herokosrat-barham

 جیهاد موحەمەد : کام باڵ قۆرخکارە و کام باڵ ناشەرعیە ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەردوو باڵی جەنابی دۆنکی شۆت شەڕیانە !
ئێوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان 25 ساڵە قۆڕخکاری دەکەن، 25 ساڵە یاری بە موقەدەراتی میللەتی کوردەوە دەکەن، هەندێک جار هێندە لوتبەرز و لە خۆباین کە دەستوەردەدەنە ژیانی سیاسی گەلی کوردی باکور و ڕۆژئاوا و رۆژهەڵات و خۆتان بە کوێخای ئەوانیش دەزانن. هێندە لوتبەرز و دەوڵەمەند بوون بە گەندەڵی لە سەر حسابی ڕەشوڕووتی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان خۆتان لێبۆتە فس فس پاڵەوانەکەی دۆنکی شۆت و میللەتیشتان لێ بۆتە نەزان و نەخوێندەوار و مەڕوماڵات، هەر بۆیە گەلی کوردی باشورتان ڕادەستی ئیسلامییە سیاسییەکان کردووە و خۆشتا لە سەرەوە و لە ناو ناوەندی بڕیاردا دەلەوەڕێن و خەریکی قاچاخچێتی نەوت و داودەرمان و کەلوپەلی پێویستی ڕۆژانەی خەڵکە ستەمدیدەکەن.

ئێوە دەمێکە وازتان لە میللەت هێناوە، بۆیە بە کۆنتراکتێکی ئیمزا نەکراو کۆمەڵگەی کوردستانتان ڕادەستی ئیسلامی سیایی کردووە و دەسەڵاتیشتان بۆ خۆتان قۆرخکردووە.

ئێوە ئەمڕۆ لە دژی یەکدی باڵێکتان بەیاننامە دەردەکات و بە باڵەکەی دیکە دەڵیت( قۆرخکار )! باڵەکەی دیکەش بە ئێوە دەڵێت : (ناشەرعی) و ئەوانەی بە چەپڵە لێدان هاتوونەتە سەر حوکمی حیزبەکە !.

لە ڕاستیدا ئێوە هەردوو باڵەکەی فس فس پاڵەوانی دۆننکی شۆتن کە ناشەرعی و قۆرکارن و یاری بە  موقەدەراتی حیزبەکەتان و میللەتیشەوە دەکەن.

ئەزانن بۆ واتان لێهاتووە ؟! چونکە ئێوە هێزتان لە میللەت بڕیوە، ئیرادەی میللەتان نەهێشووە ، خەڵکتا پەرت پەرت کردووە و خۆشتان 25 ساڵە لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکەتان زاڵکردووە بە سەر ئەم کۆمڵگەیەدا .

ئێوە هەرچی پێی بڵێیی ئەخلاقی سیاسیی و کۆمەڵایەتییتان نەماوە، ئێوە ناشەرعین بەم میللەتە، ئێوە داگیرکارن ، ئێوە هەردوو لاتان بە هاوپەیمانییەکەشتانەوە قۆرخکار و ناشەرعین. ئێوە لەگەڵ پارتیدا دز و جەردە و تاڵانچین.

ئەوەی کە نەختێک بەهای تیامابێت لەم شەڕە نەگریسەی ئێوەدا، بنکە هۆشیارەکەی خوارەوەی یەکێتی نیشتیمانیە، کە دەتوانم بڵێم خۆی لە سەدان و هەزارا کادری باش و هۆشیاردا دەبینێتەوە، ئەم ڕۆ رۆژی ئەم بنکە فراوانەیە کە خۆیان لە دەست ئێوەی داگیرکەر و قۆرخکار و ناشەرعی رزگار بکەن. ئەم بنکە فراوانە پێویستە ئەم دەرفەتە لە دەستنەدەن، زۆر عەقڵانییانە و بە کارایی لە دژی ئێوەی مەکتەبی سیاسیی ڕاپەرن و خۆیان بێنە جێگەتان و سەرکردایەتیەکی کاتی لەم بارودۆخەدا دروستبکەن تا ئەو کاتەی دەتوانن کۆنگرەیەکی پاکسازی و چاکسازی لە ناو خودی حیزبەکەدا دروستبکەن و بشبن بە هەوێنی گۆڕانکاری کولتووری سیاسیی لەگەڵ دەیان و سەدان هەزاران لە خەڵکی هۆشیاری کوردستان و ئەم هەژموونکارییەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی ئێستای یەکێتی و پارتی وەلابنێن.

بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت دەورێکی باش ببینێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و پێویستیشە لە ئەنجامدا لایەنگری بنکە فراوانەکەی یەکێتی بکات نەک بە ناوی ناوبژیوانییەوە لایەنداری ئەم یان ئەو باڵی قۆرخکار و ناشەرعی بکات.

هەرچ کاتێکیش ململانێ ناشیرین و دزێوەکەی ئێوە گەیشتە حاڵەتی شەڕە تەقە و بەکارهێنانی هێز، پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان لە دژتان ڕاپەرێت بە تایبەتی خەڵکی سلێمانی. شەڕی ئێوە شەڕی خەڵک نییە، شەڕی ئێوە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی خەڵکی سلێمانی و کوردستاندا نییە، هەرکەسێک بە ناوی پێشمەرگەوە، بە ناوی هێزی ئاسایش و دژە تیرۆرەوە بە ناوی هێزی ئامادەوە، خۆی بخاتە بۆتەی ئەم ململانێ گڵاوەی ئێوەوە ئەوە یان دەبەنگە یان بەرژەوەندی کەسیی لەم ململانێیەدا هەیە.

لە ڕاستیدا چۆن شەڕی نێوان باڵ باڵێنی یەکێتی نیشتیمانی بەرژەوەندی خەڵکی گشتی تێدانیە، بە هەمان شێوە پەیوەندی ستراتیژی یەکێتی و پارتی  و ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕانیش بەرژەوەندی خەڵکی گشتی تێدانییە.

بۆیە دنەدانی ئەم شەڕانە و  خۆشکردنی ئەم ئاگرە زۆر ناعەقڵانییانەیە، ئەوانەی ئاگری ئەم شەڕە خۆشدەکەن ئەوانەن، کە دەیانەوێت هەتا هەتایە بە باڵە شکاوەکەی خۆیەوە بە سەر و ملە شکاوەکەی خۆیەوە لە ناوەندی بریاری سیاسیدا بن و موقەدەراتی میللەتیان بە دەستەوە بێت، یان ئەوانەن کە بەردەوام دەیانەوێت هیچ حیزبێکی دیکە لە کوردستاندا بەهێز نەبێت بۆ ئەوەی تەنها حوکم بە ناوی حوکمی شەرعی هەڵبژاردنە ساختەچێتییەکەوە و بە هێزی ژمارەی کورسییەکانی ئەو پەرلەمانەی کە پەکخراوە خۆیان بە حیزبی سەرکردە و دایک بناسێنن.

لە ڕاستیدا ئەمڕۆ شەڕی ڕاستەقینە کە پێویستە بە عەقڵانیانە بکرێت، پێویستە بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە بکرێت، شەڕی خەڵکی ستەمدیدەی گشتی کوردستانە لەگەڵ ئەم هیزە داگیرکارییەی ٢٥ساڵە ستەمکاری دەکات، ژن دەکوژێت، رۆژنامەنووس تیرۆرد دەکات، دەنگە دلێرەکان کپ دەکات، نانی خەڵکی دەبڕێت، موچەی خەڵکی نادات، ئاو و کارەبا کە سەرەتاییترین مافی ژیانە دابین ناکات.

شەڕی نێوان باڵەکانی یەکێتی کە ئاشکرا بووە، هەروەها شەڕی نێوان باڵەکانی پارتی کە هێشتا کپ و سستە، دیسان شەڕی نێوان حیزبەکان هیچیان شەڕی ڕاستەقینەی خەڵک نین، ئەم شەڕانە شەڕە راستەقینەکەی نێوان خەڵکی ستملێکرا و چەوساوە و برسی لەگەڵ دەسەڵاتە سیاسییە ستەمکار و چەوسێنەر و سەرکوتکەرەکەدا کپ و لاواز دەکات. بۆیە پێویستە بە ئیرادەیەکی شۆڕشگێرانە و عەقڵانیانەوە ئەم شەڕە بکرێت و بخرێتە جێگەی شەڕی باڵەکان و حیزبەکان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت