جیهاد موحەمەد: پارتی بۆ هەمیشە خۆی بە زوڵملێکراو دەزانێت؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی هەمیشە هەست بەوە دەکات گەلەکۆمەکێی لێ دەکرێت، هیچ حیزبێکم نەبینیوە هێندەی ئەم حیزبە ترس لە کودەتا و لە گەلەکۆمەکێی کردبێت بە چەکێک بۆ دژایەتی هەموو لایەک، هەر بەم چەکەش ئەندامان و لایەنگران و هەوادارانی خۆی گۆشدەکات. ئەم ترسەی پارتی و ئەم چەکەی بە دەستیەوەیەتی، کارێکی کردووە، کە زۆر جار ئەندامان و هەوادارانی گومان لە هەموو کەس بکەن، هەموو رەخنەیەک بە دژایەتی بزانن، تەنانەت گومان لە دۆستەکانی خۆشیان دەکەن. ئەم ترس و هەراو زەنایەی پارتی، کە هەموو لایەنێکی پی تۆەمەتبار دەکات، لە لایەن حیزب و لایەنەکانی ترەوە ژیرانە وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو زۆر جار لە داخدا، کە داخ و کینە لە سیاسەتدا زۆر خراپە، بە جۆرێک دەکەونە بەرگریکردن لە خۆیان، کە دەکەونە هەندێک هەڵەی ڕاگەیاندنەوە، کە هێندەی تر مێدیاکان وێران دەکات و کێرڤی بێ متمانەیی بە مێدیاکان بەرزتر دەکەنەوە و، بەمەش دەرەقەتی مێدیا زەبلاحەکانی پارتی نایەن، کە دەمێکە پارە و پولێکی زۆریان بۆ تەرخان کردووە و، کردوویانە بە دیوارێکی گەورەی بەرگرییکردن لە خۆیان و لە سیاسەت و حوکمڕانییەکەیان.
پارتی بەم گومانکردن و دڵپیسییە لە هەموو لایەنێک، چەند مەبەستێکیان هەیە: لەسەر پرنسیپی”درۆبکە، درۆبکە، درۆبکە” تا درۆکان دەبێت بەڕاست و ئیتر تۆ بە راست دەزانن و هەرچەندە درۆبکەیت خەڵک بە راست وەریدەگرێت. بە تایبەتی مەبەستیان لەم پرنسیپڵە دزێوە ئەوەیە، کە سۆزی زۆربەی جەماوەری کوردایەتی رابکێشن بەلای خۆیاندا، ئەم جەماوەرەش بۆ کاتی دەنگدانەکان، پارتی زۆر سوودیان لێ وەردەگرێت، چونکە تەنها پارتی بە نوێنەری راستەقینەی کوردایەتیەکەیان دەزانن. لە لایەکی تر بۆ زیاتر تۆکمەکردنی جەماوەرە حیزبییەکەی خۆیان، بۆ ئەوەی ئەو جەماوەرە هیچ کات کەلێنی تێنەکەوێت و هەمیشە خۆیان و حیزبەکەیان بە راست بزانن، بۆیە وا هەموو لایەنێک دژیان وەستاوەتەوە.
پارتی دەمێكە ئیش لەسەر مەسەلە کوردایەتییەکە دەکات و توانیوێتی ئەم مەسەلەیە بکات بە هەڵلاو و راگەیاندنێکی گەورە، کە تەنها پارتی توانیوێتی پێ لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی دابگرێت، مەسەلەی ریفراندۆمەکەشیان رەنگە چەندین مەبەستی لە پشتەوە بووبێت، بەڵام گرنگترین مەبەستیان هەر ئەمە بوو، کە سەرنجی هەموو جەماوەری کوردایەتی لە باشور و لە بەشەکانی تری کوردستاندا رابکێشن بەلای خۆیاندا، بە راستیش ئەمەیان بۆ چووە سەر، لەگەڵ ئەوەی ریفراندۆم شکستی هێنا و بە فەرمیشی وازیان لێهێنا.
مەبەستێکی تری پارتی لەم چەک و سیاسەتکردنە، ئەوەیە، کە بە هەموو لایەنێکی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان، بە تایبەتی پارتە رۆژهەڵاتییەکان، کە وجودێکی بەرچاویان هەیە لە باشوردا، هەروەها بە ئەنەکەسەی دۆستی خۆیانی رابگەیەنن، کە تەنها پارتی دەتوانێت ئەم ئەزموونەی باشور و ئەم حوکمڕانییەی باشور، کە ناوی (حکومەتی هەرێم)ی کوردستانە لە عێراقدا بپارێزێت، زیاتر ئەمەشیان بەوە بۆ چۆتە سەر، چونکە لە ماوەی 27 ساڵی رابردوودا پارتی توانیوێتی بە پلەی یەکەم و لە پێش یەکێتیشەوە حوکمڕانبێت و دەستی باڵای هەبووە لەم حکومڕانییەدا، لە لایەکی تریشەوە شەریکە ستراتیجیەکەیان بە جۆرێک تووشی دەستەگەریی بووە، کە سەرکردایەتیەکی دیار و ئاشکرایان نەماوە و بووە حیزبێکی فرە کوێخا، بۆیە ئەو متمانەیەی نەماوە، کە مەسەلەی کوردایەتی بەرێتە پێشەوە. لەولاشەوە کۆمەڵێک حیزبی ئیسلامیی هەیە، کە نە جەماوەری کوردایەتییەکە و نە لایاندارانی راستەوخۆی پارتیش بڕوایان پێناکەن بەوەی، کە پرسی کورد بخەنە پێش دینەکەیانەوە.
بزووتنەوەی گۆڕانیش دوای وەفاتی رێخەری گشتیان، لای خودی جەماوەرەکەی خۆیان نەبێت، لای پارتی و لای زۆربەی جەماوەرە کوردایەتییەکە و لای حیزبەکانی دەرەوەی باشور هێندە حسابی لەسەر ناکرێت وەک جاران. ئەمانەش هەموویان بوون بە خێر بۆ پارتی، کە بتوانێت بەکاریان بهێنێت، بە تایبەتی ئەو شەڕە نەخوازراوەی ئێستا لە نێوا بزووتنەوەی گۆران و شاسوار عەبدول واحیدا هەیە.
پارتی بە هۆی ئەوەی تاقە حیزبی حوکمڕانن لە کوردستاندا، پارە و پولێکی زۆریان لەبەردەستایە، ئەوەتا موچەی هەموو مامۆستایان و فەرمابەرانیان کردووە بە نیوە موچە، لە پێناوی ئەوەی پارەکانی خۆیان کەم نەبێتەوە، بەم پارەو پولە زۆرەی بەردەستیان توانیویانە کەم و زۆر پشتیوانی زۆربەی حیزبەکانی دەرەوەی باشور بکەن و هەموو جارێکیش وا پارەکەیان پێ دەدەن، کە ئەم پارەیە پارەی کوردایەتیە و تەنها پارتیش دەتوانێت ئەم سەروەتەی کوردایەتی بپارێزێت، بۆ ئەوەیە هەمیشە ئەم پارتانە بە وریاییەوە لایەنداری پارتی بکەن و ببنە بە حەرەسی بەردەرگیان، نەک ڕۆژێک “مانگا بمرێت و دۆش ببڕێت”.
بە کورتی و بە پوختی دەمەوێت ئەوە بڵێم، پارتی سیاسەتێک دەکات، کە هەمووی لەسەر بنەمای فڕوفێڵ هەڵنراوە، بەڵام لەبەرئەوەی لە دواجاردا ئەم فڕوفێڵەیان بۆ چۆتە سەر و توانیویانە سوودی لێ وەربگرن، بە هیچ جۆرێک پارتی لەم سیاسەتە پەشیمان نییە، مەگەر رۆژێک، کە لوتیان بدات بە بەردی گۆڕیچەکەیاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت