تەحسین زراری : کوژرانى بدێوى ڕووى ڕاستەقینەى سەرۆک وەزیرانى نیشاندا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق بەدرێژایی مێژووى خۆى هیچ کاتێک ئارامى و سەقامگیرى بە خۆیەوە نەبینیوە ، ئەمەش دەرئەنجامى ناڕێکى لە دایک بوونى خودى دەوڵەتە ، لەلایەکى تریشەوە بەحوکمى ئالۆزى پێکهاتەى کۆمەڵگەى عێراق فاکتەرێکى ترى نائارامى بارودۆخى عێراقە ، ئەمەش واى کردووە کە عێراق بە وڵاتێکى خوێناوى بناسرێت ، لە دواى 2003 و ڕوخانى ڕژێمى پێشووى عێراق بنیاتنانى دەوڵەت بە فۆڕمێکى تر، بەڵام ئەم فۆرمەى دەوڵەتى عێراقیش پاش ڕوخانى ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەى سەدام حوسێن نەتوانرا کێشەکانى ناوخۆى عێراق چارەسەر بکرێت ، بەڵکو بە پێچەوانەوە عێراقى دواى سەدام سەرەتایی چوونە نێو قۆناغێکى پڕ لە کارەسات و خوێن ڕشتن بوو بۆ عێراقیەکان ، کە لە ماوەى نێوان 2003 تاوەکو ئێستا ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتى مەدەنى و ڕۆژنامەنووس و مامۆستاى زانکۆ و کەسایەتى دیارى نێو پێکهاتە جیاوازەکانى عێراق بوونەتە قوربانى ململانێی مەزهەبی و سیاسەتى تاکڕەوى لە عێراق ، کەچی حکومەتى عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕۆژێک لە ڕۆژان باسی ئەو قوربانینانەى نەکردووە ، بەڵکو ئەوەى هیچ حیسابێکى بۆ نەکراوە لە بنەڕەتەوە خوێنى هاوڵاتیانى مەدەنی بووە لەعێراق .

لە دواى ئەوەى ڕۆژى شەممە 22ى ئازار لە ڕووداوێک دا کە لە شارى بەغدا ئەفسەرێکى کورد کەسەر بە هێزەکانى پاراستنى سەرۆک کۆمارى عێراق دواى مشتومڕ لەگەڵ کەسێک لەناوچەى سەوز لە شارى بەغدا لە ئەنجامە کەسەکە دەکوژێت ، بەڵام کوژراوەکە هاوڵاتیەکى ئاسایی نەبوو بەڵکو مامۆستاى زانکۆى موستەنسریە و بەڕێوەبەرى ڕادیۆى دەنگى ئازاد بوو لە عێراق بەناوى ( محمد بدیوى ) ، ئەم ڕووداوە کاردانەوەى زۆرى شەقامى عەرەبی و شەقامى کوردیشى بە دواى خۆی دا هێنا ، من لێرەدا بە هەموو شێوەیەک ڕەتى کوشتنى هەر کەسێک دەکەم جا لە هەر نەتەوە و ئاین و ئاینزایەک بێت نەخاسمە مامۆستایەکى زانکۆ بێت بۆیە ئەو ڕووداوە بە هەموو شێوەیەک شیاوى شەرمەزار کردنە، بەڵام ئەوەى بینیمان و جێگەى تێڕامان و شرۆڤە کردن بوو ، ئەو جۆرە هەلوێستەى سەرۆک وەزیرانى عێراق نورى مالیکى کە یەکسەر دواى ڕووداوەکە دەگاتە شوێنەکە و دەلێت من وەلى ئەمرى ئەم کەسە و تۆلەکردنەوەکەشی دەبێت خوێن بە خوێن بێت ، ئەم قسەیەى سەرۆک وەزیران زۆر هەڵدەگرێت و مانایەیەکى قوڵ لە هەناوى قسەکەرەکە بەدى دەکرێت ، لەبەر ئەوەى هەر کاتێ دەمى سەرۆک وەزیران بکرێتەوە ئەوا یەکەم و کۆتا قسەى پەنابردنە بۆ یاسا و دەستور بەڵام لە عێراق ئەوەى لە دەرەوەى گەمە سیاسیەکانە بریتى لە یاسا و دەستور ، چونکە ئەگەر لە وڵاتێکیش بوایە کە کوشتنى هاوڵاتیان وەکو حاڵەتێک بوایە ئەوا بۆ سەرۆک وەزیرانەکەى لەوانەیە شتێکى تر بوایە ، بەڵام لە وڵاتێک کە ڕۆژانە بە دەیان هاوڵاتى دەبنە قوربانى بە شێویەک کە ڕشتنى خوێنى هاوڵاتیان بوویتە دیاردە ، بەڵام تەنها بۆ یەک جاریش سەرۆک وەزیرانى جورئەتى ئەوە نەکات بێتە قسە و ئیدانەى کوشتنى هاوڵاتیان بکات ، لەوەش زیاتر کە خودى ئەو کەسە بە ئاشکرا دەستى لە کوشتنى چەندین هاوڵاتى هەبێت ، ئەى لەو ڕووداوەى کە ڕۆژى شەممە ڕویدا کە تێیدا مامۆستایەکى زانکۆ کوژرا و کوژراوەکەش سەر بە تایەفەى سوننە بوو کە خودى ئەو سەرۆک وەزیرانە خوى دەکات بە خاوەنى ، کەچی هەر ئەو سەرۆک وەزیرانەیە کە تا ئێستاش دەستى سوورە بە خوێنى سوننەکان لە عێراق ، بەڵام ڕووداوە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەى لەبەرژەوەندى خۆى بەکار بێنێت وەکو کارتێکى ڕیکلامى هەم بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو هەمیش بۆ کەسب کردنى شەقامى و نانەوەى قەیران لە نێوان کورد و سوننە لە عێراق بۆ مەبەستى خۆى ، بەڵام من پێموا نییە پێکهاتەى سوننەکانیش بە ڕووداوێکى ئاوا هەڵوێستى سیاسیان گۆڕانکاریان بەسەر دا بێت بچنە نێو بەرەى مالیکى لە دژى کوردەکان لە عێراق و بە ئاسانى ئەو تەحەدا و زولمەى خودى سەرۆک وەزیران کە لە بەرامبەر خۆیانى پەیڕەو کردووە لە بیریان بچێتەوە ، لەبەر ئەوەى بەشێکى زۆر لە سوننەکان ئەوە باش دەزانن کە سەرۆک وەزیرانى عێراق ناتواتێ بە هیچ شێوەیەک داواکارییەکانیان بەدى بێنێت ، چونکە ململانێى نێوان مەزهەبی شیعە و سوننە زۆر لەو ڕووداوانە فراوانترە و خاوەنى مێژوویەکى پڕ لە ناکۆکى خوێناویە ، سوننەکان لەژێر دەسەڵاتى نورى مالیکى زۆرترین ئازار و ناخۆشی و نەهامەتیان چێشتووە کە بە درێژایی مێژووى هاوچەرخ لە عێراق سوننەکان نەبوونەتە قوربانى دەستى دەسەڵاتداران لە عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت هەندێک لە پێکهاتەى سوننە کە بە عەرەبە شۆڤینیەکان ناسراوە زۆر ئاساییە بەلایانەوە کە هەلوێستى خۆیان بخەنە پاڵ مالیکى لەبەرامبەر کوردا ، ئەو ڕووداوە بکەنە پاساو بۆ خۆیان بۆ ئەوەى بازنەى لێک ترازانى نێوان پێکهاتەى سوننە و کورد فراوانتر بکەن ، ئەمە خالێکە کە پێویستە لەبەر چاو بگیرێت ، بە شێوەیەکى دروست مامەلە لەگەڵ ئەم کەیسە بکرێت لە لایەن کوردەوە و ببێتە هۆى ئەوەى کە زیاتر گوتارى خۆیان لەبەرامبەر حکومەتى ناوەندى یەکگرتوو تر بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو تەحەدییانەى کە پێشبینى دەکرێت بەرە و ڕووى کورد بکرێنەوە .

کەواتە ئەم ڕووداوە ڕووى ڕاستەقینەى سیاسەتى سەرۆک وەزیرانى عێراقمان نیشان دەدات کە بەچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکات و چۆن دەیەوێت خۆى وەکو کەسێک بسەپێنێت کە تەنها لە ڕێگەى هێزەوە خۆى دەسەلمێنێت ، بۆیە گرنگە لایەنە کوردییەکان ئەوەیان بۆ ڕوون بووبێتەوە کە ئایا سەرۆک وەزیرانى عێراق چۆن تۆى دیکتاتۆرى لە هەناوى خۆى دەڕوێنێت .

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت