جیهاد موحەمەد : تۆزێک مۆراڵ و بەسە سوکایەتی ! .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی و بەرپسە سەرزلەکانییان رۆژانە ئەگەر سوکایەتیەک ، یان چەند سوکایەتیەک نەکەن بە خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی تر ئۆقرە ناگرن . ئەمانە سوکایەتی و بێحورمەتیکردنییان کردووە بەکار و پیشەی رۆژانەیان . رۆژێک هەموو گەلی کوردستان بە سەگ دەچوێنن ، رۆژێکیتر بە تەمەڵ و تەوەزەل و کارنەکەر دەیچوێنن ، رۆژێکتر بەو پەڕی بێشەرمییەوە یادی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە شایلۆغان و هەڵپەرکێ و گۆرانی وتنەوە دەکەنەوە ( گوایە هونەرمەندەکانی دەربار پێیانخۆشە ژیانی زیندوو پیشان خەڵکی هەڵەبجە بدەنەوە )!. رۆژێکیتر دوای نابیناکردنی ٣٠ هاوڵاتی بە دەستی ئەنقەست وەزیری تەندروستیەکەیان دێت و بەوپەری خەمساردییەوە دەڵێت ئەوە ( پیاوێکی تورک ئەو دەرزیانەی بەقاچخ هێنا بوو ، ئێستا زیندانە لە زیندانی محەتە ). ئەم وەزیرە بەڕێزە زۆر بە سانایی دەڵێت ، زانیبووشمان کە ئەو دەرزیە بە قاچخ هاتووە و پشکنینی پزییشکی و تاقیگاییشی بۆ نەکرابوو ، وەک ئەوەی بڵێت پێمان خۆشبوو لەسەر ئەو کەسانە تاقیبکەینەوە .

لەوەتەی سەرۆکی هەرێمیش بڕیاری دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنەکانی داوە ، دەستبەجێ هەردوو زل حیزب کەوتنە سوکایەتیکردن بە هەست و نەست و ڕاوبۆچوونی خەڵک و هەموو چاودێرانی سیاسی و رۆژنامە نووسان و هەموو خەڵکی کوردستان.

خانمی یەکەم ، هیچ پێی شەرم نییە ، دەچێت بۆ خانەقین و بە خەڵکی خانەقین دەڵێت ، ئەمڕۆ تەلەفوونم بۆ مام جەلال کرد و پێم راگەیاند کە دەچم بۆ خانەقین و ئەویش زۆری پێخۆش بوو ، سڵاوی هەبوو بۆتان !. ئەگەر مام جەلال ئەوەندە تەندروستی باشە ، بۆ خۆی تەلەفوونێکی بۆ جێگرەکەی نەکرد و پێیبلێت بڕۆن وەک هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ دەنگ بدەنەوە بە کاک مەسعود ؟ بۆ ئەو دەستەگوڵە دەداتە دەستی کاک بەرهەم و دەیکات بە دەستکەوت و خەڵات بۆ ئەو ؟ ئاخر لە مناڵێکی پۆلی یەکی ناوەندی بپرسیت دەزانێت دەبێت ئەو خەڵاتە لە مام جەلالەوە بێت ، مادام مام شکور توانای تەلەفوونکردنی هەیە دەبوو خۆی تەلەفوونی بکردایە بۆ کاک مەسعود و پێیبوتایە ئەو سەرۆکایەتییە لە کوردستاندا تەنیا شایستەی جەنابتە . ئەمەی خانمی یەکەم کردی لە بانگهیشتکردن بۆ هەڵبژاردن زیاتر هیچیتر نەبوو. ئەوەش عەیبەیەکی گەورەیە بە ناوی مام جەلال وە کە ئێستا ئەو نەخۆشە و پێویستە ڕێزی لێبگیرێت نەک بەکاربهێنرێت بۆ بانهێشتکردنی هەڵبژاردنەکان .

جەنابی سەرۆکی هەرێم، لە میانەی چاوپیکەوتنی کۆمەڵێک رێکخراوی تایبەت بە ئەنفال دەڵێت : کاتێک روفاتی ئەنفالکراوێکم هەڵگرت هەستمکرد ئەوە کوڕمە ، کچمە ، خوشکمە . ئەوە خێرە جەنابت وا تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراوان و کەسوکارە رزگاربووەکانییانت بیردەکەوێتەوە ؟ ئەوە چۆن بیرت چوەوە کە حیزبەکەت دەستماچکردنی ژنە گەرمیانیەکەتیان کردبوو بە بانگهێشتکردنی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ چۆن ئەو ژنە لێتان ڕاپەریی و قبوڵینەکرد ئەو سوکایەتیی و بازرگانێتیە بکەن پێوەی . حەق وایە باش بزانییت کە خەڵکی گەرمیان و کەس وکاری ئەنفالکراوان ئەوەیان بیر ناچێتەوە لە ماوەی ٤ ساڵ سەرۆکایەتیکردنی هەرێمدا بۆ یەکجاریش بە دڵ و دەرونەوە نەچوویت سەردانێکیان بکەیت ، تەنانەت لە کاتی هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوەکانیشیاندا سەردانت نەکردن. لە ماوەی ٤ ساڵ سەرۆکایەتیکردنی جەنابتا، هەزاران گەنجی گەرمیان خۆپیشاندانیان کرد، مانیانگرت، داوایان بەرزکردەوە، سکالایانکرد، هاواریان بۆ هێنایت ، لە کۆنفرانسەکەی ناوەندی چاک لە سلێمانی لە مانگی ١١ ی ٢٠١٢دا دەیان کەس لە خەڵکی گەرمیان پێشنیار و ڕەخنە و داواکارییان خستە بەردەمی مامۆستا ئارامی وەزیری کار و باری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەوە خێرە لە هیچ کاتێک لەو کاتانەدا ئەمانەت بیرنەکەوتەوە؟ کەچی تەنیا لەبەر ئەوەی کاک عارف قوربانی لەسەر ڕەخنەگرتنی لە حیزبەکەی خۆی گوایە مام جەلال هەرەشەی دەرکردنی کردبوو ، جەنابت یەکسەر ڕاتگەیاند کە عارف قوربانی سەنگێکی گەورەی هەیە لای ئێمە . هەموو هاوپەیمانی ستراتیژیی خۆتان و یەکێتیت بیرچوەوە ، تەنیا لەبەر ئەوەی کاک عارف قوربانی ڕابکێشیت بۆ لای حیزبەکەی خۆت . ئەمەی ئێستا دەیکەیت ئەوە سوکایەتیە ، ئەوە کڕینی هەست و سۆزی خەڵکی گەرمیانی ستەمدیدەیە . بڕوا ناکەم خەڵکی گەرمیان ئەوەندە بە سنایی و بە ئاسانی ڕادەستی حیزبەکەی ئیوە بن و دەنگ بە ئێوە و یەکێتی بدەن .

ئەوەی وتەبێژی پارتی و بەرپرسەکانی یەکێتی وەک بەڕێز ( ئیمینکی و وەستا رەسوڵ) ڕایدەگەیەنن کە گوایە بە هەردوو لایان نزیکەی ٩٠ کورسی یان زیاتر دەهێنن ، ئەوە سوکایەتیکردنە بە هەموو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان . ئەوە گاڵتەکردنە بە ناڵەی سەدان هەزار کەسی کوردستان کە لە ژێر ستەمی ئێوەدا دەناڵێنن و هاواریانە تۆزێک ویژدان ، تۆزێک دڵ و دەرون ، هەندێک مۆراڵی سیاسی و بەرێوەبردنی حوکم. دوای ئەو هەموو سکاڵاکردنە، دوای ئەو هەموو ناڕەزایەتییە ، دوای ئەو هەموو خەباتی پەرلامانییەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسوێن ، دوای ئەو هەموو ڕاپۆرت و لێدوان و نوسینی کەسانی بیانی و رێکخراوەکانی ئامنستی ئینتەرناشوناڵ و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا بە پلەیەکی یەجگار بەرز ، دوای کوشتن و هەرشەکردن و لێدان لە دەیان رۆژانامە نووس ، دوای ئەو هەموو سوکایەتیی و کوشتن وبرینەی بە ژن دەکرێت لە ژێر سایەیی حوکمی ئێوەدا ، کە کوردستان ناودەبرێت بە ولاتی ژن کوژ . دوای ئەوەی کە لە ١٧ شوباتی ٢٠١١دا خوێنی چەندین گەنجی سلێمانیتان ڕشت ، خۆپیشاندەرانتان سەرکوتکرد ، دەبابەتان هێنا بۆ گیانی خەڵکی . دوای ئەوەی کە بە دەیان کەستان لەسەر مەسەلەی سیاسی و هەڵوێستی سیاسی نانبڕاوکرد، بە دەیان کەس تا هەنووکە دناڵینن لە زیندانە سیاسییەکانتاندا . دوای ئەوەی بە هۆکاری ململانێ سیاسییەکان چەندین جار بارەگا و نوسینگەی یەکگرتوو و گۆرانتان سوتاند . دوای ئەوەی کە بە سەدان ملوێن دۆلاری نەوت دیار نییە و کەس نازانێت چی لێدێت و بۆ کوێ دەچێت و وەڵامی کەس نادەنەوە . دەیان لێدوانی ناکۆک و نابەجێ لە هەردوولاتانەوە( هەردوو زل حیزب ) دەردەچێت . دوای ئەم هەموو تاوان و کارەساتە دێن و دڵێن ، ئێمە ٩٠ کورسی دەهێنین !، ئەمە ئەوپەری سوکایەتیە بە عەقڵیەتی خەڵکی ، ئەگەر خەڵکی کوردستان خۆیان خۆشبوێت ، دەربەستی ژیانی خۆیان بن ، ئارەزویان لە ژیانێکی شایستە بێت بۆ ماڵ و منداڵیان ئەوە دەنگ بە ئیوە نادەنەوە جارێکیتر ناخەڵەتێن بە پەیامەکانتان . ئێوە دەبێت بەجۆرێک تێکبشکێن لە هەڵبژاردنەکاندا چواریەکێکی ئەو کورسیانەش نەهێنن کە خۆتان بانگهێشتی بۆ دەکەن .

نەرویج

بۆ خوێندنەوەی تەواوی نوسینەکانی نوسەر  ، کلیک بکرە سەر وێنەکەی لای خوارەوە

1,779 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت