بەکر ئیسماعیل: لە کوێوە بۆ کوێ، قسەی دوای هەڵبژاردنمان چی؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئێستادا، ماوەیەکی کەم ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدان (12 ئایار 2018) و هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان سەرگەرم و سەرخۆشی بانگەشەی هەڵبژاردنن بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین دەنگ کۆبکەنەوە و سەنگ و پێگەی خۆیان لە پرۆسەی سیاسی عێراق قایم بکەن. بەڵام، زۆر جار بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێم شێوەیەکی ناشارستانی بە خۆیەوە دەبینێت و تەنانەت گەڵێک جاران سەر بۆ توندوتیژی دەکێشت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی بۆ لێکنزیک بوونەوەی هێزەکان دەبێت لە بەغدا، هەروەها لە ماوەی دوور لێکترازانی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەم هەڵبژاردنە ڕەنگە کەمێک جیاواز لەوانەی پێشوتر خۆی نمایش بکات چونکو چەندان ڕووداوی سیاسی ناوخۆی و هەرێمی لە ماوەی ڕابردوو ڕوویداوە و ڕەنگە کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر دەنگدەران لە کاتی دەنگدان دروست بکات، سەرەڕایی دەرکەوتنی چەند هێزێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان کە دەنگی هێزەکانی دیکە بۆ خۆیان دەبەن. لێرەدا، بە باشی دەزانم سەنگ و پێگەی هێزەکانی هەرێم لەم هەڵبژاردنە گەنگەشە بکەم.
سەرەتا با لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەست پێبکەین. پارتی دیموکراتی کوردستان لە تەواوی بازنەکانی هەڵبژاردنی 2014′ توانی 28 کورسی پەڕلەمانی بەدەست بهێنێت و بە گەورەترین کوتلەی هێزە کوردیەکانی پەڕلەمانی عێراق دەرکەوێت. هەر بۆیە، پارتی هەوڵدەدات ژمارەیەکی زۆر دەنگ هاوشێوەی ڕابردوو لە سەرجەم ئەو بازنانەی، کە بەشداری کردووە کۆبکاتەوە. بەڵام بەڕایی زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی ئەمە کارێکی نەکردەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی چەند هۆکارێک ڕێژەی دەنگەکانی پارتی لەم هەڵبژاردنە لە کورتی دەدات. لە گرنگترین هۆکارەکانی کەمکردنی دەنگی پارتی ئەمانەن:
یەکەم/ پارتی دیموکراتی کورستان بانگەشەکاری بیرۆکەی ئابووری سەربەخۆ بوو بۆ کورستان و دواتر خستیە بواری پراکتیکی بەڵام ئابووری سەربەخۆ نەیتوانی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەستەبەر بکات. هەروەها بە گوێرەی وتەکانی فازل نەبی ( بریکاری پێشووی وەزارەتی دارای عێراق) ئابووری سەربەخۆ هۆکارێک بوو لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی ناوەند لە ساڵی 2014.
دووەم/ پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوی دەنگدەران وەکو هێزێک، کە باوەڕی بە بنەمایی دەستاودەست کردنی دەسەڵات نەبێت لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت بە تایبەتی لە دڕێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم. لەهەمانکاتدا، داخستنی دەرگای پەڕلەمان و ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ ماڵەوە ئەم بۆچوونەی لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان تۆخترکردۆتەوە.
سێیەم/ پارتی دیموکراتی کورستان لە دەستپێکەوە تاکو کۆتایی سەرپەرشتاریی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بوو بە هاوبەشی لەگەڵ هەر یەک لە یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتووی ئیسلامی کورستان. بەڵام، دواجار بە هۆی فاکتەرە ناوەخۆیی و هەرێمی بەشێکی زۆری ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی لەدەست چوو، هەروەها دەرئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵوەشێندرایەوە لە لایەن داد فیدڕالی عێراق.
دواجار ئەم هۆکارانە هاوکات لەگەڵ چەندین هۆکاری دیکە، وەکو بایکۆتکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی پارێزگایی کەرکوک دەنگی پارتی کەم دەکات و بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەم پارتە چەند کورسیەکی پەڕلەمانی لەم هەڵبژاردنە لە دەست بدات.
یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە هەمان شێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشبینی دەکرێت چەند کورسیەکی پەڕلەمانی لە دەست بدات. گەڵێک هۆکار هەن وادەکەن یەكێتش ڕێژەی دەنگەکانی بە بەراورد بەهەڵبژاردنی ڕابردوو کەم بکات. یەکێتی لە ئێستادا، بە پیاوە نەخؤشەکەی هاوشێوەی دەوڵەتی عوسمانی دەشوبهێندرێ چونکو یەکێتی هێزێکی ماندوو و شەکەتە بە هۆی بوونی ململانێی ناوخۆی ئەم حیزبە و جیابوونەوەی دکتۆر بەرهەم صالحیش برینی جەستەی یەکێتی قولترکردەوە و بەشێکی بەرچاوی دەنگی ئەم حیزبە بۆ خۆی کەمەرکێش دەکات.
هۆکارێکی دیکە وا دەکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگی کەمبکات بریتیە لە پاشکۆ بوونی ئەم حیزبە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی لە بابەتی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم لە ساڵی 2013 و 2015. هەروەها پاڵپشتی کردنی پڕۆژەی ڕیفراندۆم هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمکردنی دەنگی یەکێتی لەم هەڵبژاردنە. بەهەمان شێوە، ڕووداوی 16 ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دوایی پێشبینی دەکرێت کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنی دەنگەکانی ئەم حیزبە هەبێت چونکو تۆمەتی خیانەت و ڕێگ خۆشکردن بۆ حشدی شعبی بۆ کەرکوک دراوەتە پاڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان. هەموو ئەو هۆکارانە وا دەکات بەدەستهێنانی دەنگێک زۆر هاوشێوەی هەڵبژاردنی 2014 بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خەونی ناوەخەت بچێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر باس لە هێزە ئیسلامیەکان بکەین، ئەوا ڕەنگە گۆڕانگاریەکی ئەو تۆ لە دەنگی ئەم هێزانە ڕوونەدات چونکو هێزە ئیسلامیەکان هیچ کاتێک نە لەڕابردوو و نە ئێستا نەبوونەتە ئەلتەرناتیڤی هێزەکانی دەسەلات لە هەرێمی کوردستان. پێشبینیش ناکرێت ئەم دەنگانەی لە هەر یەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەم دەبنەوە بۆ هێزە ئیسلامیەکان بڕوات. هەروەها حیزبە ئیسلامیەکان لە پڕۆسەی دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشی ئیسلامی شکستیان هێنا و بۆیە پەرتەوازیی بە دەنگدەری ئیسلامیەکانەوە هەستی پێدەکرێت.
بزووتنەوەی گۆرانیش هێزێک دیکەیە، کە لە گۆرەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق بوونی هەیە.
ئەم هێزەش لە سەرەتایی دەرکەوتنی وەکو ئەلتەرناتڤی هێزەکان دەسەڵات لە هەرێم کوردستان چاوی لێدەکرا. توانی تاڕادەیەک نموونەیەکی باشی لە مۆدێلی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم نمایش بکات و کەم و کوڕیەکانی دەسەڵات بخاتەڕوو. لە هەمانکاتدا، ئەم هێزە نووێیە هەوڵی دەدا خۆی وەکو هێزێک جێگرەوە نیشانبدات و لە ئەگەری وەرگرتنی دەسەلات لە هەرێمی کوردستان خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکات. بەڵام، بزووتنەوەی گۆڕانیش لە یەکەم ئەزموونی حکومڕانی هاوبەش لەگەڵ یەکێتی و پارتی سەرکەوتوو نەبوو. ئەمەش، بەهۆی کەم ئەزموونی گەنجانی ناو بەم بزووتنەوەیە بوو هەر زوو دەرگای پەڕلەمان بەسەر سەرۆکی پەڕلەمان داخراو و وەزیرەکانیش ڕەوانەی ماڵەوەکرانەوە. بۆیە، ئەم جارە ئەم هێزە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس دایە بەتایبەتی لە دوایی کۆچی دوایی سەرۆکی بزووتنەوەکە لە ساڵی 2016. لەهەمانکاتدا، بەشێکی زۆری دەنگی ئەم بزووتنەوەیە دەنگدەرانی خۆلەمێشین و ڕەنگە بەهۆی دروست بوونی هێزی دیکەی نوێ بڕێک لە دەنگەکانی لە دەست بدات.

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری هێزێکی نوێ و تازە دەرکەوتووە. ئەم هێزە لە لایەن دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتی دەکرێت دوایی ئەوەی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جیابوویەوە و لەگەڵ بەشێک لە کەسایەتیە ئیسلامیەکان هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەریان دروست کردووە و هەوڵدەدەن بوونی خۆیان بسەڵمێنن، هەر بۆیە کاردەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی نارەزایی شەقام و هێزەکانی دیکە بۆ خۆیان بەرن.

دواین هێز کە باسی بکەین بریتییە لە نەوەی نوێ، ئەم هێزە سەرەتا جوولانەوەیەکی جەماوەری بوو لە دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 بەسەرۆکایەتی شاسوار عبدولواحید. دواتر وەکو قەوارەیەکی سیاسی پەسندکرا بۆ هەلبژاردنی 2018. ڕەنگە نەوەی نوێ وەکو بەرمیلێک باروت بەڕووی هێزەکانی دیکەدا بتەقێتەوە لەم هەڵبژاردنەدا چونکو نەوەی نوێ خاوەن ڕونگەیەکی ئابوورییە فراوانە و هەروەها هەوڵدەدات بەربەستە نەتەوەیەکان ببڕێت بۆیە لە نزیکەی 11 پارێزگای عێراق بەربژێری هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق. بەڵام، چاودێرانی سیاسی ئاماژە بە خاڵێک دەکەن وەکو خاڵی لاوازی نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنە. دەپرسن چۆن هێزێکی لیبڕال دەتوانێت لەگەڵ هێزێکی مارکسی، اشتراکی هەڵبکات. ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان دژ بەریەکی ڕوونە و کاریگەری خۆی دەنوێنێت.

دوایی بینەوبەردە و هەڵەتێکی توند بۆ سەر یەکتری و تۆمەتبارکردنی یەکتر بە خیانەت لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن قۆناخێکی نوێ لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە پرۆسەی سیاسی دەست پێدەکات و کەم تا زۆر نەخشەی هێزە سیاسیەکانی هەرێم گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بۆیە پێشبینی دەکرێت هێزە جیاوازەکان پێشبڕکێ بکەن لە خۆنزیک کردنەوە لە بەغداد و هەروەها قەیرانەکانی ناوخۆی کوردستان کاریگەری لەسەر یەکگرتووی ناوماڵی کوردی دەبێت و زۆر ئاستەم دێتە پێش چاو، دانووی هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە ناو یەک مەنجەڵدا بکوڵێت، بۆیە پێگەیی کورد لە بەغدا هێدەی دیکە لاواز دەبێت. هەرچەندە ئەگەر هێزە شیعیەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقی پێویستیشیان بە کورد هەبێت بەڵام کورد بە هۆی پەرتەوازەیی ناتوانێ وەکو پێویست مەرج و داواکاریەکانی لە کارنامەی حکومەتی داهاتوو جێبکاتەوە. بۆیە هێزە کوردیەکان چەند لە خەمی کۆکردنەوەی دەنگدان پێویست زیاتر لەمە لە خەمی پێگەیی یەکگرتووی ناماڵی کورد بن لە بەغدا لە دوایی هەڵبژاردن. کار کردن بۆ ئەم ئامانجە لە ئێستاوە پێویستە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت