جیهاد محەمەد: شوناس.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شوناس، بە واتای خۆ ناساندن و خۆپیشاندان، بە واتای شکۆمەندیی و ڕێز و پێگەی دیار و ئاشکرا دێت.
کاتێک مرۆڤەکان شوناسیان نامێنێت، هەست بە ونبوون و جۆرێک لە مردن دەکەن، هەستدەکەن بوونییان نییە، پێگە و شکۆمەندی و ڕێزییان نەماوە، ئەمەش ئەبێت بە پاڵنەرێکی بەهێز بۆیان تا خۆیان بدۆزنەوە و پێگە و ڕێز و شکۆمەندی خۆیان دیاریبکەن، لە ناو کۆمەڵگەیەکدا، یان لە ناو کۆمەڵگەکانی جیهاندا.
ئەمریکییەک، بەریتانییەک، ئەڵەمانییە، فەرەنسییەک بە نموونە، خۆیان لە ناو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا و لە ناو کۆمەڵگەکانی دنیاشدا بەوە دۆزیوەتەوە کە دەوڵەتیان هەیە و وڵاتەکانییان پێشکەوتوون و خاوەن هێز و توانان. بە گشتی ئەم باری دروونییە باڵدەکێشێت بەسەر گشتی کۆمەڵگەدا، تەنانەت بەسەر ئەوانەشدا کە وەک تاک بێبەشن لە خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی، یان بەردەوام وەک ئامێرێکیان لێهاتووە بەدست کار و کرێگرتەییەوە، کەچی ئەم کار و کرێگرتەییە چەند ستەماکریش بێت بۆیان، وەلێ لە ڕێگەی ئەو باجەی دەیدەن بە دەوڵەت خۆیان دەکەن بە هاوبەش لە پێشکەوتنی وڵات و دەوڵەتەکانییاندا، لە ڕاستیشدا وایە، ئەمانیش هاوبەشن لەو پێشکەوتنەی کە لە ڕووی زانست و ئیدارە و ئابووریی و فەرهەنگییەوە وڵاتەکەیان بەخۆیەوە بینیوێتی. پێشکەوتنی هەرچ وڵات و دەوڵەتێک وابەستەی بەجێهێنانی ئەو ئەرکانەیە کە دەکەوێتە سەرشانی تاکەکان، دیارە هەرچ تاکەو بە گوێرەی پاشخانە زانستیی و توانا جەستەییەکانی خۆی ئەو ئەرکە بەجێدەهێنێت. بەڵام لە دابەشکردندا(توزیع)دا سیتمێکی بەڕێوەبردن هەیە کە زۆر با نادادپەروەرانە ئەو دابەشکارییە دەکات. بۆیە زۆر جار مرۆڤەکان لەگەڵ ئەوەی کە هەستی خۆ دۆزینەوەیان بۆ دروستبووە، هەستدەکەن کە سەربە وڵات و دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوون. بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەست بە نامۆبوون دەکەن، چونکە ئەو کەلوپەلەی کە بەدەستی خۆیان بەرهەمیان هێناوە نامۆن پێی و بۆ ئەمان نییە. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا شانازیکردن بە دەوڵەتەکەیانەوە بە وڵاتەکەیانەوە کە پێشکەوتوو و بەهێزە کەوتۆتە سەرو هەستکردنییان بە نامۆبوونەکەیان، واتە نامۆبوونەکەیان وایان لێناکات کە ڕاپەڕین وشۆڕش بەرپا بکەن دژی دەوڵەتە سەرکوتکەر و حوکمڕانە دڵڕەق و چەوسێنەرەکانیان.
ئەم بارەدەروونییە، کە ناسراوە بە باری دەرونیی کۆمەڵگە، لە لای هەموو خەڵکانی هەرچ وڵات و دەوڵەتێک چ پێشکەوتوو چ دواکەوتوو هەروایە، تەنانەت لای ئەو گەل و کۆمەڵگەیەش وەک کورد کە هێشتا وڵاتی سەربەخۆ و دەوڵەتی نییە.
لە ڕاستیدا، شوناسی هەرچ مرۆڤێک لەم جیهانەدا، ڕووە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە مرۆڤێکی گەردوونیە، دواتر مرۆڤێکە سەر بە میللەتێک یان گەلێک یان کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، ئەگەر وردتریشی بکەینەوە دەتوانین بڵێین مرۆڤێک سەر بە شار و شارۆچکە و گوندنێکە. بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی تا ئێستا وا هاتووە کە مرۆڤەکان بەم شوناسە ڕازی نین و خۆیان بۆ نادۆزرێتەوە، بەڵکو بەو جۆرە ڕازین کە سەر بە دەوڵەتێک و وڵاتێکی سەربەخۆ بن. واتە مرۆڤی گەردوونی بوونی نییە، بەو واتایەی کە شکۆمەند و بەڕێزبێت و هەست بە ونبوون و تاریکایی ژیان نەکات. مرۆڤی گەردوونی لە ئەنجامی دادپەروەریی و یەکسانی و ئازادی و مافی مرۆڤدا دێتە ئاروە. مرۆڤی گەردوونی ئەنجامی پەروەردەیەکی مرۆیی باڵایە، پەروەردەی مرۆڤی گەردوونی وا بونیادنراوە کە دەبێت بە خاوەنی ڕەوشت و مۆراڵێکی باڵای وا کە سەیری هەموو مرۆڤەکان وەک یەک دەکات و هیچ جۆرە جیاوازییەکی شوناسی ڕەگەزیی و دینیی و ڕەنگی پێست و زمان هەڵیناسوڕێنێت و بیری لێناکاتەوە و نایکات بە جیاوازی و پێگەی هەموو مرۆڤەکان وەک یەک وایە.
ئەم حاڵەتەی کە مرۆڤی تێکەوتووە و نابێت بە مرۆڤێکی گەردوونی باڵا، هێزێکی گەورەیە، ئامرازێکی زۆر کارایە، چەکێکە لە چکە کوشندەکان بەدەستی ستەمکارانەوە، کە دەتوانن بەکاریبهێنن و خۆیانی پێ پڕچەک بکەن. لێرەوە بێ ئەوەی مرۆڤەکان هەست بە خۆیان بکەن، بە تایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، دەبن بە کۆیلەی دۆزینەوەی شوناسیان، شوناسێکیان پێدەدرێت لە لایەن حوکمڕانان و دەوەڵەتەکانیانەوە کە هیچ سوودێکی لێ نابینن بۆ ژیانی ڕۆژانەیان. هەزاران لەمرۆڤەکان، سەدان خێزان لێیان، دەیان گروپ و کۆمەڵیان لەناودەچن و دەفەوتێن بەدەست ئەم ستەمکارانەی کە بە دەستی خۆیان دروستیانکردوون. کەچی لەگەڵ ئەوەشا شوناسی وڵاتبوون و دەوڵەتبوون و دین و ئاینزا بووە بە ئەفیونێک هۆشی بردوون، زۆر بە دەگمەن دێنەوە هۆشی خۆیان، ئەوەی دروستیان کردووە بە ناوی شوناسی خۆیانەوە بووە بە دەرد و مەرگێک هەموو ژیانی ڕۆژانەیانی پڕکردووە لە مەرگ و کارەسات و تاوان.
دین و ئاینزاکان و بیروباوەڕە دینییەکانی ئاسمانی و زەوینی بە هەمان شێوەی ستەمکارانی دەوڵەت و حکومڕانەکانی وڵاتان بوون بەو شوناسە ساختەییەی کە بە ملوێنان مرۆڤیان هەڵخەڵەتاندووە. بە ملوێنان مرۆڤ شوناسی خۆی لە شیعەگەرایی و سوننیگەرایی و شینی حەسەن و حسەین دا دەدۆزێتەوە. بە ملوێنان مرۆڤ شوناسی خۆیان لە کریستیانیی یان جووپەرستییدا دەدۆزێتەوە.
هەموو ئەو هێزە بەشەرییە گەورانە خۆیان بوون بە دووژمنی سەرسەختی یەکتری و ساڵانە بە دەیان هەزار لە یەکتری قاتوقڕ دەکەن. ئەمە گەورەترین هێزو بە تواناترین ئامارزی دەستی چەوسێنەرانی جیهانە، ئەو جیهانەی کە کۆمەڵێک کۆمپانیای چاوچنۆک ساڵ بە ساڵ و دەیە بە دەیە بەری ڕەنجی هەموو خەڵکی جیهان دەدۆشن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەکەن. وەک تریش ئەم هێزە گەورەیە بووە بە دەرد و مەرگێک بۆ چەندین کۆمەڵگەی هەژار و داماو کە ساڵانە بە هەزاران منداڵیان لە برسدا لێ دەمرێت، بە هەزاران کەسیان بە دەست نەخۆشییە کوشندەکانەوە دەناڵێنن، بە دەیان و سەدان و ملوێنان مرۆڤیش بە دەست بێکاری و، یان بە دەست بوون بە ئامێری کار، دەناڵێنن. لە لایەکی دیکەوە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە شەرقیی و ئاسییا و ئیسلامییەکان بەردەوام لە شەڕو شۆڕ و جەنگدان و، تەنها پاڵنەریش شوناسێکی دینیی یان نەبوونی دەوڵەت و سەربەخۆییە بۆ میللەت و گەل و کۆمەڵگەکانییان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت