بەهرۆز جەعفەر : بۆ ئاسایش .. ئاگاتان لەخۆتان بێت !.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاسایش ( الامن – secuerty  ). گەورەترین دوژمنى ئەو بونەوەرانەیە کە مەحکومن ، بەلەناوچون .

ئاسایش یانى نەهێشتنى ترس وهەڕەشە لەسەر ( کیانەکەت ، تاکەکان ، کۆمەڵ) جائەم ترس و هەڕەشەیە لەدەرەوە بەدروستکراویی ئاڕاستە بکرێت ، یان لەناوەوە گروپێک ، دروستى بکەن ، بۆ مەبەست و ئامانجى جیاجیا.. ئەم چەمکە ڕێک ( 180) پلە پێچەوانەى ووشەى ( ترس و هەڕەشە) یە. لەهەر شوێنێک ترس و هەڕەشە هەبوو ، ئاسایش نییە ، سەلامەتى کۆمەڵایەتى و گەشەى ئابوریی و خۆشبەختى نییە . ئەتوانم بڵێم هیچ نییە . وەختە بڵێم: لەکوردستان تاکەکان و خانەکانى ناوکۆمەڵ و کیانەکەش بەرەو لەناوچوون ئەچن.

ڕۆژەبێتەوە ، تادرەنگانێکى شەو دەیان هاونیشتمانیى دڵسۆز ، پێمان ئەڵێن : ئاگات لەخۆت بێت !. پێمان ئەڵێن: ئەگەر وابڕوات کەس ژن بە ” ڕۆژنامەنووس”. نادات!.ئەڵێن : دانیشە ئەم دونیایە بەتۆ چاک ناکرێت.ئەوەتا چەند ساڵە قسە ئەکرێت و ئەنوسرێت ، خراپتر بووە ، باشتر نەبووە !. ئەیانەوێ ، بەپاساوى ئەوەى تەرکیز ئەخەنە سەر دەوروبەر ناوخۆمان بیر ببەنەوە ، گەرەکیانە ئازایەتى بکوژن لەهەناوى کۆمەڵدا. ئاسایش لەکوردستان لەبەردەم هەڵوەشانەوەیەکى ترسناکدایە ، ڕەنگە چپە چپى وەرچەرخانى سیاسیی و گۆڕانەکانى تر ، ئەم بوارەى کردبێتە ئامانچ و دەستکەلا. وەلێ عەرەبیش وتویەتى ( حامیها ، حرامیها ) . ئەوانەى بڕیارە بمانپارێزن ، جێگەى ترسی ئێمەن !. هەقیقەتەکە ئەوەیە : جارجاریش باشییه ک بکەن ، هەر متمانەمان پێتان نەماوە. خۆشتان ئەزانن چی بۆتە هۆى نەمانى ئەم متمانەیە . چ هەستێکت بۆ دروست دەبێت : ئەگەر پێت بڵێن ئاگات لەخۆت بێت ؟. هەموو ڕۆژى لەم نیشتمانە کەمرۆڤى خاوەن ویژدان تیا هەست بەغەریبى خۆى ئەکات ، هەستى ترس پتر دەبێت .

بۆمان ڕوون بکەنەوە ، چۆن ئاگامان لەخۆمان بێت،زیندانى بین دەخنکێنرێین ، لەباوەشی دایکمانا ئەکوژرێین ، لەڕێی کەرکوک ئەفڕێنرێین و ئەکوژرێین ( تا ئێستا لەنێوان بانى مەقان – قەرەهەنجیر هەژدە ئۆتۆمبیل بەشۆفێرەکەیەوە دیار نەماوە !)، بەتەلەفۆن قسەبکەین شوێنەکەمان دەزانن و سانسۆر ئەکرێین .. لەتەقەى خۆشی و ناخۆشیا بەسوتفەو ناسوتفە لێدەدرێین . . دەرگاکە ئەگرین تاوانباران بەپەیژە دێنە سەرەوە .. ئۆتۆمبیل دائەنەى جامەکەى ئەشکێنن و ، وێنە بگرین کامێراکان دەشکێنن . بنوسین کۆمپیوتەرەکەمان ئەڕفێنن ( بەخودا وابووەو وایە!!!!!) . . وەک نیوتن و ئەدیسۆن داهێنەر بین ، ئەکەوینە پەراوێزەوە .. گردبونەوە بکەین ، کۆڵێک ئاسایشى مەدەنى دێن .. ئێ نابێت بوارێک بۆ هەناسەدان بهێڵنەوە ؟.

لەبەرئەوە ، دەبێت ئێوەش ئاگاتان لەخۆتان بێت. ئێمەش ئاگامان لەخۆمان بێت .نابێت … نا .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت