباکن بەرامبەر سیاسەتەکانی گۆڕان، ئەگەر بیانوی شەڕی داعشیش بێت ئەوا جگە لە مکیاجکردن هیچی تر ناکات.

خۆ بە حسابی شەڕ بوایە دەبو ئۆباما بۆ 4 ساڵی تر بۆی درێژ بکرایەتەوە، هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەشی هەڕەشەی لەسەرە، کەواتە گۆڕان کە لە ئێساتدا بۆی دەرکەوەت هیچ عیبرەتێ لە جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنەکدا نیەو، هەمان ڕێککەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی ڕۆڵ دەبینن. وەڵاتانیش هەر ئەوەیان دەوێت و دژی یارییەکانی گۆڕانن. کەواتە دەبێت گۆڕان چاوەڕێی بەزەیی پارتی بێت تا بیان گێڕێتەوە کەلاوە ڕوخاوەکەی حکومەت، یان ئەوەتا ئەم چەقبەستوەی قبوڵ بێت، ئەمەش هەمان سیناریویە تا وەک یەکێتی بە پرۆسەی بەکارتۆنی کردنی حیزبەکاندا لە لایەن پارتییەوە بڕاوت، ئەمیش ناچار بێت بچێتەوە بەردەم کۆشەکە ڕزیوەکەی پارتی و ڕازی بێت بە کارتۆنی بونی خۆی، بڵێت ئەمرەکەی کوێخام .

لە ئێستادا گۆڕان پرسی کشانەوەی لە حکومەتی هەڵگرتوە، ئەگەر دوای دەرکردنی وەزیر و پەرلەمان، وتبێتمان پارتی دەیەوێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت و یەکیتیش پاشکۆیەکی بێدەنگی ئەو حکومەتە بێت، پێویستە گۆڕان نەکشێتەوە و پارتی دەیەوێت گۆڕان خۆی بکشێتەوە، ئەوا دوای ئەم ماوە زۆرە ، با وەک گۆڕان  لە خۆمان بپرسین ، ئێمە لە کویای حکومەتداین ، تا بکشێینەوە یان نەکشێنەوە ، ئەوان ئێمەیان دەرکرد و چاوەڕێ مەرحەمەتی قونسڵ و بەزەیی پارتی و یاکێتی بین بمان گێڕنەوە ، ئەوە خەونی کیسەڵە، کە پەرلەمان داخرا خۆ بەس لە گۆڕان دانەخراوە، جگە لە پارتی لە هەمو حیزبەکانیش داخراوە، ئەی بۆ یەک حیزب هەڵوێستی ڕاستەقینەی نیە، هەمویان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە پرۆسەی بەکارتۆنی بوندا تێپەڕیون، کشانەوەی گۆڕان ئەگەر پرسی هەنوکەیی بێت، ئێمە وەک گۆران با بپرسین، ئێمە لە کویان تا نەکشینەوە، دەرکراوین و لە هیچ شوێنێک نین، تەنها ناومان هەیە، گوایە بۆ ئەوەی پارتی پۆستی وەزیرەکانی لە ڕوی یاساییەوە پێ پڕ نەکرێتەوە وەزیرەکانی ئێمە با دەریش کرا بن ئەوا ناکشێنەوە، ئەو پەرلەمانی داخست، ئێستە ئەوەی هەر بۆ گرنگ نیە، یاسا ئەچێتە کوێ ی حوکمڕانی خێڵەوە، یاسا لە خێڵدا بیرکردنەوەی سەرۆک خێڵە نەک نوسراوەکان و یاساکان، دوا جار سیاسەت مامەڵەکردنە لەگەڵ واقع نەک خەونی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و دەستا ودەست کردنی دەسەڵات و ستراتیژی سەربەخۆ، دەرکەوت ئەم تاکتیک ویارییە بۆ گەشتن بەم ئامانجانە فەشەلی هێنا، ئەی دەبێت ئەقڵێک هەبێت جۆری یارییەکان و تاکتیکەکان بگۆڕێت، لە خەیاڵەوە بۆ واقع ، لە بەزەییەوە بۆ ئیستحقاق، لە پاڕانەوەوە بۆ مافی سیاسی و حکومڕانی، دوا جار ئەوەی بە شیری گەرم زمانی سوتا بێت فو لە ماستاویش دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت