بەرزان فەرەج : کوا سیاسەتی دارایی هەرێم ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ستراتیژی دارایی و هاوتایی بە پێویستیەکانی هەنوکەیی و ئاییندەیی کۆمەڵگە ، سەقامگیری دەوڵەت و ئاساییشی نەتەوەیی لە جیهانێکدا دیاری ئەکات کە بۆتە بازاڕێکی گەورە و بە پێی لۆژیکی بەرژەوەندییەکان هیچ کەس تیایدا جگە لەقازنجی خۆی خەمی  کەسی دی نییە .

سیاسەتی دارایی بریتیە لە ئاراستەکردنی پرۆگرامی ئابوری و ڕێکخستنی داهات و خەرجیەکان کە دەوڵەتان بەپێی فەلسەفەیەکی سیستەمی حومکڕانی و ئایدیۆلۆژیاو میتۆدی جیاوازپیادەی ئەکەن . ئەمەش بەرنامەی سیاسی  ئەو لایەنانەیە ، کە سیستەمی دەسەڵات بەڕێوەئەبەن و پێشتر لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بۆ جەماوەری ڕوون ئەکەنەوە .  کەواتە  دارایی  پرسیاری  گشتیە و پەیوەندی بە سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەو  دامەزراوە کانی حکومەت و کەرتی گشتی و تایبەتەوە هەیەو ڕێکخەری سەرەکی ئابوری وڵاتە ، لە هەمان کاتیشدا پرسیارێکی سیاسیە چونکە بەرجەستەی پرۆگرامی سیاسی حکومەت یان لایەنی دەسەڵاتدار لەناوحکومەتدا ئەکات و پرسیاریکی  یاساییشە چونکە  ئەبێت دارایی و بودجە ،  لە لایەن دەستگای یاساسادانانی وڵاتەوە ، کە پەرلەمانە بەزۆرینە پەسەند بکرێت و دواتر دەسەڵاتی جێبەجێکار کە حکومەتە بەوەزارەتی دارایی ئەسپێرێت . کەواتە دواجار کۆی حکومەت و پەرلەمان بەرپرسیارن لە داڕشتنی سیاسەتی دارایی نەک وەزارەتی  دارایی ، کە تەنها لایەنی تایبەتمەندی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەیە و لە هیچ دەوڵەتێکیشدا ناکرێتە بەرپرسیاری کورتهێنانی بۆدجەو هەڵاوسان و قەیرانی ئابوری .

 کاری وەزارەتی دارایی چاودێری ژمێریاری گشتی وڵات و سەرفکردنی خەرجیەکان و گەیشتنی باج و گومرگەکان بۆ ناو خەزێنەی دەوڵەت و زامنکردنی شەفافیەتە لە هاتن و چوونەدرەوەی سامانی گشتی لە خەزێنەو ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی ، دواجاریش وریاکردنەوەی حکومەتە لە قەیرانەکان . کەچی لە کوردستاندا هەموو چاوەکان ، بە حیزب و نوێنەرەکانیشیانەوە لەپەرلەمان ، کە خۆیان داڕێژەری سیاسەتی دارایی  و بۆدجەن ، ڕوویان لە وەزارەتی داراییەو داوای حەق و حساب لەو ئەکەن .

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە کوردستان سیاسەتی داریی و ڕێکخستنی بۆدجەو ئابوری بوونی هەیە ، وە  لەبەر ڕۆشنایی کام فەلسەفەو ئایدیۆلۆژیای حوکمدا داڕێژراوە ؟ لە کۆی ئەو هەموو پرۆگرامانەی لە بانگەشەکانی هەلبژاردندا بەریەکدی ئەکەوتن و خۆیان بەفریادرەسی  کۆمەڵگەو چارەسەی کێشەکانی ئەزانی ، ئێستا کامیان بۆتە پرۆگرامی سیاسەتی دارایی کودستان ؟ لە ڕاستیدا لە کوردستاندا هیچ ئاراستەیەکی فەلسەفی حوکم دیار نیە ، جگە لە ئەزمونی پێشوی بیست و سێ ساڵ بەنیوەیی دابەشکردنی دەسەڵات و سامان و جوگرافیای کوردستان لە نێوان دووهێزی  دژ بەیەکدا کە تاکە شتێک لە شەڕو ئاشتیدا  لەسەریەک خوان کۆی کردبێتنەوە نۆشکردنی  کێکی دەسەڵات بووە بە تەنیا .

ئێستاش دوای بیست و سێ سال لە برا بەشی تەنها دوو هێز ، لەم ئەزموونی حکومەتی بنکە فراوانەدا کە  دیموکراسی و لیبرالی و سۆشیالیستی و ئیسلامی پێکەوە لەسەر خوانی دوا پارچە کێکی  جێماوی دوو براکە کۆکردۆتەوە ، نازانرێت   چ سیاسەتێکی دارایی لەنێو ئەو فەلسەفانەدا پەیڕەو ئەکرێت ، وە ئاخۆ ڕۆلی حکومەت  لەو سیاسەتەدا مەرکەزییە یان تێکەڵە لە رۆلی کەرتی تایبەتی و گشتی وە چ میتۆدێک ئابوری ئەم هەرێمە بەڕێوە ئەبات  کەبەرژەوەندی و بیزنیسی حیزب و دەوڵەت تێکەڵاوی یەکدیبوون ؟ تاکە پرسیاری هەموو توێژی دەسەلاتداری کوردستان و نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان  هاتن و نەهاتنی  بەشە بۆدجەی هەرێمە لە بەغداوە ، کە ئەمە حکومەتی هەرێمی لەبەردەم دەسەڵاتی ناوەندیی عێراقدا کردۆتە  موچەخۆرێکی ماناگانەو ئەوەتا بە دواکەوتن و نەهاتنی پارەی بەغداد تەواوشپرزە ئەبێت .

بەڵێ لە نائامادەیی سیاسەتێکی دارایی و ئابوری کە چەندین ساڵە  توێژێکی دەسەڵاتداری کردۆتە مشەخۆر و هەڵلوشەری بێ پلان و بێ بەزەیی سامانی هەرێم ، کە نەیتوانیوە بوژاندنەوەی ئابوری لە کەرتەکانی كشتو کاڵی و وەبەرهێنان و پیشەسازی و ژێرخانی ئابوریدا بخوڵقێنێت کە تیایدا بواری داهێنانی کارو جوڵەی سەرمایە بێتەدی ، ئێستا تاوانی خەلکی کوردستان نییە کە زۆرینەیان موچەخۆرن و ،  لە پلانی ئابوریشدا موچەی هاونیشتمانیانیش لەهەر بوارێکی کاردابن ، لەخانەی ماف و موستەحەقاتدا دائەنرێت نەک خانەی خەرجیەکان کە بریتیە لەو پارەیەی دەوڵەت ئەیخاتە بواری خزمەتگوازاری گشتی و هاوکاری سۆشیالەوە .

لە کوردستاندا کە زۆرینەی خەرجیەکانی حکومەت  لە بۆنەی ساتەوەختی و جۆرەها  فێستیڤاڵ و کۆنفرانسی بەناونێودەوڵەتی و چەندین پلانی نەزۆکی بەناوی ماستەرپلان و دیزاین و پرۆژەی یۆتۆپی و ئینجا خەرجی خەیاڵی سیادی توێژی دەسەلاتداردا بەهەدەر ئەدرێت ، لە هەرێمێکدا هیچ سیاسەت و پلانێکی ئابوری هەنوکەیی و درێژخایەن نەبێت بۆ داهێنانی کار ، ئیدی تەنها بەرپرسیارێتی خستنە سەر وەزارەتی دارایی لە موزایەدەی سیاسی و خود خەڵەتاندن زیاتر هیچی تر نییە . کە  نە سیستەمی داهات و  خەرجیەکان ، نە باجەکان بەشێوەیەکی شەفاف  ڕێکخراون ، کە وەزارەتی دارایی  دەسەڵاتی یاسایی و ئیجرائی نەبێت بەسەر ئەو هەموو ( گروپی کۆمپانیا ) زەبەلاحانەی کوردستاندا کە زۆربەیان موڵک یان شەریکی حیزبن تا بە لیستی ساڵنامەی قازانج ودەستکەوتەکانیاندا بچێتەوەو پارەی شارراوەی ملیاردێرەکان بهێنێتەوە ناو هەرێم تا لەبانقەکانیدا بخرێنە گەڕو بەو پێیەش باجی پێویستیان بەسەردا بسەپێنێت بۆ بەکارهێنانی لە خەرجیەکانی حکومەتدا ، ئیدی چاوەروان ناکرێت تروسکاییەک لە ئاسۆدا بۆ چارەسەری کێشەی ئابوری کوردستان دەرکەوێت .

بەبێ سیاسەتی دارایی ، ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان تەنها قاسەیەکی پارەیەو کەی پارەی تێڕژا ئەوا موچەی فەرمانبەران و خەرجیەکانی دی لێئەدرێت ، ئەگەربەتاڵیش بوو ئەبێت ئەویش چاوەڕوانی موچەکەی خۆی لە بەغداد بکات . بەداخەوە ، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا وەزارەتی دارایی و بۆدجە لە دوای سەرۆکی حکومەتەوە گرنگترین وەزارەتە ، چونکە ئێستا ئابوری بۆتە بڕىڕەی پشتی دەوڵەت ، بەڵام لەکوردستاندا وەزارەتی دارایی تەنها کراوەتە قاسەیەکی خاڵی لە پارەو هیچی تر ، پارەکانیش وەک خۆیان دانی پیا ئەنێن لە ژێرزەمینەکان ، یان لەدەرەوەی کوردستاندان .                                                                                                                 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت